مزگەوتى گەورەى خورماڵ

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09


کەوتووەتە باکورى شارۆچکەی (خورماڵ)ەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. شێوازى بیناسازییەکەى گەلێک سەرنجڕاکێش بووە و ژوورەکانى لە ناوەوە تاقى کەوانەى گەورەى هەبووە. ڕووبەرى مزگەوتەکه ‌(٢٠ بە ٥٠م٢)یە و حەوزێکى ئاوى هەیه،‌ کە (٨ بە ١٢م٢) دەبێت و چەندین دارى سورەچنارى گەورەى تێدایە، کە دیمەنێکى سەرنجڕاکێشیان بە شوێنەکە بەخشیوە و ڕۆژانە گەشتیاران سەردانىدەکەن. هەروەها منارەیەکى بەرزی هەیە. هاوشێوەى خانەقاکانى بیارە و تەوێڵە خاوەنى حوجرە و تەکیە بووە. له ‌سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا‌ نۆژەنکراوەتەوە و منارەى هەبووە و نۆ گومەزيشى بۆ دروستکراوە. منارەکەی ١٢م بەرزبووە. لە سەردەمى ميرنشينى حەسنەوەيى، سوڵتان سەليمى يەکەم، مير سلێمان پاشاى بابان (لە سەر دەستى موسا بەگ قائيمقامى گوڵعەنبەر)، پادشايى عێراق (مەليک فەيسەڵی یەکەم ساڵی ١٩٣٣)، کۆمارى عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر ساڵى ١٩٦٨)خزمەت کراوە و بایەخیپێدراوە. ناوەندی نوسینەوەی چەندین دەستنوس بووە، کە لە لایەن مامۆستا و قوتابیانەوە نوسراونەتەوە. لە مەلا بەناوبانگەکانی: مەلا محەمەدی موفتی ١٥٥٧، مەلا مستەفای گوڵعەنبەر ١٨٠٠، مەلا جەلالی خورماڵی ١٨١٥، سەید عارفی چۆڕی، مەلا محەمەدی مەلا بەها، ... هتد. چەند فەرمانێکی عوسمانی لە بارەیەوە هەیە. ساڵى ١٩٩٢ لە لايەن ڕابيتەى ئيسلامی و ساڵى ٢٠١٣یش لەلایەن حکومەتەوە نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن حاجی عابید هەورامی و براکانییەوە تەختکراوە و بە چاودێری پێنج بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و تیمێکی ئەندازیاریی پسپۆڕ، لەسەر شێوازی نەخشە کۆنەکەی سەردەمی عوسمانی دەستکراوە بە دروستکردنەوە.

سەرچاوەکان:

  1. مراکز الثقافيە مغمورە فى کردستان، عماد عبدالسلام ڕؤوف، دراس فى اهم مراکز الثقافيە التى برزت فى شمال العراق خلال قرون المتاخرە، جامعە بغداد، ص٦.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (ڕەزوان عارف عەباس) لەگەڵ مامۆستا (عەبدوڵا حەمەموراد مەجيد)، پيشنوێژى مزگەوتەکە، لە ٢٧ی ١ی ٢٠٢٣، لە خورماڵ.
  3. گۆڤارى (خاک)، گولعەنبەری مێژوو خورماڵى ئەمڕۆ، دڵشاد مستەفا، ژمارە ٧٤، ساڵى حەوتەم، ٢٠٠٣، ل٣١
  4. خورماڵ، لێکۆڵینەوەیەکى سۆسیۆئەنسرۆپۆلۆجى، ئیبراهیم حاجى زەڵمى، بەرگى یەکەم، چاپى یەکەم، ٢٠٠٨، ل٢٧٢-٢٧٥.
  5. مێژووی مزگەوتی گەورەی خورماڵ. لێکۆڵیەوەی مێژووی. د.ئاراس محمد صالح. چاپی یەکەم. ناوەندی سارا. سلێمانی ٢٠٢١ل١٠٩-١١٠.

ئامادەکردنی: ڕەزوان عارف عەباس,د. ڕێباز لوقمان مستەفا

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گمە

کەوتووەتە گوندی (گمە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ). ساڵی ١٩٩٩ لەسەر ئەرکی (ڕابیتەی ئیسلامی کورد) دروستکراوە. لە یەک هۆڵ پێکهاتووە.

گورگەچیا

کەوتووەتە باشوری ڕۆژهەڵاتی گوندی (گورگەچیا)وە. ساڵی ١٩٨٣ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی خەڵکی هەڵەبجە و سنورەکە، مزگەوتەکە و تەواوی خانووەکانی گوندەکە تەقێنراوەتەوە و دانیشتوانەکەشی ڕاگوێزراون. ساڵی ٢٠٠١ جارێکی تر لەسەر ئەرکی خێرخوار (ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی) دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئەرکی خێرخوازان نۆژەن و فراوانکراوە. یەک نهۆمە. دوو دەروازە و یەک منارەی هەیە. گومەز و هۆڵی نییە، نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدەدرێت. (مەلا ئەرکان عەبدولڕەحمان) مامۆستا و وتارخوێنی مزگەوتەکەیە.

گوڵان

کەوتووەتە گەڕەکى گوڵانى ژوورو لەناو شارى هەڵەبجە. ساڵى ١٩٨٤ بەسەرپەرشتى حاجى حەمەئەمينى عەبدولکەريمى زەردۆيى(گردەناوێى) دروستکراوە، واتە ئەم لە سەرەتاوە هەتا کۆتايى سەرپەرشتى دروستکردنەکەى کردووە. زەوييەکەى موڵکى حەمەبۆرى عەلى باوەکۆچەکى بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت، يەک جار لەلایەن حکومەتەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. يەک نهۆمە، دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. هۆڵى پرسەى هەيە. مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان مەحموود بامۆکى و مامۆستا مەلا محەممەد ئەحمەد سەيد جەميل مامۆستای مزگەوتەکەن.

گوڵەخانە

لە گوندی (گوڵەخانە)دا دوو مزگەوت هەن: ١- ساڵی ١٩٦٠ لەبەردەم گوندەکە و لەسەر کانییەک مزگەوتێک بە بەرد و قوڕ و دار لەلایەن (حاجی مەحموود محەممەد)ەوە دورستکراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لە هەمان شوێن لەسەر ئەرکی (محەممەدی حاجی مەحموود) مزگەوتەکە گەورە کراوە و نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ ڕوخێنراوە و مزگەوتی دووەم دروستکراوە‌. ٢- ساڵی ٢٠٠٠ لەناو گوندەکەدا لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و ئاوی بۆ ڕاکێشاوە. لە ئێستادا کراوەیە و مامۆستا (مەلا محەممەد ڕۆستەم) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

گوندە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گوندە)، ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٦ لەسەر ئەرکی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، دروستکراوەتەوە، یەک نهۆمە و یەک دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامنادرێت، مامۆستای فەرمی نییە.

گۆمەلار

کەوتووەتە باشوری گوندی (گۆمەلار). لەگەڵ بونیادنانی گوندەکەدا لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵکی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. لە ئێستادا مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.