بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (١ -٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گەڕەکی (خانەقا) لە شارەدێ (تەوێڵە)، ساڵی ١٩٢٧ دامەزراوە و سەرەتا لە ماڵی (قادر بەگی تەوێڵەیی) لەناو بازاڕی تەوێڵەدا بووە و ٣١ قوتابی هەبووە. گۆران و بێکەسی شاعیر مامۆستای قوتابخانەکە بوون. ساڵی ١٩٥٩ کراوەتە دوو دەوام و بە ناوی تەوێڵە و هەورامان دەوامی تێدا کراوە. لە ساڵانی شەستەکاندا حکومەت بینای نوێی بۆ دروستکردووە. ساڵی ١٩٨٨ بینای قوتابخانەکە دەڕوخێرێت. ١٩٩٢ لەلایەن ڕێکخراوی (KRO) بینای قوتابخانەکە لەسەر ڕووبەری (١,٨٠٠م٢) دروستدەکرێتەوە، بیناکەی لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئـۆفیسی کارگێڕی و ژووری وانەی زانست و ژووری هونەر و ژووری کۆگا پێکهاتووە، بە درێژای خزمەتی چەندین کەس بەڕێوەبەری بوون، لەوانە مامۆستا گۆران، شێخ سەفادین، م. حسێن، م. کەریم، م. سەرتیپ... هتد. ئێستا مامۆستا (سۆران هەیاس عەزیز) بەڕێوەبەریەتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە پێنج مامۆستا و چوار فەرمانبەری میلاک و شەش مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٩٧ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن. تۆماری گشتی ساڵی ١٩٢٨ی قوتابیان وەک بەڵگەنامە لە قوتابخانەکە پارێزراوە.
دامەزراوەیەی پەروەردەییە. سەر بە مەعاریفی عیراق بووە. ساڵی ١٩٣٧ کراوەتەوە. بیناکەی لە گەڕەکی مالیدەر، لە پشت شارەوانی و تەنیشت پۆلیسخانەی تەوێڵەدا بووە. یەکەم مامۆستای سەبریەخان بووە خەڵکی سلێمانی بووە خۆی و مێردەکەی لە تەوێڵە مامۆستا بوون. ساڵی دووەمی خوێندن مامۆستایەکی تری بە ناوی (مەلیعە) بۆ دادەنرێت. وەجبەی یەکەمی قوتابیانی زۆربوون و لەوانە(ئافتاب، بەدریە، حەسیبەی غەفاربەگ، نافیعە و مەلیعە و قەتحەی حاجی حەسەن، ئەختەر و سەبریە و بەدریەی حەمەئەمین، تەلیعە ئەحمەد مەولود، عەتیە ئەحمەد، حەفسە حەمەئەمین، قەتحەی حەمەکەرەم، خونچە قادر ئاغا، عەینا خواجەحسێن)، کارگوزاریکی ژنی هەبووە بە ناوی(ئاسکۆڵ) خەڵک سلێمانی بووە. دوای دوو ساڵ ئەم قوتابخانەیە بە هۆی نەبوونی مامۆستاوە دادەخرێت. ساڵی ١٩٤٨ کراوەتەوە و ١٩٥٢ داخراوەتەوە، ساڵی ١٩٥٦ دوبارە کراوەتەوە و بەردەوام بووە. لەو کاتەدا عائیشەخان خەڵکی سلێمانی هەتا ساڵی ١٩٦٣ بەڕێوەبەری بووە. پاشان مەعسومە خێزانی عەبدولوەهاب ئەتروشی بووە بە بەڕێوەبەری. ساڵی ١٩٧٧ لە بەر زۆری ژمارەی قوتابیانی کچ، کراوە بە دوو دەوام. لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٨ ڕوناک خانی مەلا عەلی هەڵەبجەیی بوەتە بەڕێوەبەری. دواجار لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨١ شێوە نەسرەدین حەمەسەعید بوەتە بەڕێوەبەری لەو ساڵەدا ٤٠٠ قوتابی دەوامیکردووە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. کەوتووەتە گوندی (تریفە). ساڵى ١٩٥٦ کراوەتەوە و بە کرێ لە خانوى (حەمەى مامۆ حەمەوخان)ـدا بووە و هەر خۆشى کارگوزارى قوتابخانەکە بووە. یەکەمین مامۆستاى قوتابخانەکە ناوى (حەسەنە فەنى) بووە و شەوانە وانەى بە کەسە بەتەمەنەکانی گوندەکەش وتووەتەوە. تەنها قوتابی کوڕان وانەیان تێدا خوێندووە. دواتر بەهۆی کەمی ژمارەی قوتابیانەوە قوتابخانەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ داخراوە. لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکان دووبارە کراوەتەوە و هەتا ساڵى ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکانی سنور بەردەوام بووە.
قوتابخانەیەکی حکومییە و لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە سنوری گوندی (جەلیلە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). قۆناغی یەک بۆ شەشی بنەڕەتی تێکەڵاوە. ساڵی ١٩٧٠ دامەزراوە. سەرەتا لە خانوویەکی گوندەکەدا دەوامیانکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ بینای قوتابخانەکی نوێ لەلایەن حکومەتەوە لەسەر ڕووبەری زەوی (١٠٠٠م٢) بۆ دروستکراوە. بینا قوتابخانەکە لە یەک نهۆم و چوار پۆل و دوو ئۆفیسی کارگێڕی پێکهاتووە. مامۆستا (ئەیوب حەمەحەسەن حەمەسەلیم) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە. لە ئێستادا نۆ مامۆستا و ٤٣ خوێندکاری هەیە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (٧ بۆ ٩)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە. کەوتووەتە گوندی (دێکۆن) و سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ە، ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە، بینای قوتابخانەکە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی (H. A. D) ئەڵمانییەوە بۆ قوتابخانەى (دێکۆن)ی سەرەتایی لەسەر ڕووبەری ١,٩٠٠م٢ دروستکراوە، بیناکەی لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئۆفیسی کارگێڕی و ژووری هونەر ژووری وەرزش و ژووری کۆگا پێکهاتووە، مامۆستا (هۆشمەند محەممەد فەتاح) بەڕێوەبەریەتی، لە بینای قوتابخانەى (دێکۆن)ی بنەڕەتیدا میوانن. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە نۆ مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاکیان هەیە، ١٤ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
ساڵی ١٩٧٥ بۆ یەکەمجار قوتابخانە چووەتە گوندی (چنارەی کۆکۆیی). سەرەتا لە خانووی (کەیخەسرەوی فەتاحی قوربانی)دا بووە. یەکەم مامۆستای قوتابخانەکە (ست فاتمە) ناوێک بووە. ٦٤ قوتابی هەبووە، کە زۆربەیان لە تەمەنێکی گەورەدا چوونەتە قوتابخانە. هەتا ساڵی ١٩٧٦ قوتابخانەکە بەردەوام بووە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. کەوتووەتە گەڕەکی مۆردانە و لە نزیک مزگەوتی مەحوی لەناو شاری هەڵەبجە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی (٧ بۆ ٩)ی بنەڕەتی کچانە، سەرەتا ناوی ناوەندی بەدرخانی کچان بووە و لە بینای ئامادەیی هەڵەبجەی کچان ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە، مامۆستا شەونم عەبدولعەزیز یەکەم بەڕێوەبەر بووە، پاش ماوەیەک دەچنە بینای قوتابخانەى کانیعاشقان و ساڵی ٢٠٠٦ دەیکەن بە دواناوەندی و ساڵی ٢٠٠٧ دەگوازنەوە بینای قوتابخانەى مۆردانەی بنەڕەتی، کە ساڵی ٢٠٠٣ بینای قوتابخانەکەیان دروستکراوە، ساڵی ٢٠٠٨ قوتابخانەکە جارێکی تر دەکرێتەوە بە ناوەندی و ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ قوتابخانەى مۆردانە یەکدەگرن و ناوی قوتابخانەکە دەگۆڕێت بۆ قوتابخانەى مۆردانەی بنەڕەتی و دەبێت بە دوو دەوام، دەوامێکی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی و دەوامێکی (٧ بۆ ٩)ی بنەڕەتی. لە ٣ی١١ی٢٠١٥دا قوتابخانەى مۆردانە، قوناغی (١ - ٦)ی بنەڕەتی جیادەبێتەوە و ناوەندی بەدرخانی کچانیش ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ قوتابخانەى ڕێنواری بنەڕەتی، ئەمەش زۆر ناخایەنێت و لە بەرواری ١٢ی ٤ی ٢٠١٦ ناوی قوتابخانەکە دەگۆڕن بۆ قوتابخانەى چوارچرای بنەڕەتیی کچان، بیناکەی لە دوو نهۆم و دوازدە پۆل و دوو ئۆفیسی ئیداری و هۆڵێکی بۆنە و چالاکی و تاقیگەی زانست و هۆڵی کۆمپیوتەر و ژووری هونەر پێکهاتووە و دوو ژووریش تەرخانکراوە بۆ کۆگا. ڕووبەری بینای قوتابخانەکە (٦,٠٠٠م٢) یە، سێ ڕۆژ بەیانیان و سێ ڕۆژ ئێوارانە، لە بینای قوتابخانەى مۆردانەی بنەڕەتی میوانن. ڕوخۆش عوسمان قادر بەڕێوەبەرە. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرێتیی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ سەبارەت بە میلاکی قوتابخانەکە ٢٩ مامۆستا و پێنج فەرمانبەری میلاکی هەیە لەگەڵ ١٩٧ قوتابی، کە سەرجەمیان لە ڕەگەزی مێن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (٧ بۆ ٩)ی بنەڕەتی کچانە، کەوتووەتە گەڕەکی (کیمیابارانی دوو) لە سەنتەری پارێزگای (هەڵەبجە)، لە سەرەتادا ئەم قوتابخانەیە قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی بووە بە ناوی (حەسەنئاوا) کە ناوی گوندەکەیە دەوامیانکردووە، پاش ئەوەى بینای قوتابخانەکە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمپانیای (United Brother) کاری ڕووخان و سەرلەنوێ دروستکردنەوەى بۆ دەکرێت، ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ یەکێتی برایان، ناوی (حەسەنئاوا)ش تایبەت دەبێت قۆناغی (٧ بۆ ٩)ی بنەڕەتیی کچان. قوتابخانەکە لە ٢٦ی ١١ی ٢٠١٨ بە ناوی (حەسەنئاوا)ی بنەڕەتیی کچانەوە دادەمەزرێت، بیناکەی لە سێ نهۆم پێکهاتووە، نهۆمی یەکەم و دووەم دوازدە پۆل و سێ ئۆفیسـی کارگێڕی و هۆڵێکی بۆنە و چالاکی و نهۆمی سێیەمیش ژوورێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ژوورێکی وەرزش لەخۆدەگرێت. لەسەر ڕووبەری ٤,٠٠٠م٢ دروستکراوە، مامۆستا (تەمەن عەزیز عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەریەتی. لە بینای قوتابخانەى (یەکێتی برایان)ی بنەڕەتیدا میوانن. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە ٣٣ مامۆستا و سێ فەرمانبەری میلاکیان هەیە، ٣٠٩ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە لەسـەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، ساڵی ١٩٦٥ دامەزراوە، سەرەتا لە گەڕەکی کانیعاشقان بووە پاش کارەساتی هەڵەبجە و گەڕانەوەى خەڵک بۆ شارەکە، ساڵی ١٩٩٢ ئەم قوتابخانەیە چووەتە بینای خوێندنی خێرای هەڵەبجە لە تەنیشت فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە و دواتر لەساڵی ١٩٩٧ چووەتە بینای قوتابخانەکەیان، کە لە ساڵی ١٩٧٨دا دروستکراوە، کە پێشتر ئامادەیى پیشەسازی هەڵەبجەی تێدابووە. کەوتووەتە گەڕەکی گوڵان و نزیک مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق. بیناکەی لـە دوو نهۆم و دوازدە پۆل و سێ ئۆفیسی ئیداری و هۆڵێکی کۆبونەوە و چالاکی و ژووری کۆگا پێکهاتووە، ڕووبەری زەویی قوتابخانەکە (٣٠٠٠م٢)یە، ئەم قوتابخانەیە دوو دەوامن و دەوامیان سێ ڕۆژ بەیانیان و سێ ڕۆژ ئێوارانە، خۆیان خاوەنی بینان و هیچ دەوامێکی تر لە بینای قوتابخانەکەدا نیە، مامۆستا بێستون ئەحمەد ڕەشید بەڕێوەبەر و مامۆستا نەهرۆ حەمەعەزیز حەسەن و مامۆستا جەبار حەمەکەمال ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەن، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرێتیی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ سەبارەت بە میلاکی قوتابخانەکە ٨٤ مامۆستا و هەشت فەرمانبەری میلاکی هەیە لەگەڵ ٦٣٨ قوتابی، کە ٣٢٥ لە ڕەگەزی نێر و ٣١٣ لە ڕەگەزی مێیە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە، ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، لە سەرەتادا لە خانویەکی گوندەکەدا دەوامیانکردووە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان ساڵی ١٩٧٨ دەوامی تێدا کراوە، پاش ئاوەدانکردنەوەى گوندەکە ساڵی ١٩٩٨ قوتابخانەکە دەکرێتەوە. لە خانوی (حسەین کەریم ئەحمەد) بە کرێ دەوامیان کردووە، کە لە چوار ژوور و هۆڵێک پێکهاتبوو، هەتا ساڵی ٢٠١١ لەو خانوەدا دەوامیانکردووە، پاشان ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمەوە بینایەکی شەش پۆلی لەسەر ڕووبەری (١,١٠٠م٢) بۆ قوتابخانەکە دروستدەکرێت، بیناکەی لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئـۆفیسی کارگێڕی پێکهاتووە، مامۆستا (بەرزان ئەنوەر وەلـی) بەڕێوەبەریەتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ - ٢٠٢٣ قوتابخانەکە نۆ مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاکیان هەیە، ١٠ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێدایە. کەوتووەتە گوندی (خەرپانی) و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. ساڵی ١٩٥٥ یەکەمین قوتابخانەى حکومی لە گوندەکەدا کراوەتەوە و ماڵی (شێخ مارف) کراوەتە شوێنی قوتابخانە و ناوبراو وەک دەستپێشخەریەک، کچەکانی خۆی ناردووەتە بەر خوێندن. دواتر قوتابخانەکە گوازراوەتەوە بۆ ماڵی (سالار بەگ). خەڵکی گوندەکە بە هەرەوەزی، لە ساڵی ١٩٦٧دا، قوتابخانەیەکیان لە بەرد و گڵ دروستکردووه. ساڵی ١٩٧٨ لەکاتی ڕاگواستنی گوندەکان لەلایەن حکومەتەوە ڕوخێنراوە. ساڵی ٢٠٠٤ جارێکی تر قوتابخانەکە لە ماڵی (حاجی جەمال محەممەد) کراوەتەوە و هەتا ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن حکومەتەوە بینایەکی نوێی بۆ دروستکراوە. یەک نهۆمە. شەش پۆل و دوو ئۆفیسی کارگێڕی و ژووری هونەر، وەرزش و کۆگای هەیە. لەسەر ڕووبەری (١,٦٠٠م٢)یە. مامۆستا (نیازی عیزەت محەممەد) بەڕێوەبەریەتی. ١٧ مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاکیان هەیە. ١٥ قوتابی وانەی لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە گەڕەکی (ئەردەڵان) لە ناحیەی (خورماڵ). قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتیی تێکەڵاوی تێدایە. بە گوێرەى ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، ساڵی ١٩٤٧ دامەزراوە، بەڵام مێژوویەکی دێرینتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٤١. سەرەتا لە خانوویەکی گڵدا و لە نزیک مزگەوتی گەورەی خورماڵ (خورماڵی کۆن) بووە، پاش چەندین جار جێگۆڕکی دواجار لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە شوێنی ئێستای (قوتابخانەى بێسارانیی بنەڕەتی) لەلایەن حکومەتەوە بینای قوتابخانەکە دروستکراوە و هەتا ساڵی ١٩٨٨ دەوامی تێدا کراوە. لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بینای قوتابخانەکە ڕوخاوە. دوای ڕاپەینی ساڵی ١٩٩١ دووبارە دەوامی تێدا کراوەتەوە. یەک نهۆمە. نۆ پۆل و دوو ژووری کارگێڕی و ژوورەکانی هونەر، تاقیگە و کۆگای هەیە. لەسەر ڕووبەری (٦,١٠٨م٢)یە. مامۆستا (شاهۆ ئەمین مەیکە) بەڕێوەبەریەتی. ٥٢ مامۆستا و چوار فەرمانبەری میلاک و سێ مامۆستای وانەبێژی هەیە. ٤٣٨ قوتابی وانەی لێ دەخوێن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی ٧ بۆ ٩ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گوندی (بانیشار) و سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ە. ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە، بینای قوتابخانەکەیان ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی (H. A. D) ئەڵمانییەوە بۆ قوتابخانەى (بانیشار)ی سەرەتایی دروستکراوە. لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئۆفیسـی کارگێڕی و ژووری کۆگا پێکهاتووە، قوتابخانەکە لەسەر ڕوبەری زەوی (٧٠٠م٢) دروستکراوە، مامۆستا (کەمال فەریق حەمەحەسەن) بەڕێوەبەریەتی. لە بینای قوتابخانەى (بانیشار)ی بنەڕەتیدا میوانن. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە هەشت مامۆستای میلاک و دوو مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٢٢ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتیی تێکەڵاوی تێدایە. ساڵی ١٩٥٦ دامەزراوە و سەرەتا لە خانوویەکی گڵدا بووە، ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن حکومەتەوە بینای سەربەخۆی بۆ دروستکراوە و لە تەنیشت بیناکەشەوە دوو ژوور و هەیوانێک بۆ مامۆستاکان دروستکراوە. هۆی ڕاگواستنی گوندەکانەوە ساڵی ١٩٧٨ ڕوخێنراوە. ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن حکومەتەوە بینای سەربەخۆی بۆ دروستکراوەتەوە. یەک نهۆمە. شەش پۆل و دوو ژووری کارگێڕی ژووری وەرزش و کۆگای هەیە. لەسەر ڕووبەری ١٦٠٠م٢ دروستکراوە. مامۆستا(گۆران عەبدولقادر کەریم) بەڕێوەبەریەتی. هەشت مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاکی هەیە. نۆ قوتابی وانەی لێدەخوێنن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەقەیسەر). وەک یەکەم قوتابخانەی گوندەکە ساڵی ١٩٦٨ کراوەتەوە و هەتا قۆناغی سەرەتایی تێدا بووە. سەرەتا لە خانوی هاوڵاتی گوندەکەدا بووە و یەکەم مامۆستا بە ناوی عەبدوڵا حەمەشەریف هاتووە بۆ گوندەکە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکان وانەی تێدا خوێنراوە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. کەوتووەتە ناو گوندی (دەریمەڕ). ساڵی ١٩٥٩ دامەزراوه و لە ماڵی هاوڵاتییەکی گوندەکەدا بووە بە ناوی (ڕەحیم مارف). هەتا قۆناغی شەشی سەرەتایی و نزیکەی ٤٠ قوتابی وانەیان تێدا خوێندووە. لەدوای چەند ساڵێک براوەتە ماڵی چەند هاوڵاتییەکی تری گوندەکه، لەوانە: حەمەڕەشید حەمەخان و سەید عیسا محەممەد. ژمارەیەک مامۆستا لەوێ وانەیان وتوەتەوە لەوانە (مامۆستا حەمەڕەشید، مامۆستا تاهیر هانەدنی، مامۆستا عوسمان). چەند جارێک داخراوە و دواجار ساڵی ٢٠٠٠، کە گوندەکە چۆڵیکردووە، قوتابخانەکەش داخراوە.
قوتابخانەیەکی حکومییە کەوتووەتە گەڕەکی سەرا و لە پشت بینای قایمقامیەتی هەڵەبجەیە. لەسـەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی ٧ -٩ی بنەڕەتیی کوڕانە، ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و سەرەتا لە بینای قوتابخانەى بورهانی حاجی محەممەددا بوون، لە هەمان ساڵدا لەلایەن دەستگای کارگوزاری و فریاکەوتنی ئیسلامیی کوردستان (الأغاثە السلامیة)ەوە بیناکەیان دروستکراوە بۆ پەیمانگای ئیسلامی و پاشان ساڵی ١٩٩٧ قوتابخانەى دەرسیمیش دەچنە ناو بیناکەوە، بیناکەی لە دوو نهۆم و دوازدە پۆل و چوار ئۆفیسی ئیداری و هۆلێکی بۆنە و چالاکی و هۆڵی کۆمپیوتەر و تاقیگە و کۆگا پێکهاتووە، ڕووبەری قوتابخانەکە ٥,٢٥٠ م٢یە، ئەم قوتابخانەیە دەوامیان سێ ڕۆژ بەیانیان و سێ ڕۆژ ئێوارانە، قوتابخانەى دەرسیم خاوەنی بیناکەن و قوتابخانەى عادیلەخانمی بنەڕەتی و قوتابخانەى ڕەهەندی بنەڕەتی ئێوارانیش لە بینای قوتابخانەکەدا میوانن، مامۆستا سامان عەلی عەبدولقادر بەڕێوەبەرە. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرێتیی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ سەبارەت بە میلاکی قوتابخانەکە ٣٣ مامۆستا و پێنج فەرمانبەری میلاکی هەیە لەگەڵ ٢١٧ قوتابی، کە سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن.
قوتابخانەیەکی حکومییە لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گوندی (دەگا شێخان) و سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە، ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی (دەگا شێخانی کۆن) دامەزراوە و سەرەتا لە مزگەوتی گوندەکەدا وانەیان خوێندووە، دواتر دەچنە خانووی (سالاری مستەفا بەگ)، کە لە سێ نهۆم پێکهاتبوو، پاشان ساڵی ١٩٧٥ حکومەتی عێراقی بینایەکی شەش پۆلی بۆ قوتابخانەکە دروستدەکات. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لەوێ دەوامیان کردووە، پاش ئاوەدانکردنەوەى گوندەکان، لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو کاتی قوتابخانەکە (ئەسعەد خوا کەرەم)ەوە، لە بەرد و دار قوتابخانەیەک دروستدەکات. دوو ساڵ دەوامی تێدا دەکرێت، پاشان ساڵی ١٩٩٢ ڕێکخراوێکی خێرخوازیی دانیمارکی، لەسەر ڕووبەری (٢٥٦م٢) بینایەکی چوار پۆلی بۆ قوتابخانەکە دروستدەکات. بیناکەی لە یەک نهۆم و پێنج پۆل و دوو ئـۆفیسی کارگێڕی پێکهاتووە، ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن دەستگای خێرخوازی بارزانییەوە نۆژەنکراوەتەوە، مامۆستا (تەحسین حەمەحسەین سادق) بەڕێوەبەریەتی. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە ١٠ مامۆستا و دوو فەرمانبەری میلاک و دوو مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٢٢ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی ناحکومییە، لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە شارۆچکەی خورماڵ، لە گەڕەکی داڵانی. بیناکە موڵکی قوتابخانەکەیە و ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ڕووبەری (١٥٠٠م٢) دروستکراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە. بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە ژمارە (٩٤٣١) لە ١ی ٨ی ٢٠١٨ دامەزراوە. قۆناغی (١ بۆ ٩)ی بنەڕەتیە و خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە. (بوشرا ئەمین فەتاح) یەکەم بەڕێوەبەری بووە هەتا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بووە، پاشان (نیان حامید ئەحمەد) بووە بە بەڕێوەبەر و هەتا ئێستا بەرودەوامە. دڵسۆز عومەر ئەبوبەکر و ستار ئەمین فەتاح سەرپەرشتیاری قوتابخانەکەن. بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣ - ٢٠٢٤) ٢٦ مامۆستا و شەش فەرمانبەر و ٢٨٥ قوتابیان هەیە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی(٧ بۆ ٩)ی بنەڕەتی ئێوارانی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گوندی (ئەحمەد ئاوا) و سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ٢٠٠٩ لە گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ) دامەزراوە، ساڵی ٢٠٢٢ گواستراوەتەوە بۆ گوندی (ئەحمەدئاوا)، بینای قوتابخانەکە ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن ڕێکخراوی (هەندیکاب) بۆ قوتابخانەی (ئەحمەدئاوا) دروستکراوە، بیناکەی لە یەک نهۆم و چوار پۆل و دوو ئۆفیـسی کارگێڕی و ژووری کارگوزار و ژووری کۆگا پێکهاتووە، لەسەر ڕووبەری (٩٠٠م٢) دروستکراوە، مامۆستا (هادی محەممەد محەممەد قادر) بەڕێوەبەریەتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە هەشت مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاک و یەک مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٢٢ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.