گۆران
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
شاعیر، نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە. ناوی، (عەبدوڵا کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵا بەگ)ـە. ساڵی (١٩٠٤یان ١٩٠٥) لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بە بنەماڵە، دەچنەوە سەر بەگزادەی (میران بەگی)ی ناوچەی مەریوان و لەسەردەمی باپیریەوە ھاتوونەتە ھەڵەبجە. لای باوکی، قورئانی خوێندووە و لە (مزگەوتی پاشا) بە (فەقێ عەبدوڵا) ناسراوە. قۆناغی سەرەتایی، لە ھەڵەبجە خوێندووە و هەر بۆ ئەو مەبەستە، چوونەتە کەرکوک و لەوێ یەکەم ھۆنراوەی نوسیوە. بەھۆی کۆچیدوایی برا گەورەکەیەوە، دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە. ساڵی ١٩٢٥ تا ساڵی ١٩٣٧ لە قوتابخانەکانی سنوری ھەڵەبجە، مامۆستایەتی کردووە و ھەر لەم ماوەیەدا، هۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی (ژیان) بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ١٩٢٨ یان ١٩٢٩ لەگەڵ (سەبریە عەبدولمەجید ئەسعەد)ی خزمیدا، ژیانی ھاوسەریی پێکھێناوە و سێ کوڕیان بە ناوەکانی(ھیوا، ھۆگر، ئەژی) بووە. ساڵی ١٩٣٧ لە بەڕێوبەرایەتیی ئەشغال لە سلێمانی فەرمانبەر بووە. ساڵی١٩٤٠ ژیانی ھاوسەرێتی پێکھێناوەتەوە. ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ (ڕەمزی قەزاز و ڕەفیق چالاک)دا چووە بۆ(یافا) لە فەڵەستین و لە (ئیزگەی بێتەلی ڕۆژھەڵاتی نزیک) کاریکردووە. ساڵی ١٩٤٥ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی زانیوە. بە (عەبدوڵا سەبری، گۆران، عەبدوڵا گۆران) ناوی دەرکردووە. یەکێکە لە ڕابەرانی نوێکەرەوەی ھۆنراوەی کوردی. ساڵی ١٩٥٠ کۆمەڵە ھۆنراوەی (بەھەشت و یادگاری) (فرمێسک و ھونەر) (دوو ھاوینە گەشت)ی بڵاوکردووەتەوە. چەند جارێک دەستگیرکراوە و خراوەتە بەندیخانەوە و دواجاريان بە بڕیاری شۆڕشی ١٩٥٨ ئازاد کراوە. وەک بەرپرسی ڕۆژنامەی (ژین)کاریکردووە و ماوەیەکيش سەرپەرشتی گۆڤاری (شەفەق)ی کردووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی و بۆ ماوەی چەند مانگێکیش لە ڕۆژنامەی (ئازادی)دا کاریکردووە. لە (بەشی کوردیی کۆلێژی ئاداب) وانەی وتووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ توشی شێرپەنجە بووە و لە ١٨ی ١١ی ١٩٦٢ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
سەرچاوەکان:
- گۆران لە یادەوەریی ھاوچەرخەکانیدا، مامۆستا جەعفەر، ڕێبوار حەمە تۆفیق، عەبدوڵا زەنگەنە، بەرگی دووەم، بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی، ٢٠١٢، ل١٦٦-٣٠٦.
- دیوانی گۆران، ئامادەکردن و لێکدانەوەی: محمد مەلا کەریم، بڵاوکراوەی پانیز، چاپخانەی دالاھو، لاپەڕەکانی پێشەکی.
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق