کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

60 بابەت

دارا محەممەد عوسمان هەورامانی

گۆرانیبێژ و نوسەرە. ساڵی ١٩٥٦ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦١ بۆ ١٩٦٢ دەخرێتە قوتابخانە، بەڵام لە خوێندن بێبەشکراوە. ١٩٦٧ دەبێتەوە بە قوتابی. پاش تەواوکردنی سەرەتایی، ناوەندی ئێوارانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ١٩٧٦ بۆ ١٩٧٧ لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیراوە. لە ئاهەنگی یەکترناسینی ئەوساڵەدا گۆرانی دەچڕێت. ساڵی ١٩٧٨ گۆرانی ئای بەناز بەنازی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکردووە. کاسێتێکی دووقۆڵی لەگەڵ کەریم خەمزەیی تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ هونەرمەندان عوسمان عەلی و عەدنان کەریم و مستەفا ڕەئوف بە شداری تۆمارکردنی کاسێتێکی گۆرانی کردووە. لە ئاهەنگ و دانیشتنە هونەرییەکانی سلێمانی و دەرەوەی سلێمانیدا بە گۆرانی_وتن بەشداری هەبووە. لەگەڵ هونەرمەند عوسمان هەورامی گۆرانی تۆمارکراوی هەیە. گۆرانییەکانی (ئاخ لەیل و گیان لەیل و هاوار ناز) لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی تۆمارکردووە. خاوەنی چل گۆرانی و دەیان ئاوازە. چەند بەرهەمێکی چاپکراوی هەیە. لەوانە کتێبی: (مێژووی مۆسیقای هەورامان).

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

دایکی جەمال

یەکەم ژنی ھونەرمەندی کورد و جوولەکەیە کە بەشێوەی کرمانجی ناوەڕاست لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستدا گۆرانی لەسەر قەوان تۆمارکردبێت. دایکی جەمال یان شیرین ناوی (بھیجە ئیبراھیم یەعقوب) یان (فەرحە ئیبراھیم یەعقوب)ـە. لە ڕەسەندا (بن جوو) بووە و پاشان بووە بە موسڵمان. چەند بەستە و بەرھەمێکی لەسەر قەوان تۆمارکردووە. وەک خۆی وتوویەتی ساڵی ١٩٠٨ لەدایکبووە و خەڵکی ھەڵەبجەیە و ناسنامەی بە ناوی (بەھیجە ئیبراھیم)ـەوە بۆ دەرکراوە. یەکێک بووە لەو ئافرەتە دەنگخۆشانەی، کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا گۆرانی وتوە و لەو گۆرانییە خۆشانەی، کە لەسەر قەوانی کۆمپانیای بەیزافۆن لەساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٦ وتوونی: (ئامینێ و ئامین، ئای بێنن بێنن، ھەی ئاغا و ئاغا، ھەی بەلار و بەلار و خانمی سلێمانی) بووە و سروودی (وەتەنی من کوردستانە) و زۆری تری وتووە. ساڵی ١٩٧٩ لە شاری بەغداد بە نەخۆشی شێرپەنجەی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخ مارف بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

ڕزگار گەچێنەیی

گۆرانیبێژە. ناوی (ڕزگار حەمەڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٦٥ لە گەچێنەی باخەکۆن لەدایکبووە. تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە. لە بواری ئاواز و گۆرانیی هەورامیدا خزمەتیکردووە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەوراماندا گۆرانی وتووە. لەوانە (عوسمان کەیمەنەیی، عەتا زەڵمی، عەلی گوڵپی، سەباح هەورامی و نەوزاد). لە مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ئاوارەی ئێران بووە و لە ئوروگای هەزارخانی ماوەتەوە. لەگەڵ هونەرمەندانی ئەوێش وەک (حەسەن خاوێ، قوربانی خالدی... ) گۆرانی وتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا بەشداریکردووە و دەیان کاسێتی هەیە. لە کەناڵەکانی(گەلی کوردستان، کوردسات، ڕۆژ، زاگرۆس و... هتد) دیداری هونەری و بەرنامەی بۆ ڕێکخراوە. فەرمانبەرە لە(ڤیتێرنەری)ی خورماڵ.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

سەباح هەورامی

ناو‌ی (سەباح کوڕی ساڵح)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە (بیارە) لە خێزانێکی هونەرپەروەر لەدایکبووە. لە باوکییەوە، دەنگخۆشی بۆ ماوەتەوه و ئەم بەهرەیەی لە ئاهەنگ و کۆبوونەوەکانی قوتابخانەدا بەکارهێناوە. دەرچووی ئامادەیی بەشی کشتوکاڵە. بۆ هەڵبژرادنی هۆنراوەی گۆرانییەکانی، بە پلەی یەکەم سوودی لە هۆنراوەی فۆلکلۆر و دواتریش شاعیرانی کلاسیک وەرگرتووه، هەندێک جاریش پشتی بە هۆنراوەکانی خۆی بەستووە. جگە لە وتنی سیاچەمانە، لە بواری گۆرانیی خاو، یان وردە بەزمەکاندا داهێنانی کردووە، وەک لە بەرهەمەکانی: (چەمە گیان ئازیز، لەودەمەیدا لەو دەمەی، دارەکەی سەرکەل، سەوزە سەوزە، گیان گیان)ـدا دیارە. زۆرتر لە ئاهەنگ و زەماوەندەکاندا گۆرانی وتووه. لەگەڵ هونەر‌مەند (مەولوود) ناویان پێکەوە دێت. بۆ یەکەمجار گۆرانیی لەڕێی (ناڕنجڵه ‌-خورماڵ)دا گۆرانی (سەلەسەلە)ی بە هاوبەشی لەگەڵ (شەفێع کەیمنەیی)دا وتووه. خاوەنی نزیکەی سەد گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی‌. ساڵی ٢٠١٢ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

سۆفی حسێن نارنجڵەیی

سیاچەمانەبێژ و دەنگخۆش. ناوی (حسێن حەمەڕەحیم سۆفی)یە. ساڵی ١٣١٠ لە (هانەگەرمڵە)ی دیوی ئێران لەدایکبووە. بە لاوی لەگەڵ براکانی دێنە گوندەکانی گوڵپ و نارنجڵە و بەسۆفی حسێن نارنجڵەیی ناو دەردەکات. لە تەمەنی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی دەست بە گۆرانی_وتن دەکات. ئەحمەد بەگ دەیباتە دیوەخانی خۆی و دەنگی تۆمارکردووە و خەڵاتی پێ بەخشیوە. بەڕێکەوت بە حەسەن زیرەک گەشتووە. لەگەڵ زۆربەی دەنگخۆشانی سەردەمی خۆی گۆرانی وتووە. لەوانە(ئەحمەدی نازارێ، ئەلیلەی نەوسودی، مامۆ هەیەری نۆدشی، حەمە ڕوشی گوڵپی، عوسمان کەیمنەیی) توانای داهێنانی چەندین بەزمی هەبووە. عوسمان کەیمنەیی ئەوی بە مامۆستا و ڕابەری خۆی زانیووە و دەنگی کاریگەری زۆری لەسەر هەبووە. سۆفی لە گەرمەی دەنگخۆشی و توانای لاویدا وازی لە گۆرانی_وتن هێناوە. هۆکارەکەی بە خەوبینین بە شێخ عوسمانەوە دەگەرێنێتەوە و تۆبەدەکات و ئیتر گۆرانی ناڵێت، ناوبەناو نەبێت، کە بۆ خۆی چەند شیعرێکی خواپەرستانەی بە هەوای شێخانی دەگوت.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

سیروان کاکەیی

هونەرمەندی گۆرانیبێژە. ناوی (سیروان عەلی ڕەزا فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەندروستیی باڵایە لە بەغداد. لە بواری ئەدەب و هونەردا کاریکردووە. لە چالاکییەکانی تیپی مۆسیقای شنروێ لە هەڵەبجە و شارەکانی کوردستاندا بەشداربووه و بەرهەمەکانیان لە ئێزگە و تەلەفزیۆنی بەغداد تۆمارکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

سیروان لهۆنی

گۆرانیبێژ و شانۆکار و ئاوازدانەرە. ناوی (سیروان جەلال عەبدوڵا هەیبەکر)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨١ هاتوونەتە هەڵەبجە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەگەڵ گروپی میوزیکی شنروێ سەردانی هونەرمەندان (محەممەدی ماملێ و فەیزی نەژاد)ی کردووە، لە سەقز چەند چالاکییەکی هونەری ئەنجامداوە. بۆ یەکەمجار گۆرانیەکی حەسەنی دەرزی لە ئاهەنگێکدا دەڵێتەوە. ساڵی ١٩٩٤ بووەتە ئەندامی تیپی میوزیکی (میزۆپۆتامیا). ژمارەیەک گۆرانیی تۆمارکراوی لە تەلەڤزیۆنی (گەلی کوردستان، کوردسات، خاک، ڕۆژ... ) هەیە. لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان بەشداری ئاهەنگ و چالاکییەکانی کردووە و گۆرانی لەگەڵ وتوون. ساڵی ١٩٩٣ بوەتە ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان. ١٩٩٦ بووەتە ئەندامی تیپی میوزیکی شنروێ. ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. نوێکەرەوەی گۆرانیی هەورامییە بە شیعری نوێوە. بە زرەکانی تری کوردی گۆرانی دەچڕێت. خیزاندارە و لە ئێستادا پۆلیسی دارستانە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

سیروانی حاجی عارف

ناوی (سیروان عارف حەمەئەمین)ـە و بە (سیروانی حاجی عارف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی خوێندووە. فەرمانبەر بووە لە بانقی هەڵەبجە. لە ١٩٧٤ـەوە گۆرانی وتووە. لەگەڵ: جەمیل ئەحمەدی، عوسمان هەورامی، حەمەحسێن کێمنەیی، جیهانبەخش غەفووری، سەباح هەورامی، عەتا وەڵمی، عەلی گوڵپیدا، گۆرانی وتووە. کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

شڤانپەروەر

موزیسیان و گۆرانیبێژە. ناوی ئیسماعیل ئایگۆنە. بە شڤانپەروەر ناسراوە. ساڵی ١٩٥٥ لە گوندێکی پارێزگای ئۆرفای باکوری کوردستان لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئەنقەرە بە دەستهێناوە و خێزاندارە. چەند ساڵ دەنگی لەوڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، قەدەغەبووە. نزیکەی سی ئەلبوم و کلیپ و فلیمی هەیە. لە رێگەی دەنگە کاریگەرەکەیەوە شیوەنی هەڵەبجەی کردووە. دوو ئەلبومی ساڵی ١٩٨٨ ی تایبەتن بە هەڵەبجە. چەند دەزگایەکی هونەری لە سوید و ئەلمانیا و فەڕەنسا دامەزراندووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

شاخەوان کەیخەسرەو

ناوی (شاخەوان کەیخسرە و ئەڵڵاکەرەم خوامراد)ە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە کۆلێجی کشتوکاڵ لە سلێمانی خوێندویەتی. دەستیکردووە بە کاری بازرگانی و لە ساڵی ١٩٩٦ەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیاوە. لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا ئەلبوومی (بەرەو نادیار)ی تۆمارکردووە. لەگەڵ (هێمن دەریا)دا ڤیدیۆ کلیپی (کەنیلە) تۆمارکردووە. ساڵی ٢٠٠٧ سێ گۆرانیی کلیپ و چەند تراکێکی تۆمارکردووه، بە ناوەکانی‌ (سترانی دڵ، مەقامێک بۆ هەڵەبجە، خانەقای دڵ). بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دابڕاوە و ساڵی ٢٠٠١٢ بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی حەوت تراکی تری تۆمار کردووە و ئەلبومی (کەنیلە)ی بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەگەڵ (شادمێهر نامۆ) و (دیار هەڵەبجەیی) پێنج تراک و لەگەڵ (ئاریاس جاڤان) دوو تراک و چەند گۆرانیەکیشی لەگەڵ (پێشڕەو هەورامی)دا بەشێوازی لایڤ موزیک تۆمارکردووە. بە گشتی نزیکەی ٣٠ گۆرانی تۆمارکراو و ١٦ ڤیدیۆ کلیپی هەیە. لە دەیان بەرنامەدا بەشداریکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عادل هەورامی

ناوی (عادل ڕەحمان قادر)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. لە قوتابخانەی ئەلمەهدیە دەخرێتە بەرخوێندن. باوکی دەنگخۆش بووە و لەگەڵ هونەرمەندانی هەوراماندا پەیوەندی هەبووە. ساڵی ١٩٧٨ دەخرێتە بەر خوێندنی قورئان و دەبێتە قورئانخوێن و بانگبێژ. دەچێتە خانەی مامۆستایانی سلێمانی، بەڵام بەردەوامنابێت و ئاوارەی ئێران دەبن و پێنج ساڵ لە سنە نیشتەجێدەبێت. پاشان گەڕاونەتەوە کوردستان. ساڵی ١٩٩٣ هونەرمەند سەڵاح ڕەئووف گۆرانی (قەڵای سەنگ بارانی خەم)ی بۆ تۆمارکردووە. ماوەیەک لە کاری هونەری دابڕاوە. دواتر گۆرانیەکانی: (گەردوون، یاران کۆچی وەهارەن) تۆماردەکات. ساڵی ١٩٩٩ سیدیەک بە نۆ گۆرانی بڵاودەکاتەوە. ساڵانی دواتر ٢٥ گۆرانی تر لە سێ سیدیدا بڵاودەکاتەوە. لە چەندین ئاهەنگی کوردستان و دەرەوی کوردستاندا بەشداریکردووە و کۆنسێرتی بۆ سازکراوە. زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن چاوپێکەوتن و دیداریان لەگەڵدا سازکردووە. ئەندامی ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستانە. لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و خەریکی بازرگانییە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عەبەتەپەڕەشى

گۆرانیبێژى میللى، ناوى تەواوى (عەبدوڵا قادر عەزیز)ە، لەساڵى ١٩٥٨ لەدایکبووە، هاوسەرگیرى کردووە و خاوەنى ٥ منداڵ بووە، بڕوانامەى سەرەتایى هەبووە. ناوبراو بەهۆى دەنگخۆشییەکەیەوە، یەکێک بووە لە کەسە دیارەکانى سنورەکە و هەورامى زانیوە و گۆرانى هەورامى وتووە. پەیوەندى لەگەڵ زۆربەى هونەرمەندانى هەوراماندا هەبووە، عوسمان هەورامى یەکێک بووە لە هاوڕێکانى. ٤ کاسێتى گۆرانى هەیە، کە تایبەت لەگەڵ عوسمان هەورامى و جەمیل نەوسودی ساڵی ١٩٨١-١٩٨٥ تۆماریانکردووە. چەندین گۆرانى ترى بەکاسێت هەیە. شارەزایەکى باشى هەبووە لە تەواوى ئاواز و شێوازەکانى گۆرانى هەورامى، ساڵى ١٩٨٦کۆچیدواییکردوە و لەگۆڕستانى (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عەبۆ سەڵاحەی

هونەرمەندێکی گۆرانیبێژە. ناوی (عەبدوڵا ساڵح خالد)ـە ە بە عەبۆ سەڵاحەی لە نێو خەڵکدا ناسراوە. لە ساڵی ١٨٩٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. لەبەر پیشەگەریی(جۆڵایەکەی) زۆر شوێن گەڕاوە. گۆرانیبێژی تایبەتی (غەفار بەگی جافرسان)بووە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هاوچەرخیدا گۆرانی وتووە. لە چل ساڵیدا ژنی هێناوە. گۆرانی تۆمارکراوی نییە. ساڵی ١٩٧٤ لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی بابا سەرهەنگ بەخاکسپێردراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عەتا زەڵمی

ناو‌ی (عەتا شەریف)ـه. ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی (زەڵم)ی سەر بە (خورماڵ) لەدایکبووە و بەناوی شوێنی لەدایکبوونیەوە، بە (عەتا زەڵمی) ناسراوە‌. کە ساوا بووە باوکی کۆچیدواییکردووە. تا پۆلی شەشی بنەڕەتی خوێندووە و بەهۆی هەژارییەوە نەیتوانییوە لە خوێندن بەردەوامبێت. کە تەمەنی بووە بە ٣٥ ساڵی، دەستی بە گۆرانی_وتن کردووە. خاوەنی چەند گۆرانییەکی تایبەت بە خۆیەتی، لەوانە (ئامەی گەرمیانی، سەوزە سەوزە). بە پلەی یەکەم سوودی لە هۆنراوەی فۆلکلۆر وەرگرتووه. ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن (مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان)ـەوە لەگەڵ هەر یەک لە هونەرمەندان (حەمەحسێن کەیمنەیی، جەمیل نەوسوودی) ڕێزی لێنراوه.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عەلى بەڵخەیی

ناوی (عەلى حەمەکەریم لوتفوڵڵا)یە و بە (عەلى بەڵخەیی) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٥ لە گوندى (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. لە شارەوانیى خورماڵ فەرمانبەرە. لە ساڵى ١٩٩٥ـەوە دەستى بە گۆرانی_وتن کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى سێ منداڵە. لەگەڵ بەشێک لە هونەرمەندەکان گۆرانى وتووە، لەوانە: (عەتا زەڵمى، سەباح هەورامى، یەعقوب سۆسەکانى، وەهبى سۆسەکانى). لە زۆربەى کۆبوونەوە و فیستیڤاڵەکاندا گۆرانى وتووە. دەیان کاسێتی تۆمار کراوی هەیە. گۆرانییەکی کلیپى بۆ کراوە بە ناوى (چەمەڕا).

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عەلی گوڵپی

دەنخۆش و گۆرانیبێژی ناوچەی هەورامانە. ناوی (عەلی محەممەد کاکەخانە). ساڵی ١٩٤١ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە و بە عەلی گوڵپی ناسراوە. خزمەتێکی زۆری بە ئاواز و هونەری گۆرانیی هەورامی کردووە. لە حەڤدە ساڵییەوە بەشداری دانیشتن و ئاهەنگە هونەرییەکاندا کردووە. لەگەڵ هونەرمەندان (عوسمان هەورامی، حەمەحسێن، جەمیل نەوسودی، ڕەزابەگی کەڕاوا، شەفیع، جیهانبەخش و فەتحوڵڵای ئەمینی و ئەحمەدی نازارێ و مام هەیەری نۆدشی) و دواتریش (سەباح، عەتا زەڵمی، نەوزاد نەسروڵا) گۆرانی چڕیوە. بە سەدان گۆرانی لە کاسێتەکانی ماڵاندا هەیە و سەردانی ئێزگەی بەغداد بەشی کوردی کردووە و عەلی مەردان سەرسامی توانای بووە و ساڵی ١٩٧٦ پاداشتی گۆرانییەکانی لە ڕێگەی (داود قەیسی)یەوە پێدراوە. لە ڕادوێی مەریوان گۆرانی تۆمارکراوی هەیە و لە کرماشانیش گۆرانی لێدراوە. خێزاندارە و منداڵی هەیە. لە ئێستادا لە شارۆچکەی (خورماڵ) دەژی و هێشتا توانای گۆرانی وتنی ماوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عەینەدینی ئەڵماسی

گۆرانیبێژ و شاعیری میللییە. ناوی (عەینەدین ساڵح سۆفی مەحموود)ە. بە عەینەدین مەریوانی ناسراوە. ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی (دزڵی) لەدایکبووە. بە منداڵی قورئانی خویندووە. لە دە ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی(خەرکانە)وە بینایی لەدەستدەدات. بە دەنگی سۆفیی باپیری، ئەوینداری ئاواز و گۆرانی دەبێت. لە ١٢ ساڵیدا ئاواز و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی (زیرەک و سەی عەلی و عوسمان هەورامی)بە باشی دەڵێتەوە. ساڵی ١٩٨٢ یەکەم کاسێت تۆماردەکات و ناوبانگی بە گۆرانیبێژ دەڕوات. لە ئێزگەی کرماشان ساڵی ١٩٨٤ گۆرانی (نەورۆزە، وەهار بێ) تۆماردەکات. هەمان ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ(ئەمنە ئەحمەد) دەکات. شارەزاییەکی زۆری لە زمان و فۆلکلۆر و مەقامە کوردییەکان و توانایەکی باشی لە لەبەرکردنی شیعری شاعیراندا هەیە. توانای لێدان و ژەنینی (تەپڵ و دەف و باڵەبان و شمشاڵ)ی هەیە. لە ڕادوێکانی سنە و مەریوان گۆرانی تۆمارکردووە. سەدان بەرهەمی گۆرانی بە کاسێت و سیدی بڵاوبوونەتەوە. دانیشتن و کاسێتی لەگەڵ هونەرمەندی ناوچەی هەڵەبجە (محەممەد ئیبراهیم عەبدول) هەیە. زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەکانی باشور میوانداریان کردووە و بەرنامەی هونەرییان بۆ ڕێکخستووە. بەشداری چەند فلیمێکی کردووە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی خۆرهەڵات و باشور لە زاری سۆرانی و هەورامیدا گۆرانی وتووە و ئامادەی گەشتە بەهارییەکانیان بووە. یەکێکە لە هونەرمەندە قسەخۆشەکان و سەدان نوکتە و بەسەرهاتی خۆشی هەیە. چوارجار هاوسەرگیری کردووە. منداڵی هەیە. ئێستا لە (کانی دینار)ی نزیک شارۆچکەی (مەریوان) دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

عومەر خەزان

ناوی (عومەر نەسڕوڵڵا فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٢٩ لە (هەڵەبجە) لەدایکبووە. تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە. کاری دارتاشیی کردووە. ساڵی ١٩٤٨ تێکەڵ بە سیاسەت بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و چەند منداڵێکی هەبووە. خاوەنی چەند گۆرانییەکی تۆمارکراو و تۆمارنەکراوە. لە دەنگەناسراوەکانی هەڵەبجەیە و شارەزای مەقامەکانە. لە شێوازی دەنگی سەید عەلی عەسکەری کوردستانییەوە نزیکە. ژیان و بەسەرهاتی بە کتێب نوسراوەتەوە. لە دروستکردنی هۆڵی سینەمای هەڵەبجەدا کاری وەستایی کردووە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

قاسم هەورامی

گۆرانیبیژە. ناوی (قاسم عارف نادر)ە. ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی نارنجڵەی هەورامانە. دەرچووی بەشی وەرزشی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانییە. کاریگەری براکانی و هونەرمەندە ڕەسەنەکانی هەورامانی لەسەربووە. ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری بەرنامەی کوردستاری دەزگای میدیایی کوردساتی کردووە لەوێوە ناسراوە. لە چەندین پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و کۆنسێرت و فیستیڤاڵەکان لە کوردستان و لە دەرەوە لە ئیسپانیا، تورکیا و ئێراندا، بە وتنی گۆرانی بەشداریکردووە. ئەلبومێکی گۆرانی و حەوت ڤیدیۆ کلیپی هەیە. لە ئێستادا مامۆستای وەرزشە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

کەریم دەرەتوێیی

دەنگخۆش و گۆرانیبێژە. ناوی(کەریم حەمەڕەحیم حەمەعەلی)یە ساڵی ١٩٢٧ لە نۆدشەی هەورامانی دیوی ئێران لەدایکبووە. بەمنداڵی زێدەکەیان بە جێهێشتووە و هاتوونەتە گوندی یارساننشینی هاوار، دواتر لە گوندی دەرەتوێ نیشتەجێبوون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. شیعری بۆ گۆرانییەکانی خۆی داناوە. گۆرانی تۆمارکراوی لێ بەجێماوە. داهێنەری چەند بەزم و ئاوازێکی گۆرانییە. لەوانە(بەق و ئاوەزنێ، ئای گەردوون گەردوون). لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەوراماندا گۆرانی وتووە. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ
پێشتر 1 2 3 دواتر