سۆفی حسێن نارنجڵەیی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 422

گۆرانیبێژ

سیاچەمانەبێژ و دەنگخۆش. ناوی (حسێن حەمەڕەحیم سۆفی)یە. ساڵی ١٣١٠ لە (هانەگەرمڵە)ی دیوی ئێران لەدایکبووە. بە لاوی لەگەڵ براکانی دێنە گوندەکانی گوڵپ و نارنجڵە و بەسۆفی حسێن نارنجڵەیی ناو دەردەکات. لە تەمەنی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی دەست بە گۆرانی_وتن دەکات. ئەحمەد بەگ دەیباتە دیوەخانی خۆی و دەنگی تۆمارکردووە و خەڵاتی پێ بەخشیوە. بەڕێکەوت بە حەسەن زیرەک گەشتووە. لەگەڵ زۆربەی دەنگخۆشانی سەردەمی خۆی گۆرانی وتووە. لەوانە(ئەحمەدی نازارێ، ئەلیلەی نەوسودی، مامۆ هەیەری نۆدشی، حەمە ڕوشی گوڵپی، عوسمان کەیمنەیی) توانای داهێنانی چەندین بەزمی هەبووە. عوسمان کەیمنەیی ئەوی بە مامۆستا و ڕابەری خۆی زانیووە و دەنگی کاریگەری زۆری لەسەر هەبووە. سۆفی لە گەرمەی دەنگخۆشی و توانای لاویدا وازی لە گۆرانی_وتن هێناوە. هۆکارەکەی بە خەوبینین بە شێخ عوسمانەوە دەگەرێنێتەوە و تۆبەدەکات و ئیتر گۆرانی ناڵێت، ناوبەناو نەبێت، کە بۆ خۆی چەند شیعرێکی خواپەرستانەی بە هەوای شێخانی دەگوت.

سەرچاوەکان:

  1. نارنجڵە مێژوو - سۆسیۆلۆژیا - تۆپۆگرافیا، فریاد هەورامی، چاپی یەکەم، چاپخانەی کاردۆ، سلێمانی. ٢٠٢١، ل١٦٥-١٧٠.
  2. زنجیرەیەک گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد حسێن)ی کوڕی هونەرمەند، ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٥.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاریان کەریم قادر

ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بەشداری بەرنامەی کوردستاری لە تەلەفزیۆنی کوردسات کردووە. دواتر یەکەم ئەلبومی گۆرانیی خۆی بەناوی (تاج) لەسەر ئەرکی کوردسات و دواتر ئەلبومی دووەمی بەناوی (هەتادەمرم) بڵاوکردووەتەوە. بە تەنها و لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەشدا گۆرانی هەیە. لەوانە لەگەڵ ناسری ڕەزازی، ئاڤان عوسمان، مەریوان سەفادین. لە چەندین فیستیڤاڵ لە ناوەوە و دەروەی کوردستاندا بەشداریکردووە. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێ و سلێمانی و چەند تیپی تر بەرهەمەکانی پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی کارمەندی کۆمپانیایەکی ئەهلییە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

ئازە ڕەش

ناوی (ئازاد کەریم عەلی ڕەسوڵ). ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (شێخ هۆمەر)ی شارەزوور لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا کاریکردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە. لە هۆنراوە و ئاوازوتن، ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەندانی تر و فۆلکلۆریشی وتووە. هەندێک لەوانە: (چاوەڕوانی، کاڵێ، تا ئومێدی کە بە ژیانی پڕ لەمەینەتە لەناو خەڵکدا ناسراوە، شەوانی خەم، شەماڵ بیشەنێ، ساقی، بەلەنجە) بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردووە و لەگەڵ تیپەکانی شنروێ، سلێمانی، فۆلکلۆر، گروپی میوزیکی لوڕ و چەند گروپی تر بەرهەمی پێشکەشکردووە. بەرهەمی کاڵێ خەڵاتی باشترین بەرهەمی فیستیڤاڵی کوردساتی لە ٢٠٠٢ وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

ئەحمەو نازارێ

گۆرانیبێژ و تفەنگچییە. ناوی (ئەحمەد حەمەحسەین حەمەمراد)ە. ساڵی ١٨٩٠ لە شارۆچەی (بیارە) لەدایکبووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. لەگەڵ گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکانی هەوراماندا گۆرانی چڕیووە. داهێنەری چەند بەزم و سیاچەمانەیەکە، لەوانە(با من بچمۆ قاسم خان، بەزمەکەی ئەحمەدی نازارێ). ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ملەی چنار) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

ئەدهەم هەورامی

ناوی (ئەدهەم سوبحان جافر مەحموود)ە. ساڵی ١٩٦٩ لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٨ پێش کیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری بەغداد کاسێتێکی گۆرانیان لەگەڵ هونەرمەند(یونس میرزا) تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ چەند هونەرمەندێک لە ئەڵقەیەکی بەرنامەی (کەشکۆڵ) لە تەوێڵە بەشداربووە. ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ نەجمەدین هەورامی دوو گۆرانی بۆ ڕادوێی مەریوان و گۆرانی (مەردا مەردانێ) بۆ تەلەفزیۆنی سۆسیالیست تۆمارکردووە. ساڵی ٢٠٠٣ گۆرانییەکی شێخانە بۆ تەلەفزیۆنی یەکگرتوو تۆمارکردووە. لەگەڵ هونەرمەند نەوزاد نەسروڵڵا لە سیدیەکدا ١٠ گۆرانی بڵاوکردووەتەوە. لە دیدار و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا بەشداربووە و گۆرانی وتووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. لە سلێمانی دەژی و دوکانی(سەرتاشی) هەیە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

ئەرسەلان هەورامی

ناوی (ئەرسەلان ئادەم عەبدولڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیکردووە بە گۆرانی وتن. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەڵەبجە و هەورامان گۆرانی وتووە، لەوانە (سەباح هەورامی، حەسەن حسێن، نەوشیروان هەورامی، فەرزاد ئەمینی، ئیسماعیل هانەگەرمڵەیی، وەهبی و یەعقوب سۆسەکانی، عادل هەورامی و... ). چەندین سیدی و کاسێت و کلیپی وێنەگیراوی هەیە. یەکەم کۆنسێرتی لەگەڵ ئاریان کەریم و هۆشیار حەمەفەرەج بووە لە هەڵەبجە. بەشداری دەیان ئاهەنگ و فیستیڤاڵی ئەدەبی و هونەری کردووە و بەرهەمی پێشکەشکردووە. وەک بێژەر لە زنار تیڤی و دێرین تیڤی بەرنامەی پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

بەخشە

ناوی (جهانبەخش غەفووری)یە. ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی (دەرەیمەڕه) لەدایکبووە. خوێندنەوە و نوسین فێربووە‌. لە دایکییەوه دەنگخۆشی بۆ ماوەتەوه و لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە. سەرەتا بە ژەنینی شمشاڵ و ئامێری زووڕنا و دەهۆڵ دەستیپێکردووە و دواتر بووە بە گۆرانیبیژ و بە (بەخشە) ناسراوە. ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە(نەوسوود) و لەوێ نیشەجێبوون. چەند جارێک لەنێوان خۆرهەڵات و باشوردا کۆچ و باریان کردووە و دواتر لە (جوانڕۆ) گیرساونە‌تەوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و حەوت منداڵیان بووه. ماوەی چل ساڵ وەک گۆرانیبێژی میللی گۆرانی وتووە. لەگەڵ زۆر هونەرمەندانی تردا گۆرانییان وتووە، لەوانە (فەتحوڵڵا)، کە زۆرجار ناویان پێکەوە دێت. لەگەڵ (عوسمان هەورامی)شدا گۆرانی وتووە و کاسێتی هاوبەشیان هەیە. چەند گۆرانییەکی لە ڕادوێ وتووە. بە پلەی یەکەم سوودی لە هۆنراوەی فۆلکلۆر و دواتریش شاعیرانی کلاسیک وەرگرتووه، هەندێک جاریش پشتی بە چەند هۆنراوەکی خۆی بەستووە. پاش گۆڕینی ڕژێمی حوکمڕان لە ئێران، هاتووەتە هەڵەبجە و بۆ ماوەیەک ماوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٢ بە دەستپێشخەری (ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەویی کورد) ڕێزی لێنراوە. لە ٣ی ١١ی ٢٠٢٣ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ