کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

60 بابەت

کەویار هادی حەمەسەعید

ساڵی ١٩٩٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی میوزیکی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. سەرەتای دەرکەوتنی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و بەرنامەی دەنگخۆشی و هەڵسەنگاندن بووە. پاشان لەگەڵ گروپی مەحوی و لەسەر دەستی مامۆستا ڕێبین سالار دەستی بە وەرگرتنی وانەکانی میوزیک کردووە. لە چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆندا بەشداریکردووە و گۆرانی وتووە. هەروەها لە چەندین گۆرانی و کۆنسێرتی هاوبەشدا لە سلێمانی و هەولێر و بەغداددا بەشداریکردووە. لە گۆرانییەکانی (من و دڵ، چاوەڕوانی، گەوهەر، ئاواتێک، پەیامی گوڵ). بە چەند بەرهەمێک بەشداری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بابلی لە بەغداد کردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

لۆکە

ناوی (شاناز زاهیر ڕەزا)یە و بە (لۆکە) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. بنەماڵەکەیان خەڵکى گوندى (زەڵم)ی سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ)ـن و تا ساڵی ١٩٨١ لە (خورماڵ) و لە ‌ساڵی ١٩٩٧ـەوە لە وڵاتی (سویسرا) ژیاون‌. قۆناغەکانی خوێندنی لە وڵاتی (سویسرا) تەواوکردووه و دەرچووی بەشی پەرستارییە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٧ یەکەم بەرهەمی بڵاوکردووەتەوه. خاوەنی هەشت ئەلبوم و ٨٥ گۆرانی و زیاتر لە ٣٠ کلیپە‌. ‌ساڵی ٢٠٢٣ له ‌کەناڵی (کوردماکس) پێشکەشکاری بەرنامەی (شاناز) بووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هونەرمەندان کردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

مامۆ حەمە: حەمە هەورامی

هونەرمەند و گۆرانیبێژە. ناوی(محەممەد ئەلی محەممەد نەسروڵا)یە. ساڵی ١٩٢١ لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٨ لەگەڵ خانمێکی تەوێڵەییدا هاوسەرگیری دەکات و پاش ساڵێک جیادەبنەوە. لەبەر ئەوەی پۆلیس بووە، بەکاری پیشەکەی چووەتە (سیدەکان، شیروان مەزن، مێرگەسوور، چۆمان، ڕەواندز، سۆران، حاجی هۆمەران). لەو شوێنانە بە حەمە هەورامی ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ لە سیدەکان لەگەڵ(فاتمە محەممەد عەزیز) هاوسەرگیری دەکاتەوە. (١٠) منداڵیان بووە. مامۆ حەمە توانیویەتی زۆربەی گۆرانییە هەورامییەکان بڵێت. لە هاتوچۆکردنی بۆ بەغدا، لەگەڵ نەسکۆڵی ئامۆزایدا گۆانیان چڕیوە و کاسێتێکی دووقۆڵییان هەیە، کە تەلەفزیۆنی کەرکوک پێش تایتڵی چیرۆکە تەمسیلییەکان پەخشیدەکرد. هاوڕێیەتی هونەرمەندانی هەولێری کردووە. هەتا١ی ٨ی ١٩٨٣ لە سۆران کۆچیدواییکردووە و هەرلەوێش بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

مامۆ عەمیر هاواری

گۆرانیبێژ و هۆرەچڕ بووە. ناوی (عەمیر عەلی محەممەد)ە. ساڵی ١٩١٨ لە گوندی یارساننشینی هاوار لەدایکبووە. ساڵی ١٩٣٨ بۆ ١٩٤١ لە سوپای عێراقدا سەربازبووە. سەرقاڵی کشتیاری و باخداری بووە. سەرەڕای گۆرانی هەورامی، شارەزایی لە وتنی(ئەڵاوەیسی)شدا هەبووە. شایی زەماوەندی سان و گەورەپیاوانی هەورامانی گێڕاوە. لەگەڵ زۆرێک لە گۆرانیبێژاندا، گۆرانی وتووە، وەک: (مامۆ کەریم دەرەتوێی، خاڵۆ نەجیم، عوسمان کیمنەیی و... ). ساڵی ١٩٧٩ بەر ڕاگواستن دەکەون و لە کۆمەڵگەی عەنەب نیشتەجێدەبێت. لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە هاوار دەگیرسێتەوە. پاش گەشتنەوەی ڕژیم بەو ناوچانە، بەخێزانەوە دەسگیردەکرێن و ڕەوانەی کەرکوک دەکرێن، تا ٩ی ٩ی ١٩٨٩ ئازاد دەکرێن و لەسلێمانی نیشتەجێدەبن. لە ١٥ی ١٠ی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و لە هاوار بەخاکدەسپێررێت.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

مەریوان سەفائەدین

ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی عەبابەیلێ لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە عەبابەیلێ تەواوکردووه. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووه و نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات. ساڵی ١٩٩٣ دەستی بە گۆرانی_وتن کردووە و بە وتنی گۆرانی (هەی باوە و باوە)ی فۆلکۆری هەورامان، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنەوە دەرکەوتووە. بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد. کۆنسێرتی لە هەولێر و سلێمانی کردووە. دوو ئەلبومی هەیە بە ناوەکانی (دیە و جێژوان). ساڵی ١٩٩٦ چووەتە دەرەوەی وڵات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

مەولوود سەلیمی

گۆرانیبێژە. ناوی(مەولود ئەنوەر ئەحمەد سەلیم)ە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی (شۆشمێی سەروو) لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی تەواوکردووە و دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و بەکاری دەلاکییەوە خەریکبووە. سەرەتا لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە گەشت و سەیرانەکان گۆرانی چڕیوە. لە ئەنجامی شەڕی عێراق و ئێراندا، هاتووەتە تەوێڵە و لە ماڵی خاڵی بووە. لەگەڵ چۆڵبونی شارۆچکەکه،‌ تا ساڵی ١٩٨٦ لە ماڵە ئێرانییەکانی نزیک زەڕایەن ژیاوە و پاشان چووەتە شاری هەڵەبجە و لەگەڵ هونەرمەندان (سەباح، عەتا، عوسمان هەورامی)دا، چەندین کاسێتی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە. لەگەڵ زۆر هونەرمەنداندا گۆرانی چڕیوە. خاوەنی ١٥ گۆرانی و ئاوازی تایبەت بە خۆیەتی. لەوانە (وەتەن وەتەن، پەپوولەی نازەنینم، بەرزی کۆساڵان). لە ئێستادا لە شارۆچکەی (پاوە) دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

میدیا حسێن

شاعیر و گۆرانیبێژە. ناوی تەواوی میدیا حسێن حەسەن عەبدوڵایە. خاوەنی بەرهەمی (هەیەجانێک بۆ هەڵەبجە)یە، کە بە سیروان دەخیلە ناسراوە. ساڵی ١٩٦٠ لە چوارباخی سلێمانی لە دایکبووە. پچڕپچڕ تا ئامادەیی خوێندووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار کوڕە. لە دامەزرێنەران و ئەندامی تیپی مۆسیقای ڕۆژئاوایی هاوناز و تیپی مۆسیقای میللی ژوانە. سەدان بەرهەمی جوانی پێشکەشکردووە و پێشتر ئەندامی نەقابەی هونەرمەندان بووە. ئامادەکار و پێشکەشکاری چەند بەرنامەیەکی هونەری و ئەدەبی و فەرهەنگی بووە بۆ تەلەفزیۆنەکانی جەماوەر، کوردسات، دیمەن، کۆڕەک، ئاڤامیدیا، ..هتد. سترانی باڵندەکۆچەرییەکان و بەفر و کۆچی چاپکردووە. دوای کیمیبارانی هەڵەبجە هاوینی ١٩٨٨ وەک هەڵوێستێک بە هەیەجانێک بۆ هەڵەبجە تراژیدیای شیوەنی شەهیدان دەکات و بەرهەمەکەی دەبێتە لۆگۆیەکی کیمیاباران و ساڵانە دەوترێتەوە. ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێیە و ناوبەناو کاری لایڤ میوزیک دەکات.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

ناسری ڕەزازی

گۆرانیبێژ و نوسەرە. ناوی تەواوی ناسر محەمەد ساڵحە. ساڵی ١٩٥٥ لە سنە لەدایکبووە. بەشداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە. گەلێک سرود و گۆرانیی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و بە سەدان کاسێت و زیاتر لە ٢٠ ئەلبومی هەیە. چووەتە ئەوروپا و پاش ڕووخانی سەدام، گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان. پێشتر بە گۆرانیی (لەنجە گیان بە لەنجە) هاتووەتە ناو خۆشەویستیی هەڵەبجەوە. ساڵی ١٩٨٨ و دوای کیمیاباران، ئەلبومی هەڵەبجەی بڵاوکردووەتەوەو بە گۆرانی دنیا خەمە ژیان ژانە ،هێرۆشیمای کوردستانە ناسراوە. بەشداری یەکەمین فیستیڤاڵی هەڵەبجەی لە ساڵی ١٩٩٢دا لە باخی گشتیی هەڵەبجە، کردووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. لە سلێمانی نیشتەجێێە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

نەجمەدین هەورامی

گۆرانیبێژ و دەنگخۆشێکی هەورامانە. ناوی (نەجمەدین عەلی عەبدولعزیز عەلی)یە. ساڵی ١٩٦٨ لە شارەدێی لە تەوێڵە لەدایکبووە. باوکی دەنگخۆش بووە و بە منداڵی گۆرانییەکانی فێرکردووە. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی هەورامان لە ئاهەنگێکدا گۆرانی چڕیوە. هەمان ساڵ بەشداری لە دروستکردنی تیپی میوزیکی ئاوێسەر دەکات. ساڵی ١٩٩٢ یەکەم بەرهەمی بە هاوکاری مامۆستایان (سەلاح ڕەئووف و ئازاد خانەقینی) بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان تۆماردەکات. لە کەناڵە جیاجیاکانی تەلەفزیۆن و گەشتەکانی هونەرمەندان لە خۆرهەڵات و باشور دەیان گۆرانی و بەرهەمی تۆمارکردووە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەورامان و دەرەوەی هەوراماندا گۆرانی وتووە. چەند ئاوازێکی بۆ خۆی داناوە. تۆبەکار و مەیلداری تەریقەتی نەقشی و خانەقاکانی هەورامانە. ئێستا بە خەلیفە نەجمەدین ناسراوە و لە تەوێڵە دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

نەجم محەممەد عەبدوڵا

هونەرمەند، شاعیر و پەروەردەکارە‌. ناوی (نەجم محەممەد عەبدوڵا کەریم)ـە. بە (مامۆستا نەجم) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە. خاوەنی دوو ئەلبومی گۆرانی و ئەلبومێکی سروود و کلیپ و چەندین گۆرانی تۆمارکراوە. لە دانانی ئاواز و نوسینیشدا بەرهەمی هەیە. لە زۆربەی فیستیڤاڵەکانی یادی ھەڵەبجەدا سروود و گۆرانی پێشکەشکردووە. زۆرترین سروودی بۆ یادی کارەساتی ھەڵەبجە وتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە، کە دوانیان کۆچیدواییانکردووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەوەیش لە پای وتنی زۆرترین سروود بۆ جینۆسایدی ھەڵەبجە و زۆرترین بەشداریی لە فیستیڤاڵەکانی یادی جینۆسایدی ھەڵەبجە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و لە شاری سلێمانی دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

نەسکۆڵ

گۆرانیبێژ، بازرگان و هونەرمەند و ئاوازدانەرە. ناوی(حاجی نەسروڵا کەیکاوس)ـە. ساڵی ١٩٢٧ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٩هاوسەرگیریکردووە. کەمتر لەساڵێک بۆ دووەم جار هاوسەرگیری کردووەتەوە. هاتوچۆی بەغدای کردووە. ساڵی ١٩٥٠ یەکەم پاسکیل دەباتە تەوێڵە. ساڵی ١٩٥٢ میوانداری عەلی مەردان دەکات بۆ تەوێڵە و ئەو ئاشنایەتییە دەبێتە بنەما و وا دەکات، کە لە بەشی کوردی ڕادوێی بەغداد چەند گۆرانییەک تۆماربکات. ساڵی ١٩٥٨ تەوێڵە بەجێدەهێڵێت و لە بەغداد نیشتەجێدەبێت. دۆستایەتی لەگەڵ حەسەن زیرەکدا هەبووە. گۆرانییەکانی (ئای دادە وەی ڕۆ، گوڵ هۆ حاجی مریەم، کەڵمل باوانەم، بەلەنجە گیان بەلەنجە) ئاواز و گۆرانی نەسکۆڵن. لە تەلەفزیۆنی کەرکوک گۆرانییە تۆمارکراوەکانی پەخشدەکران. لەگەڵ هونەرمەندانی هاوچەرخیدا هاونشین بووە. بە تایبەت لەگەڵ گۆرانیبێژ (حەمەی ئەلی محەممەد). ساڵی ١٩٨٠ لە بەغداد کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی دەهێننەوە بۆ تەوێڵە و لە باباسەرهەنگ بەخاکیدەسپێرن.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

نەوزاد نەسروڵڵا بەگ

گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە. ناوی (نەوزاد نەسروڵڵا عەزیز)ە. ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکانی سەرگەت و گوڵپ تەواوکردووە. ژیانی هاوسەی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ١٩٧٤ یەکەم گۆرانی لەگەڵ هونەرمەند (عوسمان هەورامی) وتووە و تۆمارکراوە. زیاتر لە ٥٠ کاسێت گۆرانی بە تەنها و لەگەڵ هونەرمەندانی تردا تۆمارکردووە. هەشت لەو گۆرانییانە لە ئاوازی خۆیەتی. چەندین گۆرانی لە ڕادوێ و تەلەفزیۆن تۆمارکردووە. لەگەڵ هونەرمەندانی تری وەک (عوسمان هەورامی، حەمەحسین کێمنەیی، سەباح خارگێڵانەیی، فەتحوڵڵای ئەمینی و جەمیل هەورامی و عەلی گوڵپى) گۆرانی تووە. زیاتر لە ٢٠ خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا لە شارۆچکەی خورماڵ دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

نزار هۆرامی

ناوی (نزار سابیر فەرەج حەمەئەمین)ـە. ساڵی ١٩٦٨ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە تەوێڵە و هەڵەبجە خوێندووە. لە قوتابخانەوە دەستیکردووە بە گۆرانی و لەگەڵ زۆرێک لە گۆرانیبێژان گۆرانی وتووە، لەوانە: عوسمان هەورامی و سەباح، جەمیل ئەحمەدی، حەمەحسێن، نەوزاد، نەجمەدین. زۆرتر لەگەڵ یونس میرزادا دەرکەوتووە و دەیان کاسێتی گۆرانیی تۆمارکراوی هەیە. بەشداری زۆرێک لە ئاهەنگ و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و‌ خاوەنی دوو منداڵە و پێشمەرگەیە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

هەماوەند لهۆنی

گۆرانیبێژ و مۆسیقییە. ناوی (هەماوەند شەوکەت سان ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە و پیشەی هونەری هەڵکۆڵینە لەسەر دار. ژەنیاری تار و سێتار و دەفە. یەکەم کاری هونەری لە ساڵی ١٩٩٢ و لە فیستیڤاڵی قوتابیانی شاری سنە بووە. خاوەنی ١٢ کلیپ و سێ ئەلبومی (کیژی بەهاری، هەنسکی مانگ، نەوای سەرمەستان)ـە. بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لەگەڵ گروپە جۆراوجۆرەکانی شانۆ لە خۆرهەڵات کاریکردووە. چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. ئەندامی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی میوزیکی مەریوان بووە. میوزیکی بۆ ١٠ کورتەفلیم و دەیان شانۆ داناوە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی کردووە و دەیان کۆنسێرتی لە هەرێم و دەرەوەی هەرێم ئەنجامداوە. لەگەڵ گرپە میوزیکییە ناودارەکاندا خاوەنی سەدان کۆنسێرتی پێشکەشکراوە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

هۆشیار حەمەفەرەج

هونەرمەند، وەرزشکار و گۆرانیبێژە. ساڵی ١٩٦٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. پێنج براو چوار خوشکی هەیە. دیارترینی براکانی (شاهۆ و وریا)ن. لە چالاکییە هونەریەکانی هەڵەبجەی پێش کمیاباراندا بەشدارێکی کارا بووە. لە دەنگە ناسراوەکانی هەڵەبجەیە و مۆرکی هەڵەبجە و هەورامان بە ئاوازەکانییەوە دیارە. دەیان ئاواز و گۆرانی هەیە. لە فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجەدا سرود و گۆرانی بۆ شارەکەی وتووە. خاوەن چەندین بەهەمی وەک (کاڵی بار مەکە، هەلەبشیما، هۆ دێوانە، ئەم مەڵبەندە، کانی شێخ و سەفەر و قەدەر... هتد)یە. لە ساڵی(١٩٩٥)ەوە و چووەتە هەندەران. ساڵی ١٩٩٦ بەشداری بەرنامەیەکی یادی هەڵەبجەی لە MED. TV کردووە و چەند بەرهەمێکی پێشکەشکردووە. بەشداری بەرنامەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەی لە تیڤییەکاندا کردووە و بەرهەمی پێشکەشکردووە. ئەندامی تیپی مۆسیقای شنروێیە. لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

واڵە حێرانێ

تۆبەکار و دەنگخۆش و سیاچەمانەچڕی شێخانە. ناوی (حەیران محەممەد زۆراب)ە. ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی کەیمنە لە هەورامانی دیوی ئێران لە خێزانێکی هونەری لەدایکبووە. خوشکی(مەژنوون و شەفیع) کەیمەنەییە. ئامۆزاو هاوشیرەی هونەرمەند(عوسمان هەورامی)یە. شارەزای زۆرێک لە گۆرانییە هەورامییەکانە. دوای شووکردنی دەچێتە نێو دنیای سۆفیگەرییەوە و شێخە نەقشبەندیەکانی هەورامان بە گۆرانی شێخانە دەلاوێنێتەوە. لە ناویان زیاتر مەیلداری شێخی حسامەدین بووە. لە سروشت و هەوارەکاندا گۆرانی چڕیوە. لەگەڵ برا و ئامۆزاکانیدا لە ماڵە ناسراوەکاندا گۆرانی وتووە. هاتوچۆی تەوێڵەی زۆر کردووە و چەند سیاچەمانەیەکی لە تەوێڵە لە کاسێتێکدا تۆمارکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

وەهبی سۆسەکانی

گۆرانیبێژە. ناوی (وەهبی حەمەڕەشید عەلی)یه ‌و بە (وەهبی سۆسەکانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. تا پۆلی سێی سەرەتایی خوێندووە. له ‌ساڵی ٢٠٠٠ەوە وەک گۆرانیبێژ لە ڕادوێ و تەلەفزیۆن و کەناڵە ئاسمانییەکان و دەیان فیستیڤاڵی هونەری و گەشتەکانی هونەرمەنداندا بەشداریکردووە. لەوانە فیستیڤاڵە هونەرییەکانی هەورامان، بەرنامە هەورامییەکان، دەیان کاسێتی تۆمارکراوی لەگەڵ چەند سیدیەکدا هەیە. لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندەکانی خۆرهەڵات و باشوردا گۆرانی وتووە و بەرنامەی تۆمارکراویان هەیە. لەوانە: جەمیل ئەحمەدی، حەمەلەی نەوسودی، حەمەحسێن کەیمنەیی، سەباح هەورامی، فەرزاد ئەمینی، سەعدی ئەحمەدی و یاقوب سۆسەکانی، یونس میرزا... هتد. پرۆگرامی مۆسیقی لەگەڵ کوردساتدا هەیە و چەند گۆرانییەکیشی بە ئۆرگەوە وتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

یاقوب سۆسەکانی

گۆرانیبێژە. ناوی (یەعقوب حسێن حەمەساڵح)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە سۆسەکان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە سۆسەکان و ناوەندی لە شارۆچکەی سیروان خوێندووە. ١٥ کاسێتی نۆمارکراو و ٢٥ سیدی و پێنج کلیپی هەیە. لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا بەشداری بەرنامەکانیانی کردووە. لە فیستیڤاڵەکانی هەورامان و عێلبەگی جاف و شەمێران و لادێکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا بەشداریکردووە. لەگەڵ زیاد لە ٤٥ گۆرانیبێژی باشور و ڕۆژهەڵاتدا گۆرانی وتووە. لەوانە (عوسمان هەورامی، جەمیل ئەحمەدی، حەمەلە، عەلی گوڵپی، عەتا زەڵمی، سەباح هەورامی، یونس میرزا، نەوزادی نەسروڵڵا بەگ، سیروان لهۆنی، نەجمەدین هەورامی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. ئێستا پێشمەرگەیە و لە شارۆچکەی خورماڵ نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

یوسف ئاسکە

ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدواییەکەی نەزانراوە. لە سەردەمی حکومڕانیی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵانیدا ژیاوە، کە ساڵی ١٦٣٧ دەسەڵاتی گرتووەتەدەست. بە نوێکەرەوەی سیاچەمانە دادەنرێت. جگە لە دەنگە خۆشەکەی، دەستی هۆنراوەشی هەبووە. گۆرانیبێژی خان ئەحمەدخان بووە و لە قەڵای زەڵم ژیاوە. دڵی چووەتە سەر (کڵاوزەڕ) و پەیوەندی لەگەڵ دروستکردووە. کاتێکیش خان بەوەی زانیوه،‌ یوسف ئاسکەی بە زیندوویی لە بەرانبەر قەڵای زەڵم کردووە بەژێر خاکەوە و گۆڕی بۆ هەڵکەندووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

یونس میرزا

گۆرانیبێژە. ناوی(یونس میرزا عەبدوڵا هەیبەکر)ە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دایکی و برایەکی دەنگخۆش بوون. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. ماوەیەک لە سلێمانی ژیاوە. ساڵی ١٩٨٤ لە هەڵەبجە نیشتەجێدەبن. ساڵی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦دوو کاسێتی گۆرانی لەگەڵ هونەرمەند (عوسمان هەورامی/کەیمنەیی)دا تۆمارکردووە. پەیوەندی بە تیپی مۆسقای شەمەوە کردووە بۆ تۆمارکردنی گۆرانی، بەڵام کارەساتی کیمیاباران ئەو هەوڵەی لەناودەبات. ساڵی ١٩٨٩ دوو کاسێتی گۆرانی لەگەڵ هونەرمەند (سەباح هەورامی) تۆمارکردووە. چالاکیی گۆرانی وتنی لە دوای ڕاپەڕینەوە زیادکردووە و لە زۆربەی ئاهەنگەکانی تەوێڵە و هەوراماندا لەگەڵ هونەرمەندان گۆرانی چڕیووە. ساڵی ١٩٩٢ گۆرانی (مەگری مەگری) بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩٤ گۆرانییەکی بۆ تەلەفزیۆنی (میزۆپۆتامیا) تۆمارکردووە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەوراماندا گۆرانی وتووە. توانای چڕینی سیاچەمانەکانی هەیە. ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان و مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ
پێشتر 1 2 3