کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

31 بابەت

ئاودێر عوسمان باقی

شێوەکار و نوسەرە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شێوەکاری لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی تاران لە بواری مۆنۆمێنت و هونەری جەنگدا بەدەستهێناوە. چەندین پڕۆژەی هونەری لە جینۆساید و ژینگە و کارەسات و منداڵ و جەنگدا هەیە. بەشداری ٧٥ پێشانگای لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا کردووە، لەوانە: هەڵەبجە، کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، بەغداد، ئێران، ئەڵمانیا. بە نوێنەری هەرێمی کوردستان چەندین پلەو خەلاتی بردووە. بەشداری فیستیڤاڵی ئارت و فەجری کردووە. لە پاشخانی ئەدەبی زارەکی و شیعری نوسراو بۆ هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆساید، چەندین وێنەسازی کردووە و فۆڕمی تایبەتی دەرهێناوە. لە ڕێگەی هونەرەوە خزمەتی کەیسی هەڵەبجه ‌و کیمیابارانی کردووە. لە کتێبە چاپکراوەکانی (پەرەسەندنی هونەری شێوکاری لە هەڵەبجە ١٩٣٥-١٩٩٥، سێونما، شوێنەکان دوای کارەسات).

ئەریوان سەلاحەدین محەممە‌د نووری

ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی بەدەستهیناوە. لە دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی ٨٨ بووە. سەرپەرشتیاری ڕادوێی دەنگی لاوانە، فۆتۆگرافەری چەندین فلیمی دۆکیۆمێنتارییە، لەوانە: (ماسیەکان چۆن دەمرن). بەشداری و سەرپەرشتی چەندین پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری لە یادەکانی هەڵەبجەدا کردووە، لەوانە (شەش شیوەکاری هەڵەبجە لە بەغداد، ساتیک بۆ مەرگی هەڵەبجە، بیست ساڵە و ٢٥ ساڵەی کیمیاباران). لە کردنەوەی فێرگەی میوزیکی شنروێدا هاوکاربووە. لە بوارەکانی هونەر و گەنجان و ژینگە و مافی منداڵاندا خزمەتیکردووە. سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵی لاوانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. لەئێستادا بەڕێوەبەری لاوانی هەڵەبجەیە.

ئەسغەر ڕەشید هەڵەبجەیی

ساڵی ١٩٦٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٥ بۆ یەکەمجار بەشداری پێشانگای هاوبەشی کردووە. بە پۆستەر و جێبەجێکاری دیکۆر، بە شداری کاری دیکۆری چەندین شانۆیی و ئۆپەرێتی کردووە، لەوانە: کۆچی هەتا هەتایی، هاوارێکی تاساو، فایلی ٦٧، قوتابخانەی بۆش، ولەیم تیل، سەوزە، ڕێوییە و لەپێستی شێردایە. لە دوای کیمیاباران لە کوردستان و ئێران بەشداری یادکردنەوەکانی کارەساتەکەی کردووە. ساڵی ١٩٨٤ یەکەم پێشانگای بە پۆرترێتی ١١ شاعیر کردووەتەوە. ساڵی ١٩٩٦ وەک فەرمانبەر دامەزراوە. خاوەنی تابلۆی سەمفۆنیای (تراژیدیای هەڵەبجە) و کتێبی (ئاڕاستەی تابلۆی منداڵان)ـە. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە. بەمەبەستی ڕێزلێنانی، پەیکەری بۆ دروستکراوە و لە باخچەی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە دانراوە.

ئەمجەدی شێخ جەمال

شێوەکار و شانۆکارە. ناوی (ئەمجەده جەمال محەممەد)ە و بە (ئەمجەدی شێخ جەمال) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٦ لە (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە. وەک مامۆستا و ڕاهێنەری شێوەکاری ١٧ساڵ لە مەڵبەندی ڕاهێنان و گەشەپێدانی ژنان، سەنتەری لاوان، ماڵی گەنجان، چالاکیی لاوان، ناوەندی دواڕۆژ، خزمەتیکردووە. سەرپەرشتی ١٥ فیستیڤاڵ و ٥ کاری دیواربەند و ٥٠ پێشانگای کردووە. لە دەیان پێشانگای گشتی و تایبەتی لە شارەکانی کوردستان بەشداربووە، لەوانە: شێوەکارانی هەڵەبجە، شێوەکارانی پەروەردەکانی کوردستان، پێشمەرگە هەمیشە سەرکەوتووە، ٤٦ شێوەکاری کوردستان، سێبەری مەرگ، چەپکێک لە هونەرمەندانی شێوەکار، شێوەکارانی کوردستان و عێراق، دیواربەندی دەستێک بۆ جوانی شار، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئاشتی، ساتێک بۆ مەرگی هەڵەبجە، زۆربەی پێشانگاکانی فیستیڤاڵی هەڵەبجە و هەورامان. وەک ئەکتەر لە حەوت شانۆیی و لە سێ فیستیڤاڵی گۆرانی و میوزیک بەشداریکردووە و یەکێکە لە پێنج هەڵبژێراوی دەنگخۆش لە فیستیڤاڵی هاموون ٢٠٠٦. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

ئیبراهیم زۆراب غەفور

هونەرمەندی شێوەکارە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی نیگارکێشای لە کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانی خوێندووە و ماستەری لە کۆلیژی هونەری زانکۆی تاران بەدەستهێناوە. خاوەنی چەند پێشانگایەکی تایبەتە، لەوانە: (خەزانی گوڵ، باوەشێ لە بەرائەت). بەشداری ٢٥ پێشانگای هاوبەشی کردووە. لەوانە: (شێوەکارانی هەڵەبجە، ٥٨ شێوەکاری ئێرانی و ئەڵمانی، ١٤ شێوەکار لە تاران، هاوبەشی هونەرمەندان لە کفری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان). دیزاینەری چەندین لۆگۆیە، لەوانە: (یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی پەیام، زنار تیڤی، ئاژین تیڤی، تەندروستی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان، فیستیڤاڵی شانۆی گۆران). چەندین پۆستەری بۆ یادەکانی هەڵەبجە و فیستیڤاڵە ئەدەبییەکان کردووە. سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی هونەری و دیواربەندی لە هەڵەبجە و شارەکانی تری کوردستاندا کردووە. بەشداری پڕۆژەی خۆری ڕەشپۆشی بە هاوبەشی شێوەکارانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیای لە ٢٠٠٥دا کردووە. دەستەی دامەزرێنەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە و مامۆستای بەشی شێوەکاری هەمان پەیمانگایە.

ئیسماعیل حەسەن حەمەئەمین

ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی وێنەکێشانی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. سەرپەرشتی چەند پڕۆژەیەکی هونەری و پێشانگاکانی شێوەکاری لە دەرەوە و ناوەوەی هەڵەبجەدا کردووە. لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان و ناوەندی ڕوناکبیریی هەڵەبجە و بەشی چالاکیی هونەریی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کارەکانی سەر بە ڕیالیزمی واقعییە. ئەندامی کارای یەکێتیی هونەرمەندانە. خاوەنی شەش پێشانگای تایبەتیی خۆی و لە زیاتر لە ٥٠ پێشانگا و پڕۆژەی هونەری هاوبەشدا بەشداریکردووە. ‌چەند بابەتێکی لەسەر شێوەکاری بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

ئیسماعیل خەیات

شێوەکارە، ناوی تەواوی ئیسماعیل محەمەد ساڵح محەمەدە. ساڵی ١٩٤٤ لە خانەقین لەدایکبووە، خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەواوکردووە. لە تەمەنی هونەرییدا ٤٥ پێشانگای تایبەتی لە شارەکانی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئینگلتەرا، نەرویج، فەڕەنسا، ئەمریکا، بەلجیکا، ئودن، ئێران، یابان، کۆریا، ڕوسیا، دانیمارک...هتد کردووەتەوە. بەشداری ٦٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە. زۆرترین کاری لە بواری کوردبوون و مەسەلەی هەڵەبجە و ئەنفال و پڕۆژەی ئاشتی پیرەر بۆ وەستانی شەڕی ناوخۆ بووە. کارکردن لەسەر بەردی هەڵەبجە و پیشاندانی لە وڵاتانی تر، لەوانە: بەردی ماسییە لەسەر نەخشراوەکەی هەڵەبجە لە هۆڵەندا، پێشانگای تایبەتی دەمامکەکان بۆ ٣١هەمین یادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەناو شاری هەڵەبجە و..هتد. ئەندامی کۆمەڵەی شێوەکارانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزاندارە و هاوسەری هونەرمەندی شانۆکار گەزیزە عومەر عەلییە. لە ٢٠ی١٠ی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە و دوای خۆی پێشانگایەک لە مۆزەخانەی شاریقەی ئیمارات بۆ کارەکانی کراوەتەوە.

بەهجەت جەعفەر مستەفا

ساڵی ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەهۆی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و ساڵی ١٩٩٠ گەڕاونەتەوە و دەستیکردووەتەوە بە خوێندن. پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری پێشانگا هاوبەشەکانی پەیمانگای کردووە. لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی وەرگیراوە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە ولە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە بەخاکسپێراوە. پاش مەرگی لە دوو پێشانگای تایبەتدا بەرهەمەکانی پیشاندراون.

بێساران فەیرۆز حەسەن

ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی وێنەکێشانی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی خوێندووە و بڕوانامەی ماستەری لە هونەری هاوچەرخ و هەروەها ماستەری لە مێژوو و ڕەخنەی هونەر لە زانکۆی ڕین لە فەڕەنسا و دکتۆرای لە مێژووی هونەردا بۆ تێزی کورد و کوردستان لە تێڕوانینی هونەرمەندە گەڕیدەکاندا بەدەستهێناوە. چەندین توێژینەوە و وتاری لە بواری هونەردا بە زمانەکانی کوردی و فارسی و فەڕەنسی نوسیوە و بڵاوکردووەتەوە. ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٧ چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی کەنگاوەر، کرماشان بەدەستهێناوە. زیاتر لە ١٠ پێشانگای هاوبەشدا بەشداربووە. لەوانە پێشانگاکانی ساڵیادی کیمیاباران، پێشانگاکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان، فیستیڤاڵی کلتوری هەورامان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

حەسەن مراد محەممەد

ناوی (حەسەن مراد محەممەد یوسف)ـە. ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە. ماستەرنامەکەی لە سەر پڕۆژەی پێنج هەزار پۆرترێتەکەی ڕێبوار سەعیدە. مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە. خاوەنی شەش پڕۆژەی هونەریی تایبەت بەخۆیەتی و لە(٢٥) پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە. لە بنەماڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. لە چەندین پڕۆژەی هونەری و مۆنۆمێنتیدا بەشداربووە، وەک مۆنۆمێنتی بینا سووتاوەکەی شارۆچکەی سیروان، ڕەشپۆشکردنی و داپۆشینی ئامادەیی کیمیابارانی کچان بۆ یادی هەڵەبجە. گەڕانەوەی جوان، هاوخەمی هەڵەبجە بۆ ئەنفال، باخچەی هەڵەبجە بۆ ژیان لە دەروازەی چەمچەماڵ، چەندین دیواربەندی بەکاری هونەری نەخشاندووە، وەک (دیواربەندی کازیوەی منداڵان). بەشداری کارای لە چالاکییە هونەرییەکانی یادی هەڵەبجەدا کردووە. (ڕووخسارەکانی دوای جەنگ) لە تابلۆ دیارەکانیەتی. لە دەستەی دامەزرێنەرانی پەیمانگای هەڵەبجەیە. دیزاین و دیکۆری فیستیڤاڵ و چەندین بۆنەی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

حەمەفەرەج ئەحمەد حەمەمراد

هونەرمەند و شێوەکارە لە ستایلی دەربڕینخوازی (ئێکسپریشینزم). ساڵی ١٩٤٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ١٩٦٧ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. لە ناوەندی هەڵەبجەی کوڕان مامۆستا بووە. ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٨ سەرپەرشتیاری هونەری و لێپرسراوی چالاکیی قوتابخانەکانی هەڵەبجە بووە. ١٩٩١ بۆ ٢٠١٠ سەرپەرشتیاری شێوەکاری بووە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی. لە کۆتایی شەستەکان و حەفتاکاندا، بە دروستکردنی دیکۆر و مکیاژ، گوڕوتینێکی زۆری بە چالاکییەکانی نواندن لە هەڵەبجە داوە و بینەری بۆ سەرنجدان لە کاری شێوەکاری ڕاکێشاوە. یەکەم کەس دەبێت، کە لە گۆڕینی کوڕ بۆ کچ، لەکارە شانۆییەکاندا، باڕۆکە دروستدەکات. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی لە ناوەوە و دەروەی کوردستاندا کردووە. ساڵی ١٩٧٤ پێشانگای‌ تایبەتی لە ئێران کردووەتەوە. لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا دوکانی مۆمیا و ڕەسم لە هەڵەبجە دەکاتەوە. لەو مامۆستایانەیە لە پەرەسەندن و گەشەی هونەری شێوەکاری(ڕەسم و پەیکەر) ڕۆڵی هەبووە. چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.

خانمانی شێوەکاری هەڵەبجە

چوار خانمی شیوەکاری هەڵەبجەن، کە بەشداریانکردووە لە یەکەمین فیستیڤاڵی خانمانی کوردستان. بەسپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات، کە گروپی کیژانی کفری بۆ ٧٥ خانمی چوارپارچەی کوردستان لە کفری ڕێکیخستووە. ئەوانیش بریتییبوون له:‌ (کۆچەر ڕەفیق لایق، شەهێن ئەبوبکر محەممەد، خەیاڵ هیوا قادر و کانیاو بەختیار ئەحمەد).

ڕەئوف حەسەن حەمەئەمین

هونەرمەندێکی شێوەکارە. ساڵی ١٩٦١ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لەژێر کاریگەری حەمەفەرەج هەڵەبجەیی و دوکانەکانی ڕەسم و مۆمیا لە شارەکەدا، دوکانێکی نوسین و ڕەسم دەکاتەوە و خەریکی وێنەکێشان دەبێت. تابلۆکانی زیاتر سروشتی ناوچەکە بوون. کاری نوسین و وێنە بۆ خەڵک دەکات و پەرە بەخولیا و ئەزموونی دەدات. ١٩٨٢ لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغداد وەردەگیرێت و ساڵی ١٩٨٦ بەشی وێنەکیشان تەواودەکات. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی لە(کوردستان، ئەمریکا، یابان) کردووە. ساڵی ١٩٩٩ لە سلێمانی پێشانگایەکی تایبەت دەکاتەوە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.

ڕێبوار سەعید ڕەشید

نوسەر و شێوەکارە. ساڵی ١٩٦٢ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. کۆلێژی هونەری لە لەندەن تەواوکردووە و ماستەری لە زانکۆی میدل سیکس و دکتۆرای لە بواری هونەردا لە هەمان زانکۆدا وەرگرتووە. لە ئێستادا ڕاگری کۆلێژی هونەرە لە زانکۆی سلێمانی. سەرۆکی ڕێکخراوی ئارت ئین کۆمۆنە لە لەندەن، ئەندامی ڕێکخراوی باڵندەبارانە لە فەڕەنسا و ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوی کلتوری میلۆنیم ئەوەردە. خاوەنی بڕوانامەی باشترین پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەریتانیا، لە دەستەی دامەزرێنەرانی مۆزەخانەی هاوچەرخە لە سلێمانی. لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤ تا ئێستا خاوەنی زیاتر لە ٣٧ پێشانگای تایبەتی خۆیەتی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و سەقز و چەندین شار و پایتەختی وڵاتانی ئەوروپی و چین و ژاپۆن و ئوسترالیا. لە ٥٠ پێشانگای هاوبەشدا بەشداربووە. خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە لە بواری شیعر و لێکۆڵینەوەی هونەردا. ساڵی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ بەپرسی بەشی هونەری گۆڤاری کلتور و گۆڤاری ڕەنگاڵەبووە لە شاخ. لەڕێگەی هونەرەکەیەوە زۆرترین خزمەتی بە کەیسی هەڵەبجە کردووە و سەرنجی سەفارەت و کەسانی ئەوروپای بۆ قوربانییەکانی گەلی کورد ڕاکێشاوە. لە کارە دیارەکانی لەو ڕووەوە ٥٠٠٠ پۆترێتە بۆ پێنج هەزار قوربانیی شاری هەڵەبجە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاندنیەوە بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و لە سوتانی مۆنمێنتەکەدا زۆربەیان بوونەوە بە قوربانی. لە بڵاوەکراوەکاندا بابەتی شیعر و هونەری بڵاوکردووەتەوە و دوای کیمیابارانی هەڵەبجە کۆمەڵێک تابلۆی لەسەر کارەساتەکە چاپکردووە. لە کاری نەخشاندنی چەند کتێبدا بەشداربووە. لەوانە دەربەندی پەپولەی شێرکۆبێکەس.

ڕەجا محەممەد

هونەرمەندێکی شێوەکارە. ناوی (ڕەجا محەممەد عەلی مەحموود)ە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانە لە سلێمانی. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پەروەردە - لە سلێمانی. لە بواری ڕۆژنامەگەریدا بە وێنەکێشان و دیزاین بەشدارییکردووە. لە زۆربەی شارەکانی باشوردا لە چەندین پێشانگای ھاوبەشدا بەشداریکردووە و لە ھەڵەبجە و سێ پێشانگای تایبەتیشی کردووەتەوە. بایەخی زۆری بە کاریکاتێر داوە و چەندین کاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. سیناریۆی فلیمی منداڵە ونبووکانی هەڵەبجەی نوسیوە و دیواربەندی عومەری خاوەری دروستکردووە. خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی پاراستنی یادەوەرییەکانی هەڵەبجە و پڕۆژەی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەیە.

سەباح عومەر کەریم

بە (کاربین) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە گردەناوێ لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانییە. یەکەم پێشانگای تایبەتی لە ساڵی ١٩٩٠ لە قوتابخانەی گردەچاڵ کردووەتەوە. پێنج پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و لە چەندین پێشانگای گشتی و هاوبەشدا بەشداریکردووە. سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەی (هاوکار) بووە، کە قوتابخانەی هونەریی هاوکار دەریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

سەردەشت ئارت

ناوی (سەردەشت عەلی محەممەد)ە و بە (سەردەشت ئارت) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. لە بواری شێوەکاری و ڕاگەیاندن و مۆنتاژ و فۆتۆڤیدیۆگرافی و گرافیک دیزایندا کاردەکات. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە و خاوەنی پێنج پێشانگای تایبەتە. ٣٠٠ تابلۆی نەخشاندووە. لە دەستەی دامەزرێنەری کەناڵی ناوخۆی هەڵەبجەیە و ماوەیەک لە کەناڵی ئاسمانیی خەندان کارمەند بووە. سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی و کلتوری و هونەری کردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری هەڵەبجە.

سالار مەجید کاکەیی

ساڵی ١٩٦١ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٣ پەیمانگای تەکنەلۆجی بەشی میکانیکی لە شاری بەغداد تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە نەخشەسازە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. هەر لە منداڵییەوە بەهرەی کێشانی تابلۆی هونەری هەبووە، لە چەندین فیستیڤاڵ و پێشانگای هونەری بەشداریکردووە بە تەنها یان هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی تر. پێشانگا تایبەتەکانی هونەرمەند: ١٩٨٥و ١٩٨٧ لە مۆزەخانە سلێمانی، ١٩٩٠ و١٩٩١ هۆڵی سورکێو لە سلێمانی، ١٩٩٢ کەپری هونەری لە پێنجوێن، ١٩٩٣ مۆزەخانەی سلێمانی، ١٩٩٤ و١٩٩٥ و١٩٩٦ گەلەریی سالار مەجید لە سلێمانی، ١٩٩٧ قولە ڕەش چیای ئەزمڕ، ١٩٩٨ شوێنێکیش بۆ جنۆکەکان هەسێری زێوێ چیای پیرە مەگرون، ٢٠٠٢ شاری بیرگن لە نەرویژ، ٢٠٠٣ هۆلی کونز فتوار - تیلبیرگ - هۆڵەندا، ٢٠٠٥ و یرلد گەلەری هۆلەندا، ٢٠٠٥ سەرسیر - ماوەت، ٢٠٠٧ مۆزەخانەی سلێمانی، ٢٠٠٨ هونەرە جوانەکانی سلێمانی، ٢٠٠٩ مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە، ٢٠١٠ گەلەری سەردەم، پێشانگایەک تایبەت بە کاکەییەکان - لەندەن. پێشانگا هاوبەشەکان: بەشداری زیاتر لە ٢٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، دوا پیشانگای هاوبەشی سالی ٢٠١٣ لە دەرەوەی وڵات بووە لە مۆزەخانەی (ئۆرچۆت). ساڵی ٢٠٠٥ گەلەری هاواری بونیادناوە لە گوندی هاوار و ئێستا مامۆستایە لە هونەرە جوانەکانی سلێمانی.

عەبدولڕەحمان میرزا فەرەج

ساڵی ١٩٨٦ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووه. خویندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و پەیمانگای هونەرەجوانەکان و کۆلێژی هونەری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری ٥٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە لەوانە: تواصل عبر الصور لە بەغداد، کەرنەڤاڵی سروشت، سیمپۆزیۆمی سەرگەڵو، یەکەمین سیمپۆزیۆمی شێوەکاری هەڵەبجە، پۆستەری مامۆستایان، پێشانگای ڕەنگی ئاوی ئاوی جیهانی بە بەشداری هونەرمەندانی چەند وڵاتێک، سروشت و کارەسات، ساتێک بۆ مەرگی هەڵەبجە،... هتد، خاوەنی پێشانگای تایبەت بە پۆترێتە. کاری دیزاین و بەرگی بۆ چەند کتێبێک کردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.

عەلی تازەدێیی

ناوی (عەلی عەبدولقادر حسێن)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە (تازەدێی)ی سەر بە شاری کەلار لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە سلێمانی. وەک مامۆستای خۆبەخش وانەی وتوەتەوە. زۆرتر لە بواری شێوەکاری و فۆتۆگرافی و پەیکەر و خۆشنوسی و کاریکاتێردا ناسراوە و لە میوزیک و شانۆ و فلیمیشدا بەشداریکردووە. وەک درامای گەردەلوول. خاوەنی یەکەم پێشانگای دوای ڕاپەڕینە، کە پێشانگایەکی تایبەت بووە بۆ هەڵەبجە و ئەنفال، کە لە ١٦ی ٣ی ١٩٩١ لە کەلار کردوویەتیەوە. بە بەردەوامی و ساڵانە لە یادی هەڵەبجەدا پێشانگای تایبەتی لە هەڵەبجە و کەلار و کفری و خانەقین هەبووە. ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری پێشانگایەکی هاوبەشی بۆ هەڵەبجە و ئەنفال لە وڵاتی نەرویج کردووە. خاوەنی ٣٠ پێشانگای تایبەتە لەوانە پێشانگاکانی یادەکانی هەڵەبجە، کزەیەک لە ئەنفالەوە شنەیەک لەباخی میر، جینۆساید، و بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشیشی کردووە. زۆرترین کاری بۆ هەڵەبجە کردووە. لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەڵەبجە نازناوی عەلی هەڵەبجەیی پێبەخشراوە. دەیان خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەر لە کەلار کاردەکات.

1 2 دواتر