ڕەئوف حەسەن حەمەئەمین

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 376

شێوەکار

هونەرمەندێکی شێوەکارە. ساڵی ١٩٦١ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لەژێر کاریگەری حەمەفەرەج هەڵەبجەیی و دوکانەکانی ڕەسم و مۆمیا لە شارەکەدا، دوکانێکی نوسین و ڕەسم دەکاتەوە و خەریکی وێنەکێشان دەبێت. تابلۆکانی زیاتر سروشتی ناوچەکە بوون. کاری نوسین و وێنە بۆ خەڵک دەکات و پەرە بەخولیا و ئەزموونی دەدات. ١٩٨٢ لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغداد وەردەگیرێت و ساڵی ١٩٨٦ بەشی وێنەکیشان تەواودەکات. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی لە(کوردستان، ئەمریکا، یابان) کردووە. ساڵی ١٩٩٩ لە سلێمانی پێشانگایەکی تایبەت دەکاتەوە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.

سەرچاوەکان:

  1. پەرەسەندنی هونەری شێوەکاری لە هەڵەبجە ١٩٣٥-١٩٩، ئاودێر عوسمان. پێشەکی: د. فەرهاد پیرباڵ - ئیسماعیل حەسەن، وەرگێرانی بۆ ئینگلیزی: لانەسیروان - مەهدی عزیز. پێداچوونەوەی ئینگلیزی: بڕوا بابا ڕەسوڵ، چاپی یەکەم، ل١٥، ٦٥.
  2. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (ڕەئوف حەسەن)، لە ٧ی ٣ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ڕێبوار سەعید ڕەشید

نوسەر و شێوەکارە. ساڵی ١٩٦٢ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. کۆلێژی هونەری لە لەندەن تەواوکردووە و ماستەری لە زانکۆی میدل سیکس و دکتۆرای لە بواری هونەردا لە هەمان زانکۆدا وەرگرتووە. لە ئێستادا ڕاگری کۆلێژی هونەرە لە زانکۆی سلێمانی. سەرۆکی ڕێکخراوی ئارت ئین کۆمۆنە لە لەندەن، ئەندامی ڕێکخراوی باڵندەبارانە لە فەڕەنسا و ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوی کلتوری میلۆنیم ئەوەردە. خاوەنی بڕوانامەی باشترین پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەریتانیا، لە دەستەی دامەزرێنەرانی مۆزەخانەی هاوچەرخە لە سلێمانی. لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤ تا ئێستا خاوەنی زیاتر لە ٣٧ پێشانگای تایبەتی خۆیەتی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و سەقز و چەندین شار و پایتەختی وڵاتانی ئەوروپی و چین و ژاپۆن و ئوسترالیا. لە ٥٠ پێشانگای هاوبەشدا بەشداربووە. خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە لە بواری شیعر و لێکۆڵینەوەی هونەردا. ساڵی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ بەپرسی بەشی هونەری گۆڤاری کلتور و گۆڤاری ڕەنگاڵەبووە لە شاخ. لەڕێگەی هونەرەکەیەوە زۆرترین خزمەتی بە کەیسی هەڵەبجە کردووە و سەرنجی سەفارەت و کەسانی ئەوروپای بۆ قوربانییەکانی گەلی کورد ڕاکێشاوە. لە کارە دیارەکانی لەو ڕووەوە ٥٠٠٠ پۆترێتە بۆ پێنج هەزار قوربانیی شاری هەڵەبجە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاندنیەوە بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و لە سوتانی مۆنمێنتەکەدا زۆربەیان بوونەوە بە قوربانی. لە بڵاوەکراوەکاندا بابەتی شیعر و هونەری بڵاوکردووەتەوە و دوای کیمیابارانی هەڵەبجە کۆمەڵێک تابلۆی لەسەر کارەساتەکە چاپکردووە. لە کاری نەخشاندنی چەند کتێبدا بەشداربووە. لەوانە دەربەندی پەپولەی شێرکۆبێکەس.

سەباح عومەر کەریم

بە (کاربین) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە گردەناوێ لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانییە. یەکەم پێشانگای تایبەتی لە ساڵی ١٩٩٠ لە قوتابخانەی گردەچاڵ کردووەتەوە. پێنج پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و لە چەندین پێشانگای گشتی و هاوبەشدا بەشداریکردووە. سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەی (هاوکار) بووە، کە قوتابخانەی هونەریی هاوکار دەریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

سەردەشت ئارت

ناوی (سەردەشت عەلی محەممەد)ە و بە (سەردەشت ئارت) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. لە بواری شێوەکاری و ڕاگەیاندن و مۆنتاژ و فۆتۆڤیدیۆگرافی و گرافیک دیزایندا کاردەکات. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە و خاوەنی پێنج پێشانگای تایبەتە. ٣٠٠ تابلۆی نەخشاندووە. لە دەستەی دامەزرێنەری کەناڵی ناوخۆی هەڵەبجەیە و ماوەیەک لە کەناڵی ئاسمانیی خەندان کارمەند بووە. سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی و کلتوری و هونەری کردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری هەڵەبجە.

سالار مەجید کاکەیی

ساڵی ١٩٦١ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٣ پەیمانگای تەکنەلۆجی بەشی میکانیکی لە شاری بەغداد تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە نەخشەسازە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. هەر لە منداڵییەوە بەهرەی کێشانی تابلۆی هونەری هەبووە، لە چەندین فیستیڤاڵ و پێشانگای هونەری بەشداریکردووە بە تەنها یان هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی تر. پێشانگا تایبەتەکانی هونەرمەند: ١٩٨٥و ١٩٨٧ لە مۆزەخانە سلێمانی، ١٩٩٠ و١٩٩١ هۆڵی سورکێو لە سلێمانی، ١٩٩٢ کەپری هونەری لە پێنجوێن، ١٩٩٣ مۆزەخانەی سلێمانی، ١٩٩٤ و١٩٩٥ و١٩٩٦ گەلەریی سالار مەجید لە سلێمانی، ١٩٩٧ قولە ڕەش چیای ئەزمڕ، ١٩٩٨ شوێنێکیش بۆ جنۆکەکان هەسێری زێوێ چیای پیرە مەگرون، ٢٠٠٢ شاری بیرگن لە نەرویژ، ٢٠٠٣ هۆلی کونز فتوار - تیلبیرگ - هۆڵەندا، ٢٠٠٥ و یرلد گەلەری هۆلەندا، ٢٠٠٥ سەرسیر - ماوەت، ٢٠٠٧ مۆزەخانەی سلێمانی، ٢٠٠٨ هونەرە جوانەکانی سلێمانی، ٢٠٠٩ مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە، ٢٠١٠ گەلەری سەردەم، پێشانگایەک تایبەت بە کاکەییەکان - لەندەن. پێشانگا هاوبەشەکان: بەشداری زیاتر لە ٢٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، دوا پیشانگای هاوبەشی سالی ٢٠١٣ لە دەرەوەی وڵات بووە لە مۆزەخانەی (ئۆرچۆت). ساڵی ٢٠٠٥ گەلەری هاواری بونیادناوە لە گوندی هاوار و ئێستا مامۆستایە لە هونەرە جوانەکانی سلێمانی.

عەبدولڕەحمان میرزا فەرەج

ساڵی ١٩٨٦ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووه. خویندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و پەیمانگای هونەرەجوانەکان و کۆلێژی هونەری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری ٥٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە لەوانە: تواصل عبر الصور لە بەغداد، کەرنەڤاڵی سروشت، سیمپۆزیۆمی سەرگەڵو، یەکەمین سیمپۆزیۆمی شێوەکاری هەڵەبجە، پۆستەری مامۆستایان، پێشانگای ڕەنگی ئاوی ئاوی جیهانی بە بەشداری هونەرمەندانی چەند وڵاتێک، سروشت و کارەسات، ساتێک بۆ مەرگی هەڵەبجە،... هتد، خاوەنی پێشانگای تایبەت بە پۆترێتە. کاری دیزاین و بەرگی بۆ چەند کتێبێک کردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.

عەلی تازەدێیی

ناوی (عەلی عەبدولقادر حسێن)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە (تازەدێی)ی سەر بە شاری کەلار لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە سلێمانی. وەک مامۆستای خۆبەخش وانەی وتوەتەوە. زۆرتر لە بواری شێوەکاری و فۆتۆگرافی و پەیکەر و خۆشنوسی و کاریکاتێردا ناسراوە و لە میوزیک و شانۆ و فلیمیشدا بەشداریکردووە. وەک درامای گەردەلوول. خاوەنی یەکەم پێشانگای دوای ڕاپەڕینە، کە پێشانگایەکی تایبەت بووە بۆ هەڵەبجە و ئەنفال، کە لە ١٦ی ٣ی ١٩٩١ لە کەلار کردوویەتیەوە. بە بەردەوامی و ساڵانە لە یادی هەڵەبجەدا پێشانگای تایبەتی لە هەڵەبجە و کەلار و کفری و خانەقین هەبووە. ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری پێشانگایەکی هاوبەشی بۆ هەڵەبجە و ئەنفال لە وڵاتی نەرویج کردووە. خاوەنی ٣٠ پێشانگای تایبەتە لەوانە پێشانگاکانی یادەکانی هەڵەبجە، کزەیەک لە ئەنفالەوە شنەیەک لەباخی میر، جینۆساید، و بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشیشی کردووە. زۆرترین کاری بۆ هەڵەبجە کردووە. لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەڵەبجە نازناوی عەلی هەڵەبجەیی پێبەخشراوە. دەیان خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەر لە کەلار کاردەکات.