سەباح عومەر کەریم
بە (کاربین) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە گردەناوێ لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانییە. یەکەم پێشانگای تایبەتی لە ساڵی ١٩٩٠ لە قوتابخانەی گردەچاڵ کردووەتەوە. پێنج پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و لە چەندین پێشانگای گشتی و هاوبەشدا بەشداریکردووە. سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەی (هاوکار) بووە، کە قوتابخانەی هونەریی هاوکار دەریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
سەردەشت ئارت
ناوی (سەردەشت عەلی محەممەد)ە و بە (سەردەشت ئارت) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. لە بواری شێوەکاری و ڕاگەیاندن و مۆنتاژ و فۆتۆڤیدیۆگرافی و گرافیک دیزایندا کاردەکات. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە و خاوەنی پێنج پێشانگای تایبەتە. ٣٠٠ تابلۆی نەخشاندووە. لە دەستەی دامەزرێنەری کەناڵی ناوخۆی هەڵەبجەیە و ماوەیەک لە کەناڵی ئاسمانیی خەندان کارمەند بووە. سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی و کلتوری و هونەری کردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری هەڵەبجە.
سالار مەجید کاکەیی
ساڵی ١٩٦١ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٣ پەیمانگای تەکنەلۆجی بەشی میکانیکی لە شاری بەغداد تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە نەخشەسازە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. هەر لە منداڵییەوە بەهرەی کێشانی تابلۆی هونەری هەبووە، لە چەندین فیستیڤاڵ و پێشانگای هونەری بەشداریکردووە بە تەنها یان هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی تر. پێشانگا تایبەتەکانی هونەرمەند: ١٩٨٥و ١٩٨٧ لە مۆزەخانە سلێمانی، ١٩٩٠ و١٩٩١ هۆڵی سورکێو لە سلێمانی، ١٩٩٢ کەپری هونەری لە پێنجوێن، ١٩٩٣ مۆزەخانەی سلێمانی، ١٩٩٤ و١٩٩٥ و١٩٩٦ گەلەریی سالار مەجید لە سلێمانی، ١٩٩٧ قولە ڕەش چیای ئەزمڕ، ١٩٩٨ شوێنێکیش بۆ جنۆکەکان هەسێری زێوێ چیای پیرە مەگرون، ٢٠٠٢ شاری بیرگن لە نەرویژ، ٢٠٠٣ هۆلی کونز فتوار - تیلبیرگ - هۆڵەندا، ٢٠٠٥ و یرلد گەلەری هۆلەندا، ٢٠٠٥ سەرسیر - ماوەت، ٢٠٠٧ مۆزەخانەی سلێمانی، ٢٠٠٨ هونەرە جوانەکانی سلێمانی، ٢٠٠٩ مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە، ٢٠١٠ گەلەری سەردەم، پێشانگایەک تایبەت بە کاکەییەکان - لەندەن. پێشانگا هاوبەشەکان: بەشداری زیاتر لە ٢٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، دوا پیشانگای هاوبەشی سالی ٢٠١٣ لە دەرەوەی وڵات بووە لە مۆزەخانەی (ئۆرچۆت). ساڵی ٢٠٠٥ گەلەری هاواری بونیادناوە لە گوندی هاوار و ئێستا مامۆستایە لە هونەرە جوانەکانی سلێمانی.
عەبدولڕەحمان میرزا فەرەج
ساڵی ١٩٨٦ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووه. خویندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و پەیمانگای هونەرەجوانەکان و کۆلێژی هونەری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری ٥٠ پێشانگای هاوبەشی کردووە لەوانە: تواصل عبر الصور لە بەغداد، کەرنەڤاڵی سروشت، سیمپۆزیۆمی سەرگەڵو، یەکەمین سیمپۆزیۆمی شێوەکاری هەڵەبجە، پۆستەری مامۆستایان، پێشانگای ڕەنگی ئاوی ئاوی جیهانی بە بەشداری هونەرمەندانی چەند وڵاتێک، سروشت و کارەسات، ساتێک بۆ مەرگی هەڵەبجە،... هتد، خاوەنی پێشانگای تایبەت بە پۆترێتە. کاری دیزاین و بەرگی بۆ چەند کتێبێک کردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.
عەلی تازەدێیی
ناوی (عەلی عەبدولقادر حسێن)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە (تازەدێی)ی سەر بە شاری کەلار لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە سلێمانی. وەک مامۆستای خۆبەخش وانەی وتوەتەوە. زۆرتر لە بواری شێوەکاری و فۆتۆگرافی و پەیکەر و خۆشنوسی و کاریکاتێردا ناسراوە و لە میوزیک و شانۆ و فلیمیشدا بەشداریکردووە. وەک درامای گەردەلوول. خاوەنی یەکەم پێشانگای دوای ڕاپەڕینە، کە پێشانگایەکی تایبەت بووە بۆ هەڵەبجە و ئەنفال، کە لە ١٦ی ٣ی ١٩٩١ لە کەلار کردوویەتیەوە. بە بەردەوامی و ساڵانە لە یادی هەڵەبجەدا پێشانگای تایبەتی لە هەڵەبجە و کەلار و کفری و خانەقین هەبووە. ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری پێشانگایەکی هاوبەشی بۆ هەڵەبجە و ئەنفال لە وڵاتی نەرویج کردووە. خاوەنی ٣٠ پێشانگای تایبەتە لەوانە پێشانگاکانی یادەکانی هەڵەبجە، کزەیەک لە ئەنفالەوە شنەیەک لەباخی میر، جینۆساید، و بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشیشی کردووە. زۆرترین کاری بۆ هەڵەبجە کردووە. لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەڵەبجە نازناوی عەلی هەڵەبجەیی پێبەخشراوە. دەیان خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەر لە کەلار کاردەکات.
عەلی جۆڵا
ناوی (عەلی ئەحمەد عەبدوڵا)یە. لەبەرئەوەی باوکی جۆڵا بووە، بە (عەلی جۆڵا) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. درەنگ خراوەتە بەرخوێندن. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. دەرچووی ئەکادیمیایی هونەرەجوانەکانە لە زانکۆی بەغداد. لە ڕابەرانی گرافیکە لە سلێمانی. یەکەم پێشانگای تایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ لە سلێمانی کردووەتەوە. لە دامەزرێنەرانی (کۆمەڵی هونەری وێژە) و (پەیمانگای هونەرەجوانەکان) و (کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی)یە. خاوەنی ١٣ پێشانگای تایبەت و پەنجا پێشانگای هاوبەشە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەبووە. لە چەندین فیستیڤاڵ و یاددا بەشداریکردووە. ڕاگری پەیمانگا و سەرپەرشتیاری پسپۆڕی و یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی هونەر بووە. ئەندامە لە گروپی شێوەکاری کوردستان و ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستان و دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵی هونەرەجوانەکانی کورد/مەڵبەندی گشتییە. لە ئێستادا خانەنشینە.