بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ناوی (عەلی ئەحمەد عەبدوڵا)یە. لەبەرئەوەی باوکی جۆڵا بووە، بە (عەلی جۆڵا) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. درەنگ خراوەتە بەرخوێندن. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. دەرچووی ئەکادیمیایی هونەرەجوانەکانە لە زانکۆی بەغداد. لە ڕابەرانی گرافیکە لە سلێمانی. یەکەم پێشانگای تایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ لە سلێمانی کردووەتەوە. لە دامەزرێنەرانی (کۆمەڵی هونەری وێژە) و (پەیمانگای هونەرەجوانەکان) و (کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی)یە. خاوەنی ١٣ پێشانگای تایبەت و پەنجا پێشانگای هاوبەشە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەبووە. لە چەندین فیستیڤاڵ و یاددا بەشداریکردووە. ڕاگری پەیمانگا و سەرپەرشتیاری پسپۆڕی و یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی هونەر بووە. ئەندامە لە گروپی شێوەکاری کوردستان و ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستان و دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵی هونەرەجوانەکانی کورد/مەڵبەندی گشتییە. لە ئێستادا خانەنشینە.
ساڵی ١٩٤٩ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بووە بە مامۆستا و دواتریش بە پێشمەرگە و پاش ڕاپەڕین و تا ساڵی ٢٠١٢ خانەنشین بووه، مامۆستایەتی کردووە و زۆرتر وانەی هونەری وتووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵه، کە سیانیان لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا شەھید و دوانی تریشیان ونبوون. بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە. لە ڕێگەی چەند تابلۆیەکەوە کەیسی منداڵە ونبووەکان و کارەساتی هەڵەبجەی بردووەتە دەرەوەی هەرێم. لە چەند فلیمێکی دیۆکۆمێنتاری لەسەر هەڵەبجە بەشداربووە. لەوانە: هەڵەبجە بەردەوام لە ژیاندا. شایەت بووە لە دادگاییکردنی تاوانبارانی کیمیاییدا. ساڵی ٢٠١٥ کۆچیدواییکردووە و لە پای کارە ھونەریەکانی لە باخی گشتی لە ھەڵەبجە لە لایەن پەیکەرساز (ھونەر ساحیب)ـەوە، پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە.
ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. دەرچووی بەشی پەیکەرسازیی کۆلیژی هونەرە لە زانکۆی سلێمانی. لە بوارەکانی هونەری میوزیک و گۆرانی، شێوەکاری بە گشتی کاریکردووە. لە چەند پێشانگای هاوبەشدا بەشداربووە، لەوانە: پێشانگای شێوەکارانی هەڵەبجە خولی یەک و دوو، ٤٠ شێوەکار لە ١٦ی ئازاردا، مامۆستایانی شێوەکار، سروشت و کارەسات، پێشانگاکانی تایبەت بە پۆستەر، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان، ڕەنگ لە تارمایدا، بیست ساڵەی کیمیاباران. سێ پێشانگای تایبەتی بە پەیکەر کردووەتەوە. لە کاری دیکۆر و ڕازانەوەی شوێنی گشتی و تایبەتەکانی هەڵەبجە و کوردستاندا ڕۆڵی هەبووە. لەوانە دیوەخان و ماڵی وەسمان پاشای جاف، لە کێڵگەی کشتوکاڵی کوردستان، ماڵی کلتوری باخان، دیواربەندی گوندێکی کوردستان بۆ شیرنی باخان. لە چەندین کۆنسێرتی هونەریدا گۆرانی وتووە. وەک ئەکتەر و ئامادەکار و دیکۆر، لە چەند شانۆگەرییەکدا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە.
لە رابەرانی شێوەکاریی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٣٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدادە بەشی سیرامیک. ساڵی ١٩٦١ بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی لە ناوە و دەرەوەی وڵاتدا کردووە. (کوردستان، بەغدا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا). ١٩٧٤بەشداری میهرەجانی یەکەمی بۆ هونەری کوردی لە بەغداد کردووە. ١٩٧٦پێشانگای گشتی لە هەولێر، ١٩٨٧ میهرەجانی بابل، ١٩٨٦ پێشانگەی تایبەت لە بەغداد. تا ساڵی ١٩٨٥ سەرپەرشتیاری بەشی سیرامیک بووە لە مەڵبەندی ئیشی دەست لە سلێمانی. خاوەنی بچوکترین گۆزەیە لە جیهاندا. لەکاری ورددا بەسەلیقەیە و تا ئاسی بە مایکرۆسکۆب بینین وردە. لە کۆلیژەکانی هونەر لە ئەڵمانیا کارەکانی وەک هونەر دەوترێنەوە. ئەندامی نەقابەی هونەرمەندانی عێراق و یانەی کاری میناتۆی فەڕەنسی بووە. ١٤ی ١٢ی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەشی هونەریی تەشکیلی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی و دواتریش کۆلێژی هونەری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. چەند پۆستێکی لە کارگێڕی دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی حکومەتدا هەبووە" لەوانە: ساڵی ١٩٩٤ سەرۆکی بەشی تەشکیلی بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی لە سلێمانی. ساڵی ٢٠٠٥ بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی منداڵان لە سلێمانی. ساڵی ٢١٠ بەڕێوەبەری چالاکیی قوتابخانەکان لە سلێمانی. ساڵی ٢٠١٠ بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەر لە سلێمانی بووە. لە دامەزراوە ڕۆشنبیریی و هونەرییە ناحکومییەکانیشدا چەند ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی هەبووە، لەوانە: سەرۆکی بەشی تەشکیلی لە یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان ١٩٩٣ بۆ ٢٠٠٣، ئەندامی دەستەی کارگێڕی گەلەری زاموا ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٠، بەڕێوەبەری هونەریی لە گۆڤاری سیخورمە ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٠ و لە ڕۆژنامەی بەردخان ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٧. لە دەیان پێشانگای تایبەتی و سەدان پێشانگای هاوبەشدا لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستاندا بەشداریکردووه و دەیان خەڵاتی وەرگرتووە. بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری بووە لە هەڵەبجە.
ساڵی ١٩٤٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی خانەی مامۆستایانی سلێمانییە ساڵی ١٩٦٥. یەکێکە لەو مامۆستایانەی لە گەشەکردنی هونەری شێوەکاری لە هەڵەبجەدا ڕۆڵیبینیووە. ساڵی ١٩٧٨ لە مەڵبەندی ئیشی دەست لەسلێمانی، سەرپەرشتیاری هونەر بووە و پاشان بوەتە سەرۆکی بەشی شێوەکاری مەڵبەندەکە. لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان(بەغدا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا)دا بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە. لە کۆتایی شەستەکاندا لە لیژنەی چالاکیی هونەر بووە لە هەڵەبجە، سەرپەرشتی ڕەسم و پەیکەری کردووە. ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا دوەمین دوکانی ڕەسم و مۆمیا لە هەڵەبجە دەکەنەوە. لە پەروەردی سلێمانی تا ساڵی ١٩٩٢ سەرپەرشتیار بووە. خاوەنی یەکەم پۆستەری شەهیدان و یەکەم یادی هەڵەبجەیە، کە بووە بە لۆگۆی ئەم زانیارینامەیەیە. لە پۆستەری سیاسیدا ساڵی ١٩٧٦ و ١٩٨٤ خەڵاتی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بردووە. ساڵی ١٩٩٤ یەکەمین پێشانگای تایبەتی خۆی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە.
ساڵی ١٩٦٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی بنەڕەتی لە هەڵەبجە خوێندووە و پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشی وێنەکێشانی لە سلێمانی تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. لە چەندین پێشانگای هاوبەش لە کوردستان و دەرەوە وەک (بەریتانیا، سویسرا، کۆریا، یابان، ئەردەن، ئەمریکا) بەشداریکردووە و پێشانگای تایبەتیشی لە کوردستان کردووەتەوە. کارە هونەرییەکانی (زەنگی درەخت، پەیکەری سێو، ڕۆکێتەکان). ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بووە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری پەیمانگا و گەلەری زاموایە. لە سلێمانی دەژی.
ساڵی ١٩٨٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە کۆلێژ هونەرەجوانەکانی سلێمانی وەرگرتووە. ماوەیەک لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی مامۆستا بووە. ماوەی هەشت ساڵ لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کاری گرافیک دیزاینەری کردووە. خاوەنی چەند پشاناگایەکی تایبەتە لەوانە: خاک، پاریس، لە مۆزەخانەی هاوچەرخ سلێمانی، پڕۆژەی هونەری کرافت، لە گەلەری ئازاد شەوقی، سەنتەری بازگانی دانیا، هەروەها لە دەیان پڕۆژە و سیمپۆزیۆم و وۆرکشۆپ و پێشانگای هاوبەشدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەوانە: عێراق، ئێران، ئەردەن، قەتەر، میسر، یۆنان، بەریتانیا، نەمسا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، سوێد، نەرویج بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە ئێستادا مامۆستایە لە کۆلێژی هونەر لە زانکۆی سلێمانی.
شێوەکارە لە ستایلی ئەبستراکت. ساڵی ١٩٤٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ناوەندییە. لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە لە دەیان شانۆییدا بەشداربووە. وەک(بۆیاخچی، سواڵکەر، داسەکەی شاسوار، وزەی بیر و بازوو، کۆتایی خراپەکاری... هتد). یەکێکە لە ئەندامانی تیپی نواندنی هەڵەبجەی ساڵانی ١٩٧٠. هەر لەو ساڵەدا ئەزموونی شێوەکاری خۆی پیشانی قوتابیان و خەڵکی شار دەدات. یەکەمین کەسە، کە دوکانی هونەریی ڕەسم لە ساڵی ١٩٧٢دا دادەنێت و کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر گەشەکردنی هونەری شێوەکاری و ڕۆشنبیری_بینین. بەشداری ٢٠ پێشانگای هاوبەشی لە(کوردستان، سوید، ئەڵمانیا) کردووە. ئێستا لە وڵاتی سوید دەژی.
ساڵی ١٩٤٧لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٢ کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغداد بەشی سیرامیکی تەواوکردووە. وەک دووەم دەرچوو دێتەوە هەڵەبجە و لە پاڵ هاوڕێکانی تریدا بازنەی چالاکییەکانی شێوەکاری فراوانتر دەکەن. ساڵی ١٩٨٠دا یەکێک دەبێت لەو هونەرمەندانەی بەشداری دامەزراندن و کردنەوەی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی دەکات. بەشداری دەیان پێشانگای شێوەکاری لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستاندا کردووە. لە ساڵانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٨ دوو پێشانگای تایبەتی لە کوردستان کرووەتەوە. سەرۆکی لقی سیرامیک بووە لە ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٣. خاوەنی ستۆدیۆیەکی سیرامیکە لە وڵاتی ئەڵمانیا.
ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. دەرچووی بەشی وێنەکێشانە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی. لە زۆربەی فیستیڤاڵ و چالاکییە هونەرییەکانی دوای ڕاپەڕیندا بەشداربووە. لە دامەزرێنەرانی ناوەندی ڕوناکبیری و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. لە ٢٥ پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە. بۆ ماوەی دوو ساڵ لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی لانەی منداڵانی کوردستان و ئەندامی منداڵدۆستانی کوردستان - سوید بووە. چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.