محەممەد حەبیب محەممەد

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 594

بەخشراو

ساڵی ١٩٧٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی لە شارەزوور و هەڵەبجە تەواوکردووە. دوای کیمیابارانی هەڵەبجە دەرفەتی خوێندنی لەدەستداوە و کراوە بە سەرباز. بەشداری گرتنی کوێت و شەڕی کەنداوی کردووە و بە کاریگەری ئەم جەنگانە باری دەروونی تێکچووە. لە هەورامان بەگشتی و تەوێڵەدا بە قسەی خۆش ناسراوە. لە ئێستا لە نێوان شارۆچکەی خورماڵ و تەوێڵەدا ژیان بەسەردەبات و دەمێنێتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد حەبیب محەممەد)، لە ١١ی ١ی ٢٠٢٤، لە تەوێڵە.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بێساران محەممەد حەبیب)ی برای (محەممەد حبیب محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٧٨، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: فەرمانبەر، لە ١٢ی ١ی ٢٠٢٤، لە تەوێڵە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئازیز گیان

ناوی (مەحموود عەبدوڵا ئەحمەد)ە و بە (ئازیز گیان) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و لە قۆناغی ئامادەیی بووه،‌ کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ ڕوویداوە و لە خوێندن دابڕاوە. ژیان و گوزەرانی تێکچووە. لە دەز‌گاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیادا، قسەکانی بوونەتە جێگەی سەرنج و لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکاندا قسەکانی بە وتەی ئاینییەوە دەبەستێتەوە. لە بارەی ڕاپەڕینەوە دەڵێت: (بەرهەمی ڕاپەڕینم بینی، لە گیرفانی مەسولەکاندا)، (وەرەقەیەک سوپایەک دەکات، شار کەی دەبێت وابێت، خەڵکەکەی هەمووی یەکتری بناسن). ئارەزووی لە کۆکردنەوەی هەندێک شتی وەک ڕادوێ و تەسبیحی هەیە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

حەمەڕەشید ئەحمەد حەمەئەمین

ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەری پێکنەھێناوە و بە تەنها دەژی. خەڵکی گوندی (دێکۆن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ڕۆژانە لەناو کوچە و کۆڵان و بازاری خورماڵدا دەبینرێت. بەقسەکانی خەڵکی دەخاتە پێکەنین و زۆرێک لە قسەکانی لەبارەی ژنەوەیە. دەڵێت: (ژنم بۆ بێنن بەڵام با لەچک بێت و قول ڕووتم ناوێ چونکە عەیبە). زۆربەی کات خەڵکی پێیدەڵێن: (تۆ تازە ژنت ناوێ، لەو دونیا حۆریت دەدەنێ)، ئەویش دەڵێت: (لایبە، پیسە، من حۆریم ناوێ قێزەونە، من ژنم ئەوێ).

سەلاحەشێت

بەخشراوێکی دیاری سنوری هەڵەبجە و هەورامانە. ناوی (سەلاح حسێن بەکر)ە. ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (دەگاشێخان) لەدایکبووە. بە ئاسانی خەڵکی ناسیوەتەوە و بنەچەی هەڵداوە. لە کاتی تووڕەبووندا دەستی وەشاندووە. دەنگی خۆش بووە و گۆرانی وتووە. لەبەرئەوە لەسەری دایکەوە برای تری هەبووە، جنێوی بە بنەچەی دایکی براکانی داوە. لە هەڵەبجە ئافرەتێکی ماچکردووە، کە لێیان کۆڵیوەتەوە، وتوویەتی بنوسن قەزاوقەدەر. ساڵی ١٩٩٦ کۆچیدواییکردووە.

عادلە شێت

ناوی تەواوی عادل حەمەرەزا کاکەخانە، ساڵی ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە و باری دەروونی تێکچووە. لە بەخشراوە دیارەکانی پێش کیمیابارانی هەڵەبجەیە. بێدەنگ و بێ_زیان بووە و حەز و خولیای بۆ کۆکردنەوەی ئاسنەکوتە و پارچەی لەکارکەوتووی ئۆتۆمبێل هەبووە و ئەو ئارەزووەی هەرماوە. ئێستا لەسلێمانی لەلای براکانی دەژی.

عەبەشێت

ناوی (عەبدوڵا محەممەد عەلی)یە و بە (عەبە هەڵەبجەیی: عەبەشێت) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئارەزووی لە خواردنەوەی مەی هەبووە. بۆچوون و ڕەخنەکانی لە دۆخی سیاسی و لەخۆگۆڕانی خەڵکی، بوونەتە مایەی پەسەندی و تێڕامان لە قسەکانی. بەو شێتە ناسراوە، کە دوعاکانی هاتوونەتەدی. دەزگا و دامەزراوەکانی سۆشیال میدیا، نوکتە و بەسەرهات و قسەخۆشەکانی دەگێڕنەوە، لەوانە (من نە باوکم دەوێ، نەحکومەتی وا خوێڕیم دەوێ، من پارەی ئوتێلم پێ نیە، ئەو لە تەبەقەی ئاسمان لای خوا ڤێلای هەیە. خودایە بۆ خاتری ئەم بانگی محەممەدە ئەم وەزعەمان لێ تێکبدەی، خوایە بمانگێڕیتەوە بۆ ساڵی ١٩٩١، خوایە ڕسقی دەوڵەمەند بدەی، فەقیر خۆی خوێڕییە، بە وەزعەکە ڕاهاتووە). (وتویانە: عەبە، دەخۆیتەوە و مەزەت پێ نییە، وتوویەتی: ئەو خەڵکەم کردووە بە مەزەی خۆم). ساڵی ٢٠١٧ لە شارۆچکەی خورماڵ ماتۆڕێک لێیدەدات و بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.

عەلی جەعفەر محەممەد

کەسایەتییەکی هەژار و بەخشراوبووە. باڵایەکی درێژ هەبووە. ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە، بە (حەمەیەلی) ناسراوە. لە سەرەتاکانی تەمەنی دەبێتە خۆشەویستی هەمووان. پاش کۆچیدوایی باوکی، لەگەڵ دایکیدا دەژی و زۆربەی ژیانی بە گوڵەبەڕۆژە فرۆشتن و بنێشت فرۆشتن بەسەردەبات. لەماڵی خوشکێکی دەژی بەناوی (سعادە جەعفەر محەممەد)، کە ئەرکی بەخێوکردن و پارێزگاریکردنی لەئەستۆی ئەماندا بووە. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە.