بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
قسەزان و قسەخۆشێکی گوندی (گوڵپ)ـە. ناوی (محەممەد مستەفا)یە. بنەماڵەکەیان بە (مچەحاجی) ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٩ لەدایکبووە. دەنگخۆش بووە و لە گەنجیدا گۆرانیشی وتووە. لەو کەسانە بووە قسەی لەلای خەڵک قبوڵکراوبووە، وەک دەمڕاستیش لە چارەسەری کێشەکاندا ڕۆڵی هەبووە. ئێستاش لەناو خەڵکیدا قسەکانی دەوترێتەوه. ساڵی ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە.
قسەخۆشی گوندی (ئەحمەدئاوا)یە. ناوی (یونس کاکەبرا عوسمان)ـە. ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی ئەحمەدئاوا لەدایکبووە. باوکی بە دەروێش کاکەبرا ناسراوە. بنەماڵەکەیان لە ئاوایی دەرەناغێی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوونەتە ئەحمەدئاوا. پیاوێکی پێکەوتە و قسەخۆش بووە. بە کشتوکاڵییەوە خەریکبووە و پاشان وەک کارگوزاری تەندروستی دامەزراوە. توانایەکی هونەریی باشی لە لاساییکردنەوە و گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا هەبووە و گوێگرانی ئاشقی بیستن کردووە. دووجار هاوسەرگیری کردووە و حەوت کچ و دوو کوڕی هەبووە. ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەحمەدئاوا کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.
قسەخۆش و خزمەتگوزارە. ناوی (مەحموود حەمەئەمین کەریم بەگ)ـە، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. ناودار و قسەخۆش و خانەدان بووە. لە دەرەوەی هەورامان ناسراوە، بەڵخە لە دوای ڕاپەڕین یەکێک بووە لە ئەنجومەنەکانی، ساڵی ١٩٧٥ زەوییەکی بە مزگەوتی بەڵخە لە ملەگا بەخشیوە، کە ئێستا مزگەوتی گەورەی ناو دێیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠٠٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە بەڵخە بەخاکسپێرراوە.
قسەخۆش و دەنگخۆشە. بە (باوە حەمە) ناسراوە، ساڵی ١٨٦٨ لەدایکبووە. پیاوێکی چوارشانەی بەهێز بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. بانگهێشتی شایی و کۆڕ و کۆبوونەوەکان کراوە، بەتایبەت شێخەکانی عەبابەیلێ. ئارەزووی لە هەڵپەڕکێ بووە. ساڵی ١٩٨٠ کۆچیدواییکردووە. دەڵێن جارێک لەگەڵ کاروانێکدا لە ماهی دەشتی کرماشان دەگەڕێنەوە، ڕێیان لە گوندێک دەکەوێت شاییەکی گەورەی تێدابووە، بە هاوڕێکانی وتووە: ئێوە بڕۆن من لەم شاییە دەمێنمەوە! ساڵانە لەکاتی بەفرباریندا چووەتە شاخی شنروێ و بەڕووتی لەناو بەفردا وەرزشی کردووە. جارێکیان پیاوێکی هاواری دەیبینێت و وادەزانێت گیانداری کێویە، کە دەگاتە عەبابەیلێ دەڵێت گیاندارێکم بینیوە کەس نازانێت چییە و لەناو بەفردایە، کاتێک بەچەکەوە دەچن، سەیردەکەن باوەحەمەیە! جارێکیان بە وڵاخ چەند بارێک دەبات بۆ سلێمانی و چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن دەیانەوێت تاقیبکەنەوە، دەوروبەری دەگرن و یەکێکیان کڵاوەکەی لەسەری دەفڕێنن و ئەم و ئەوی پێدەکەن، بە ڕێکەوت کڵاوەکە دێتەوە بەردەم باوەحەمە خۆی، ئەویشیش تێی هەڵدەدات و یەکسەر دەست هەڵدەبڕن و دەڵێن باوەحەمە تەواو دۆڕاین.
قسەخۆشە. ناوی (محەممەد عەبدولڕەحمان محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٣٣ لە (زەڵم) لەدایکبووە. بە (حاجی حەمەسووری زەڵم) ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە. جارێکیان لە گەرماوێک دەبێت و خۆی دەشوات، چەند جارێک بە بیانوی جیاجیاوە داوای شت دەکات، تا ژنەکەی بۆی بەرێت، ژنەکەشی هەموو جارەکان بە کچەکەیدا شتەکەی بۆ دەنێرێت. بۆیە دواجار بانگی کچەکەی دەکات و ئەویش دەڵێت ها باوکە چیت دەوێت؟! ئەمیش دەڵێت: دایکتم بۆ بهێنە.
ناوی (موزەفەر عەلى مەحموود)ە. خەڵکی گوندى (دەگاشێخانی)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە. ساڵی ١٩٤٥ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. جگە لە زمانی دایکی، ئينگليزی و عەرەبى و فارسیش دەزانێت. ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٥ پێشمەرگە بووە. لە کاتی خۆیدا و تا ئێستاش قسە و بەسەرهاتە خۆشەکانی دەماودەم دەگێڕرێنەوە. لە نموونەی قسەکانی: جارێکیان لە نوێژی جومعە دەبێت مامۆستا وتار دەدات و دەڵێت: وا ماوەیەکە باران نەباریوه، ئێوەش داوای نزا و پڕانەوە دەکەن، تا خودا بەزەیی پێماندا بێتەوە و لە کەرەمی خۆی بێبەشمان نەکات.. پاش ماوەیەک باران دەبارێت و گەنم سەوز دەبێت، بەڵام دەبینن دانی تێدا نییە. مزەفەریش سێ به سێ تەڵاق دەخوات دەڵێت: مەلا ڕاست ناکات، ئەگینا قابیله خوای گەوره نەزانێ ئێمە داوای چیمان کردووە، خۆ مەتعەم نییه بڵێین با چێشتەکه دانی تێدا نەبێت. جارێکیان موزەفه لەو پاسەدا دەبێت کە مامۆستاکانی (شارەزوور بۆ سلێمانی) گەڕاونەتەوە. نیوەڕۆیەکی گەرم بووە و لە ڕێگەش ژنێک سەردەکەوێت. ئافرەتەکه پێنج دینارییەک دەدات بە شۆفێرەکە و ئەویش دەڵێت: پارەکەت تەڕ بووە و ناڕوات. مزەفەریش دەڵێت: بیهێنن بۆ من تەڵاقم کەوتبێ هەتا پێنجیى ئاوام بۆ بهێنن به شەش دینار دەمەوێت.
ناوی (نەسرەدین عەبدوڵا حەمەحسێن)ـە و بە (نەسرەدین هەورامی و نەسرەدینی عەبدوڵا کوێرە)ش ناسراوە. ساڵی ١٩٤٠ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. گەلێک نوکتە و قسەی خۆش و بەسەرهاتی هەیە و لەناو خەڵکیدا دەماودەم دەگێڕرێنەوە. مەیلی زۆری لە گۆرانی وتنیش هەبووە. وەک کەسێکی پابەند بە دینداریی باووباپیرانەوە دەرکەوتووە. جارێکیان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا کەسێکی نێو مەفرەزەکەی پێیدەڵێت: خەمی فڵان کەسمە لە نێو دەستەی نەیارەکانماندا بە قەستی کوشتن تەقەی لێ نەکەن، ئەمیش پێیدەڵێت: (تەڵاقم کەوتبێ تا وەللەل ضالین ئامین دەمێنێت). جارێکیان بە برینداری لە سوریا چاو دەکاتەوە و تابلۆی پارتی بەعسی سۆشیالیست دەبینێت، دەڵێت: ئەمە ئەوە نییە ئێمە تەقەی لێدەکەین؟ دەڵێن نا ئەمە فەرقی هەیە و یەسار و یەمینیان جیاوازە، ئەویش (دەڵێت: تەڵاقم کەوتبێ بەعس وەک کڵاشی هەورامییە ڕاست و چەپی نییە)... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی کەس نەزان لە هەولێر بەشێوەیەکی کاتی بەخاکسپێرراوە و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ گۆڕستانی خارگێڵان.
قسەخۆشه و بەخشندەیە. ناوی (ڕابیعە محەممەد عەلی وەیس)ـە. ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (جەلیلە) لەدایکبووە. لە بنەچەدا (ڕەمکی)یە. لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بووە، بەڵام ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پێشخستنی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتیی گوندی بیاوێڵەدا. خەریکی باخداری بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خێزانی (مەلاحەمەمینی حافز "بێناو"ی شاعیر)بووە و بەو هۆیەوە شارەزاییەکی باشی لە شەرع و ئاداب و بابەتە دینییەکاندا هەبووە. شەش منداڵی هەبووە و سەدان نەوەی هەیە. لەبەرئەوەی لە بەروبوومی باخە هەنارەکەی بە خەڵکی گوند و ڕێبواران بەخشیوە، نازناوی (نەنەهەنار)یان پێداوە. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و ساڵی ١٩٩٣ گەڕاوەتەوە گوندەکەی و ساڵی ٢٠١٢ کۆچیدواییکردووە و لە (بیاوێڵە) بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. لە گەنجیدا بە دوو قۆڵی گۆرانی هەڵپەڕکێ و بەزمی شایی وتووە، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ گوندەکانی چواردەوریش بانگهێشتکراوە، لە ئێستادا زیاتر بەزمی سیاچەمانە دەڵێتەوە. لێی دەگێڕنەوه، کە: یەکێک لە دادگاکاندا بۆ شایەتیدان بانگکراوە، لەپاش وەرگرتنی وتەکەی، هەر دەپەنجەی دەستی، پەنجە مۆر دەکرێت، ئەویش بەزۆر خۆی دەگەیەنێتە لای دادوەر و پێیدەڵێت: پرسیارێکم هەیە، ئەگەر ئەمە مەحکەمەی سەر زەوی بێت ئاوا هەر دە پەنجەتان مۆر کردووم، زەحمەت نەبێت مەحکەمەی قیامەت چۆنییە؟ هەروەها لە لاساییکردنەوەشدا کەموێنەیە. لە کاتی قسەکردندا تەڵاق زۆر دەخوات، تەڵاقیشی خستووە، کە هیچ تەڵاقێکی ناکەوێت. ڕاوچییەکی بەناوبانگیش بووە و لە خەرپانی ڕاوگەیەکی کەوی هەیە بەناوی کێڵەکەی هادی ناودەبرێت. چەندین ڕووداو و بەسەرهاتی سەیروسەمەرەی بەسەرداهاتووە و لە مەجلیسەکاندا دەگێڕرێنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.