بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و دیاری هاوارییەکانە. تفەنگچی و نیشانەشکێن و میواندۆست بووە. ساڵی ١٨٨٠ لە خێزانێکی کاکەیی و لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. بەڕاووشکارەوە خەریکبووە. یەکێک بووە لە جەنگاوەرە بەشداربووەکانی شەڕی ئەشکەوڵ لە دژی ئینگلیز. حەزی بە نوکتە و قسەی خۆش بووە و چەندین بەسەرهاتی لێ دەگێڕنەوە. ساڵی ١٩٦٠ لە هاوار کۆچیدواییکردووە.
قسەخۆشە. ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووە. لەبەر قسەخۆشی پێیانوتووە:(ئەحەخوڵوو). وشەی (خوڵوو) لە ناوچەی بناری بەمۆ و بنزاری جافی واتە: کەسێکی قسەخۆش و گۆڵمەز. لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو بە کاسێت قسەکانی تۆمارکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵی ١٩٨٧ لە زەڕایەن کۆچیدواییکردووە.
قسەزان و قسەخۆشە. یەکێک بووە لە پیاوانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی (باخەکۆن)ـە ١٩٦٧ساڵی کۆچیدواییکردووە.
ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (سۆسەکان)ی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. بەشداری شۆڕشەکانی (جافرسانی)ی لە هەورامان کردووە و ئەندامی حیزبی (هیوا)بووە. لە شۆڕشی ئەیلولیشدا پێشمەرگایەتی کردووە. دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و حەوت منداڵی هەبووە. بەهۆی قسەخۆشەکانییەوە بانگهێشتی کۆبوونەوە و دانیشتنەکان کراوە. تەڵاقەکانی بارام بەگ کۆمەڵە پەند و ئیدیەم و قسەی نەستەقن لە فۆرمی تەڵاقد، وەک سامان و کەرەستەیەکی ئەدەبی میللیی ناوچەکە ناسراون. خاوەنی ئەم تەڵاقانە بارام بەگی هەورامییە. کە دواتر بووەتە سەرباشقە و هەر قسە و ڕوداوێک پەند و عیبرەتی تێدا بووبێت، دراونەتە پاڵ بارام بەگ. بە زمانێکی سادە و بە شێوازی پێکەنیناوی، گوزارشتی لە ڕووداوەکان کردووە. هەرچەندە نازناوی بەگی هەڵگرتووە و لە بەگزادەکانی هەورامانە، بەڵام هەژاریی و هەستکردن بە ئازارەکانی خەڵک، بەشێک بووە لە ژیانی. قسەکانی بەناو خەڵکی و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و دەماودەم دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩١ لە (هەڵەبجەی تازە) کۆچیدواییکردووە. لە نموونەی قسە و تەڵاقەکانی: (پیاو کە نەگبەت بوو، محەلەبیش بخوات دانی دەشکێت)، (گەر پیاو لە ماڵەوە گۆرەوی لەپێ بکات، ھەرچی نەعل ھەیە لەو ماڵەدا ھەمووی تەڕە)، (کەس خاوەنی تەسبیحی دەستی خۆی نییە، یان لە کەسێکی بردووە یان کەسێک لێی دەبات)، (خوێدانێک نییە بە باشی خوێی پێدا بێت).
ناوی (بورهان عەلی فەرەج)ـە و بە (بورهانی عەلییەقووت) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی (تازەدێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی خورماڵ تەواوکردووە و بووە بە کارمەندی وەزارەتی ئەشغاڵ و ئاوەدانکردنەوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. میواندۆست و کۆمەڵایەتی بووە. قسەخۆشەکانی دەماودەم لە ناوچەکەدا گێڕاونەتەوە. لەوانە: جارێک پاش کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئۆردوگای ئێران ئاوارەدەبن، مەلایەکی حیزبێکی ئیسلامی باسی سەبر و قات و قڕى و برسیەتییان بۆ دەکات، و دەڵێت هاوەڵانی پێغەمبەر (د. خ) لەبرسان بەردیان خستووەتە ناوسکیان، بورهانیش دەڵێت: مەلا تۆ چوپێک بخۆ، وەعد بێت من تایەیەک بەویلەکەوە بخۆم. جارێکیان لە تەکسییەکدا بووە، کابرایەکی دوکانداریش، کە شتی قاچاخی هێناوە بۆ خورماڵ، لە هەمان ئۆتۆمبێلدا بووە، لە سەیتەرەکەی (چەناخچیان) پۆلیسی گومرگ ڕأیاندەگرن و بە شۆفرەکە دەڵێن: چیت پێیە؟ ئەویش دەڵێت تەنها پسکیت و مەساسە. کاتێک پۆلیس دەیپشکنن و دەزانن، کە گوێزان و کەلوپەرلی قاچاخیان پێیە، پۆلیسی گومرک دەڵێت بۆ ڕاستت نەوت!؟ کابرای دوکاندار دەڵێت گوێزانەکان کولن. بورهان عەلییەقووتیش دەڵێت: حکومەت کول و تیژ نازانێت، تریتی موس بێت گومرکی دەکات. ساڵی ٢٠١١ له شارۆچکەی خورماڵ به نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى شارۆچکەکە بەخاکسپێرراوە.
کەسایەتییەکی کۆمیدی و لاساییکەرەوە و قسەخۆش بووە، بۆ خۆشی جارجارەش گۆرانی وتووە. ناوی حسێن قادرە و بە پشیل و خۆشیل ناسراوە. ساڵی ١٩١٢ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. خێزاندار و خاوەنی منداڵە. بە پیشەی قەسابی و کڕینی حەیوانەوە خەریکبووە. لەبەرئەوە شارەدێ و گوندەکانی تری هەورامان گەڕاوە و لەبەر بەزمەکانی، چووبێتە هەر شوێنێک، ماوەیەک گلیانداوەتەوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی سیروان کۆچیدواییکردووە.
ناوی (بارام حسەین ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. جگە لەوەی پیاوێکی ئایندار و کۆمەڵایەتی بووە، کەسێکی قسەخۆش و ڕووخۆش بووە، کاتێک قسەکانی گێڕاوەتەوە وتویەتی: (حەزەرت و خەدیجەی فەرماواش) واتە (حەزرەتی خەدیجە فەرموویەتی). وەک ئامۆژگاریەکیش بۆ منداڵەکانی، کە وەک خۆی بن وتویەتی (ئەو من نەژدێ دلێنە مژدێ)، واتە (لە من نەکەن لەناو دەچن). کاتێک منداڵێک لێدانی خواردبێت زۆرجار حاجی بارام بەم قسەیە ئاشتی کردووەتەوە: (یاخوا شوێن دەسەکانی مۆر بێتەوە). ڕووداوەکانی بە شتی سەیروسەمەرە پێوانەکردووە تەنها بۆ ئەوەی بزە و پێکەنین بخاتە سەر لێوی بەرانبەرەکەی، لەکاتی باران باریندا وتویەتی: (ڕەنگە ئەمڕۆ بەرمیلێ زیاتر باران باریبێ)، یان کاتێک دیمەنی تەوافی کەعبەی بینیوە وتویەتی: (قەناعەت بکەن ئەوانە سەد نەفەر زیاتر ئەبن) و قسەکەشی ڕاست بووە. لەکاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت هەرکەسی لەگەڵ بوایە پێیوتووە: (ئەگەر نانت خواردووە فەرموو بچینە ماڵەوە)، ئەگەر میوانێک درەنگ هەڵسابێت، بە گاڵتەوە وتویەتی: (ئا جێگەی خەوی بۆ ڕابخەن). لەساڵی ٢٠١٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە.
کەسایەتیی کۆمەڵایەتییه، قسەزان و زمان پاراو بووە. یەکێکە لە پیاوە ناودارەکانی گوندی سەرگەت. ناوی (ئەڵڵاکەرەم کوڕی حەمەکەریم مەلا حەمەئەمین)ە. ساڵی ١٩١٨ لەسەرگەت لەدایکبووە. لە گفتوگۆدا تەڕ دەستبووە. بە جوانیی گوزارشت و دەربڕین و هونەری زمان، پەیامەکانی گەیاندووە. بوێر و ئازا بووە. قسە و وتەکانی بە نەستەقی و پێگەی ئەدەبییەوە چوونەتە نێو خەڵکی ناوچەکە و دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩٨ کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت نێژراوە.
قسەخۆش و پزیشکی میللییە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. لەگەڵ پیشەکەیدا زۆرزان و پارەپەیداکەریش بووە، دەڵێن کەسێک هەقدەستەکەی کەمبووبێت، جۆرە زۆرێکی کردووە و زیاتر لە نواندن چووە و وتویەتی ددانەکەت سەختە بە ئاسانی ناکێشرێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە قسەو بەسەرهاتە خۆشەکانی: داوای گۆشتیان لێ کردووە، دەچێتە بیارە و لە ڕێگەی بالێدانەوە و پیساییکردنەوە، قازێکی ماڵی شێخ ڕادەکێشێتە بن قنگی و دووریدەخاتەوە و سەریبڕیوە و بردویەتییەوە بۆ ماڵەوە. کافرمانێکی ڕیشتاشینی پێ بووە، وتویەتی سەروبەری پێ دەتاشم و دەیکەم بە لاملی تەوێڵەیی (واتە: خوارەوەم وەک لاملی تەوێڵەیی ساف و جوان دەکەم). ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە.
قسەخۆش و شاعیرێکی میللی و قسەخۆشی یارسانە. ناوی(حەسەن کوڕی وەیسەی کوڕی عەلی کەرەمە)، لە هۆزی وسەینەیە لەهاوار. ساڵی لە دایکبوون و مردنی دیارنییە. هاوچەرخی کوێخا بارامی هاواری بووە. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا دەچێتە تورکیا. لە (دارالخلیفە) ئینزیباتی دەکات و خەلیفە خۆشی ویستووە. دەگەڕێتەوە بەغداد و چاخانەیەک دادەنێ. دواجار دەگەڕێتەوە هاوار. خێزانی پێکەوە ناوە و کوڕێک و سێ کچی بووە.
قسەخۆش و شاعیرێکی میللیی یارسانە. ناوی (حەمەحسێن حەمەسەلیم دەرەتوێی) و نازناوی (کەژەوان)ە. ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی دەرەتوێی یارسان_نشین لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یازدە منداڵە. ١٩٥٣ لە کەرکوک بووەتە پۆلیس و پێنج ساڵ لەوێ بووە و پاشان گەڕاوەتەوە زێدی خۆی. ساڵی ١٩٧٨ بە هۆی داگرتنی گوندەکەیانەوە دێتە هەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێدەبێت. ساڵی ١٩٨٨ بە هۆی کیمیابارانەوە ئاوارەی ئێران دەبێت و پاشان بە لێبوردنی ساختە دەگەڕێتەوە و بۆ دەبرێنە گڕدەچاڵ. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و تا لە ١٩ی ٣ی ١٩٩٩ کۆچیدواییدەکات. شیعرەکانی بە ناوی(خەم و یادگاری) کۆکراوەنەتەوە، بەڵام بڵاونەکراونەتەوە.
ناوی (محەممەد ئەحمەد قادر)ە و بە (حەمه دەمانچە) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی (تازەدێ) سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. پێشمەرگەی دێرینە و لە شاخ بە کەسێکی قسەخۆش ناسراوە و چەندین سەرگوزەشتە و بەسەرهاتی خۆشی لێ دەگێڕنەوە. ڕۆژێکیان لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، لە نزیکی بێستانێکی شووتی، کە هی خۆیانە لادەدەن، بە پێشمەرگەکان دەڵێت: ئەم بێستانە هی پیرەژنێکی هەتیوە، با لێی نەخۆین، دەیانبات بۆ بێستانێکی تر. جارێکیان خەڵکی دزڵی لەلاى شەهید (شەوکەتی حاجی مشیر)، سکاڵایان لێکردووە، کە گوایە پێشمەرگەکانی حەمەدەمانچە گوێزیان بەدارەوە نەهێشتووە. ئەویش دەنێرێت بە شوێنیدا و کە گلەیی خەڵکی پێدەڵێت، بەوە وەڵامی دەداتەوە کە زۆربەی پێشمەرگەکانی بەتەمەنن و تاقمیان لەدەمدایە و دانی گوێز خواردنیان نەماوە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ٢٠١٣ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.
یەکێکە لە قسەخۆشەکانی گوندی خەرپانی. ناوی تەواوی حەمەساڵح حەمەئەمین ئەحمەدە، ساڵی ١٩٣٠ لە گڵدەرەی بەرزنجە لەدایکبووە، بە منداڵی خێزانەکەیان دێتە خەرپانی، دووجار هاوسەرگیری کردووە و منداڵی لە خێزانەکانی هەبووە. لەناو خەڵکیدا قسەنەستەق و خۆشەکانی دەگێڕرێنەوە، لە بەرکەوتوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بووە، بەو هۆیەوە ساڵی ١٩٨٨ لە ئوردوگای سەنغور کۆچیدواییکردووە و هەرلەوێش نێژراوە.
ناوی (دەروێش محەممەد عەبدولکەریم)ـە و خەڵکی گوندی (بامۆک)ـە. یەکێک بووە لە قسەخۆشەکانی ناوچەکە و زۆرجار شێخ کەمالی عەبابەیلێ بۆ مەجلیسەکانی خۆی و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بانگیکردووە. زۆرجار بۆ سەلماندنی قسەکانی وتوویەتی: (ئاورم بەردابێتە گۆڕی شێخ عەلائەدین) و لەسەر زاری ئەمەوە ئەم قسەیە بڵاوبووەتەوە و خەڵکانی تریش بەکاریانهێناوە.
ساڵی ١٩١٢ لە گوندی (گڵێجاڵ) لەدایکبووە. قسەخۆشەکانی تا سنوری گەرمیان و شارەزوور ڕۆیشتووە. کەسانی دیوەخان ڕاوێژیان پێکردووە و سەرسامی قسە و بیرتیژییەکەی بوون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٩٤ لە گوندی (گڵێجاڵ) کۆچیدواییکردووە. لە قسەخۆش و نەستەقەکانی: ساڵی ١٩٩١ دوو دوکاندار لە بەرگرانیی گەنم و ئارد دوکانەکانیان دادەخەن. ئەویش دەچیتە لایان و دەڵێ دوکانەکان بکەنەوە. بە قەد باران ئاردی سفر ببارێت، ئەم گرانییە حەوت ساڵ دەخایەنێت و گرانیی سەردەمی یوسفە. کیلۆیەک گەنم ١٣ دینار تێپەڕ دەکات.
ناوی (ئەحمەد محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی (دەگاشێخان) لەدایکبووە. نەیخوێندووە. لەناو خەڵکیدا بەکەسێکی سوعبەتچی و قسەخۆش ناسراوە. چەندین بەزم و بەسەرهاتی خۆشی لێ دەگێڕنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٩٣ لە هەڵەبجەی تازە کۆچیدواییکردووە و لە زەڕایەن بە خاکسپێرراوە.
لە بەگزادەکانی کەيخەسرەو بەگى جافە. ناوی (عەبدوڵا بەگ حسەين بەگ مەحموود پاشاى محەممەد پاشاى جاف)ـە. ساڵى ١٩١٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. موڵک و زەويى و زارێکى زۆر هەبووە، لەوانە: ناوچەى زەڕايەنى ئێستا. کەسێکی قسەخۆش و خوێندەوار بووە. زمانى فارسى زانيوە. ساڵى ١٩٦٢ چووەتە سلێمانی و ساڵى ١٩٦٨ هەر لەوێ کۆچیدوايیکردووه.
ناوى (عەتا نەسروڵڵا عەزیز)ە. ساڵى ١٩٤٩ لە گوندى (هانەیدن)ى سەر بە شارۆچکەى (بیارە) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و وەک فەرمانبەر دامەزراوە. ڕاوچییەکی کارامە بووە. جگە لە زمانی دایکی، ئینگلیزى، فارسى و عەرەبیشی زانیوە. دووجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. هەندێک جار سوێند و تەڵاقى لەگەڵ قسەخۆشەکانیدا خواردووە. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بانگکراوە. لە قسەخۆشەکانی: ڕۆژێک چووە بۆ لای حاکم و وتوویەتی: شکاتم هەیە. حاکمەکە دەڵێت لە کێ؟ عەتابەگ دەڵێت: لە نەفسی خۆم! نەفسم تێردەکەم و دەگەڕێم و هەرچی خۆشی دنیایە دەیکەم، بەڵام هەمیشە نەفسم بەرەو خراپەم دەبات، جا تکات لێ دەکەم بۆ هەفتەیەک بمخەنە زیندان. یەکێکی تر لە قسەخۆشەکانی: ڕۆژێک لەگەڵ کەسێکى سیاسى باس لەسیاسەت دەکەن، عەتابەگ تەڵاق دەخوات، کە کورد بخەنە ناو سندوقى ساردیش، یەک ڕیز ناوەستن. ڕۆژێک لە کۆبوونەوەیەکدا دەبیستێت هەموو باس لە حەیا و شەرف دەکەن، عەتابەگ تەڵاق دەخوات ئەگەر ئێستا پڕی گەڵابەیەک ژنی بەرەڵا بێننە ئێره، بە یەک سەعات دەنکی نامێنێ، ئیتر باسی چی ئەکەن!؟
قسەخۆشێکی گوندی (بیاوێڵە)یە. ساڵی ١٩١٤ لەدایکبووە. ئارەزووی لە شیعر و ئەدەب کردووە و شارەزایی لە زمانی فارسی و عەرەبیدا هەبووە. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. قسەی خۆش و بەسەرهاتەکانی بەدەم خەڵکی ناوچەکەوە دەگێڕرێنەوە. ساڵی ١٩٩١ کۆچیدواییکردووە و لە بیاوێڵە بەخاکسپێرراوە. لە بەسەرهات و قسەکانی: جارێکیان لە پاسدا دەبێت و لەو کاتەدا بۆردومان دەبێت، خەڵکی لە پاسەکە نزا دەکەن و دەڵێن خوا بکات مزگەوتەکان نەڕوخێن و بەر تۆپ نەکەون چونکە بۆمان دروستناکرێنەوە. ئەمیش دەڵێت: خوا بکات ماڵی فەقیر و هەژار بەرنەکەوێت خوا دەوڵەمەندە و هەژار هیچی نییە. لە سەردەمی شۆڕشدا، سەردەستەی کۆمەڵێک پێشمەرگە بووە و بۆ ئەرکێک لە سیروانەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا دەپەڕنەوە بۆ ئەوبەر، لەو کاتەدا فڕۆکە بوردومان دەکات و ئەمانیش دەداتە بەر تەقە، پێشمەرگەکان دەترسن و یەکێکیان ئایەتەلکورسی دەخوێنێت و فوو بە خۆیدا دەکات. ئەمیش دەڵێت کاکە کەمێ لەو فووەش بەسەری ئیمەدا بکە. ئەویش دەڵێت: خۆت دەمت هەیە و نایکەم. ئەمیش بڕیاردەدات بگەڕێنەوە، دەڵێت شۆڕشی چی! ئەم لە فویەکدا بەشماننادات و پشتی تێکردین، جا وەرە یەکمان لەوبەر بکوژرێت.
١- ئەحمەد محەمەد ئیبراهیم: یەکێک بووە لە پیاوەکانی مەجلیسی شێخ عەلی حسامەدین. ساڵی ١٨٨٢ لەدایکبووە. خەڵکی باخەکۆنە. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە. ٢- حەمە عەلی عەبەکە. ساڵی ١٩٣٣ لە ئەحمەدئاوا لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٣ هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە. ٣- عیزەت مستەفا ڕۆستەم: قسە خۆش بووە. ساڵی ١٩٣٨ لە یاڵانپێ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە. ٤- عارف عەبدوڵا مارف: قسەخۆش بووە. لە ساڵی ١٩١٩ لە گوندی زەردەهاڵ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە. ٥- حاجی محەمەد نیعمەت عەبدوڵا: قسەخۆش و خێرخواز بووە. ساڵی ١٩١٨ لە گوندی دەگاشێخان لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و لە دەگاشێخان نێژراوە. ٦- حەسەن ڕەشید عەبدولسەمەد، لەگوندی گوڵپی هەورامان نیشتەجێبووە. ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠١ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە. ٧- مەحموود مستەفا عەبدولقادر: قسەخۆش و سوعبەتچی بووە. ساڵی ١٩٤٩ لە گەچێنەی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە. ٨- حەمەشەریف حسێن ڕەحیم دەروێش: قسەخۆش و نوکتەزان بووە. ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە. ٩- نەسروڵڵا بەگ: خەڵکی گوندی (هانەیدن)ی هەورامان. ناوی (نەسروڵڵا عەزیز سلێمان)ـە. ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. باوکی نەوزادی گۆرانیبژە. ساڵی ١٩٩٥ کۆچیدواییکردووە. ١٠- حەمەمین حەمەعەلی سۆفی: قسەخۆش و شمشاڵژەن بووە. لەبەرئەوە بە (حەمەمینی شمشاڵژەن) ناسراوە. ١٩٣٢ز لە یاڵانپێ لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە. ١١- محەممەد عەبدولڕەحمان محەمەدئەمین: ساڵی ١٩٣٣ لە زەڵم لەدایکبووە. بە حاجی حەمەسووری زەڵم ناسراوە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە. ١٢- حاجی حەمەئەمین حسێن: ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. بە(حاجی کەوە) ناسراوە. لە ژیاندایە و لە خورماڵ نیشتەجێیە. ١٣- مەحموود مستەفا عەبدولقادر: قسەخۆشە. ساڵی ١٩٤٩ لە (گەچێنە) لەدایکبووە و ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە.