شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

284 بابەت

نارنجڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠.١کم٢) و درێژیی (١,٩١کم) و پانییەکەی (١٦٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی باخەتازە و کارێزی باخەتازە و پاشان دەڕژێتە دۆڵی دەرەیاو لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی خارگێڵان و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات و تێکەڵی چەمی خڕی بیارە دەبێتەوە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

ناوباخان و ئەحمەدئاوا - بنی پەڵگ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی ئەحمەدئاوا و لێرەوە ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت بەرەو خۆرهەڵات و کەوتووەتە دامێنی چیای داڵانی و بابا زەردەڵە و سێداران، دۆڵی وشکە ناوی سەروو و خواروو دەکەونە بەشی باکوری، لوتکەی سێداران و لوتکەی بابا زەردەڵە دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها شارۆچکەی خورماڵ و گوندی ئاوای ڕۆستەم بەگ دەکەونە باشوری، کە دەرەو زەردایی دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (٦١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٢,٦٢کم٢)یە، درێژیی (٦,٣٥کم) و پانییەکەی (٨٠٠م) دەبێت، یەک پارچە باخ و باخاتێکی چڕە بە دار گوێز و هەنار و توو و هەرمێ، قەڵای زەڵم و شوێنەواری میر خان ئەحمەدخان و چەندین ئەشکەوتی شوێنەواری دیکە دەکەونە نێوی. دۆڵەکانی (کەڕەجاڵ و وەروێ و پلاو و دۆڵە سەختە و ولاو و ملەوکەوچێ و ماسناوی و گۆڕیچێ)ی دێنەوە سەر. سەرەتای دۆڵەکە تاڤگەی زەڵم و کانی قوڵقوڵەی تێدایە و ناوچەیەکی گەشتوگوزارییان دروستکردووە بە ناوی هاوینە هەواری ئەحمەدئاوا. پاشان چەمی زەڵم دروستدەبێت و ڕێدەکات بەرەو خۆرئاوا و بەناو دا تێپەڕدەبێت، تا دەگاتە شاری خورماڵ، ناوچەی گەشتوگوزاریی بنی پەڵگ و ئەحمەدئاوا و کابینە گەشتیارییەکانی دەکەونە ناویەوە. ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆحەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکانی و چەند کانیاوێکی تێدایە، کە پێویستی ئاوی ئاژەڵ و باڵندەکان دابیندەکات.

ناوتوان

کەوتووەتە ‌دامێنى چياى (خۆشک) له ‌باکورى خۆرئاواى گوندى (گڵەجاڕ). (٧١٥م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. درێژيیەکەى کەمترە لە کیلۆمەترێک.

ناونەیجە

کەوتووەتە سەر ڕوباری سیروان لە سنوری گوندی کۆساوا. قامیش و زەلی زۆرە، بۆیە پێیدەوترێت ناونەیجە. لەم شوێنە جادەی هەردوو ئێران و عێراق دەڕواتەوە سەری. ئێران لە شەڕی گرتنی هەڵەبجە بە بۆری کردوویەتیە پرد و پەڕیوەتەوە.

ناوهاڵ

کەوتووەتە ترۆپکى باکورى خۆرهەڵاتى ناحیە‌ی (بەمۆ) لەنێوان (بانى بۆڵان) و زەوييەکانى ناحیە‌ی (بەمۆ) لە (چياى خۆشک). (٨٥٠م) لەئاسـتى ڕووى دەريـاوە بـەرزە.

نەسرین و سێ سەلام

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزم و بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١٢٠٦م) و بەرزترین خاڵی(١٤١٥م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٣١٠م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٢کم٢)یە و درێژیی (١,٤٠کم) و پانییەکەی (٣٣٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی وەزەنێ و دۆڵی وێڕگا و دۆڵی بیارە و چەندین دۆڵی دیکەی تێکەڵدەبێت وەکو دۆڵی باخی خول و سەر وەزەن و دۆڵی دەرە شوڵای و پاشان دەچێتەوە سەر دۆڵی دەرە قەیسەر و دۆڵی هانە نەوتێ و دواتر لەگەڵ دۆڵی زەردەهاڵ یەکدەگرن و بە خڕی بیارە ناسراوە و بە گوندی خارگێڵاندا تێپەڕدەبێت و چەند دۆڵێکی دیکەی دێتە سەر وەک چەمی ڕاوی و دۆڵی خارگێڵان و دۆڵی خەرپانی و بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکەن. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارسـتانی و گـژوگیـای سـروشتی.

نەوێ و چنارە

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی ناحيەى (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای سورێن و گوندی گەچێنەی زێڕینۆک لە باکور و گوندی کانی ئێسکان لە خۆرهەڵات و (گوندی قاینجە و قوڵخورد) لە باشور و (قەڵبەزە و تازەدێ و وڵەسمت) لە خۆرئاواوە، لە بەشی خۆرهەڵات زۆر فراوانە و چەندین جۆگەی ئاوت دێتەوە سەر و لە بەهاراندا سەرەپا ڕوپۆشی ڕووەکیە و خەڵکی سەردانیدەکەن و دواتر بە ئاڕاستەی خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە و دێتە نێو دەشتی شارەزوور و سنوری گوندی قاینجە و قوڵخورد و گامێش تەپە. (١٦٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ (٦٠٧م) درێژ دەبێتەوە، درێژی (٦,٩٠کم) دەبێت.

نەیجەکۆڵە

کەوتووەتە بەشی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (گەچێنە)ى ناحیەی (بیارە)، لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، بەم ڕواڵەتە سروشتیانە دەورەدراوە دۆڵی هەنارە کۆڵە دەکەوێتە بەشی باکوریەوە، بانی هێڵە گەمە دەکەوێتە خۆرهەڵاتیەوە، دۆڵی لارە دەرە دەکەوێتە بەشی باشوری، بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (٩٤٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. درێژیی دوو کیلۆمەتر و پانییەکەی (٢٦٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی تفەقەتارا و دۆڵی هەنارە کۆڵە و دۆڵی شەوگای و دۆڵی تەوەنە قایمێ و دۆڵی بانی بەرمەڕان و دۆڵی خەندەق و تێکەڵی ئاوی زەڵم دەبێتەوە و لە باکوری شاری خورماڵ لەگەڵ ئاوی گەنجان و گەڕاو تێکەڵدەبێت و بە دەشتی شارەزووردا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەڕژێتە ڕوباری سیروان، دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی.

نەیجەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە و پێدەشتەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٧کم٢) و درێژیی (٠,٦١کم) و پانییەکەی (٢٢٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی گەڵباخ و هانەی قوڵ و پاشان دەڕژێتە چەمی ئاوی زەڵم لە باکوری شاری خورماڵدا. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

نزارە ڕەش

کەوتووەتە باشوری دۆڵی کۆرە لە سنوری گوندی (چاوگی کۆکۆیی). نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە سەنتەری گوندی (چنار)ەوە دوورە. درێژییەکەی زیاترە لە سێ کیلۆمەتر. لەنێوان بەرزایی باسک و مەگڕ هەڵکەوتووە و دارستانێکی چڕی پڕ سەوزاییە و شوێنی داروەن و بنێشتکردن بووە، دار قەزوانەکانیان بۆ گەرمکردنی حەمامی زۆراب لە هەڵەبجە بەکارهێناوە، بەهۆی چڕو پڕی دارەکانی بۆیە پێیوتراوە نـسارە یـان نزارە ڕەش.

نسارە سوور

کەوتووەتە ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، چیای خۆرەتاوە دەکەوێتە باکوریەوە، چیای شرام کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتیەوە، لوتکەی سارای حەمە هەجیجی کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای، دۆڵی دەکەوێتە باشوریەوە. تێکڕای (١٥٤٩م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٣کم٢)یە، درێژیی (٠,٨٠کم) و پانییەکەی (٣٥٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی تایلەی سۆتەڵا و تایلەی دەرە تاریک و دۆڵی گەچێنە و باخەکۆن و هەنارە کۆڵە و شەوگای و پاشان دەچێتەوە سەر دۆڵی بانی بەرمەڕان بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕدەبێت و تێکەڵی ئاوی زەڵم دەبێت، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گژوگیای سروشتى.

نساری پیروەساڵ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (سەرگەت)ى سەر بە ناحیەی (بیارە). کۆتایی سنوری زەوییەکانی گوندی سەرگەتە و جیای دەکاتەوە لە سنوری زەویەکانی گوندی گوڵپ، کەوتووەتە نێوان دۆڵی هەربەدۆڵ و دۆڵی سەرگەت لە باکور و لوتکەی لەشکرگا لە باشور و دەرەو وڵێ لە خۆرهەڵات و دۆڵی دارچەقالە لە خۆرئاواوه ‌تێکڕای بەرزیی(١١١٢م)ە. ڕووبەرەکەی(٠,٣٨کم٢)یە، درێژیی(١,٧٥کم) و پانییەکەی(٣٥٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی دارچەقالە و بانی بەرمەڕان و خەندەق و خورماڵ و ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی لەشکرگا و چیچە خەنینە و ملەی قڕاڵ و هەربەدۆڵ و دۆڵی سەرگەت و دەرەیمەڕ و هانەیدن و دۆڵی شەڵواندڕ و هانە توتمان دەوروبەری لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی خەندەقی دەکاتەوە، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی.

نۆکان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تریفە) بە ئاڕاستە‌ی ڕێی چاوگ. زەويیەکانى دێمن و دەکرێتە گەنم و جۆ و نۆک. ڕووبەری زیاترلە ١٠٠ دۆنم دەبێت. خەڵکی گوند لەڕابردودا زیاتر نۆکیان تێدا چاندووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە‌.

نێرگز

کەوتووەتە‌ (گوندى غوڵامى)ەوە بەهۆى ئەوەى لە بەهاراندا گوڵە نێرگزى لێ دەڕوێت ئەو ناوەى هەڵگرتووە.

هاژگا

کەوتووەتە ئەوپەڕی باکوری هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، دۆڵی ڕاگاو پاڵنگی دەکەونە بەشی باکوریەوە، لوتکەی ڕاپانەو غازی و گڵوەو چنوری دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، دۆڵی قۆلانچێ دەکەوێتە باشوری، دۆڵی هەنگە چاڵەکێ دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. تێکڕای (١٤٥١م)ە. ڕووبەرەکەی (٠٤,٠کم٢)یە، درێژیی (٠,٤٥کم) و پانییەکەی (٢٥٠م)‌ دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی بەردە قایمێ و دۆڵی قۆلانچە و پاشان دەڕژێتە دۆڵی خۆرنەوەزان و دواتر دەگاتە دۆڵی بانە گەورێ، دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە کە بوونەتە پەناگە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەم ناوچەیە، بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی.

هاڵی نەرم

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە و چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٠٢٠) و بەرزترین خاڵی (١٤٤٣م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٢٣١م)‌. ڕووبەرەکەی (٠,٢کم٢)یە و درێژیی (١,١٤کم) ‌و پانییەکەی (١٨٠م)‌ دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی هاوارەکۆن و دۆڵی گریانەو پاشان دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

هانەتوتمان - هانەنەوە - هانەتایلە - هانەوتێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن) لە نێوان هەردوو چیای(لەنگەلەرز) لە باکور و چیای(تەتە و کەڵەلانکێ) لە خۆرهەڵات و باشور، چەند دۆڵێکی لاوەکی تێدایە وەکو دۆڵی (ژەرەژ، کۆرێ)، چەندین کانیاوی سروشتی تێدایە وەکو کانیاوی(توتمان، نسارتاریک، قەڵای داڵ، هانەنەوە، هانەتایلە، هانەوتێ). ئاوێکی زۆر و باخی گوێزی هەیە، لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و بەهاران گژوگیای جۆراوجۆری هەیە، بۆیە خەڵکێکی زۆر سەردانیدەکەن، لە وەرزی هاویندا کەشێکی فێنکی هەیە و بوەتەجێگای گەشتوگوزار و بەشەوان تێیدا دەمێننەوە، درێژی(٣.٢٦کم) و پانی(٥٠٣م) دەبێت.

هانە کەمەڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشت و گرد و گردۆڵکەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠٦,٠کم٢) و درێژیی (٠,٧٧کم) و پانییەکەی (٢٨٠م)‌ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی باخە تازە و کارێزی باخە تازە و پاشان دەڕژێتە دۆڵی دەرەیاو لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی خارگێڵان و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات و تێکەڵی چەمی خڕی بیارە دەبێتەوە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە دار و گژوگیای سروشتی.

هانە نەوتێ

کەوتووەتە سنوری گوندی گوندی (هانە نەوتێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٨٢کم٢) و درێژیی (٠,٩١کم) و پانییەکەی (٤٨٠م)‌ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی زەردەهاڵ و دۆڵی دەرە یاو لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات و تێکەڵی چەمی خڕی بیارە دەبێتەوە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە دار و گژوگیای سروشتی.

هانە هەڵوچە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) و هاوینەهەواری (مێشلە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٥٣٦) و بەرزترین خاڵی (١٨٠٦م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٦٧١م)ە. ڕووبەرەکەی (٠.١کم٢)یە و درێژیی (١.٢٦کم) و پانییەکەی (٢٢٠م)‌ دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی مروەو بەگلەیو دۆڵی جاور و دۆڵی شەمێ و لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر و دۆڵی تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیا لە باشوری خۆرئاوای جاور یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە چەمی ڕوباری سیروانەوە. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

پێشتر 1
...
12 13 14 15 دواتر