ناوباخان و ئەحمەدئاوا - بنی پەڵگ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (زەڵم)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی ئەحمەدئاوا و لێرەوە ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت بەرەو خۆرهەڵات و کەوتووەتە دامێنی چیای داڵانی و بابا زەردەڵە و سێداران، دۆڵی وشکە ناوی سەروو و خواروو دەکەونە بەشی باکوری، لوتکەی سێداران و لوتکەی بابا زەردەڵە دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها شارۆچکەی خورماڵ و گوندی ئاوای ڕۆستەم بەگ دەکەونە باشوری، کە دەرەو زەردایی دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (٦١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٢,٦٢کم٢)یە، درێژیی (٦,٣٥کم) و پانییەکەی (٨٠٠م) دەبێت، یەک پارچە باخ و باخاتێکی چڕە بە دار گوێز و هەنار و توو و هەرمێ، قەڵای زەڵم و شوێنەواری میر خان ئەحمەدخان و چەندین ئەشکەوتی شوێنەواری دیکە دەکەونە نێوی. دۆڵەکانی (کەڕەجاڵ و وەروێ و پلاو و دۆڵە سەختە و ولاو و ملەوکەوچێ و ماسناوی و گۆڕیچێ)ی دێنەوە سەر. سەرەتای دۆڵەکە تاڤگەی زەڵم و کانی قوڵقوڵەی تێدایە و ناوچەیەکی گەشتوگوزارییان دروستکردووە بە ناوی هاوینە هەواری ئەحمەدئاوا. پاشان چەمی زەڵم دروستدەبێت و ڕێدەکات بەرەو خۆرئاوا و بەناو دا تێپەڕدەبێت، تا دەگاتە شاری خورماڵ، ناوچەی گەشتوگوزاریی بنی پەڵگ و ئەحمەدئاوا و کابینە گەشتیارییەکانی دەکەونە ناویەوە. ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆحەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکانی و چەند کانیاوێکی تێدایە، کە پێویستی ئاوی ئاژەڵ و باڵندەکان دابیندەکات.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەبیب زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا