شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

284 بابەت

لارەکان

دوو دۆڵی درێژە. کەوتوونەتە نێوان باسک و وارگەپان لە سنوری گوندەکانی (چاوگ،چنار، مۆردین). بەفری زۆری لێ باریوە.

لاسەو زیتێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە بەرەو باشور لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١٧٢٦) و بەرزترین خاڵی(٢٠٥٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٨٩٢م). ڕووبەرەکەی (٠,١٦کم٢)یە و درێژیی (١,٠٤کم)و پانییەکەی (٢٥٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی بەڵخەو دۆڵی دێگەو دۆڵی سۆڵێ و دۆڵی جاورو لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر و دۆڵی تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیا لە باشوری خۆرئاوای بەڵخە یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە سیروانەوە. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سـروشتی.

لەگلەکان

کەوتووەتە ئەوپەڕی باکوری خۆرئاوای هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە و چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٠٩کم٢) و درێژیی (٠. ٥٨کم) و پانییەکەی (٢١٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی خۆرنەوەزان و دۆڵی بانەگەورێ و بانیشار و شیرەمەڕ و پاشان دەڕژێتە چەمی ئاوی زەڵم. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە دار و گژوگیای سروشتی.

لۆکەو عەزیز بەگی

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠.٢٩کم٢) و درێژیی (١.٢١کم) و پانییەکەی (٣٩٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی دەرەو تەوەنە بەلێ و دۆڵی بانیشار و دۆڵی خۆرنەوەزان و دۆڵی بانە گەورێ و شیرەمەڕ و پاشان دەڕژێتە چەمی ئاوی زەڵم. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

ماسناوێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەڵم و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان و شاری خورماڵ و باکوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن، لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە پلێ کەڕەجاڵێ و دۆڵی زەڵم. تێکڕای (١٣٠١م)ە. ڕووبەرەکەی (١١کم٢)یە، درێژیی (٨٤کم) و پانییەکەی (٣٠٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی زەڵم. ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکانی، سەردەمانێک ئەشکەوتەکانی پەناگەی حیزبە جیاوازەکانی ناوچەکە بووە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی.

مەروا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ى سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە نێوان چیای لەنگەلەرز و چیای شرام لە باشور و چیای هەسوون و چیای لاسەو فاتەخانێ لە باکور و چیای شروانێ و تەتە و کەڵەلانکێ لە خۆرهەڵات و پەچەو سێ قادری و دەشتڵێ و دۆڵی سەرگەت و هانەیدن و دۆڵی دارچەقالە لە خۆرئاواو دروستبووە و کەوتووەتە نێوان چیای شرام و لەنگەلەرز لە باشور و چیای تەتەو کەڵەلانکێ و چیای شێروانێ و هانە توتمان لە خۆرهاڵات و باکوری گوندی سەرگەت و خۆرهەڵاتی گوندی دەرەیمەڕ و هانەیدن و زەڵم و گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان، لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی چاڵاوا و دۆڵی سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە و بان وانە. ڕووبەرەکەی (٠,٠٧کم٢)یە، درێژیی (٠,٩٢کم) و پانییەکەی (١٧٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی چاڵە سەوزە دۆڵی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە و بانی بەرمەڕان و خەندەق و خورماڵ. دۆڵەکە دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

مەڕەو سەورۆی

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە و چیا نزم و بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٤٨کم٢) و درێژیی (٢,٢٥کم) و پانییەکەی (٢٩٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی خۆرنەوەزان و دۆڵی بانە گەورێ و بانیشار و شیرەمەڕ و پاشان دەڕژێتە چەمی ئاوی زەڵم. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

مەکینە هەڵدێر

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی پێنج دۆنم دەبێت. لە هەندێک شوێن بۆ کشتوکاڵ و باخداری و لەوەڕگا سودیلێدەبینن. لەسەر ڕێگەی بازگەی دەرەشیش خەرپانی، لێژایی مەکینەهەڵدێرە. لە ساڵەکانی هەشتاکاندا ئەو ناوەی لێنراوە، چونکە لەکاتی گەڕانەوەدا لێژاییەکەی بووەتە هۆی وەرگەڕانی چەندین تراکتۆر بەبارەوە و گیانلەدەستدانی چەندین کەس و تا ئێستەش ئەو مەترسیەی هەرماوە بەتایبەت بۆ گەشتیاران و کەسانی ناشارەزا لە ناوچەکە. چەمی دەرەشیشی سەرووی بە ژێردا تێپەڕدەبێت تاکو دەگاتە گوندی تەپەکوڕە.

مەنجەر

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور) بە ئاڕاستەی بناری سورێن درێژدەبێتەوە. زیاتر لە (١٠٠٠م) بەرزە لەئاستی ڕووی دەریاوە. لەم دۆڵەدا چەندین ئەشکەوتی گەورە و مامناوەند بوونیان هەیە. پێکهاتەکەیان بەردی کلسی و هەندێکیشیان ئاویان تێدایە. لەکاتی کۆچکردن و جەنگی نێوان عێراق و ئێران و شۆڕشە کوردییەکاندا چەندین ماڵ و خێزان ژیانیان تێدا بەسەر بردووە. بۆ خۆپاراستن لە تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگی خۆیان تێدا حەشارداوە. بەهۆی نزیکیی لەسەر سنور، لە ساڵەکانی ١٩٨٠ کاندا مەرزی قاچاخی نێوان ئێران و عێراق بـووە.

مچەناو

لە گوندی (تاوێرە)ەوە دەستپێدەکات و چەند دۆڵ و چەمێکی دێتەوە سەر بە ئاڕاستەی گوندی (عەبابەیلێ) دێتەوە. (کانیی مچەناو)ی لێیە. لەوەڕگایەکی باشی ناوچەکەیە. نسارو خۆرەتاوی هەیە. ناوەکەی بەهۆی بوونی (مچ) یان (ئەسپێ)، کە جۆرە مێروویەکی مشەخۆری دژ بە ئاژەڵە، ئەو ناوەی لێنراوە.

مرکوژ

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (بامۆک). بەشێکی بە کشتوکاڵی زستانە (دێمی) دەچێنرێت و بەشێکی دیکەی بەردەڵان و لەوەڕگایە، داربەڕوویەکی گەورەی تێدایە، کە شوێنی حەوانەوە و پشودانە، ڕووبەرەکەی لە ٢٠ دۆنم زیاترە.

مروەوبەگلەیی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٢١٦م) و بەرزترین خاڵی (١٥٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٣٧٠م). ڕووبەرەکەی (٠,١٧کم٢)یە و درێژیی (٢,٥٢کم)و پانییەکەی (٤٢٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی جاورو دۆڵی شەمێ و لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر و دۆڵی تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیا لە خۆرئاوای پاڵانیا یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە چەمی گریانە و پاشان ڕوباری سیروانەوە. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و بـاڵنـدەی کێـوی، دەوڵـەمـەنـدە بـە ڕووپـۆشـی دارسـتـانـی و گـژوگیـای سـروشـتـی.

مرۆدۆڵ

کەوتووەتە پشت (هانەنەوە) لە هەورامان. لە تەختاییەکە وەک هەوارگەی گوندی سەرگەت بەکارهاتووە. لەکۆندا ئاژەڵدارانی ئەوگوندانە ڕۆشتوونەتە ئەو کوێستانە و تەختاییەکەی لەوێ ماونەتەوە. بەتایبەت لەوەرزی بەهار و هاویندا. لەوێدا بەهۆی بوونی گیا و لەوەڕگاوە ئاژەڵداریان کردووە. ناوی ئەم هەوارگەیە بۆ ئەو دۆڵە دەگەڕێتەوە، کە بڕێکی زۆر (هەرمێی کێوی) یان کەژی تێدابووە بە هەورامیش بە هەرمێ دەوترێت (مروی). بۆیە بە (مـرۆدۆڵ) واتـە (دۆڵـی هـەرمـێ) نـاودەبرێت.

ملەخانەگای خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا لە نێوان چیا نزم بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,١٥کم٢) و درێژیی (١,٦٧کم) و پانییەکەی (٣٩٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی دەگاشێخان و پاشان دەڕژێتە دۆڵی بیارە و کاوات. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

ملەخانەگای سەرین

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزم و بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠.١١کم٢) و درێژیی(١.٣کم) و پانییەکەی(٢٦٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی ملەخانەگای وارین و دۆڵی دەگاشێخان و پاشان دەڕژێتە دۆڵی بیارە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

ملەکەوچێ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرهەڵات درێژ دەبێتەوە، بەم ڕواڵەتە سروشتیانە دەورەدراوە، دۆڵی ڕیقنەچەرمە و دۆڵی ولا دەکەونە باکوریەوە، بەرزانە کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای، دۆڵی بنەوگڵوەی کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها دۆڵی وەنەناو کەوتووەتە باشوریەوە. نزمترین خاڵی(١٦٦٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,١٩کم٢)یە، درێژیی (١,٠١کم) و پانییەکەی (٣١٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی وەنەناو و دۆڵی پەچەو سێ قادری و دۆڵی دەرەیمەڕ و دۆڵی سەرگەت و دارچەقالە و دەچێتەوە سەر دۆڵی بانی بەرمەڕان بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕدەبێت و تێکەڵی ئاوی زەڵم دەبێت، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گژوگیای سروشتی.

ملەگاو وەنێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). کەوتووەتە نێوان دۆڵی شەڵواندڕ و دۆڵی هەربەدۆڵ و دۆڵی ولا و دۆڵی نسارە سور لە باشور و دۆڵی کێڵاو و هەسانا و کۆرێ و هانە توتمان و هانە نەوە و هانە تایلە و هانەو تێ و وەڵاو داڵی لە باکور و کاوەو سەڵمانا و دۆڵی ڕا سوورە و لوتکەی ملە پسک و بێرواس و چیای هەیات لە خۆرهەڵات و دۆڵی سەرگەت و هانەیدن لە خۆرئاواو دروستبووە و کەوتووەتە نێوان چیای شرام و هەربەدۆڵ لە باشور و چیای تەتەو کەڵە لانکێ و چیای شێروانێ و هانەتوتمان لە باکور و خۆرهەڵاتی گوندی سەرگەت لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی کێڵاو و دۆڵی هەسانا و دۆڵی شەڵواندڕ و دۆڵی سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە و بان وانە. نزمترین خاڵی (١٦١٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,١٦کم٢)یە، درێژیی (١,٤٣کم) و پانییەکەی (٣٣٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی کێڵاو و دۆڵی هەسانا و دۆڵی شەڵواندڕ و سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە و بانی بەرمەڕان و خەندەق و خورماڵ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی.

میران

کەوتووەتە نێوان هەردوو گوندی (پریسی سەروو و پریسی خواروو)، درێژی زیاترە لە سێ کیلۆمەترە. دۆڵێکی تاڕادەیەک وشکە، زەوییەکانی دێمییە و کشتوکاڵی دانەوێڵەی تێدا دەچێنرێت و بەشێکی زەوییەکانی ناکێڵرێت و لەوەڕگایە، چەند کانییەکی تێدایە، کە ئاوی کەمە و بۆ خواردنەوە و ئاودانی ئاژەڵ بەکارهاتووە.

ميرخەرمان

کەوتووەتە (زنجيرە چياى بەمۆ)یە لە باکورى خۆرهەڵاتى گوندی(گڵێجاڵ)‌. (٨١٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. هاوین وشک دەکات. درێژيیەکەى کەمترە لە یەک کیلۆمەتر.

میری سوور

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، و کەوتووەتە نێوان (چیای سورێن و گوندی کانیسکان و نوێ و چنارەگەچێنەی زێڕینۆک) لە باکور و (شەخسەکەی میری سوور و حەسەن ئاوا و گوندی عاموورە و بانیشاری کۆن) لە خۆرهەڵات و (چاوگی ڕیشێن و گوندی ڕیشێن و سێ تەپانی گەورە و گوندی گوڵەخانە و گوندی مەلا وەیسە) لە باشور و (دەرەگوڵان و چیای کانی ئێسکان و گوندی قاینجە و قوڵخورد) لە خۆرئاواوە. دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە و (مەرقەدی میری سوور) کەوتووەتە ناوی پاشان دێتە نێو دەشتی شارەزوور و سنوری گوندی ڕیشێن و مەلاوەیسە. (١٢٧٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ (٥٥٠م) درێژ دەبێتەوە، درێژی (٥،٨٧کم) دەبێت، چەندین کانیاوی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

پێشتر 1
...
11 12 13
...
15 دواتر