بەرگی یەکەم
شوێنی سروشتی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
بەرگی یەکەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان و لە چیای سورێن هەڵکەوتووە. بە ناوی ڕەزا ناوێکی دانیشتوی گوندەکەوە ناونراوە. لە بەهاراندا گیاکەن و ڕاوچیەکان تێیدا دەحەوێنەوە.
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (بەمۆ) لە گوندی (قەڵب) و لە چیای خوشک، بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریاوه ١٢٥٠م.
کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور) و پشتی (دەرەکۆرە). لەسەرەوە لەشێوەی کونێکدا دیارە. کاتێک دەچیتە خوارەوە ڕووبەرێکی گەورەی هەیە لەشێوەی ژوورێکی پێنج بە شەش مەتری دەبێت. بە ئەشکەوتی سوڵتان ئیسحاقیش ناودەبرێت. ئاوێکی سازگاری تێدایە وەک کانیاو هەڵدەقوڵێت. دەوترێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی پێست بەکاریدەهێنن. پێکهاتـەی ئـەم ئـەشـکـەوتـە کـلسییە و ئـاو لێ دەتکێتە خوارەوە.
ئەشکەوتێکی سروشتییە. کەوتووەتە دامێنی بەشی خۆرئاوای کەوتێ لە گریانە. شوێنەواری گۆڕستانێکی کۆن بەسەریەوە هەیە. (زاخێ) بەواتای ئەو شوێنە دێت، کە لە سەرمادا ئاژەڵی تێدەکەن. ساڵی ١٩٧٨ پێشمەرگەکانی گریانە ماڵیان بۆ ئەم ئەشکەوتە گواستووەتەوە. لە تەنیشتیدا چەند خانویەکیان دروستکردووە تاکو ئێستاش شوێنەواری خانوەکان ماوەتەوە.
ئەشکەوتێکی سروشتییە. کەوتووەتە گوندی (کوڵی متکان). کەوتووەتە ژێر مەخفەری قشڵە. بەرانبەر گوندەکانی هەنجیری زەردۆیی و هەنجیری ئێناخی و وارامچێ لە خۆرهەڵات. ئەشکەوتەکە کونە بەردی ورد وردی تێدایە و پێیاندەوترێت زاخێ. گەورەیە و جێگەی سەدان سەر ئاژەڵی تێدادەبێتەوە.
کەوتووەتە باشورى گوندى (زەڵم) و باکورى گوندى (ئەحمەدئاوا). یەک کیلۆمەتر لە هەریەکەیانەوە دوورە. لە پشتییەوە شاخە بەرزەکانی هەورامان هەیە. شورا و سنورەکانی قەڵاکە دەڕوانن بەسەر دەشتى شارەزووردا. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە دۆڵى زەڵم و سنورى جوگرافیى گوندی زەڵم، بەناوی ئەوانەوە ناوی ڕۆیشتووە. (قەڵاى خان ئەحمەدخان)یشی پێدەوترێت، چونکە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەم خانە ئەردەڵانییەدا، بۆ ماوەیەک لە قەڵاکەدا ژياوە و پايتەختى ميرنشينەکەى بووە. شورا و ديوار و قوللەکانى قەڵاکە، تا ئێستا شوێنەواریان ماوەتەوە. بە هۆکارى ئەوەی قەڵاکە کەوتووەتە سنوری نێوان هەردوو دەوڵەتى عوسمانى و سەفەوی، بەردەوام زیانی جەنگەکانی بەرکەوتووە. لەلايەن بەڕێوەبەرايەتیى گشتیى شوێنەوارى عێراقيیەوە وەکو شوێنەوارێک ناسێنراوە. قەڵاکە لە سەختیى شاخەکەدا بە شێوەى تونێلى پێچاوپێچ هەڵکۆڵراوە. نزيکەى (٨٣٠م) لە ئاست ڕووى دەرياوە بەرزە. بەشی بنەوەی بۆشە و کانييەکى سازگارى لێيە. مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانى بگاتە قەڵاکه، لە ڕێگەى پەيژەيەکى بەرزەوە نەبێت. ناو قەڵاکە، لە هەيوانێک و سێ ژوور پێکهاتووە.
ئەشکەوته. کەوتووەتە سنورى چنارى کۆکۆییەوە، لەسەردەمى کۆندا ئاوى چنار براوەتە ناو ئەشکەوتەکەوه. نزیکەى ٢٠ کەس دەگرێت. بەناوی (زولفەقار) ناوێکەوە ناونراوه، کە لە ئەشکەوتەکەدا ماوەتەوه.
کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). تا ساڵی ٢٠٠٣ ئاژەڵی تێدابووه، بەڵام ئێستا بەردەمیان داخستووە. پاشماوەی شوێنەواری و ئێسک و پروسکی تێدا دۆزراوەتەوە. کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خەڵکی لێ ژیاوە.
يەکێکە لە ئەشکەوتە ناودار و گرنگەکانى پارێزگاى هەڵەبجە و لەنێو زنجيرە چياکانى (شنروێ)دیە. کەوتووەتە گوندى بۆين و بەدياريکراوى لە بەشەکانى سەرەوەى چەمى ئاوايى و بە دووریى (١.٩کم) لە باکورى خۆرهەڵاتى گوندەکەدايە، ئەشکەوتەکە بە قەدپاڵێکى سەختەوەيە، کە لێژييەکى زۆرى هەيە و مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانى پێى بگات. بە توولەڕێ بۆی دەچیت. لەدوو قات پێکهاتووه. له بەشى خوارەوەى ئەشکەوتەکە ژوورێکى ئەندازەیى جوان بەشێوەى کەوانەیى دروستکراوه. درێژییەکەى زیاترە لە سێ مەتر و پانییەکەى ١,٥ دەبێت. هۆکارى دروستبوونەکەى دەگەڕێتەوە بۆ داچۆڕانى ئاو لەڕێگەى درز و شکان و کەلێنەکانەوە بۆناو چينە بەردە جيرى و دۆلۆمايتيەکان و توانەوەيان. دەمى ئەشکەوتەکە نزيکەى پێنج مەتر دەبێت و بەرزييەکەيشى دوومەترە، بەڵام لە ناوەوەى ئەشکەوتەکەدا بەرزييەکەى (٧.٥م)ە، بە درێژیى(٢١م) و پانیى نۆ مەتر. شوێنگەى ئەشکەوتەکە (١٣٦٢م)لە ئاستى ڕوى دەرياوە بەرزە، ئەگەر چى لەڕوى مێژووييەوە مرۆڤ لە کۆنەوە بەکاريانهێناوە و بەم دواييانەش دانيشتوانى گوندى بۆين دەستييانپێیگەيشتووە و بەشێک لە ديمەنە سروشتيەکانى ناو ئەشکەوتەکە بەهۆى ئاگرکردنەوە و شکاندنى ستونە کلسيە شۆڕبووەوە و بەرزبووەکان (Stalagmites & Stalactites)ەوە شێواون، بەڵام هێشتا لێوانە لە ديمەنى سروشتیى جيۆمۆرفييانە و دەکرێت لەڕوى گەشتوگوزارييەوە گرنگى پێبدرێت.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (مۆردین) لە کەناری ڕوباری سیروان هەڵکەوتووە، ئەشکەوتێکی زۆر گەورەیە، داری ژاڵەی زۆری تێدایە ئەمەش بەهۆی بـوونی ئـاو تیایـدا.
بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە خوارووی گوندی (بۆین)ەوە. مێژووەکەی دیار نییە. دەرگای ئەشکەوتەکە یەک مەتر بەرزە و ناوەکەی چوار مەتر پان و درێژییەکەیشی پێنج مەترە. پشتی لە گوندەکە و ڕوو لە قیبلە هەڵکەوتووە. لەبیستەکانی سەدەی ڕابردوو خێزانێک لەم ئەشکەوتەدا ژیاون لەناو ئەشکەوتەکەدا بەدار ئاگریان کردووەتەوە و ژنەکە سووتاوە، بۆیە تاکو ئێستاش بە ئەشکەوتی ژنسوتێنە ناودەبرێت.
ئەشکەوتێکى سروشتییە. کەوتووەتە چیای خوشک لە سنورى شارۆچکەی بەمۆ. نزیکەی حەوت کیلۆمەتر لە گوندى (گڵێجاڵ)ـەوە دوورە. دەرگاى ئەشکەوتەکە گەورەیە و نزیکەی حەوت مەتر پانى و سێ مەتر بەرزە. لە دیوی ناوەوە دوو بەشە، یەکێکیان ڕووبەرەکەى سێ مەتر بە دوو مەترە، ئەوتریان دوو مەتر بە دوو مەتر دەبێت. لەکۆنەوە خزمەتێکى زۆرى بە شۆڕشەکانى کورد و شوانکارەکان کردووە.
کەوتووەتە گەڕەکی (هانەمڵکشا) لەسەر ڕێگەی چەمی دزاوەر لە شارەدێی (تەوێڵە). لە سەر زمانی خەڵکی دەوترێت(مەڕۆ سمۆری) لەسەردەمی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و هاتنەدەرەوەی خێزان و قوتابیەکی زۆر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ باخەکانی دەوروبەری وەک هۆڵ و شوێنی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی قوتابیان بەکارهاتووە. لە ئێستادا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون و ڕێگەی ئۆتۆمبێلی خۆڵ بۆ ئەشکەوتەکە و باخەکانی دەرەتفێ لە کۆتایی گەڕەکی مالێدەر، چووە. (حەمیدەی حاجی تۆفیق) و منداڵەکانی خاوەنداری دەکەن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا)، (١٠٠م) لە خوار قەڵای خان ئەحمەدخان هەڵکەوتووە. نزیکەی مەترو نیوێک بەرزە. دەرگایەکی سێگۆشەی داتاشراوی هەیە. ڕوو لە قیبلەیە و یەک کەس دەگرێت. بۆ چلەخانە و عیبادەت بەکارهاتووە.
کەوتووەتە بەرزاییەکانی گوندی (گریانە) لە خۆرەتاوی (کەوتێ). شوێنی مانەوەی ئاژەڵ بووە. ناوەکەی لە (سۆڵ ئاو)ەوە هاتووە و تامی سوێرە. چونکە ئاوی باران دڵۆپەی کردووەتە ناوەکەی و کارلێکی کردووە لەگەڵ بەردەکان. چەند چاڵێکی دروستکردووە و ئاوەکەی تێدا کۆبووەتەوە.
کەوتووەتە گوندی بانیبنۆک لە بناری چیا سورێن. نزیک کانی سیرەکانی سەروو هەڵکەوتووە، بەهۆی بوونی جۆرێکی تایبەت لە ڕووەکی سیر، کە بەشێوەیەکی سروشتی زۆر لێی دەڕوێت، ئەو ناوەی لێنراوە.
سێ ئەشکەوتن. بەتەنیشت یەکەوەن و کەوتوونەتە نێوان (چنار) و (نەیجەڵە) لەسەر ڕوباری سیروان و لە بناری شاخی کەوگێز. یەکێکیان لەوانی تریان گەورەترە و درێژییەکەى نزیکەى (٣٠م) و پانییەکەى لەهەندێک شوێندا (١٥م) دەبێت. بۆ بەخێوکردنى ئاژەڵ بەکاردەهێنرێن.
سێ ئەشکەوتن. کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کۆساوا) لە تەنیشت یەک هەڵکەوتوون. دەڕوانن بەسەر چەمی گەچدا. شوێنی حەوانەوەی ڕێبوار و شوان بووە. لە شۆڕشەکانی کورددا ڕۆڵی پەناگەی پێشمەرگە و شوێنی حەوانەوەیان گێڕاوە.
کەوتووەتە بەردەم کانی سەربەڵخ لە گوندی (مۆردین). تاڤگەیەکی سروشتیی جوانی تێدایە. ناو ئەشکەوتەکە ئاوی پێدا دێتەخوارەوە. بەهۆی فێنکی لە هاویندا، بەهەمان ناوی شاخی شاهۆی هەورامان ناونراوە. بە (کەورگی شاهۆ)ش بەناوبانگە.
کەوتووەتە چەمی ئاوێسەر و نێوان تەوەنی شێخ و باخەوان. لەسەر ناوەکەی بیروڕای جیاجیا هەیە. دەوترێت هی کەسێک بووە ناو یان نازناوی شەلکە بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. پێشتر منداڵەکانی نەسرەدینی دەروێش مەحیەدین، خاوەنی بووە و دواتر شیرینی مام قالە خانوی لێ کردووە.