زينۆ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
يەکێکە لە ئەشکەوتە ناودار و گرنگەکانى پارێزگاى هەڵەبجە و لەنێو زنجيرە چياکانى (شنروێ)دیە. کەوتووەتە گوندى بۆين و بەدياريکراوى لە بەشەکانى سەرەوەى چەمى ئاوايى و بە دووریى (١.٩کم) لە باکورى خۆرهەڵاتى گوندەکەدايە، ئەشکەوتەکە بە قەدپاڵێکى سەختەوەيە، کە لێژييەکى زۆرى هەيە و مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانى پێى بگات. بە توولەڕێ بۆی دەچیت. لەدوو قات پێکهاتووه. له بەشى خوارەوەى ئەشکەوتەکە ژوورێکى ئەندازەیى جوان بەشێوەى کەوانەیى دروستکراوه. درێژییەکەى زیاترە لە سێ مەتر و پانییەکەى ١,٥ دەبێت. هۆکارى دروستبوونەکەى دەگەڕێتەوە بۆ داچۆڕانى ئاو لەڕێگەى درز و شکان و کەلێنەکانەوە بۆناو چينە بەردە جيرى و دۆلۆمايتيەکان و توانەوەيان. دەمى ئەشکەوتەکە نزيکەى پێنج مەتر دەبێت و بەرزييەکەيشى دوومەترە، بەڵام لە ناوەوەى ئەشکەوتەکەدا بەرزييەکەى (٧.٥م)ە، بە درێژیى(٢١م) و پانیى نۆ مەتر. شوێنگەى ئەشکەوتەکە (١٣٦٢م)لە ئاستى ڕوى دەرياوە بەرزە، ئەگەر چى لەڕوى مێژووييەوە مرۆڤ لە کۆنەوە بەکاريانهێناوە و بەم دواييانەش دانيشتوانى گوندى بۆين دەستييانپێیگەيشتووە و بەشێک لە ديمەنە سروشتيەکانى ناو ئەشکەوتەکە بەهۆى ئاگرکردنەوە و شکاندنى ستونە کلسيە شۆڕبووەوە و بەرزبووەکان (Stalagmites & Stalactites)ەوە شێواون، بەڵام هێشتا لێوانە لە ديمەنى سروشتیى جيۆمۆرفييانە و دەکرێت لەڕوى گەشتوگوزارييەوە گرنگى پێبدرێت.
سەرچاوەکان:
- جيومورفولوجية جبل شنروى بين وادى کريانە و سازان بمنطقة حلبجة في کوردستان العراق، رسالة ماجستير (غير منشورە)، هێمن کمال حمەامين، کلية الاداب، جامعة الاسکندرية، مصر، ٢٠١٤، ص٨٦.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. ڕێباز لوقمان مستەفا) لەگەڵ شوێنەوارناس (نەریمان خانە ڕەحیم)، لە ساڵی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: هێمن کەمال حەمەئەمین,د. ڕێباز لوقمان مستەفا