زەڵم: خان ئەحمەدخان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە باشورى گوندى (زەڵم) و باکورى گوندى (ئەحمەدئاوا). یەک کیلۆمەتر لە هەریەکەیانەوە دوورە. لە پشتییەوە شاخە بەرزەکانی هەورامان هەیە. شورا و سنورەکانی قەڵاکە دەڕوانن بەسەر دەشتى شارەزووردا. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە دۆڵى زەڵم و سنورى جوگرافیى گوندی زەڵم، بەناوی ئەوانەوە ناوی ڕۆیشتووە. (قەڵاى خان ئەحمەدخان)یشی پێدەوترێت، چونکە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەم خانە ئەردەڵانییەدا، بۆ ماوەیەک لە قەڵاکەدا ژياوە و پايتەختى ميرنشينەکەى بووە. شورا و ديوار و قوللەکانى قەڵاکە، تا ئێستا شوێنەواریان ماوەتەوە. بە هۆکارى ئەوەی قەڵاکە کەوتووەتە سنوری نێوان هەردوو دەوڵەتى عوسمانى و سەفەوی، بەردەوام زیانی جەنگەکانی بەرکەوتووە. لەلايەن بەڕێوەبەرايەتیى گشتیى شوێنەوارى عێراقيیەوە وەکو شوێنەوارێک ناسێنراوە. قەڵاکە لە سەختیى شاخەکەدا بە شێوەى تونێلى پێچاوپێچ هەڵکۆڵراوە. نزيکەى (٨٣٠م) لە ئاست ڕووى دەرياوە بەرزە. بەشی بنەوەی بۆشە و کانييەکى سازگارى لێيە. مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانى بگاتە قەڵاکه، لە ڕێگەى پەيژەيەکى بەرزەوە نەبێت. ناو قەڵاکە، لە هەيوانێک و سێ ژوور پێکهاتووە.
سەرچاوەکان:
- گۆڤارى (سۆبارتو)، قەڵاى زەڵم، بێخاڵ تاهير محەممەد، ژمارە ٤-٥، ساڵى چوارەم -پێنجەم، هەولێر، هاوينى٢٠١١، ل٧١-٧٩.
- گۆڤارى (مێژوو)، ئەشکەوتى خان ئەحمەد خان و قەڵات و شورەى زەڵم، عبدالرقيب يوسف، ژمارە٨، چاپخانەى منارە، هەولێر، ٢٠٠٨.
- المواقع الأثرية في العراق، وزارة الأعلام مديرية الأثار العامة، النشرة طبعت في مطبعة الحکومية، بغداد، ١٩٧٠.
- قەڵا و شووراکانی زەڵم، عبدالرقيب يوسف، گۆڤاری مێژوو، ژمارە ١٨، چاپخانەی منارە، هەولێر، ٢٠٠٨، ل٨٩-٩٠.
ئامادەکردنی: یوسق باقی عەبدولقادر ئیکرام ، محەمە زەڵمی ، د. ڕێباز لوقمان مستەفا