شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

158 بابەت

بەردەلێن ١

کەوتووەتە‌ باکور و باکورى خۆرئاواى گوندى (بەکراوا)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). لە نێوان گوندەکانى (بەکراوا، گورگەچيا، کانى شێخ، کاگردەڵ، دوانزەئيمامى سەروو و دەلێن)ە. دەشتێکى بەرينە و نزيکى ٢٢٧٠ دۆنم زەویى پشتاو (دێم)‌ـە. بەهۆى ئەوەی بە جۆگەى دەلێن بەراوبووه، ئەو ناوەی لێنراوه، بەڵام لە ئێستادا بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوەوە، بوون بە زەویى پشتاو (دێم).

بەردەلێن ٢

کەوتووەتە باشوری گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ) و خۆرئاوای گوندی (دێکۆن)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). لەنێوان گوندەکە و شارۆچکەی خورماڵ هەڵکەوتووە. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە بەردەم جۆگەی دەلێن، ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووبەرەکەى نزیکەى ٢٠٠ دۆنم دەبێت. جيا لەوەیش، زەوییەکەى بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت و ٣٥ جوتیار کاری لێدەکەن و بەتایبەت بۆ گەنمکردن. ئێستا بەشێکى کراوە بە باخ.

بەرزەلەکان

کەوتووەتە دەشتی شارەزوور و لە سنوری گوندی (بەشارەتی سەروو)وە‌. بە ئاوی جۆگەی زەلەکان بەراوە، هەر بۆیە بەو ناوەش ناونراوە، چونکە دەکەوێتە بەردەم جۆگەکە. لە کۆندا بستە و لۆکەی تێدا چێنراوە. ساڵانێکیش کراوەتە توتن. بەڵام ئێستە زیاتر دەکرێتە زەڕات و دەغڵودان. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆنم دەبێت. زیاتر لە ٦٠ جوتیار زەوییەکانی بەکاردێن.

بەر شێخ موسێ

زەوییەکی تەختە لە سنوری گوندەکانی گردیگۆ و تەپەتۆڵەکەیە لە دەشتی شارەزوور. کەوتووەتە نێوان هەردوو جۆگەی چۆڵمەک و شێخ موسێ. لە دوو بەش پێکهاتووە. ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٦٠٠ دۆنم دەبێت و بەراوە. کراوەتە مەرەزە و توتن و لە ئێستادا بۆ سەوزەی هاوینە بەکاردێت.

بەرکارێزى زەمەقیى خواروو

دەشتێکى بەپيت و تەختە. کەوتووەتە سنوری گوندى (زەمەقیی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە خۆرئاواى گوندکەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە چەمى (خڕەخەزێنە). ڕێگەى سەرەکیى گوندەکە بە باشور و باشورى خۆرهەڵاتيدا تێپەڕ دەڕوات. خاکێکى ڕەشى هەیە. لە ڕابردودا بە سەرچاوەى ئاوى (کارێزى زەمەقیی خواروو) ئاودێری کراوە و کراوە بە مەرەزە.

بەرگرد

کەوتووەتە بەرگردی مەخسووتەپە لە سنوری گوندی نەوێ. لە خۆرئاوای گوندەکە هەڵکەوتووە. هەر بۆیە بەو ناوەش ناونراوە. ڕووبەرەکەی لە دەشتی پژگرد گەورەترە. ئەگەر ئاوی چەمی نەوێ زۆربێت، بەراویدەکات، ئەگەر نا بۆ کشتوکاڵی دێمی بەکارهاتووە.

بەڕوێن

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەڕوێن). دەشتێکی فراوان و بەپیتە.

بەلەسۆ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەلەسو)، زەوییەکی تەخت و بەپیتە بۆ کشتوکاڵ.

بەرجۆگه

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندی (تازەدێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزيکەى ٢٥٠ دۆنم دەبێت. دەیان جوتیار کارى کشتوکاڵى لێدەکەن. لە کۆنەوە تا ئێستا چەندین بەرهەمى کشتوکاڵى تێدا کراوه،‌ لەوانە (توتن، شوتى، گەنم و جۆ، تەماتە، خەیار).

بیران

کەوتووەتە سنوری گوندی (تەپەتۆڵەکە). بەهۆی بوونی چەند چاڵێکی سروشتیەوە، کە لە شێوەی بیردا بوون، ئەو ناوەی لێنراوە و بە واتای بوونی چەند بیرێک دێت. چاڵەکان بونەتەهۆی سەرچاوەی ئاودانی دەشتەکە. هەندێک جار ئاژەڵ و ماڵاتی سنورەکەش کەوتۆتە نێو چاڵەکان و شوانەکان توشی زیان بونەتەوە. ڕووبەری دەشتەکە زۆرە، نزیکەی ٥٠ دۆنمی لەوەڕگایە، بە ئاوی کانی مارانیش زۆربەی بەراودەبێت. بۆ مەرەزە و پەموو و توتن بەکارهاتووە.

بیسان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (جەلیلە)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) لە بناری زنجيرە شاخی شنروێ. لە خۆرهەڵاتەوە شاخی بەردەڕەشان دەڕوانێت بەسەریدا و لە نێوان چەمی بیسانی تاوێرە و بیسانی جەلیلە هەڵکەوتووە. دەشتێکی بەرزە دەڕوانێت بەسەر دەشتەکانی بەردەمیدا. کراوە بە چەند باخە هەنجیر و زەیتون.

پەينکەوڕە

کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). نزيکەى (٥٠٠م) لە ناوەندى گوندی قارەمانی و ١٢٠٠ م لە پریسی سەروو دوورە. زەوییەکانی دێمییە و بە کشتوکاڵی دانەوێڵە دەچێنرێت. بەشێکی زەوییەکانی ڕەقان و بەردەڵانە و لەوەڕگایە، لەسەر ڕێگاى سەرەکیى گوندەکەیە. نزيکەى ١٥ دۆنم زەویى پشتاوه،‌ کە بۆ دانەوێڵە بەکاردەهێنرێت. شوێنى مۆڵدان (پشوودان)ى ئاژەڵ بووە و پەينێکى زۆرى تێدا بووە، بۆيە پێیوتراوە پەينکەوڕە.

پژگرد

کەوتووەتە پشت گردی مەخسووتەپە لە سنوری گوندی (نەوێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرئاوای گوندەکە هەڵکەوتووە. ناوەکەی بەهۆی هەڵکەوتنی لە پشت گردی مەخسوو تەپەوە ناونراوە. هەندێکی بە ئاوی چەمی نەوێ بەراودەکرێت. بەشی زۆری دێمە بۆ کشتوکاڵی وشکەدان بەکاردێت.

پشت دەلێن

کەوتووەتە خۆرهەڵات و باشورى خۆرهەڵاتى گوندی (ئاوای ڕۆستەم بەگ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، لەنێوان گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ و داری بەرمەڕان. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٧٠٠ دۆنم دەبێت. بەشێکى کەوتووەتە سەر ڕێگاى سەرەکیى (خورماڵ - بیارە). لەبەرئەوەى کەوتووەتە پشت جۆگەى دەلێن،‌ زەوییەکانى بەراونین، بە دەشتى پشت دەلێن ناوی دەبرێت.

پشتزەرد

کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و لە زەوى (پشتزەرد) دەستپێدەکات، تا دەگاتە کانى خەياران و چاڵەگلێرە و پاشان دەگاتە شاخى ترشان. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٥ دۆنم دەبێت و پشتاوە و بۆ دانەوێڵە بەکاردەهێنرێت.

پشتگرد ١

کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) لە پشتى قەبرسانەکانى گوندى قارەمانيیەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە دەشتى تەقتەقان و درێژدەبێتەوە بۆ بەرزەرد و خەرمانەسوتاو (خەرمانە سوتگ)، کە دوو شوێنى گوندەکەن. نزيکەى کیلۆمەتر و نیوێک لە گوندەکەوە دوورە. ١٥٠ دۆنم زەویی پشتاوە و بۆ چاندنى دانەوێڵە بەکاردەهێنرێت.‌

پشتگرد ٢

کەوتووەتە باکوری گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە پیشت گردى تەپی سەفاوە درێژدەبێتەوە بۆ گوندی (کوڵکنی ئەحمەدی فەقێ کەرەم). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٠٠ دۆنم دەبێت. زياتر لە ٤٠ جوتیار لەم دەشتەدا زەویان هەیە و ساڵانە زەوییەکانیان دەکەن بە کشتوکاڵ. لەبەرئەوەی هەڵکەوتەی دەشتەکە کەوتووەتە پشت گوندەکەوه،‌ ئەو ناوەی لێنراوە.

پشتی بەوش

چەند پارچە زەوییەکە و کەوتوونەتە دیوی پشتەوەی گردی بەوش، لە گوندی کانی ئاسکان، لە بناری چیای سورێن لە شارۆچکەی (سیروان). هەر لەبەر ئەوەیە ئەو ناوەی لێنراوە. زەوییەکی بەپیتە و تاڕادەیەک بەردەڵانە.

پشتى دێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). هاوسنورە لەگەڵ گوندى پريسى خواروودا، کە نزيکەى ٧٠٠ دۆنم زەویى پشتاوە و بۆ دانەوێڵە بەکاردێت، بەتايبەت گەنم و جۆ و نۆک، کەوتووەتە پشتى گوندەکەوە بۆيە بە دەشتى پشتى دێ ناودەبرێت.

پلەسپى

بە دووری (١.٧م) لە باکورى خۆرئاواى سەنتەری گوندى (نێرگسەجاڕ)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) دوورە. هاوسنورە لەگەڵ دەرياچەى دەربەنديخان و لەبەرامبەر گوندى گوڵانە. لە کۆتايى زنجيرە بەرزاييەکانى خەزێنەدا هەڵکەوتووە، بەهۆى بوونى ڕيزە بەردێکى سپى ڕەنگ، کە خەڵکى ناوچەکە وەک پلە بەکاريانهێناوە و هاتوچۆيان لەسەر کردووە، بەو ناوەوە ناونراوه. پەنجا دۆنم زەویى کشتوکاڵى پشتاو دەبێت و دەکرێت بە دانەوێڵەى وەک گەنم و جۆ و نۆک‌.

پێشتر 1 2 3
...
8 دواتر