شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

158 بابەت

تەپە ئاما

تەپێکی ماتە. کەوتووەتە باشوری گوندی (عەنەب). لە نزیک ڕێگای عەنەب خورماڵە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٣٠٠ دۆنم دەبێت. تەختە و بەپیتە. لەچەمی دێوەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە گەگەڕەش. زیاتر دەکرێت بە وشکەدان و زەیتون.

تەپەڕەشکە

کەوتووەتە سنورى گوندى (زەمەقیی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سيروان). ڕێگەى (قشڵاخەڕووتە - دێکۆن)ی کەوتووەتە سەر. بەهۆى ئەوەى گرد و تەپێکى شوێنەوارى تێدايە و زۆربەی کات ڕەشەبای هەيه، ئەم ماوەی لێنراوە. بەشێکی زەوییەکەی بەراوە و بەشێکيشی(دێم). خاکێکى ڕەشى بەپيتى کەم بەردی هەیە. بەشێکی کراوە بە باخ و بەشێکیشی دانەوێڵەی لێدەکرێت.

تەپە سەوزی

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرهەڵاتى گوندى (بەکراوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). دەشتێکى تەخت و بەپيتە. نزيکەى ٣٥٠ دۆنمى پشتاو (دێم)ە، بەهۆى ئەوەى گردێکى شوێنەواريى کۆن لەو شوێنەدا هەيە بەناوى (تەپە سەوزيى)، بەوهۆيەوە ناوى دەشتەکەيش واى پێدەوترێت.

تەختی عاموورە

کەوتووەتە باشوری گوندی (عاموره)‌ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ). لەنێوان سێ تەپانی بچوک و سێ تەپانی گەورە و گوندی عامورەدایە. گەنم و جۆ و کاڵەک و تـرۆزی تـێـدا دەکـرێت، دەشتێکی فراوانە و ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٠ دۆنم دەبێت.

تەقتەقان

دەشتێکی فراوانه.‌ کەوتووەتە‌ نێوان گوندەکانی (بامۆک، دەڵەمەڕ، عەبابەیلێ) و شاری هەڵەبجه. زۆربەی خاکەکەى تەقتەق و بەرده، بۆیە ئەو ناوەشی لێنراوە. لە پارک و شاری یاری هەڵەبجەوە دەستپێدەکات هەتا بەری گوندى دەڵەمەڕ و قوتابخانەکەی عەبابەیلێ و پشتی ڕێگای سازان - هەڵەبجە، کە لەناو خەڵکيدا بە جادەی مەعەسکەرەکە ناسراوە. لەوبەری خڕەکەی دەڵەمەڕەوە دەستپێدەکات هەتا پشتی کارێزی حاجی ناجی و نزیک کانی قیبلە و لای تەنکییە شینەکەی ئێستا و بەرە و دەڵەمەڕ و عەبابەیلێ.

تەوەنە قایمێ

کەوتووەتە باشوری گوندی گوڵپ. (٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە ئێستادا مزگەوتی نوێی گوندی گوڵپ لە تەنیشتیەوە دروستدەکرێت و لە باشورییەوە گۆڕستانی نوێی گوڵپ دروستکراوە. لە باکورییەوە گوندی گوڵپ و کانی ژنان و کانی شێخ سادق و لە خۆرهەڵاتەوە تەپو تلەوەری و هانەکەمەڵە و تفەو تەپی و باخەتازە و لە خۆرئاواوە چنازەرکێ و دۆڵی نساری شەمێ و بانی بەرمەڕان و کەمتارەوڵە دەورەیانداوە. شوێنێکی سەوز و دڵگیرە و لە بەهاراندا خەڵکێکی زۆر بۆ سەیران ڕووی لێدەکەن.

تەوەنە کەوێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەشتێکی بە پیتە. بەواتای (بەردە شینەکە) دێت. وەک دەڵێن: تاکە بەردێکی تێدابووە، کە ڕەنگی شین بووە و جیـاواز بووە لـە بەردەکـانی دیکـەی ناوچـەکـە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

ترێفرۆش

کەوتووەتە سنوری گوندی (نەوێ) و (کانی ئاسمان) لە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ). لەبنەڕەتدا بەناوی ئەو ڕێگەیەوە ناونراوه،‌ کە هەورامییەکان لە هەورامانەوە بارەترێیان هێناوە و لەوێوە گەنم و دانەوێڵەیان بۆ هەورامان بردووەتەوە. دواتر بە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە وتراوە ترێفرۆش.

توڕک

بە دووریی (١٢٠٠م) دەکەویتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). لە تەنیشت زەوییەکانی پەینکەوڕە بەدیوی خۆرئاوایدا، کانی و توڕکی لێیە و ئاوەکەی دەڕواتە (دۆلی میران)، زەوییەکانی بە دانەوێڵە دەچێنرێت. ڕووبەرەکەی زیاترە لە (١٥ دۆنم)، هۆکاری ناونانەکەی بۆ ئەوە دەگـەڕێتەوە، کـە (تـوڕکـی تێدابـووە).

تیری بارام

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەردەبەل)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەی ئاوی زۆری هەیە، کە لە چیاکانی بناری سورێن سەرچاوە دەگرێت. هەر بەهۆی زۆریی ئاو، بە شەو بۆ مەرەزە و بە ڕۆژیش بۆ توتن بەکارهاتووە. لە ئێستادا زیاتر بۆ وشکەدان بەکاردێت.

چاڵان ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (مۆردین)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) لە خوارووی قەبرسانەکانی پیر هۆمەر. بەشی سەرەوەی دۆڵێکی تەسکە، تا بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان بڕوات فراواندەبێت. نەکێڵراوە وەک لـەوەرگای سروشتیی گوندەکە بەکارهاتووە.

چاڵان ٢

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (بۆین)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە ساجەڕەشەی بەڕوارەوە دەستپێدەکات بۆ کارێزی وەلی و لەوێوە بۆ کارێزی حاجی محەممەد، کە بە حەمەی کافە ناسراوە، پاشان بۆ پەچەتاڵگین و لەوێوە بۆ چاڵی داروەنان و داروەنی ئاڵتون درێژدەبێتەوە. زەوییەکی ناڕێک و چاڵ چاڵە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم دەبێت. زەوییەکی دێمە و لەڕابردوودا بە گاکێڵ بووە و کراوەتە گەنم و جۆ و دەغڵودان.

چاڵە ڕەش ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (لامەرکەزی) و (تەپەگوڵاوی)ی لە دەشتی شارەزوور و سەر بە شارۆچکەی (سیروان)‌. دەشتێکی بە پیتە و خاکێکی ڕەشی هەیە. بەهۆی نزمیی هەڵکەوتەکەی لەئاستی گوندەکە و بوونی خاکێکی ڕەشەوە، ئەو ناوەی لێنراوە. وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە. ڕووبەرەکەی نزیکەی چوار بۆ پێنج دۆنم دەبێت و بە تەنیشتیدا کانی مارف، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی و بەناوبانگی ئەو ناوچەیە بووە، تێپەڕبووە.

چاڵە ڕەش ٢

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى (بەکراوا)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى ٥٠ دۆنم زەویى پشتاوه.‌ لە دەشتى بەردەلێنەوە درێژ دەبێتەوە تا دەشتى تەپەسەوزيى. خاکێکى ڕەشى بەپيتە و بەوە ناسراوه،‌ کە بڕشتى بەرهەمى ئەو زەوييانە ناوبانگى هەيە، تاڕادەيەک لە نزماييەکدايە و چەمى بانەبۆر بە خۆرهەڵاتيدا شۆڕدەبێتەوە.

چاڵگەی عاشوور

دەشتێکی تەختە تەنها هەندێک بەشی لە دامێنی چیای بێژاوا و غوڵامییە، کە دۆڵ و بەرزی و نزمییە. دەشتەکەی لە سنوری گوندەکانی گورگەچیا و بێژاوا و ئیمامی زامن و غوڵامییە. لەلایەن میری بابانیەکانەوە لە ١٨٤٥ بە پێنج فەرمانی جیا جیا بەناوی میری میران دراوەتە مەولەوی شاعیر و سیازدە ماڵی تاوگۆزیەوە. بە دۆکیۆمێنت ئەو فەرمانانە ئەرشیف کراون و پارێزراون. زۆربەی دەکرێتە گەنم و جۆ و بەشێکیشی کراوەتە باخ و بەشێکی زۆریشی کەوتووەتە ژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە، کە بە ٥٠٠ دۆنم مەزەندەدەکرێت.

چاڵگەی پریس

کەوتووەتە سنوری گوندی (پریسی سەروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان). خاکێکی مەیلەو ڕەشی بەپیتی هەیە. ڕووبەرەکەی زیاترە لە (٨٠ دۆنم) و (٧٨٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی بەراون و بە بەروبومی سەوزە و تەڕەکاڵ دەچێنرێن. هەروەها بەشێکی دیکەی زەوییەکانی کراون بە باخ. زەوییەکانی بە ئاوی کـانییەکـانی (کـانـی دەراش و کـانـی جـانە و کـانـی چـەرمـەڵـە و سـەروەڵخ) ئـاودەدەرێن.

حاجى ساڵح

کەوتووەتە‌ باکورى گوندى (دوانزە ئيمامى سەروو) و لەبەردەم گوندەکەدايە و نزيکەى ٦٠دۆنم زەوى بووە و بە ئاوى کارێزى دوانزەئيمام بووەتە بەراو و بەهۆى کەم بوونەوەى ئاو و وشکەساڵى‌ و نەمانى ئاوى کـارێزەکـەوە، ئێسـتە بۆتـە پشـتاو.

حەوتەوانە

دەشتێکی فراوانە‌ کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بانیشار)، بۆ کشتوکاڵ بەتایبەتی بۆ وشکەدان سوودیلێدەبینن. ڕووبەرەکەى زیاتر لە ١٠٠دۆنم دەبێت.

خەرمانە قوڵ ١

کەوتووەتە بەردەم گوندی (عەبابەیلێ). ساڵی ٢٠١٢ (زانکۆی هەڵەبجە)ی لەسەر بونیادنراوە.

خەرمانە قوڵ ٢

کەوتووەتە بەری باخەکانی گوندی (جەلیلە) لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە و لە نزیک کانی (قلیج)ە. تەختە و دەیمە. شوێنەواری گۆزەی لێ دۆزراوەتەوە. چەند جارێک پارچەی گۆزەی لێ دۆزراوەتەوە. ڕەشدەواری گوندەکە بووە. کراوەتە گەنم و جۆ. لە ئێستادا بەر سنوری شارەوانی کەوتووە. لەنزیکيدا کانی قوڵەی سایەن هەیە، کە کانیەکی بەهارەیە و لە کۆندا ئاوەکـەی بۆ زۆر مـەبەسـتی کشـتوکـاڵی بەکارهاتووە.

پێشتر 1 2 3 4
...
8 دواتر