دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەرزترین ئۆرگانی حیزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. کەوتووەتە گەڕەکی دەروازەی شار لە نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٥ کراوەتەوە. یەکەم بەرپرسی (محێدین ڕەحیم) بووە. لە ئێستاشدا (دلێر محەممەد کەریم) بەرپرسیەتی. لە بەشەکانی (ڕێکخستن، دارایی و کارگێڕی، جەماوەریی و پیشەیی، ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، هەڵبژاردن، پەیوەندییەکان) پێکهاتووە. ٢٥٦ کادری هەیە. ناوچەکانی: هەڵەبجە، خورماڵ، هەورامان، سیروان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەر بەم لقەن. بیناکەی لەسەر ڕووبەری (١٢٥م٢) دروستکراوە. دوو نهۆمە.

مەکۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان

بەرزترین ئۆرگانی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پارێزگای هەڵەبجە. لەگەڵ دروستبوونی لیستی گۆران بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک بنکەیەکی جەماوەری لە سنوری قەزاکە کاریکردووە و بەپێی ڕێکخستنی حزبەکە بووەتە مەکۆ. لە: سکرتێری مەکۆ، کارگێڕی و دارایی، میدیا، پەیوەندییەکان، ژنان، پێکهاتووە. لە ئاستی ئەنجومەنی قەزادا ١٩ ڕایەڵە و بازنەی هەیە. ٢٥ کەس کارەکانی بەڕێوەدەبەن. یەکەم باژێڕەوانی (پشکۆ حەمەفرج) هەتا ساڵی ٢٠١٢ بەردەوامبووە. دواتر (نزار مەحموود ساڵح) لە دوو خولی هەڵبژرادندا و هەتا ئێستا هەڵبژێردراوەتەوە و بەردەوامە. شوێنەکەی بەرانبەر نەخۆشخانەی عەنەبە و خانوی هاوڵاتییەکە و ساڵی ٢٠٠٨ لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) بە دوو نهۆم دروستکراوە، بە کرێی ٥٠٠٠٠٠ هەزار دراوە بە مەکۆ.

مەڵبەندی هەڵەبجەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق

باڵاترین ئۆرگانی حزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. شوێنەکەی کەوتووەتە سەر ڕێگەی کانی شێخ، بامۆک. لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵی ئیسلامی دامەزراوە. لە (بەرپرسی مەڵبەند، دەستەی کارگێڕی، ناوەندی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە سیاسییەکان، هەڵبژاردن و ڕاگەیاندن، کارگێڕی و دارایی، بانگەواز و پەروەردە، ڕێکخستنی خوشکان، ڕێکخستنی برایان، ڕێکخراوەکان) پێکهاتووە. نۆ ئەنجومەنی هەیە، کە چواریان لەناو شاری هەڵەبجە و دوانیان لە سیروان و سیانیان لە هەورامانن. بەرپرسی یەکەمی (عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم حەمەڕەزا) بووە. ١٧٥ کەس کاروباری مەڵبەندەکە بەڕێوەدەبەن. بیناکەیان لەسەر ڕووبەری (٤٠٠٠م٢) دروستکراوە.

مەڵبەندی ١ی بزووتنەوەی ئیسلامی

‎ناوەندی کاروباری سیاسی و حزبی و باڵاترین دەسەڵاتی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە هەڵەبجە. کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە لە نێوان گەڕەکی شەهیدان و کانی شێخ. بەشەکانی جگە لە لقی لاوەکیی مەکتەبی سیاسی، بریتین لە: ڕێکخستن، لێپرسراوی مەڵبەند، کارگێڕی، ڕاگەیاندن، کۆمەڵایەتی، خوشکان، ئەرشیف، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، پەیوەندییەکان، پێشمەرگە دێرینەکان، کەمئەندامانی سەنگەر، شەهیدان، ڕادیۆی قورئان. ‎بیناکە موڵکی بزوتنەوەی ئیسلامییە و یەک نهۆمە ساڵی ١٩٩٣ دروستکراوە و چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. جگە لەژووری بەشەکان،‎ هۆڵی کۆبوونەوەی فراوان و ‎هۆڵی کۆبوونەوەی ئەندامان و ‎چایخانە و ‎چێشتخانە و هۆڵی فراوانی نانخواردن و حەوانەوە و ‎ژووری پاسەوان و ‎حەوشەی کۆڕ و کۆبوونەوە فەرمییە حیزبییەکانی هەیە.

مەڵبەندی ٥ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

بەرزترین ئۆرگانی حزبەکەیە لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە. سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە. ساڵی ١٩٩٤ وەک لق دامەزراوە و چەند ناوچەیەکی هەبووە. ساڵی ١٩٩٦ بووە بە مەڵبەندی پێنج و سنورەکەی پێنجوێن و قەزاری شارەزووری گرتووەتەوە، لە ئێستادا سنورەکەی پارێزگای هەڵەبجەیە بە ناحیەی بەمۆوە. بەشەکانی لە: کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن، پەروەردە، ڕێکخستن، بانگەواز، پیشەییەکان و خوێندنی باڵا، کارگێڕی و دارایی، وەرزش، هەڵبژاردن، پەیوەندییەکان، پێکهاتووە. لقەکانی ڕێکخستنی هەڵەبجە، خورماڵ، سیروان و دوو لقی خوشکان و سێ لقی قوتابیانی هەیە. ئەوکاتەی لق بووە، یەکەم لێپرسراوی مەڵبەندەکە مامۆستا (حەمەڕەشید ماوەتی) بووە هەتا کۆچیدواییکردووە. پاشان (حەسەن عەبدوڵا مستەفا) و هەتا ئێستایش بەردەوامە. ژمارەی میلاک و کادیری لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ کەسە. بیناکەی موڵکی یەکگرتووە و بنەماڵەی مامۆستا جەعفەر مستەفا زەوییەکەیان پێ بەخشیووە و بە هاوکاری ئەندامان و ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ لەسەر زەویەکی (٦٠٠م٢) بە دوونهۆم دروستکراوە و کەوتووەتە نزیک مامۆستای نەناسراو تەنیشت قوتابخانەی بورهان.

مەڵبەندی ٨ی هەورامانی بزووتنەوەی ئیسلامی

باڵاترین ئۆرگانی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە هەورامان. کەوتووەتە گەڕەکی قەڵا لە شارۆچکەی خورماڵ. سنوری ڕێکخستنی: خورماڵ، بیارە، تەوێڵە دەگرێتەوە. بیناکە موڵکی حزبە و دوو نهۆمە و لە بەشەکانی: بەڕێوەبردن، دارایی، ڕێکخستن، پەروەردە و بانگەواز، ڕێکخراوەکان، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان، کاروباری شەهیدان، هەڵبژاردن، کۆمەڵایەتی، لقی خوشکان، ناوچەکان، پێکهاتووە. دەستەی مەڵبەند لە بەرپرسی مەڵبەند و بەش و ناوچەکان پێکدێت. یەکەم بەرپرسی (مەلا تالیب سەرگەتی) بووە. لە ساڵی ٢٠١٦وە هەتا ئێستا مامۆستا عەلی حاجی زەڵمی بەرپرسیەتی.

مەڵبەندی ٩ی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەرزترین ئۆرگانی حزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. کەوتووەتە گەڕەکی پیرمحەممەد و‌ نزیک قوتابخانەی مەرزەبۆتۆی بنەڕەتی. ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە. لە بەشەکانی (ڕێکخستن، چاودێری، ئامار، هەڵبژاردن، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان، شەهیدان، بیر و هوشیاری، ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، کارگێڕی و دارایی) پێکهاتووە و ١٤ کۆمیتەی ڕێکخستن و سێ ئەنجومەنی بە ناوی (کارا، ڕاوێژکاری، پشتیوان)ـەوە سەر بە مەڵبەندەکەن. ١٢٨ کەس بەڕێوەیدەبەن. یەکەم لێپرسراوی (شۆڕش ئیسماعیل) بووە. لە ئێستاشدا (عومەری حاجی ئەحمەدی کوڵکنی) لێپرسراویەتی. بیناکەی موڵکی حزبەکەیە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠٠م٢) ساڵی ٢٠٠٢ دروستکراوە.

مستەفا زەڵمی

ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیریی ناحکومییە. کەوتووەتە سەر شەقامى هەورامان لەسەر ڕێگەى گشتیى (خورماڵ - بیارە). ساڵی ٢٠١٦ لەسەر پێشنیاز و وەسیەتی (دکتۆر مستەفا زەڵمى) لە زێدی خۆی لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە دامەرزاوه. (مەسعوود مستەفا)ی کوڕى بەڕێوبەری ناوەندەکەیە و چوار کارمەندی هەیه،‌ کە بە هاوکاری دارایی بنەماڵه،‌ خەرجیی کارمەندان و ڕێکخراوەکە دابیندەکرێت. بیناکە لەسەر ئەرکی‌ بنەماڵەی دکتۆر (مستەفا زەڵمى‌) لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م) دروستکراوە و لە دوو نهۆم پێکدێت، نهۆمى یەکەم لە (هۆڵى خوێندنەوە و کتێبخانە و ژوورى بەڕێوەبەر و ژوورى تایبەتی دکتۆر مستەفا زەڵمى، کە وەک خۆى دروستیانکردووەتەوە وەک مۆزەخانەیەک و مەزارەکەى و هۆڵێکى گەورە) پێکهاتووە، نهۆمى دووەم بریتییە (دوو هۆڵ و میوانخانە و موشتەمەلات).

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

منداڵپارێزی کوردستان، ئۆفیسی هەڵەبجە

سەر بە منداڵپاریزی کوردستانە، لە ناوجەرگەی هەڵەبجەدایە، خوار باخی گشتی. بێ ڕەچاوکردنی نەژاد و ڕەگەز و پابەندیی ئایین و سیاسەت، یارمەتیەکەکانی پێشکەشدەکات. ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە، بەشەکانی بریتین لە: گرتنەخۆ، هاوکاریی منداڵانی بێ دایک و باوک، تەندروستی، منداڵانی سەرجادە، کێشەدارە یاساییەکان، توێژەری کۆمەڵایەتی. بە پرۆگرامەکانی پاراستن و پەروەردە و ئابوری و تەندروستی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتیەکانی پێشکەش بە منداڵان کردووە. لە مانگی ١٢ی ١٩٩١وە یەکەم گوژمەی هاوکاری پێشکەش بە منداڵانی هەڵەبجە کردووە و هەتا ئێستا بەردەوامە. چەندین خولی فێربوون و هونەری و پیشەیی بۆ منداڵان کردووەتەوە و لە ڕێگەی سەنتەری گەنجان و کازیوەوە لە چالاکییەکانی ڤێستیڤاڵی هەڵەبجە و بۆنە ڕۆشنبیرییەکانی تردا بەشداربوون. ١٩٩١ بۆ ١٩٩٤ بەڕێوەبەردنی لە ڕێگەی ستافێکەوە بووە بەناوەکانی (محەممەد گردەنازێیی، ئەمین مەلا مەحموود، ئاراس عابد) پاشان (محەممەد گردەنازێیی) بووەتە بەڕێوەبەری هەتا ساڵی ١٩٩٩ بەردەوامبووە و دوای ئەو ئاراس عابد ئەکرم بووەتە بەڕێوەبەر و هەتا ئێستا لە کارەکەی بەردەوامە. دوو فەرمانبەری گرێبەستی هەیە. بینایەکی ئەهلیی دوو نهۆمە و مانگانە بە ٣٠٠٠٠٠ دراوە بە کرێ گیراوە. سەرەڕای کردنەوەی چەندین یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە و شارۆچکەی سیروان، هاوکاریی مانگانەی بەردەوامی هەیە بۆ ئەو خێزانانەی پێوەر و بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە دەیانگرێتەوە، وەک (هەتیوو، کێشەدار، جیابووەوە، نەخۆش، منداڵی سەرجادە، هەلیکار، یارمەتیی کەمدەرامەت).

ناوەندی هەڵەبجە

ڕێکخراوێکی کوردیی نێودەوڵەتییە. سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن چەند کوردێکی تاراوگەوە دامەزراوە. لەسەر پرسی ئەنفالکردن و جینۆسایدی کورد کاردەکات. ئامانجەکانی بریتین لە ڕێگەگرتن و جینۆسایدکردنەوەی دووبارەی کورد. سزادانی تاوانباران و بەڕەسمی ناسینی جینۆسادی کورد لە چوارچێوەی یاسایەکدا، بە تایبەتی یاسای نێودەوڵەتی، قەرەبووکردنەوەی کورد لەبەرامبەر زوڵمە نەتەوەیی و مرۆییەکانی، دادگاییکردنی هەموو تاونبارانی پاکتاوی ڕەگەزی و سڕینەوەی شوناسی کورد. بنکە و بارەگا و مۆڵەتی ڕەسمی لە ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپیدا هەیە. چەندین چالاکی و پەیوەندی دبلۆماسی و کۆنفراس و نامە و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی نەتەوە یکگرتووەکان و.. هتد لەو بارەیەوە سازداوە و ساڵانەش لەیادی ئەنفال و کیمیاباراندا چالاکیی جۆراوجۆری سیمینار و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن. بەهۆی پەیوەندیەکانییەوە توانیویەتی دەرگایەکی باش بە ڕووی کێشەی چارەسەرنەکراوی کورددا بکاتەوە. هەندێک لە چالاکییەکانی: تۆمارکردنی داوا بۆ کەلەبچەکردنی خەزرەجی، کار بۆ سزادانی فرانس ڤان ئانرات و بەهێزکردنی دۆسیەکە، بە دیکۆمێنتکردن و ئەرشیفی بەڵگەیی، داواکردنی نۆبڵی ئاشتی بۆ کەسایەتی کورد لەوانە لەیلا زانا، کردنی ١٦ی مارت بۆ ڕۆژێکی نێونەتەوەیی دژی چەکی کۆکوژ، پرسی ژنانی ئەنفال وچارەنوسی ١٨کچەکورد، خۆپیشاندان و یادشتدان بە سەفارەتی میسر لە لەندەن، کەنەدا، نەرویج، سوید، هۆڵەندا، دانیمارک، فینلاند، ڕۆڵبینین لە دادگایی تاوانباران، سەرنجڕاکێشانی چەندین ڕێکخراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و چەندین بانگەواز و نامەی گرنگی ئاڕاستەی سەرکردە و دبلۆماتکار و ڕێکخراو و سەرکردایەتیی کورد و پەرلەمان و حکومەتەکان کردووە و بەشداری مێزگردی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ٨ی ٦ی ٢٠١٠لە جنێف کردووە.

نەدا

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن (عومەر محەممەد حەسەن، ئومێد محەممەد حەمەساڵح، ئەمیر شەوکەت فەرەج، ستار ئەنوەر عەبدولڕەحمان) دامەزراوە. لە بواری پەروەردە و پێگەیاندن کاردەکەن. (عومەر محەممەد حەسەن) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە. ئەم ڕێکخراو جگە لە ئۆفیسی سەرەکی، لقی لە شارەدێی سیروان، خورماڵ و شارۆچکەی سەیدسادق کردووەتەوە. لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە نوسراوی ژمارە (٤٦٢٧) لە ٢٧ى ١ى ٢٠١٩ تۆمار کراوە و مۆڵەتی کارکردنی وەرگرتوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و سودبەخش بۆ کۆمەڵگە، ئۆفیسی سەرەکی کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبجە، بەرامبەر کارگەی سەهۆڵی عەبابەیلێ.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان

ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان ڕێکخراوێکی سەربەخوی ناحکومییە، ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن (قەیسەر ڕەحمان ئەحمەد)ەوە دامەزراوە. لە بواری ژینگە و مافەکانی ژنان و میدیادا کاردەکەن. (هیرۆ وەکیل جەعفەر) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، بە کۆدی ژمارە (٤٠٦ – ک) لە ٦ى ٢ى ٢٠١٣ لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تۆمارکراوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە بەهێزکردنی ژنان و کچان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، باشترکردنی بەهرەکانیان و بەدیهێنانی تواناکانیان. لەم چوارچێوەیەشدا و بە پاڵپشتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چەندین پڕۆژەى لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا جێبەجێکردووە. ئۆفیس ڕێکخراوی نوێ کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی، نزیک قوتابخانەى شنروێ.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

نیشتمانی کورد بۆ ژینگە و پەروەردە

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە، ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن (عومەر ساڵح ئەحمەد، شەتاو ڕەحیم نادر، نەجمەدین مەحمود محەممەد... هتد) دامەزراوە، لە بواری ژینگە و پەروەردەدا کاردەکەن. (هیوا فەریق) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، ئۆفیسی گشتی لە شاری سلێمانییە و لقی لە شارەکانی هەڵەبجە و کەلار هەیە. (شەتاو ڕەحیم نادر) سەرۆکی لقی هەڵەبجەی ڕێکخراوەکەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە نوسراوی ژمارە (٢٣٨٩) لە ٢٨ى ١ى ٢٠١٤ تۆمارکراوە و مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پاراستنی کلتوری نەتەوەیی و گەياندنى هۆشياریی گرنگ لە بارەى ژينگە و پاراستنى ئاژەڵەکان، بڵاوکردنەوەى زانیاری و هۆشیاری پەروەردەیی و ژینگەیی.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

هاریکاری یاسایی ژنان

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن (شۆخان حەمەڕەشید ئەحمەد، تارا عارف و تاڤگە ڕەئووف)ەوە دامەزراوە. لە بواری خزمەتگوزاری یاسایی و ژناندا کاردەکەن. (شۆخان حەمەڕەشید) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، ئۆفیسی سەرەکیی ڕێکخراوەکە لە پارێزگای سلێمانیە، لقی لە پارێزگای هەڵەبجە و شاری کەلاریش هەیە. (ساکار عارف) سەرۆکی لقی هەڵەبجەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە کۆدی ژمارە (٢٠١ ک) لە ١٨ى ٦ى ٢٠١٣ تۆمارکراوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی کۆمەڵگایەکی خاڵی لە توندوتیژی، یەکسانیی جێندەری، دادپەروەری، هۆشیارکردنەوەى خانمان و بەرەنگاربونەوەى توندوتیژیی خێزانی و ژنان. لەم بوارەشدا پرۆژەی چاودێریکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی خێزانی و ژنان لە پارێزگاکاندا بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی (NED) ئەمریکی، پرۆژەی هۆشیاریی یاسایی و کۆمەڵایەتی بە هاوکاری(Oxfam) جێبەجێدەکات.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

هەڵوێست

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن (ئەنسار کەمال، عوسمان حسێن، ئەمیرە ئەرسەلان... هتد)ەوە دامەزراوە. لە بواری چاودێریکردنی دامودەستگا حکومییەکاندا کاردەکەن. (ئەنسار کەمال غەریب) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە. لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بە کۆدی ژمارە (١٥٠٣ گ) لە ١٢ى ١ى ٢٠١٤ تۆمارکراوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی گشتی لە ڕێگەی هەڵوێستەکردن لەسەر هەنگاوە باش و کەموکورتییەکانی کاری دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا، گەیاندنی دەنگ و داواکارییەکانی خەڵک بە حکومەت و دەسەڵات بە گشتی، بەشداریکردن و کارئاسانی بۆ خستنەڕووی پرۆژەی بونیادنەر بۆ حکومەتی هەرێم، چەندین پرۆژەى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (NED, HIA) وەرگرتووە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا جێبەجێیکردوون. ئۆفیسی کەوتووەتە گەڕەکی فەرمانبەران، نزیک قوتابخانەی شەهید ئازاد هەورامی.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

هەميشە بۆ پەروەردە و خزمەت

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. لە ٢٣ى ٩ى ٢٠١٥ لەلایەن (سوهەیب فەتاح، شکار عیززەت، عەلى ساڵح)ەوە دامەزراوە. لە بواری پەروەردە و کارى خۆبەخشیدا کاردەکات، (عەلی ساڵح محەممەد) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە و بە کۆدی ژمارە (٢٨٣٠ ک) لە ١١ى ١ى ٢٠١٦ لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان تۆمارکراوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندن و دامەزراندنی کەسایەتیی تاک لەسەر بنەمای فیکری و ڕەوشتە پەسەندەکان، هەروەها گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان و لاوان و ڕەخساندنی بوار بۆ ئەزموونکردنی تواناکانیان، هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی فێرخوازان لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا. ئۆفیسی کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبجە، گەڕەکی مەرزەبۆتۆ، نزیک مزگەوتی غەزالی.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

هونەرمەندانی کوردستان - لقی هەڵەبجە

ڕێکخراوێکی پیشەییە. بیناکەیان کرێیە، کە کەوتووەتە گەڕەکی مامۆستایان لە نزیک مزگەوتی حەمزە. لە ١٢ی ٧ی ٢٠٢١ دامەزراوە و سەر دەستەی باڵای سەندیکاکەیە. لە سەرۆکی لق و سکرتێر و کارگێڕی و دارایی و پێنج ناوەند پێکهاتووە. (محەممەد عەبدوڵڵا ئەحمەد) سەرۆکیەتی. نەژاد کامل سکرتێر و هەردی هادی ئەوڕەحمان کارگێڕی و دارایی، سەربەست میرزا محەمەد لێپرسراوی ناوەندی شانۆکاران و هێدی ئیسماعیل جمیل فلیمسازان و ناسح فائق علی موزیککاران و ئەمجەد جەمال محەمەد لێپرسراوی شێوەکارانە. ٤٢٠ ئەندامیان هەیە. بیناکەیان کرێیە، خانوی هاوڵاتییە و لەگەڵ دروستکردنەوەی گەڕەکی مامۆستایاندا، دەوروبەری ساڵی ٢٠٠٠، لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ مەتردووجا دروستکراوە. بودجەی دیاریکراویان نییە. بەشداری چەندین ڤیستیڤأڵی ناوخۆیی و هەرێمی و دەرەوەیان بە بەرهەمی ئەندامانیان کردووە و خەڵاتی شیاویان هێناوەتەوە. ئیشوکاریان ڕێکخستنی کار و ڤیستیڤأڵی هونەری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕۆشنبیری بۆ بۆنە هونەرییەکان و پشتیوانی هونەرمەندان بووە.

هونەر و وێژەی کوردی - لقی هەڵەبجە

کۆمەڵەیەکی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنیرییە. بایەخ بە چالاکی و خزمەتەکان دەدات لەو بوارەدا. ساڵی ١٩٩٨ لە هەولێر دامەزراوە و بارەگای کردووتەوە. مۆڵەتی دامەزراندنی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. دەستەی دامەزرێنەری(ڕێبوار ئەحمد غوڵام، نەژاد شێخ کامیل، شەونم بەرزنجی، کۆچەر نووری، سەباح هەورامی، ڕەمزی لهۆنی)بوون. دەستەیەکی بۆ کارەکانی بەم جۆرە پێکهێناوە: (نەژاد شێخ کامیل: سەرۆکی لق. ناسیح فایەق: سکرتیری لق)، کۆچەر نووری، فواد حەسەن، عەمار نەجمەدین، ڕەمزی لهۆنی، جەلیل سەعید) ئەندام. ئەم لقە چەندان چالاکیی هونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیریان سازداوە.

هیلال ئەحمەر - لقی پاوە و هەورامانات

ڕێکخراوێکی خێرخوازیی مرۆڤایەتی ناحکوومییە. لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە دامەزرێنراوە. بەرامبەر بە ڕێکخراوی خاچی سووری ئەو وڵاتانەیە، کە ئاینیی ڕەسمی و سەرەکییان مەسیحییە. بەدەم بریندار و دیل و بێسەروشوێنبووانی شەڕی نێوان دوو وڵات یان دوولایەنەوە دەچێت. لەکاتی کارەساتە سروشتی و ترسناکەکانیشدا کۆمەک و یارمەتیی خۆی بە لێقەوماوان دەبەخشێت. لقی پاوە و جوانڕۆ و هەوراماناتی ئەم ڕێکخراوە لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگی عێراق و ئێران کاری فریاگوزاری و بە دەمەوەچوونی کردووە. بەرپرسەکەی فاروقی زەوارە بووە. بۆ نموونە ساڵی ١٩٨٧ یارمەتی کۆچکردووە هەڵەبجەییەکانی داوە. لە ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ بە ٤٠ ئەمبولانس و شەش ئەندامی مانگی سوور، بە سەدان خۆبەخشی ڕۆژهەڵاتەوە دێنە هەڵەبجە و ٣٧٠ هەزار کەسیان ڕزگار کردووە و ١٠٠هەزار ئاوارەی هەڵەبجەشیان بەسەر ئۆردوگاکاندا دابەشکردووە. هاوکاری دۆزینەوەی کەسوکاری منداڵە ونبوەکانی کردووە و لە گەڕانەوەی ئاوارەکانیشدا دوای وەستانی شەڕ، تاسەر سنور یارمەتیداون. لەکاتی کۆڕەویش هۆکار دەبێت لە گۆڕینی بڕیاری نەکردنەوەی دەرگای ئێران بۆ کردنەوە بە ڕووی ئاوارەکاندا و پێداویستی و خۆراکی گەیاندووەتە سەر سنور.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

وێنەگران - لقی هەڵەبجەی شەهید

دامەزراوەیەکی پیشەیی ناحکومییە. لەژێر ڕۆشنایی و ڕێنماییە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کار و چالاکییەکانیان ئەنجامدەدەن. ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە و لە بەشەکانی (دارایی، خول و پێشانگا، چاکسازی، کۆمەڵایەتی) پێکهاتووە. لەڕێی دەنگدانی ئەندامانەوە، ستافێکی حەوت کەسی بۆ بەڕێوەبردنی پێکهێنراوە، بەم جۆرە: (کۆسار عەبدولقادر مستەفا: بەڕێوەبەر، ڕێبوار عومەر فەقێ: جێگری بەڕێوەبەر، جەوهەر عەزیز: سکرتێر، بەرهەم جەلال: دارایی، جەلیل ئەحمەد: خول و پێشانگا، کارزان بورهان: چاکسازی، فازل محەممەد: کۆمەڵایەتی) و سەرجەمیان بەشێوەی خۆبەخش کاردەکەن. لە بینایەکی کرێدا نیشتەجێن، کە یەک نهۆمە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) پێکهاتووە و کەوتووەتە گەڕەکی جوولەکان. کاری جگە لە کارئاسانی، بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردنە بە ئەندامان و وێنەگران، کردنەوەی خولی فێربون بۆ گەنجان و فێرخوازان بۆ فێربونی چۆنییەتیی بەکارهێنانی کامێرا و گرتنی وێنە و ڤیدیۆی ئەکادیمی و کردنەوەی پێشانگایە بۆیان و ڕەخساندنی هەلیکارە.

پێشتر 1
...
37 38 39 دواتر