لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەرزترین ئۆرگانی حیزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. کەوتووەتە گەڕەکی دەروازەی شار لە نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٥ کراوەتەوە. یەکەم بەرپرسی (محێدین ڕەحیم) بووە. لە ئێستاشدا (دلێر محەممەد کەریم) بەرپرسیەتی. لە بەشەکانی (ڕێکخستن، دارایی و کارگێڕی، جەماوەریی و پیشەیی، ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، هەڵبژاردن، پەیوەندییەکان) پێکهاتووە. ٢٥٦ کادری هەیە. ناوچەکانی: هەڵەبجە، خورماڵ، هەورامان، سیروان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەر بەم لقەن. بیناکەی لەسەر ڕووبەری (١٢٥م٢) دروستکراوە. دوو نهۆمە.
مەڵبەندی هەڵەبجەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان - عێراق
باڵاترین ئۆرگانی حزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. شوێنەکەی کەوتووەتە سەر ڕێگەی کانی شێخ، بامۆک. لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵی ئیسلامی دامەزراوە. لە (بەرپرسی مەڵبەند، دەستەی کارگێڕی، ناوەندی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە سیاسییەکان، هەڵبژاردن و ڕاگەیاندن، کارگێڕی و دارایی، بانگەواز و پەروەردە، ڕێکخستنی خوشکان، ڕێکخستنی برایان، ڕێکخراوەکان) پێکهاتووە. نۆ ئەنجومەنی هەیە، کە چواریان لەناو شاری هەڵەبجە و دوانیان لە سیروان و سیانیان لە هەورامانن. بەرپرسی یەکەمی (عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم حەمەڕەزا) بووە. ١٧٥ کەس کاروباری مەڵبەندەکە بەڕێوەدەبەن. بیناکەیان لەسەر ڕووبەری (٤٠٠٠م٢) دروستکراوە.
مەڵبەندی ١ی بزووتنەوەی ئیسلامی
ناوەندی کاروباری سیاسی و حزبی و باڵاترین دەسەڵاتی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە هەڵەبجە. کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە لە نێوان گەڕەکی شەهیدان و کانی شێخ. بەشەکانی جگە لە لقی لاوەکیی مەکتەبی سیاسی، بریتین لە: ڕێکخستن، لێپرسراوی مەڵبەند، کارگێڕی، ڕاگەیاندن، کۆمەڵایەتی، خوشکان، ئەرشیف، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، پەیوەندییەکان، پێشمەرگە دێرینەکان، کەمئەندامانی سەنگەر، شەهیدان، ڕادیۆی قورئان. بیناکە موڵکی بزوتنەوەی ئیسلامییە و یەک نهۆمە ساڵی ١٩٩٣ دروستکراوە و چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. جگە لەژووری بەشەکان، هۆڵی کۆبوونەوەی فراوان و هۆڵی کۆبوونەوەی ئەندامان و چایخانە و چێشتخانە و هۆڵی فراوانی نانخواردن و حەوانەوە و ژووری پاسەوان و حەوشەی کۆڕ و کۆبوونەوە فەرمییە حیزبییەکانی هەیە.
مەڵبەندی ٥ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
بەرزترین ئۆرگانی حزبەکەیە لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە. سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە. ساڵی ١٩٩٤ وەک لق دامەزراوە و چەند ناوچەیەکی هەبووە. ساڵی ١٩٩٦ بووە بە مەڵبەندی پێنج و سنورەکەی پێنجوێن و قەزاری شارەزووری گرتووەتەوە، لە ئێستادا سنورەکەی پارێزگای هەڵەبجەیە بە ناحیەی بەمۆوە. بەشەکانی لە: کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن، پەروەردە، ڕێکخستن، بانگەواز، پیشەییەکان و خوێندنی باڵا، کارگێڕی و دارایی، وەرزش، هەڵبژاردن، پەیوەندییەکان، پێکهاتووە. لقەکانی ڕێکخستنی هەڵەبجە، خورماڵ، سیروان و دوو لقی خوشکان و سێ لقی قوتابیانی هەیە. ئەوکاتەی لق بووە، یەکەم لێپرسراوی مەڵبەندەکە مامۆستا (حەمەڕەشید ماوەتی) بووە هەتا کۆچیدواییکردووە. پاشان (حەسەن عەبدوڵا مستەفا) و هەتا ئێستایش بەردەوامە. ژمارەی میلاک و کادیری لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ کەسە. بیناکەی موڵکی یەکگرتووە و بنەماڵەی مامۆستا جەعفەر مستەفا زەوییەکەیان پێ بەخشیووە و بە هاوکاری ئەندامان و ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ لەسەر زەویەکی (٦٠٠م٢) بە دوونهۆم دروستکراوە و کەوتووەتە نزیک مامۆستای نەناسراو تەنیشت قوتابخانەی بورهان.
مەڵبەندی ٨ی هەورامانی بزووتنەوەی ئیسلامی
باڵاترین ئۆرگانی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە هەورامان. کەوتووەتە گەڕەکی قەڵا لە شارۆچکەی خورماڵ. سنوری ڕێکخستنی: خورماڵ، بیارە، تەوێڵە دەگرێتەوە. بیناکە موڵکی حزبە و دوو نهۆمە و لە بەشەکانی: بەڕێوەبردن، دارایی، ڕێکخستن، پەروەردە و بانگەواز، ڕێکخراوەکان، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان، کاروباری شەهیدان، هەڵبژاردن، کۆمەڵایەتی، لقی خوشکان، ناوچەکان، پێکهاتووە. دەستەی مەڵبەند لە بەرپرسی مەڵبەند و بەش و ناوچەکان پێکدێت. یەکەم بەرپرسی (مەلا تالیب سەرگەتی) بووە. لە ساڵی ٢٠١٦وە هەتا ئێستا مامۆستا عەلی حاجی زەڵمی بەرپرسیەتی.
مەڵبەندی ٩ی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەرزترین ئۆرگانی حزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. کەوتووەتە گەڕەکی پیرمحەممەد و نزیک قوتابخانەی مەرزەبۆتۆی بنەڕەتی. ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە. لە بەشەکانی (ڕێکخستن، چاودێری، ئامار، هەڵبژاردن، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان، شەهیدان، بیر و هوشیاری، ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، کارگێڕی و دارایی) پێکهاتووە و ١٤ کۆمیتەی ڕێکخستن و سێ ئەنجومەنی بە ناوی (کارا، ڕاوێژکاری، پشتیوان)ـەوە سەر بە مەڵبەندەکەن. ١٢٨ کەس بەڕێوەیدەبەن. یەکەم لێپرسراوی (شۆڕش ئیسماعیل) بووە. لە ئێستاشدا (عومەری حاجی ئەحمەدی کوڵکنی) لێپرسراویەتی. بیناکەی موڵکی حزبەکەیە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠٠م٢) ساڵی ٢٠٠٢ دروستکراوە.