بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
پەیمانگایەکی ناحکومی مەشق و فێرکاری و بەهێزکردنە. دەکەویتە گەڕەکی سەرا پشت نەخۆشخانەی کۆن. بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکار لە وانەو گواستنەوەی ئەزموونی مامۆستا ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوەو بە ژمارەی مۆڵەتی ٣٦٨ لە وەزارەتی پەروەردە ڕێگەی پێدراوە. پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٦ لە ژێر ناوی ئەلفادا کاریکردووە. بەشەکانی، تاقیگە، مامۆستایان، بەڕێوەبەر، فرۆشگا، هۆڵی پێشوازی، هۆڵەکانی خوێندن، سەرئاوی هەیە. هەموو وانەکانی قۆناغەکانی خوێندنی لە ١ی بنەرەتییەوە بۆ ١٢ی ئامادەیی تێدا دەوترێتەوەو خویێندکار ئارەزوومەندانە لە ڕێگەی چەند ڕێکارێکەوە وەردەگیرێت. عدنان حەمەڕشید احمد، بکالۆریۆس، عربی، یەکەم بەڕێوەبەری بووەو تا ئـێستا بەردەوامە. لە ئێستادا ٣ فەرمانبەری کارگێڕی و ١٢ مامۆستای وانە وتنەوەی هەیە. شەشیان دامەزراون و شەشیان دانەمەزراو. بیناکە موڵکی پەیمانگاکەیەو لەسەر رووبەری ٣٢٥ بە سێ نهۆم لە کۆنکرێت و پلاستیک و سکۆرێت و کاشی و دیکۆرات دروستکراوە. داهات و خەرجیان بەو بڕە پارەیە دەبێت کە لە خوێندکار وەریدەگرن لە بەرامبەر خولەکان.
ناوەندێکی زانستی و ڕۆشنبیرییە. ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە، سەر بە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانیە، سەرەتا (پەیمانگای تەکنیکی کشتوکاڵی سیروان) بوو، پاشان ساڵی ٢٠٠٣ ناوەکەی گۆڕا بۆ (پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە)، سەرەتای کردنەوەى پەیمانگاکە تەنها دوو بەشی لەخۆدەگرت، ئەوانیش (بەشی زانستی پەرستاری و بەرهەمی ڕووەکی) بوون، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٥ بەشی (بەرهەمی ڕووەکی) دادەخرێت، ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ بەشی (شیکاری نەخۆشییەکان) و ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ بەشی (کارگێڕی و کار) کراوەتەوە، هەروەها ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ بەشی (کارگێڕیی کاری ئێواران) کراوەتەوە. دەرچووانی ئەم پەیمانگایە دوای دوو ساڵ خوێندن بڕوانامەی: دبلۆمی تەکنیکییان لە بواری پسپۆڕیی خۆیاندا پێدەبەخشرێت، ئامانجی ئەم پەیمانگایە ئامادەکردن و پێگەیاندنی کادیری تەکنیکی هەڵگری بڕوانامە: دبلۆمی تەکنیکییە، کە توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانی سەردەم هەبێت بۆ بەرەوپێشچونی ڕەوتی زانستی لە کۆمەڵگەدا. لە ئێستادا لە چوار بەشی زانستی پێکهاتووە، ئەوانیش بەشەکانی (کارگێڕیی کار، شیکاری نەخۆشییەکان، پەرستاری و ژمێریاری)ن.
پەیمانگایەکی ناحکومی فێرکردنی زمان و خولی بەهێزکردنی وانەکانی خوێندنە. مۆڵەتی فەرمی کارکردنی هەیە. لە ٢٦ی ٩ی ٢٠١٨ بۆ سەرجەم قۆناغەکان کراوەتەوە. کەوتوەتە نێوان گەڕەکی جولەکان و کانیعاشقان و سەراوە، لە نێوان مزگەوتی تەکیە و مزگەوتی جمهوریدایە. بەشەکانی: کارگێڕی و مامۆستایان و پۆلەکانی خوێندن و هۆڵی سیمینار و فرۆشگای هەیە. فەرمانبەران و مامۆستایانی بەگوێرەی خولەکان و وەرزەکان و وانەکان دەگۆڕێت و بەشداربووی قۆناغی بنەڕەتییان کەمە. لە ئـێستادا زیاتر قۆناغی١٢ ئامادەیی و وانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، بیرکاری، فیزیا، کیمیا، زیندەزانی چالاکن. ڕێژەی فەرمانبەر لە مامۆستایاندا نێر زیاترەو لە قوتابیاندا مێ زیاترە. بیناکەیان کرێیە، ساڵی٢٠١٠ لەسەر ڕوبەری ٤٠٠م لە کۆنکرێت و بلۆک و بەردی حەلان و ئەسرۆپۆل و پلاستیک و کاشی بە سێ نهۆم دروستکراوە. لە پۆلەکلنی خوێندن و موشتەمەلات و گەراج و حانوت و ئیدارە پێکدێت. قوتابیانیان بەشداری خولە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیان کردووە لە پڕۆگرامی مێنتڵ ماث ١٢ یەکەمیان هەیەو لە تاقیکردنەوەی وەزاریدا ئەنجامی باشیان بە دەستهێناوە.
دامەزراوەیەکی حکومییە، سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. کەوتوەتە گەڕەکی بەختیاری. تەنیشت هۆڵی مستەفا زەڵمی. ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە. سەرەتا بەشی بیرکاری و کۆمەڵایەتی هەبووە. ساڵانی دواتر بەشەکانی زمانی کوردی و عەرەبی و وەرزشی کردووەتەوە. مامۆستا سەربەست کەریم محەمەد، بەکالۆریۆس لە فیزیادا، یەکەم بەڕێوەبەری بووە و بۆ دوو ساڵ بەکاری ڕێکخستنەوە دوور کەوتووەتەوە و مامۆستا ڕەفیق لایق تۆفیق بەکالۆریۆسی شەریعە، بووەتە بەڕێوەبەری و دواتر سەربەست کەریم بووەتەوە بەڕێوەبەر، تا کاتی داخستنی پەیمانگاکە لە ساڵی ٢٠٠٨دا، کە لەو ساڵەدا ١٥٠٠ خوێندکاری هەبووە. کاری پەیمانگاکە پێگەیاندنی مامۆستای پسپۆڕ بووە بۆ ناوەندەکانی خوێندنی بنەڕەتی. بیناکەی حکومی بووە و دواتر کراوەتە کۆلێژ و سەرۆکایەتیی زانکۆ، تا کردنەوەی زانکۆی هەڵەبجە. ئێستا بەشی ناوخۆیی زانکۆیە.
دامەزراوەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردەیە. لە ١٢ی ٩ی ٢٠٠٦دا کراوەتەوە. لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بەشی شێوەکاری و بەشی شانۆ. یەکەم بەڕێوەبەری پەیمانگاکە و یەکێک لەدامەزرێنەرانی (ڕەفیق لایق مستەفا)یە و هەتا ساڵی ٢٠١٥ لە کارەکەی بەردەوام بووە. پاشان (ئیبراهیم ڕەمەزان ناسر)، کە هەتا ئێستا بەردەوامە. ٤٤ فەرمانبەری نێر و ٣٧ فەرامنبەری مێی هەیە. لە بنەڕەتدا بیناکەی بینای قوتابخانەیە و یەکێکە لە پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ساڵی ٢٠٠٨ لەسەر ڕووبەری (٥٠٠٠م٢) دروستیکردووە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە. بە شێوەیەکی کاتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تێدا نیشتەجێبووە. کەوتووەتە نێوان بینای پارێزگای هەڵەبجە و گەڕەکی ئەندازیاران.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی(١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، لە ساڵی ١٩٦٧دا دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بینای قوتابخانەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستدەکرێت، هەتا دروستکردنی بیناکەیان لە خانوی عەزیزی ئاغاوەیس و لە ناو گوندەکەدا دەوامیانکردووە، بیناکەی لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئۆفیسی ئیداری و ژووری داتاشۆ و کتێبخانە و ژووری کۆگا و چاخانەیەک پێکهاتووە، ڕووبەری زەویی قوتابخانەکە (٢,٥١٥م٢). ئەم قوتابخانەیە هەموو ڕۆژێک دەوامیان بەیانیانە، خۆیان خاوەنی بیناکەن و جگە لە خۆیان هیچ دەوامێکی تر لە بینای قوتابخانەکەدا نییە، مامۆستا (ڤیان حەمەعەلى سۆفى ساڵح) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرێتیی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ سەبارەت بە میلاکی قوتابخانەکە ١٧مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاکی هەیە لەگەڵ ١٩ قوتابی، کە ٨یا لە ڕەگەزی نێر و ١١ لە ڕەگەزی مێن. کەوتووەتە ناوچەی کانی کوێرە لە گوندی پریسی سەرووی سەر بە ناحیەی (سیروان).
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیانە. ساڵی ١٩٥٦ بۆ یەکەمجار قوتابخانە لە گوندی (پشتە)دا کراوەتەوە. قوتابخانەکە هەتا پۆلی چوارەمی سەرەتایی تێدا بووە و لەناو بینای میریدا بووە. یەکەم مامۆستای قوتابخانەکە (عوسمان ئەحمەد) بووە، کە بە (عوسمانی ئەحمەدی خەجێ) ناسراوه و خەڵکی عەبابەیلێ بووە. لە دوای ڕاپەڕین دووبارە قوتابخانەیەکی شەش پۆلی لە بینایەکی یەک نهۆمیدا لە گوندەکەدا کراوەتەوە. لە ئێستادا هەشت مامۆستا و دوو فەرمانبەری هەیە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گەڕەکی (ملەى چنار) لە شارۆچکەی (بیارە)، ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، سەرەتا لە قوتابخانەى (بیارە)ی سەرەتایی دەوامیان کردووە. ساڵی ٢٠٠٦ دەگوازنەوە بۆ بینای ئامادەیی (بیارە)ی کوڕان، بە زەمین لەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ و خراپبوونی بینای قوتابخانەکە، بەڕێز (دکتۆر یاسین مستەفا عارف) کاری ڕووخان و سەرلەنوێ دروستکردنەوەى بیناکە لە ئەستۆدەگرێت و ساڵی ٢٠٢٠ قوتابخانەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستدەکاتەوە، بیناکەی لە دوو نهۆم و دوازدە پۆل و سێ ئۆفیـسی کارگێڕی و تاقیگەی زانست و ژووری هونەر و وەرزش و ژووری کۆگا پێکهاتووە، لەسەر ڕووبەری (٣٠٠٠م٢) دروستکراوە، مامۆستا(مەنسور تەها مستەفا) بەڕێوەبەریەتی، لە بینای (بیارەی شەریفەی تێکەڵاو) میوانن. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە ١٦ مامۆستا و دوو فەرمانبەری میلاک و یەک مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٩٨ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
خوێندنگەیەکی حکومییە. ساڵی٢٠١٠ لەناو شاری هەڵەبجە کراوەتەوە. مامۆستا (ستار ئەحمەد عەلی) یەکەم بەڕێوەبەری بووە. تایبەتە بە کوڕان و قۆناغەکانی (١٠ بۆ ١٢)ی زانستی و وێژەیی لەخۆدەگرێت و تایبەتە بە ڕەگەزی کوڕان. دوو نهۆمە و لە ١٢ پۆل پێکهاتووە. قوتابخانەی شۆڕشی نوێی بنەڕەتی لە هەمان بینادا دەوامدەکەن. کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدان بەرانبەر بەڕێوەبەرێتیی ئاوی هەڵەبجە. لە ئێستادا ٣٢ مامۆستا و شەش فەرمانبەری هەیە و ١٨٠ خوێندکار وانەی لێ دەخوێنن. مامۆستا (کاروان حەسەن حسەین) بەڕێوەبەریەتی.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە، لە هەمان ساڵدا بینای بۆ دروستکراوە، بیناکەی لە دوو نهۆم و دوازدە پۆل و سێ ئۆفیسی ئیداری پێکهاتووە. دەوامیان دوای نیوەڕوانە و میوانن لە بینای ئامادەیی پشەسازیی هەڵەبجە، مامۆستا حەمەسەعید فەرەج قادر بەڕێوەبەر و مامۆستا ئازاد فائیق سەعید و مامۆستا نەشمیل عەبدولکەریم ڕەحیم یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەن، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرێتیی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣، میلاکی قوتابخانەکە ٤٢ مامۆستا و ٢ فەرمانبەری میلاک یەک مامۆستای وانەبێژیان هەیە لەگەڵ٣٢٠ قوتابی کە ١٥٩ لە ڕەگەزی نێر و ١٦١ لە ڕەگەزی مێیە. ئەم قوتابخانەیە کەوتووەته گەڕەکی فەرمانبەران و نزیک نەخۆشخانەى شەهید فاتیحە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (تازەدێ) لە سنوری ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٨٠ لەسەر ڕووبەری (٥٠م٢) بە یەک ژووری تایبەت وەک پۆل بۆ قۆناغی سەرەتایی، کە خانوی هاوڵاتییەکی گوندەکە بووە بە ناوی(محەممەد حاجی ئەحمەد)، کراوەتەوە، هەتا ساڵی ١٩٨٧ و ڕاگواستنی گوندەکان لەلایەن حکومەتەوە کراوە بووە و دواتر نەکراوەتەوە.
دامودەزگایەکی پەروەردەیی میری بووە. کەوتووەتە گوندی تاوێرە. بۆ یەکەمجار لە سەردەمی پاشایەتیدا لە ساڵی ١٩٥٤-١٩٥٥ کراوەتەوە. لە خانوویەکی بچوکدا بە دوو دەوامی بەیانیان و ئێواران قوتابیان دەوامیان کردووە و ٢٣ قوتابی هەبووە. یەکەم مامۆستای ناوی مەلا مارف بووە. بە هۆکاری هەندێک دژایەتی و بارودۆخی سیاسی، قوتابخانەکە نەیتوانیوە وەک ناوچەکانی تر خزمەتەکانی بکات. لە بەر ئەوە داخراوە و مامۆستای بۆ نەچووە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. کەوتووەتە گوندی تەپەتۆڵەکە و سەر بە ناحیەی سیروان لەسەر ڕێگای سیروان –سەیدسادق. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە و قۆناغی(١ -٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزراوە، یەک دوو ساڵێک لە ماڵی تۆفیق محەممەد عەلی کویخای گوند وانەیان خوێندووە، دواتر لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە بە هەرەوەزی یەک پۆل و ئیدارەیەکی بچوک بە خشتی قوڕ بینای قوتابخانەکە دورستدەکرێت و هەتا ساڵی ١٩٨٧و ڕاگواستنی گوندەکە دەڕوخێنرێت، ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ڕێکخراوی (الأغاثة السلامیة) بینایەکی شەش پۆلی دروستکراوە و دواتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ژووری بەڕێوەبەر و ژووری مامۆستایان دروستدەکرێت. بیناکەی لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئۆفیسی ئیداری پێکهاتووە، ڕووبەری زەوی قوتابخانەکە (١,١٠٠م٢) دەوامیان بەیانیانە، مامۆستا بەرزان جەلال عەزیز بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرێتیی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ سەبارەت بە میلاکی قوتابخانەکە ١٥ مامۆستا و یەک فەرمانبەری میلاک و دوو مامۆستای وانەبێژیان هەیە لەگەڵ ٥٨ قوتابی.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە گوندی (تەپەزێڕینە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوی تێدایە. ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە و هەمان ساڵ حکومەت بینای سەربەخۆی بۆ دروستکردوون. ساڵی ١٩٨٨ لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە. ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی (H. A. D)ی ئەڵمانیەوە دروستکراوە. یەک نهۆمە. شەش پۆل و دوو ژووری کارگێڕی و کۆگای هەیە. لەسەر ڕووبەری (١,٢٢٠م٢) دروستکراوە. مامۆستا (کامیل ئەحمەد حسەین) بەڕێوەبەریەتی. ١٤ مامۆستا و دوو فەرمانبەری میلاک و دوو مامۆستای وانەبێژی هەیە. ٤٥ قوتابی وانەی لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە گوندی (تەپەکوڕە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوی تێدایە. لە ساڵی ١٩٨١ دامەزراوە، سەرەتا بەکرێ لە خانوویەکی گڵدا بووە. ساڵی ١٩٨٨ لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و پاشان دوای ڕاپەڕین دەستیانکردووەتەوە بە خوێندن و ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن ڕێکخراوی (H. A. D) ئەڵمانیەوە بینایەکی سەربەخۆیان بۆ دروستکراوه و ساڵی ٢٠١٨ حکومەت فراوانی کردووە. یەک نهۆمە. شەش پۆل و یەک ژووری کارگێڕی، کتێبخانە و کۆگای هەیە. لەسەر ڕووبەری (٨٢٦م) دروستکراوە. مامۆستا (سەیوان مەحموود عەزیز) بەڕێوەبەریەتی. ١٨ مامۆستا و سێ فەرمانبەری میلاک و یەک مامۆستای وانەبێژی هەیە. ٢٠ قوتابی وانەی لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (١ بۆ ٩)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گوندی (تەپی سەفا) و سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ساڵی ١٩٥٨ لەلایەن خێرخوازی گوندەکە (سەید عەلی)یەوە دروستکراوە. سەرەتا لە خانویەکی لە بەرد و خۆڵ دروستکراودا دەوامیانکردووە، لە سەرەتای حەفتاکاندا حکومەتی عێراقی بینایەک بۆ قوتابخانەکە دروستدەکات. هەتا ساڵی ٢٠١٥ دەوامی تێدا دەکرێت، پاشان لەلایەن (وەزارەتی پەروەردە)وە بینایەکی نوێ لە نێوان هەر دوو گوندی تەپی سەفای سەر و خواروودا دروستدەکرێت، بیناکەی لە دوو نهۆم و دوازدە پۆل و شەش ئۆفیـسی کارگێڕی و هۆڵێکی بۆنە و چالاکیی ژووری کۆمپیوتەر و تاقیگەی زانست و کتێبخانە و ژووری هونەر و ژووری وەرزش و ژووری کۆگا پێکهاتووە، لەسەر ڕووبەری زەوی (٧,٠٠٠م٢) دروستکراوە، مامۆستا (کاروان حەسەن محەممەد) بەڕێوەبەریەتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە ٢٦ مامۆستا و دوو فەرمانبەری میلاک و دوو مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٦١ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە گوندی (تەکیە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). قۆناغی (١ بۆ ٦)ی بنەڕەتی تێدایە. سەرەتا ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە و لە خانویەکی گوندەکەدا بە کرێ دەوامیانکردووە. ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن حکومەتەوە بینای سەربەخۆ بۆ قوتابخانەکە دروستکراوە. یەک نهۆمە. شەش پۆل و دوو ژووری کارگێڕی هەیە. لەسەر ڕووبەری (٩٤٠م٢) یە. مامۆستا (فەیسەڵ ئەسعەد قادر) بەڕێوەبەریەتی. ١١ مامۆستای میلاک و دوو مامۆستای وانەبێژی هەیە. ١٨ قوتابی وانەی لێ دەخوێنن.
باخچەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی پەروەردەی هەڵەبجەيە. ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە. کەوتووەتە شارۆچکەی (تەوێڵە) لە گەڕەکی (پشت حەوز) لە نزیک هۆڵی بۆنەکان (ئاوێسەر). لە یەک نهۆم، شەش پۆل، دوو ئۆفیسی کارگێڕی، ژوورێکی یاریکردن، ژووری هونەر و چێشتخانە پێکهاتووە. ڕووبەری (٨٥٧م٢)یە. مامۆستا (هەڵاڵە نەسرەدین حسەین) بەڕێوەبەری باخچەکەیە. ٣٤ قوتابی و چوار مامۆستا و سێ فەرمانبەری میلاک و یەک فەرمانبەری گرێبەستى هەیە.
قوتابخانەیەکی حکومییە. لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و قۆناغی (١ -٦)ی بنەڕەتی تێکەڵاوە، کەوتووەتە گەڕەکی (خانەقا) لە شارەدێ (تەوێڵە)، ساڵی ١٩٢٧ دامەزراوە و سەرەتا لە ماڵی (قادر بەگی تەوێڵەیی) لەناو بازاڕی تەوێڵەدا بووە و ٣١ قوتابی هەبووە. گۆران و بێکەسی شاعیر مامۆستای قوتابخانەکە بوون. ساڵی ١٩٥٩ کراوەتە دوو دەوام و بە ناوی تەوێڵە و هەورامان دەوامی تێدا کراوە. لە ساڵانی شەستەکاندا حکومەت بینای نوێی بۆ دروستکردووە. ساڵی ١٩٨٨ بینای قوتابخانەکە دەڕوخێرێت. ١٩٩٢ لەلایەن ڕێکخراوی (KRO) بینای قوتابخانەکە لەسەر ڕووبەری (١,٨٠٠م٢) دروستدەکرێتەوە، بیناکەی لە یەک نهۆم و شەش پۆل و دوو ئـۆفیسی کارگێڕی و ژووری وانەی زانست و ژووری هونەر و ژووری کۆگا پێکهاتووە، بە درێژای خزمەتی چەندین کەس بەڕێوەبەری بوون، لەوانە مامۆستا گۆران، شێخ سەفادین، م. حسێن، م. کەریم، م. سەرتیپ... هتد. ئێستا مامۆستا (سۆران هەیاس عەزیز) بەڕێوەبەریەتی، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ قوتابخانەکە پێنج مامۆستا و چوار فەرمانبەری میلاک و شەش مامۆستای وانەبێژیان هەیە، ٩٧ قوتابی وانەى لێ دەخوێنن. تۆماری گشتی ساڵی ١٩٢٨ی قوتابیان وەک بەڵگەنامە لە قوتابخانەکە پارێزراوە.
دامەزراوەیەی پەروەردەییە. سەر بە مەعاریفی عیراق بووە. ساڵی ١٩٣٧ کراوەتەوە. بیناکەی لە گەڕەکی مالیدەر، لە پشت شارەوانی و تەنیشت پۆلیسخانەی تەوێڵەدا بووە. یەکەم مامۆستای سەبریەخان بووە خەڵکی سلێمانی بووە خۆی و مێردەکەی لە تەوێڵە مامۆستا بوون. ساڵی دووەمی خوێندن مامۆستایەکی تری بە ناوی (مەلیعە) بۆ دادەنرێت. وەجبەی یەکەمی قوتابیانی زۆربوون و لەوانە(ئافتاب، بەدریە، حەسیبەی غەفاربەگ، نافیعە و مەلیعە و قەتحەی حاجی حەسەن، ئەختەر و سەبریە و بەدریەی حەمەئەمین، تەلیعە ئەحمەد مەولود، عەتیە ئەحمەد، حەفسە حەمەئەمین، قەتحەی حەمەکەرەم، خونچە قادر ئاغا، عەینا خواجەحسێن)، کارگوزاریکی ژنی هەبووە بە ناوی(ئاسکۆڵ) خەڵک سلێمانی بووە. دوای دوو ساڵ ئەم قوتابخانەیە بە هۆی نەبوونی مامۆستاوە دادەخرێت. ساڵی ١٩٤٨ کراوەتەوە و ١٩٥٢ داخراوەتەوە، ساڵی ١٩٥٦ دوبارە کراوەتەوە و بەردەوام بووە. لەو کاتەدا عائیشەخان خەڵکی سلێمانی هەتا ساڵی ١٩٦٣ بەڕێوەبەری بووە. پاشان مەعسومە خێزانی عەبدولوەهاب ئەتروشی بووە بە بەڕێوەبەری. ساڵی ١٩٧٧ لە بەر زۆری ژمارەی قوتابیانی کچ، کراوە بە دوو دەوام. لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٨ ڕوناک خانی مەلا عەلی هەڵەبجەیی بوەتە بەڕێوەبەری. دواجار لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨١ شێوە نەسرەدین حەمەسەعید بوەتە بەڕێوەبەری لەو ساڵەدا ٤٠٠ قوتابی دەوامیکردووە.