بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لە سەرەتاى ئەو جووت سايدەى لە تووەوشکەوە دەڕوات بەرەو چێشتخانەى هەردى، بەرامبەر باخەکانى قادر پەنجايى. زەوى مزگەوتەکە موڵکى هەریەک لە (حاجى عيساى دەرەیمەڕ، حەيدەر عوسمان عەلى "حەيدەر بەگ" و حاجى کاميلى حاجى حەمەڕەشيدى گوندەيى) بووە و بەخشيويانه و لە ئێستادا لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستدەکرێت. ڕووبەرەکەى نزيکەى (٢٠٠٠م٢)یە. مزگەوتەکه دوو نهۆمە، بەشى سەرەوە بۆ ئافرەتان تەرخانکراوە. دوو دەروازەى هەيە، گومەز و منارەى هەيە. هۆڵى پرسەى نيیە. بيرۆکەى دروستکردنەکەی بۆ ساڵى ٢٠١٩ و (عومەرى حاجى عەلى چرۆسانەيى) دەگەڕێتەوە، کە نەخۆش بووە و بڕياريداوە دواى نەشتەرگەرى مزگەوتێک دروستبکات، بەڵام هەمان ساڵ کۆچیدوايیکردووە.
کەوتووەتە گەڕەکى (پيرمحەممەد)ی شاری هەڵەبجەوه لە نزيکە لە گۆڕستانى شێخ ئيسماعيل. ناوى مزگەوتەکەش هەر لە ناوى گۆڕستانى شێخ ئيسماعيلەوە وەرگيراوە. مێژووى دروستکردنى بۆ ساڵى ١٩٦٩ دەگەڕێتەوه. له مێژووى دروستکردنيەوە هەتا ڕاپەڕينى ١٩٨٧ مامۆستا مەلا ساڵح پێشنوێژى مزگەوتەکە بووه، لەدوای ئەویش مەلا محەممەدى بامۆکى کوڕى بووە بە پێشنوێژى مزگەوتەکه، هەتا ساڵى ٢٠٠٩. چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٣ تێکدراوە و سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا فاتيح) پێشنوێژ و وتارخوێنى تێدا دەکات.
کەوتووەتە گوندی (خەرپانی) سەر بە ناحیەی (بیارە). مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باپیری زانای کورد (شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی)، کە دەکاتە (شێخ محەممەد کۆسە). شێخ عەبدوڵڵا، لە دەوروبەری ساڵی ١٧٤٢ لەدایکبووە. مزگەوتەکە لە سەردەمی ئەودا بووەتە پێگەیەکی گەورەی زانستی و مەعریفەت و ڕۆشنبیری، عەوداڵانی زانست بۆ خوێندن ڕوویان لە خەرپانی کردووە. لەلایەن میرەکانی بابانەوە چەند شوێنێکی وەک چەمی بیارە و تەوێڵە و جۆگەى دەلێن و گوندی موانی شارەزووری بۆ وەقف کراوە. چەندین زانا و شاعیر و ڕۆشنبیر و پایەرزی پێگەیاندوە، وەک مەولانا خالیدی نەقشەبەندی، مەولەوی، نالی، موفتی زەهاوی(موفتی عێراق) و مەلایاسین تەوێڵەیی. ساڵی ١٨٣٨ کۆچیدواییکردووە. ساڵی ١٩٦٤ جارێکی تر مزگەوتەکە دروستکراوەتەوە. ساڵی ١٩٧٨ لە کاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕوخێنراوە. ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن (شێخ محەممەد کوڕی شێخ جەعفەری خەرپانی)ی نەوەی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانییەوە لەسەر ڕووبەری (٥٠٠م)٢یە دروستکراوەتەوە.
ساڵى ١٩٩٨ لە لايەن (بزووتنەوەى ئيسلامی)یەوە دروستکراوە. سەرەتا بە مزگەوتى (مهاجرين)یش ناسراوه و دواى ساڵى ٢٠٠٣ ناوەکەى گۆڕراوه. کەوتووەتە کۆڵانى (ئاشتى) تەنيشت نەخۆشخانەى شەهيد (عەلى شيعه) لە شارۆچکەی (خورماڵ). سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوى (زەڵم)ـە. یەک جار نۆژەنکراوەتەوه و لە ئێستادا دوو دەروازە و منارەى ئاسنينى بچوکى هەيە. پرسەی لێ دانانرێت و نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوە. يەک خادمى هەيە. لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا مامۆستا (عەلی محەممەد حەمەساڵح یاڵانپێیی) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە گەڕەکى (دەروازەى شار). ساڵى ١٩٧٩ حکومەت دروستيکردووە. بەر لە کیمیاباران ناوى غەمامە بووە، به مزگەوتى مەلا کەريمى مۆردينيش ناسرابوو، دواى ڕووداوەکانى کیمیابارانى هەڵەبجە ڕووخاوە. ساڵى ٢٠٠٨ لەسەر ئەرکى خێرخواز (شێخ تاهير شێخ عيزەدين) سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە و ناوەکەى گۆڕاوە بۆ مزگەوتى شێخ عيزەدين. لە ماوەى ساڵێکدا و بە دیاریکراوی لە (٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨) دووبارە دروستکراوەتەوە. مزگەوتەکە دوو نهۆمە و دوو دەروازەى هەيە. ساڵی ٢٠٢٢ جارێکى تر نۆژەنکراوەتەوە و بەشی ژنانى بۆ زيادکراوە. گومەز و منارەی هەيە. پرسەى لێ دادەنرێت و نوێژى هەينى تێدا دەکرێت. مامۆستای پێشنوێژى مزگەوت لە ئێستادا (د. حسەين محەممەد ساڵح) و (د. ئومێد عومەر عەلى)یش وتاربێژى مزگەوتەکەن.
کەوتووەتە (گەڕەکى دەروازەى شار) لە بەشى سەرەوەى کۆمەڵگەی زۆرەملێی زەمەقى. ساڵى ١٩٨٥ دروستکراوە، ڕووبەرەکەى (٣٠ بە ٤٠م٢)يە. مزگەوت يەک نهۆمه و به بەراورد بە ڕووبەرى زەوييەکەى زۆر بچووکە. یەک منارە و دوو دەروازەى هەيە. نوێژى هەينيشى تێدا ناکرێت. لەکاتى کیمیاباراندا تێکنەچووە. يەک جار نۆژەنکراوەتەوە. (سيروان شێخ موحسين شێخ ئەنوەر) مامۆستای مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە گەڕەکى سەرا (لەناو خەڵکدا بە گەڕەکى بۆينييەکان ناسراوە)، ساڵى ٢٠١٣ لەسەر ئەرکى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئايينى دروستکراوە، زەوييەکەى موڵکى ماڵى مامۆستا مەلا تەهاى حاجى حسەين بووە و بەخشيويانە بە مزگەوت. مزگەوت يەک نهۆم و یەک منارە و دوو دەروازەى هەيە. نۆژەن نەکراوەتەوە نوێژى هەينی و پرسەشى تێدا ناکرێت. لە سەرەتاى بونيادنانييەوە هەتا ئێستا، مامۆستا (مەلا تەهاى حاجى حسەينى بۆينى) پێشنوێژى تێدا دەکات.
ساڵى ١٩٩٨ لەلايەن (بزووتنەوەى ئيسلامی)يەوە دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکى (قەڵا) لەسەر ڕێگەی سەرەکى (خورماڵ - ئەحمەدئاوا). سەرەتا بە مزگەوتى (هەولێريیەکان) بەناوبانگ بووە. لە وەزارەتى ئەوقافيش بە مزگەوتى (ابن تيميە) تۆمار کراوە. سەرچاوەی ئاوى مزگەوتەکە ئاوی زەڵمه. لە ئێستادا يەک دەروازە و دوو منارەى هەیە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. مامۆستا و خادمى فەرمی هەيە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (عاموورە)وە. ساڵی ١٩٦٥ بە بەرد و دار دروستکراوە و لە تەنها ژوور و هەیوانێک پێکهاتووە. ساڵی ١٩٧٨ لە کاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا ڕووخاوە. ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م٢) دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا مەهدی حاجی کەریم) وتاربێژی مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە دامێنى چياى شنروێ و گوندى (عەبابەيلێ) و لە باشورى شەخسى عەبابەيلێ و گۆڕستانەکەیەوە هەڵکەوتووە. لەلايەن (شێخ سەباح شێخ عەبدولکەريم شێخ حسەين بەرزنجیی)یەوە ساڵى ٢٠٠٩ دروستکراوه. مزگەوتەکە يەک نهۆمه. پرسەى لێ دانانرێت و نوێژى هەينی تێدا ناکرێت. زۆر بچووکە و تەنها بۆ ڕێبواران دروستکراوە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (عەبابەیلێ) و نزیک(کانی ژنان)ـە. ساڵی ١٧٠٠ دروستکراوە. یەک نهۆمە. یەک دەروازە و منارەی هەیە. گومەز و هۆڵی نییە. لە پێشتردا مەدرەسەی هەبووە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. مامۆستای فەرمی نییە. مامۆستا (مەلا عەدنان عومەر عەبابەیلێیی) وتارخوێنی مزگەوتەکەیە. ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن (شێخ کەریمی شێخ مەحموود)ەوە نۆژەنکراوەتەوە. لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی تر لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوەتەوە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەلایەن (ڕابیتەی ئیسلامی)یەوە دروستکراوەتەوە.
کەوتووەتە سنوری گەڕەکى (داڵانى ٣٠١) لە ناحیەی (خورماڵ). ساڵى ١٩٨٤ لە لايەن خێرخوازانی گەڕەکەکەوە دروستکراوە. بە مزگەوتى (هانەدنيیەکان)یش بەناوبانگە. يەک نهۆمە و دوو دەرگاى هەيه. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی زەڵم و بيرە. دوو جار ساڵى ١٩٩٤ و ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەن و فراوانکراوە. لە ئێستادا مامۆستا (عەبدولمەلیک سەعيد سابق سەرگەتى) پێشنوێژى مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە باکوری گوندی (عەلیاوا)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و لەسەر ڕووبەری نزیکەی (٣٠٠ م٢) دروستکراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ ئاوەدان بووە. مەلا ساڵح ناوێک یەکەم مامۆستای بووە.
کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). ساڵی ٢٠١٣ لەسەر ڕووبەری (٧٠٠م٢) لەلایەن خێرخواز (عەلی تۆفیق هەورامی)یەوە دروستکراوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. زەویەکەی بنەماڵەی کوێخا مستەفای بیارە بەخشیویانە، هۆڵی تایبەت بە ژنان و پیاوانیشی تێدایە. مردووشۆر و ١٢ سەرئاو و گەرماوی هەیە. ساڵی ٢٠١٤ کراوەتەوە. خزمەتیکی زۆری گەشتیاران دەکات. لە ئێستادا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەنراوه.
کەوتووەتە بەرى باشورى ڕۆژهەڵاتى گوندى عەنەب، مێژوويەکى کۆنى هەيە، پێشتر مزگەوتەکە بە دوورى (٣٠ بۆ ٤٠م)، دەکەوتە باکورى خۆرئاواى شوێنى ئێستاى مزگەوتە نوێيەکە. ساڵى ١٩٧٩ مزگەوتەکە نوێيەکە دروستکراوە. مزگەوت يەک نهۆمە، دوو دەروازە و منارەى هەيە. مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوە. نوێژى هەينى تێدا دەکرێت، مامۆستا سەڵاح تۆفيق فەرەج وتارى هەينى مزگەوتەکە پێشکەش دەکات، مامۆستا هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆريۆسە لە زانستە شەرعييەکاندا. لە ديارترين مامۆستا بەناوبانگەکانى گوندەکە: مەلا سڵێمان، مەلا عەبدولقادرى مەلا عەبدوڵڵاى عەبابەيلێ، مەلا محەممەدی گەرمیانی، مەلا عەلی ھەورامی، مەلا حەسەن و مەلا حسێنى کوڕانى مەلا عەلی ھەورامی، مامۆستا مەلا مەحموودى عەنەب، لە سەردەمى مامۆستا مەلا مەحموودا مزگەوتەکە خاوەنى مەدرەسەيەکى ئايينى بەناوبانگ بووە و بە بەردەوامى ژمارەيەک فەقێى تێدا بووە، کە لە ناوچە جياوازەکانى کوردستانەوە ڕوويان لە مەدرەسەکەى کردووە.
کەوتووەتە گەڕەکى (شەهيدان) له ناوشاری هەڵەبجە. بەهۆى نزيکیى لە گۆڕستانى شەهيدانەوە بە مزگەوتى (شەهيدان)يش دەناسرێت. زەوييەکەى موڵکى شێخ ئەنوەرى شێخ سوێڵەى عەبابەيلێی بووە، بە پارەيەکى کەم فرۆشتوويەتى بە خێرخوازان بۆ دروستکردنى مزگەوت، ئەوەى زۆر ڕۆڵى لەو مامەڵە و بە مزگەوت کردنەدا هەبووه، هەردوو کەسايەتى حاجى حەمەتۆفيقى حاجى عارفى عەبابەيلێ و عومەرى حاجى فەرەجى عەبابەيلێيى بوون، ئەوان سەرپەرشتى کارەکەيان کردووە. مزگەوتەکە ساڵى ١٩٨١ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. لە کیمیاباراندا نەڕووخاوه، بەڵام زيانى بەرکەوتووە. مزگەوتەکە يەک نهۆم بووە و سێ دەروازەى هەبووە، دوو هۆڵى پرسەى بۆ پياوان و ژنان هەبووە، منارەى هەبووه و مەدرەسەى تێدايە. نزيکەى دوو ساڵە مزگەوتەکە تێکدراوە و لەسەر ئەرکى خێرخوازان بەشێوازێکى زۆر گەورە و فراوان و بە دوو نهۆم دروستدەکرێتەوە، لەئێستادا کارى تێدا دەکرێت. چەند خانويەکى تەنيشتى مزگەوتى بۆ کڕدراوە و خراوەتە سەر مزگەوت، هۆڵ و منارە و گومەزى هەيە. شوێنى مەدرەسەى بەجيا بۆ دروستکراوە. لە سەرەتاى دروستکردنييەوە هەتاکو چەند ساڵێک بەر لە ئێستا مامۆستا شێخ محەممەدى شێخ باباڕەسوڵ پێشنوێژى مزگەوتەکە بووە، دواى مامۆستا شێخ محەممەد، مامۆستا مەلا خاليد حاجى حەمەتۆفيقى عەبابەيلێ بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژى مزگەوتەکه.
ساڵى ١٩٧٩ لە سەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. بە ناوەکانی (سەرگەتييەکان، مامۆستا سەيد نوورى)یش بەناوبانگە. کەوتووەتە گەڕەکى (داڵانى) لە ناحیەی (خورماڵ). یەک نهۆمە و دوو دەروازەى هەيه. منارەيەکى ئاسنينى هەيە، دوو جار لە ساڵەکانى ١٩٩٤ و ٢٠١٦دا لە لايەن خێرخوازانەوە نۆژەن و فراوانکراوه. لە ئێستادا مامۆستا (فەرزەندەى کوڵکنى) وتارخوێنی مزگەوتەکەیه.
کەوتووەتە گەڕەکى (کانیى شێخ)، کە ئەمڕۆ بە مۆردانە دەناسرێت. زەویى مزگەوتەکە کڕراوە. ساڵى ١٩٨٢ لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. ساڵى ٢٠١٣ جارێکى تر مزگەوتەکە تێکدراوە و لەسەر ئەرکى (شێخ نەجمەدينى شێخ محەممەدى تاوێرەيى) جارێکى تر دروستکراوەتەوە و ئەمجارەيان پارچە زەوييەکى تەنيشت مزگەوتەکە لەلايەن حاجى (حسەينى بامۆکی)یە کڕراوە و خراوەتە سەر مزگەوتەکه. ڕووبەرى مزگەوت نزيکەى (١٠٠٠م٢)یە. لە دوو نهۆم پێکهاتووه، دوو هۆڵى پرسەى هەيە، يەکێک بۆ پياوان و يەکێکيش بۆ ژنان. منارەى هەيە. لە دواى کۆچیدوايى مامۆستا (شێخ محەممەدى سازانی)یەوە، مامۆستا (مەلا ئەحمەد عەبدولڕەحمان ڕەشيد) مامۆستا و پێشنوێژى مزگەوتەکەيه.
کەوتووەتە گەڕەکى کانیە قوڵکه لەناو شاری هەڵەبجە. لە ڕۆژى هەينى ڕێکەوتى ٢٤ی ١٠ی ١٩٩٧ کراوەتەوە، زەوييەکەى ڕابيتەى ئيسلامى کورد کڕيويەتى و پاشان کردوويەتى بە مزگەوت، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٥٠×٥٠-م٢)يە، مزگەوت دوو نهۆمه و(ژێرزەمينى هەيە) سێ دەروازەى هەيە. منارە و گومەزى هەيە. وتارى هەينى تێدا دەدرێت. چەند جارێک دەستکارى ناوەوەی مزگەوت کراوه، بەڵام دەستکارى هەيکەل و دەرەوەى نەکراوە. لە ئێستادا جارێکى تر لەژێر نۆژەنکردنەوەدايە، بەڵام لە دەرەوە نەک ناوەوەى مزگەوت. لە ئێستادا (مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی) وتاربێژ و پێشنوێژی تێدا دەکات.
کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە). لەبەرئەوەی لەسەر زەوی چلەخانە و خەڵوەتگاکەی فەقێ ئەحمەدی غەزایی دروستکراوە، بە مزگەوتی فەقێ ئەحمەد ناسراوە و مزگەوتی خەڵوەخانەشی پێدەڵێن. خەڵکی گەڕەک بە سەرپەرشتی حاجی جەزا و حاجی بابالە لە ساڵی ١٩٦٨ لەسەر شوێنی چلەخانەکە ئەم مزگەوتەیان دروستکردووە. حاجی بابالەی مارف متوەلی و مامۆستا سەید ڕەشاد و دواتریش مامۆستا مەلا ساڵحی زاوای مەلا ساحێب، ئیمامی ئەم مزگەوتە بوون. ساڵی ١٩٨١ بە هۆی چۆڵکردنی تەوێڵەوە مزگەوتەکە وێرانبووە. گەرچی دیوارەکانی ماون، بەڵام هەتا ئێستا دروستنەکراوەتەوە.