بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
یەکێکە لە مزگەوتەکانی شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٦٠ دروستکراوە. لە ناوەڕاستی گەڕەکی مالێدەرە. لەبەر ئەوەی لە مەزاری پیر بابائەسکەندەرەوە نزیکە، بە مزگەوتی بابائەسکەندەر ناسراوە. لە لایەن خەڵکی تەوێڵە و ئەهلی گەڕەکەوە دروستکراوە. حاجی حەسەن ئەڵاکەرەم و حاجی حەمەعەلی کۆزاد و حاجی سەلیم لە دروستکردنیدا زیاتر هاوکار بوون. حەرەمی مزگەوتەکە گەورە نییە. دوو دەرگای هەیە. لە سەرەوە و لە خوارەوە دەچیتە ناوییەوە. هەیوانەکەی دەڕوانێت بەسەر بازاڕی تەوێڵەدا. حەوزێک و چوار دەستشۆر و وسڵخانەی هەبووە. یەکەم مەلای ئەم مزگەوتە باباحاجی بووە. لە ساڵی ١٩٦١ەوە هەتا چۆڵبوونی تەوێڵە ١٩٨١دا، (مەلا عەبدولڕەحمانی مەلا جەلیل) پێشنوێژی لێ کردووە. دوای ڕاپەڕین لە لایەن خەڵکی تەوێڵە و هاوکاریی یەکگرتووی ئیسلامی، لە ساڵی ١٩٩٣دا دروستکرایەوە. مامۆستا سەید عەبدولخالق پێشنوێژى لێ کردووە. حاجی حەسەن و حاجی ئەبوبەکری کوڕی و دواتریش دیاری عەبدولی حاجی ئەبوبەکر، خادم و متەوەلی مزگەوتەکە بوون. کۆتاجار ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی شێخ عەلی شێخ عیزەدین بەشێوەیەکی جوان دروستکراوەتەوە.
کەوتووەتە گوندی (سەرگەت) لە ناوچەی هەورامان. مێژوویەکی هەشتسەد ساڵەی هەیە. سەرەتا لە تاکە ژوورێک پێکهاتووە و بە بەرد و قوڕ لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. هەتا ئێستا شوێنەواری بەتایبەت میحرابی مزگەوتەکە ماوە. بەناوی (بابا غەیبوڵڵا)وە ناوبراوه، کە لەسەردەمی خۆیدا لەم مزگەوتە خواپەرستی کردووە و وانەی ئاینی بە خەڵکی وتووەتەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی لەبەردەم مزگەوتەکەدا بەخاک سپێرراوە.
یەکێکە لە مزگەوتە کۆنەکانی شارەدێی (تەوێڵە). کەوتووەتە گەڕەکی خەمەکاوەی لە مالێدەر دروستکراوە. بەردی قورس و گەورە لە دروستکردنیدا بەکارهاتووە. چەند بۆچونێک سەبارەت بەناوەکەی باسدەکرێن. سۆفی محەممەد باساکی و چەند هاوڕێیەکی لە تەوێڵە بازرگانی دەکەن و قازانجی زۆر دەکەن. ئەم مزگەوتە دروستدەکەن و پێیدەڵێن مزگەوتی باساکییەکان، دواتر بووەتە باساکا. یان وەستای دروستکردنی مزگەوتەکە وەستایەکی باساکی بووە. دوو برای باساکی(عەلی و محەممەد سادق) لە تەوێڵە دەخوێنن. خەڵکی تەوێڵە لەگەڵیاندا باش بوون و مامۆستای باشیان هەبووە. دوای مۆڵەت وەرگرتنیان باوکیان ئەم مزگەوتە وەک دیاری بۆ تەوێڵە دروستدەکات. مەلا عەبدولڕەحمانی یەکەم، دەرسی بەم دوو برایە وتووە. حەرەمی مزگەوتەکە هەتا ڕادەیەک گەورەیە. بە پلیکانە دەچیتە سەرەوە. حەوزێک و شەش ئاودەست و مردووشۆری هەیە. جاران ژێر مزگەوتەکە نانەواخانە بووە. لە سەرەتاوە شێخ شەهابەدیینی دزاوەری مامۆستا و پێشنوێژى لێکردووە. بنەماڵەی مەلا عەبدوڵڵای مالێدەر پشتاوپشت مەلای بوون. ساڵی ١٩٧٠ بەدواوە مامۆستایان (سەید عەبدلوڕەحمانی سەید تەها و سەید ڕەشادی سەید محەممەد) ئیمامی مزگەوتەکە بوون. بە هۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ڕووخاوە. ساڵی ١٩٩٣ خەڵکی تەوێڵە بە تایبەتی ئەهلی گەڕەک بەسەرپەرشتی سەعدی حاجی ئەحمەد وەک خۆی دروستیانکردەوە و ڕابیتەی ئیسلامی پڕۆژەی ئاوەکەی بۆ ڕاکێشاوە. نوێژی هەینیی لێناکرێت.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بامۆک). مێژووی دروستکردنی دیاریکراو نییه، بەڵام ساڵی ١٩٩٥ بنەماڵەی (حاجی محەممەدی بامۆکی) تێکیانداوە و سەرلەنوێ دروستیانکردووەتەوە و ناوەکەی گۆڕاوە بۆ مزگەوتی (حاجی محەممەدی بامۆکی). مزگەوتەکە دوو نهۆمە، منارە و کتێبخانەی هەیە. دوو دەروازەی هەیە، نوێژی هەینی لێدەکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا موعتەسەم سەعید ئەحمەد) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە گوندی (بانیبنۆک)ی بناری سورێن. ساڵی ١٩٤٨ لەسەر ئەرکی هاوڵاتیانی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (١٥٠م٢) دروستکراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکان کراوەبووە و دواتر داخراوە. ساڵی ٢٠١٥ مزگەوتێکی تر لەسەر ئەرکی خێرخوازان لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و هەتا ئێستا دەرگای کراوەیە. مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بانیشار)ی ئێستاوە. ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (١٥٠م٢) دروستکراوە. مەلا(شکار هاروون) مامۆستای مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە ناو گوندی (بانیشار)ی کۆنەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵی ١٩٦٣ لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) نۆژەن و فراوان کراوە. (مەلا محەممەدی مەلا مستەفایی خەرپانی، مەلا حەسەنی دزڵی) لە ماوەی جیاجیادا مامۆستای بوون. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکان کراوەبووە و لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.
کەوتووەتە بەشى باشورى ڕۆژهەڵاتى گوندی (باوەکۆچەک). لەسەر ڕێگەى گوندەکەیە. مێژوويەکى دێرینی هەيە. ساڵى ١٩٨١ دروستکراوەتەوە و جارێکیش نۆژەنکراوەتەوە، منارە و دەروازەی هەيه. نوێژى هەينى لێناکرێت. مامۆستاى فەرمى بۆ دانەمەزراوە.
کەوتووەتە گوندی سەرگەتی هەورامانەوە، زەوییەکەی پەچە بووە، لەکاتی کای ناشتنی مردوو خەڵک عەزیەتی زۆریان بووە. بیر لە ژورێک کراوەتەوە وەک سابات، بۆ قەبرسان، بە هۆی کۆمەکی دارایی خەسرەو ئەحمەدەوە بیرۆکەکە فراوان کراوە و کراوە بە مزگەوت. ڕوبەرەکەی ٢٥٠م٢ یە. منارە و شوێنی دەستنوێژی هەیە و بێجگە لە نوێژی هەینی، نوێژەکانی دیکەی تێدا ئەنجامدەدرێت. لەساڵی٢٠٢١ لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، (سید جەلال)سەرپەرشتیکردوە و کارەکانی بەڕێوەبردووە، لە پڕۆژەی ئاوی گوند و جارجاریش لە بیرێکەوە ئاوی بۆ دابینکراوە. مەلا مەسعودی شێخ سدیق سەروکاری دەکات.
کەوتووەتە گەڕەکى (بەختياری) لە ڕۆژهەڵاتى شارى هەڵەبجە. ساڵى ٢٠٠٦ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠٠م) لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستکراوە. زەوييەکەى لەلايەن (حاجى مەلا عەبدوڵاى دەڵەمەڕی)یەوە دابينکراوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووه. ناوى مزگەوتەکه لەناوى بيرى بەختياريى و گوندەکەوە هاتووە. منارەیەک و چوار دەروازەی هەیە. لەکاتى دروستکردنى مزگەوتەکەوە هەتا ئێستا مامۆستا (مەلا نەوزاد فەتاح شەمێرانەيى) پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.
کەوتووەتە گەڕەکی بەرجۆگە لە شارۆچکەی بیارە. ساڵی ١٩٦٠ دروستکراوە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا ڕوخاوە. دوای ڕاپەڕین لە سەر ڕووبەری ٣٠٠م٢ بە دوو نهۆم دروستکراوەتەوە. تاق و میحراب و پەنجەرەکانی هیلالین. بێجگە نوێژی هەینی نوێژەکانی تری تێدا ئەنجامدەدرێت. لەلایەن خێرخوازانەوە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە. ڕزگار نادر عەزیز و فەیرۆز حەمەساڵح سەرپەرشتیدەکەن.
ساڵى ٢٠٠٦ لەلايەن خێرخوازانەوە دروستکراوه. هۆکارى ناولێنانەکە بۆ هەڵکەوتەی شوێنەکەی دەگەڕێتەوە، کە لە بەردەم قەڵاى مێژوويى خورماڵدایە. کەوتووەتە گەڕەکى (قەڵا) و سەر ڕێی چەمی زەڵم، کە بە شارۆچکەی (خورماڵ)دا تێدەپەڕێـت. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی (زەڵم) و بیرە. دوو دەروازه و منارەیەکی هەیە. نوێژى هەينى لێناکرێت. هێشتا بە فەرمی مامۆستاى ئاينى و خادمی بۆ دانەنراوە.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندی (بەشارەتی خواروو)ەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا جارێکى تر دروستکراوەتەوە. ساڵى ٢٠٢٠ مزگەوتێکى نوێ لەسەر ئەرکى خێرخوازان لە تەنيش مزگەوتە کۆنەکە دروستکراوە و مزگەوتە کۆنەکە جێهێڵراوە. يەک نهۆمە، دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. هۆڵى هەيە و نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت.
کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندی (بەشارەتی خواروو)ەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. ساڵى ١٩٨٧ لەگەڵ ڕاگواستنی گوندەکانی شارەزووردا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٨ دەستکراوە بە دروستکردنەوەى، بەڵام تەواونەکراوه و دواتر (اغاثة الاسلامى) تەواویکردووە. يەک نهۆمە، سێ دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. مامۆستا (جەبار ئەحمەد يارئەحمەد) مامۆستا و پێشنوێژ و (د. عومەر حەمەڕەشيد) وتاربێژى مزگەوتەکەن.
کەوتووەتە باکوری ڕۆژهەڵاتی گوندی (بەشارەتى سەروو). ساڵى ١٩٧٢ دروستکراوه. ساڵی ١٩٨٢ نۆژەنکراوەتەوه. ساڵی ١٩٨٧ لەکاتی ڕاگواستنی گوندەکاندا تەقێنراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن دەستگای فریاگوزاریی ئیسلامییەوە دووبارە دروستکراوەتەوە و لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) فراوانکراوە. بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزرێنراوە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (بەکراوا). ساڵی ١٩٧٣ لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) و لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە دروستکراوە. لە هۆڵێکی گەورە، هەیوانێک، حەوزی ئاو و ژووری مردوشتن پێکهاتووە. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ ڕووخانی گوندەکان لەلایەن حکومەتەوە ڕوخێنراوە. ساڵی ٢٠٠٩ و دوای ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دووبارە و لە هەمان شوێن دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا مامۆستا (محەممەد ئەحمەد) مامۆستای مزگەوتەکەیە.
دامەزراوەیەکی ئاینییە، سەرەتای ساڵی شەستەکانی سەدەی بیست لە گوندی بەلەسۆ لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە بونیادنراوە. هۆڵێکی گەورە و بەرهەیوانێک بووە. خەڵک بە خۆبەخش و کاری خێر بانگییان داوە و نوێژەکانی تێداکراوە. لەبەر نەبوونی مەلای وتاربێژ نوێژی هەینی تێدانەکراوە.
کەوتووەتە گەڕەکى مامۆستايان لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ دروستکراوه. زەوييەکەى بەخشراوە بە مزگەوت و خێرخوازانيش دروستيانکردووە، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٦١٥م٢)يە، مزگەوتەکە سێ نهۆمه و چوار دەروازە و یەک منارەى هەيه. وتار و نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت. ساڵى ٢٠١٦ نۆژەنکراوەتەوە. هەریەکە لە مۆستایان مەلا وەهاب هانەدنی، مەلا ڕزگار حەمەسەلیم، مەلا میهرەبان حەمەسەعید ئیمام و وتاربێژی بوون. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا غالب ڕەسوڵ شەريف) وتاربێژى مزگەوتەکەیە و ناوبەناو مامۆستا سەلاحەدین مەجید بەرنوێژی دەکات.
دەکەوێتە بەشی باکوری ڕۆژئاوایی گوندی سەرگەت لە سنوری ناحیەی بیارە. لە ناو چەمێکدایە، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، چەند کەسێک سەرپەرشتیانکردووە لەوانەش(حاجی کەرەم، سەیید محەمەد، شێخ جافر). مزگەوتەکە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٦٠٠مەتر دەبێت، لە حەرەمی مزگەوت و هەیوانێک پێکهاتووە و لەبەردەمی مزگەوتەکەدا حەوزێکی ئاوی تێدایە بۆ دەستنوێژ، بیناکە بە بەرد و چیمەنتۆ و شیش دروستکراوە و دوو منارەی هەیە، کە بەرزییان دەگاتە ٤مەتر. لە ساڵی ٢٠٠٠ نۆژەنکراوەتەوە و تاکو ساڵی٢٠١٠ نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدراوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٤ جارێکی تر لەلایەن (حاجی تایر محەمەد)، نۆژەنکراوەتەوە. بەشێک لەو مامۆستایانەی لەڕابردوودا وتاریانداوە: (مامۆستا شێخ محەمەد بەرزنجی، شێخ سدیق، مەلا نیعمان مستەفا، مەلامەلیک). ناوبەناو چەند کەسێک بەرنوێژی تێدا دەکەن و ٤ خادمی هەیە.
کەوتووەتە چەقى بازاڕی شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە. ساڵى ١٩٧٩ لە لايەن خێرخوازانەوە دروستکراوە. سەرەتا يەک نهۆم بووه، دوو دەرگا و منارەیەکی هەبووه. دواى ڕاپەرين لەلایەن خێرخوازان و دووبارە لە لايەن (ڕابيتەى ئيسلاميەوه) بۆ جاری سێیەم ساڵى ٢٠٠٣ نۆژەنکراوەتەوە. دوو نهۆمە. سەرچاوەی ئاوى مزگەوتەکە ئاوى زەڵم و بيرە. چوار منارە و سێ دەروازەى هەيە. نوێژى هەينى لێدەکرێت. هۆڵێکى گەورەی بە ناوى (هۆڵى هەورامان) هەیە، کە تەواوى پرسە و مەڕاسيمەکانی خورماڵ و گوندەکانى دەوروبەرى تێدا ئەنجامدەدرێت. لە ئێستادا مامۆستا (عەلى تاهیر مەيکە گوڵپى) وتاربێژ و مامۆستا (والى خاليد زەڵمی) ئيمامى مزگەوتەکەن.