بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان و یارییە سیانیەکانی هەڵبژاردەی عێراقە. ساڵی ١٩٨٩ لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بیارە خوێندووە و ساڵی ٢٠١٦ بەشی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە. یاریی بۆ یانەکانی: پێشمەرگەی سلێمانی، شورتەی عێراقی، سەورە، سلێمانی، پەیام، دوکان کردووە. ٣٩ خەڵاتی یەکەمی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق و ٢٣ دووەمی و ١٧ سێیەمی بردووە. لە ماراسۆنی نێودەوڵەتیی بەیروت پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. لە پلە یەکەمەکانی: لەسەر ئاستی عێراق شەش جار، لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق دوو جار، لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان چوار جار. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. ئێستا مامۆستایە لە بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانە لە زانکۆی هەڵەبجە.
ساڵی ١٩٨٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانییە. لە هێڵی ناوەند یاریکردووە. لە تیپە وەرزشییەکانی: ڕێناس، کوردستان لە شاری هەڵەبجە و لاوانی خانەقای سلێمانی و هەڵبژاردەی پەروەردەی هەڵەبجە و لە هەردوو یانەی وەرزشی هەڵەبجە، سیروانی هەڵەبجە یاریکردووە و ئاستی بەرزی پیشانداوە.
ساڵی ١٩٨٣ لەدایکبووە. کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە. لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی ماستەری لە پەروەردەی وەرزشی بەدەستهێناوە. لە ئێستادا مامۆستای وەرزشە. لە تیپە میللییە وەرزشییەکانی (شەبەنگ، ڕاستی، بەڵین، سەرا، کوردستان، لە هەڵەبجە) و ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی، پێگەیاندن لە هەولێر، یاریکردووە. لە یانە وەرزشییەکانی (لاوانی یانەی سلێمانی، هەڵەبجە، هەندرێن، نیشتمانی هەولێر، سیروانی هەڵەبجە، یانەی خەلیفان) یاریکردووە. خاوەن بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتییە لە تۆپیپێدا. ماوەی ١٠ ساڵە وەک ڕاهێنەر و یاریدەدەری ڕاهێنەر لەسەر ئاستی پێشکەوتووان و لاوان و تازەپێگەشتوان، کاریکردووە. بۆ ماوەی سێ ساڵ لە قوتابخانەی تۆپیپێی ڕاستی، ماوەی پێنج ساڵ لە قوتابخانەی تۆپیپێی ئاسۆ کاریکردووە.
ناوی (بینەر مستەفا حەمەساڵح)ـە. سأڵی ٢٠٠٣ له شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١١ دەستیکردووە بە یاریی کاراتی. له ئاستی جیهان و وڵاتانی ئاسیا و عەرەبی و عێراق و کوردستان بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردووە. ساڵی ٢٠١٥ بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دياریکراوە. بۆ ماوەی نۆ ساڵ پاڵەوانی عێراق بووە. بەشداری پاڵەوانیەتیی ئاسیای لە مالیزیا کردووە و مەدالیای بەدەستهێناوه. ساڵی ٢٠٢١ لە پاڵەوانیەتیی ئاسیا لە کازاخستان پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. بەشداری پاڵەوانیەتیی ئۆڵمپیادی ئاسیای کردووه. ساڵی ٢٠٢٣ له وڵاتی چین بەشێوەی تیم پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. هەروەها لە پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەب له وڵاتانی تونس و جەزائیر و کوێت بەشداریکردووه. لەسەر ئاستى عێرق دوو جار پلەى یەکەمى بەدەستهێناوە. لە ئێستادا لە یانەى کاراتیى خورماڵ بەدەوامە لە ڕأهێنان.
یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپیپێی عێراقە. ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشییە لە سلێمانی. کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی هەڵەبجە تەواوکردووە و بڕوانامەی ماستەری لە فسیۆلۆجیای وەرزشدا هەیە. لە یانەکانی: (سیروانی شارەزوور، سیروانی نوێ، ئافرۆدیت، سەرچنار، ئافرەتانی هەولێر، بیلادی بەغداد، چۆمان، زەورا، هەڵەبجەی شەهید) یاریکردووە و ئەم دەستکەوتانەی بەدەستهێناوە: ساڵی ٢٠٠٩ یەکەم و دووەمی ئاستی تازە پێگەشتووان لە یانەی سیروانی نوێ بۆ گۆڕەپان و مەیدان ١٠٠مەتری. ساڵی ٢٠١٢، یەکەمی کوردستان و عێراق لە تۆپی دەست لەگەڵ یانەی ئافرۆدێت. ساڵی ٢٠١٣ دووەم لە فوتساڵ. ساڵی ٢٠١٤ پلەی پێنجەم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق یاریی تۆپی دەست لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب لە ئیمارات. ساڵی ٢٠١٧ یەکەمی کوردستان لە یاری فوتساڵ لەگەڵ ئافرەتانی هەولێر. ساڵی ٢٠١٨ یەکەمی خولی کوردستان لە یاری فوتساڵ بۆ یانەی سیروانی نوێ. ساڵی ٢٠٢٠ پلەی دووەم لەگەڵ یانەی چۆمان لە فوتساڵ. هەمان ساڵ پلەی دووەمی فوتساڵی یانە نایابەکانی عێراق. ساڵی ٢٠٢٢ یەکەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستان. هەمان ساڵ پلەی یەکەم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانیەتیی غەربی ئاسیا. خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتییە. لە ئێستادا مامۆستایە لە کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی هەڵەبجە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی وەرزشی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی و دواتریش کۆلێژی پەروەردی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە (سیروان) لە هەڵەبجە یاریی تۆپیپێی کردووە. لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە یاری تۆپی بالە و تۆپی باسکەی کردووە و داوەری یاریی تۆپی بالەی کردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٦ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی تۆمارکردنی خانوبەرەی هەڵەبجە. وەرزشەوانی تۆپیپێیە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: کوردستان لە ئۆردوگای شاری جوانرۆی ئێران، نەوڕەسی، شنروێ، کوردستان، هەڵبژاردەی تۆپیپێی هەڵەبجە، هەڵبژاردەی تۆپیپێی شارەزوور، یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی ئەزمەڕ، یاریکردووە. یەکێک بووە لەو وەرزشەوانانەی تیپی وەرزشی کوردستانیان دروستکردووەتەوە. ماوەی شەش ساڵ ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی هەڵەبجە بووە. لە دامەزرێنەرانی تیپی یاریزانە دێرینەکانی هەڵەبجە، تیپی پۆلیسی هەڵەبجەیە. ساڵانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٦ یەکەمی ماراسۆن بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
وەرزشەوانێکی کاراتییە. ساڵی ٢٠١٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قوتابیی نۆیەمی بنەڕەتییە. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٢١ بەشداری پاڵەوانیەتیی یانەکانی کوردستانی کردووە و پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٢٢ بووەتە خاوەنی پشتێنی ڕەشی دان یەک و بەشداری پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتیی گەورەی تارانی (ماستەر کاپ)ی کردووە و پلەی یەکەمی لە(کۆمێتە) بەدەستهێناوە و مەدالیای زێڕی پێدراوە. ساڵی ٢٠٢٣ بەشداری پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی مازندەرانی کردووە و لە یاریی(کاتا) و (کۆمێتە) پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و دوو مەدالیای زێڕی بۆ شارەکەی هێناوەتەوە و هەمان ساڵ بە ئۆتلاین لە یاریی نمایش پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. مانگی چواری ٢٠٢٤ بەشداریی پاڵەوانێتیی یانەکانی عێراقی لە شاری سلێمانی کردووە و لە یاریی کۆمێتە بۆ کێشی ٥٤کغم بۆ تەمەنی ١٤-١٥ساڵ، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و مەدالیای زێڕی پێبەخشراوە، بەم سەرکەوتنەی هەڵبژێرراوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق.
یاریزانی (ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵی ٢٠٠٢ لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ) دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. بەشداری چەندین پاڵەوانیەتیی ناوخۆ و دەرەوەی کردووە و توانیویەتی لەسەر ئاستی کوردستان پلەی یەکەم بە دەستبهێنێت. زیاد لە ١٠ جار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق پلەی یەکەم و دووەمی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٥ بووە بە یاریزان لە هەڵبژاردەی عێراق و ماوەی هەشت ساڵە لەو هەڵبژاردەیەدایە. لە چوار پاڵەوانیەتیی ئاسیایی (مالیزیا، ئۆزباگستان، کازاخستان، چین) و دوو پاڵەوانیەتیی جیهانى لە وڵاتی (ئیمارات، هەنگاریا) بەشداریکردووە. لە دەستکەوتە وەرزشییەکانی: یەکەمی پاڵەوانیەتیی کوردستان لە سلێمانی. دووەمی پاڵەوانیەتیی کوردستان لە سلێمانی. یەکەمی پاڵەوانیەتیی عێراق ساڵی ٢٠١٥. یەکەمی پاڵەوانیەتیی عێراق ساڵی ٢٠١٧. یەکەمی پاڵەوانیەتیی عێراق ساڵی ٢٠١٨. یەکەمی پاڵەوانیەتیی عێراق ساڵی ٢٠١٩. یەکەمی پاڵەوانیەتیی عێراق ساڵی ٢٠٢١. یەکەمی پاڵەوانیەتیی عێراق ٢٠٢٣. دووەمی پاڵەوانیەتیی ئاسیا لە وڵاتی مالیزیا ساڵی ٢٠١٩. دووەمی پاڵەوانیەتیی ئۆڵۆمپیادی ئاسیا ساڵی ٢٠٢٣. دووەمی پاڵەوانیەتیی ئاندیەی عەرەبی ساڵی ٢٠٢٢. سێیەمی پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەب ٢٠٢٠. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە تاراندا یەکەم بووە. دووەمی پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە ئیلام، سێیەمی پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە کرماشان...
ناوی (پەیوەند عیزەدین عەبدولکەریم)ـە و بە (پەیوەند ئەحمەدئاوایی) ناسراوە. ساڵی ١٩٩١ لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و و ناوەندی لە ئەحمەدئاوا و ئامادەیی لە خورماڵ و کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵى ٢٠١٠ەوە دەستى بە یاریی تۆپی بالە و پاسکیلسواری کردووە. لە یانەکانی (پێشمەرگە، هەڵەبجە) یاریکردووە. لەگەڵ یانەی وەرزشی هەڵەبجە لە خولی نایابی کوردستان و پلەیەکی (عێراق) یاریکردووه. ساڵی ٢٠١٥ چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەگەڵ یانەکانی (پۆست ئێس فاو) و (شڤابیگ بۆندسلیگا) یاریکردووە. ساڵی ٢٠١٨ چووەتە یانەی (کاتسڤانگ شڤاباخە) و لە خولی (لاندسلیگا) یاریکردووە. ساڵی ٢٠٢٠ باشترین یاریزانی مەرکەزی دووی لاندسلیگا بووە. ساڵی ٢٠٢٣ بە پاسکیل گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و هەر بە پاسکیل گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (پیران لەتیف مەولوود عەلی)یە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی خانەی مامۆستایانە لە سلێمانی. لە ئێستادا مامۆستایە لە سلێمانی. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (خەبات، شنروێ، کوردستان، هەڵبژاردەی خانەی مامۆستایانی سلێمانی)، هەروەها لە سەروەری لە سلێمانی یاریکردووە.
ساڵی ١٩٨٢ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتای و ناوەندی هەر لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٦ پەیوەندی بە یانەى وەرزشى پەیام (بەشى کیک بۆکسینگ) کردووە. بۆ یانەی وەرزشی شەقڵاوە، ئاشتی لە شاری سێمانی یاریکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانی هەڵبژاردەی کوردستان بووە. ساڵى ٢٠٠٩ بەشدارى لە پاڵەوانیەتیی (یەزدی ئێران) دەکات و توانى لە نێوان چوار دەوڵەتدا مەدالیای ئاڵتون بەدەستبهێنێت. بەشدارى لە پاڵەوانیەتیی و میهرەجانی وەرزشی لە جزیرەی کیش کردووە و توانى پلەی دووەمی پاڵەوانیەتییەکە بەدەستبهێنێت. ساڵی ٢٠١٣ وەک یاریزانى هەڵبژاردەی کوردستان لە پاڵەوانییەتیی جیهانیى ڕێکخراوی (WKU) لە وڵاتی (یۆنان) بەشداردەبێت و توانی مەدالیای ئاڵتون و پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکە بەدەستبهێنێت. دواتر ئەم مەدالیا ئاڵتونەى بە (مۆنۆمێنتی هەڵەبجە) بەخشیوە. ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، بووە بە ڕاهێنەرى یاریى کیک بۆکسینگ و بەشداری چەندین پاڵەوانیەتیی جیهانی و ناوخۆى کردووە. ساڵی ٢٠١٥ وەک نوێنەری یەکێتیی کیک بۆکسینگی جیهان لە کوردستان هەڵبژێرراوە و تا ئێستاش وەک ڕاهێنەر لەکارەکەى بەردەوامە.
ناوی (تالب کامل جەعفەر)ە و بە (تالبی شێخ کامیل) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. وەک یاریزان و ڕاهێنەر لە ناوەندی وەرزشیی هەڵەبجەدا ناسراوە، لە تیپە دیارەکانی: خەبات، ئاوارە، کوردستان، سلێمانی، چوارباخ، یانەی هەڵەبجە، خەلیفان، سیروانی شارەزوور، لاوانی سلێمانی، هەڵبژاردەی هەڵەبجە، شارەزوور، یانەی پۆلیسی سلێمانی یاریکردووە و ئاستێکی بەرزی پیشانداوە. ڕاهێنەری ئەم تیپە وەرزشی و یانانەش بووە: یانەی هەڵەبجە، خورماڵ، سیروانی شارەزوور، کوردستان، هەڵبژاردەی دێرینەکان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە یاریزانی کاراتی بووە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (خارگێڵان) لەدایکبووە. لە ساڵانی ١٩٨٦-١٩٨٧دا لە یارییەکانی موسڵدا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٦ کۆچیدواییکردووە و لە خارگێڵان بەخاکسپێرراوە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (عەنەب)ی هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی لە شاری بەسرە تەواوکردووە. لە ئێستادا لێپرسراوی چاکسازیی دووی کارەبای هەڵەبجەیە. ژیانی وەرزشی لە گوندی بیاوێڵە و لە قوتابخانە بە یاریی تۆپیپێ دەستپێکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (بیاوێڵە، هێمن، ئازادی، یاریزانە دێرینەکانی شنروێ، یاریزانە دێرینەکانی کوردستان).
یاریزانى (ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵى ٢٠٠٠ لەدایکبووە. بڕوانامەى ئامادەیی هەیە. خاوەنی پشتوێن (ڕەشی دوو دانە)یە. ماوەى سێ ساڵە لەسەر یەک لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراقە. لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتیەکان بەشداربووە. لە تەمەنی پێشکەوتوان لە پاڵەوانیەتیی (غەربی ئاسیا) لە وڵاتی (ئوردن) پەلەى یەکەمى بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٢٢ پلەی یەکەمی لە پاڵەوانیەتیی (غەربی ئاسیا) لە وڵاتی (ئوردن) و ساڵی ٢٠١٩ پلەی یەکەمی لە پاڵەوانیەتیی جامی پایتەخت لە وڵاتی ئێران بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٨ پلەی دووەمی تیمی لە پاڵەوانیەتیی کوردستان و ساڵى ٢٠١٩ پلەی دووەم لە پاڵەوانیەتیی کوردستان بە شێوەی تاک بەدەستهێناوە. لە ساڵى ٢٠٢٢ پاڵەوانیەتیی عێراق پلە یەکەم لە کاتا و هەمان ساڵ پلەی دووەمی تیمی پاڵەوانیەتیی کوردستان.
ئەکادیمی و وەرزشەوانە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ماستەری لە زانکۆی کۆیە لە پەروەردەی وەرزش و دکتۆرای لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی کۆیە خوێندووە و نازناوی زانستیی پڕۆفیسۆرە. لە ماوەی جیاوازدا، ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی وەرزش، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران به وەکالەت بووە. لە دەستەی دامەزرێنەری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بووە، کە دواتر بووە بە زانکۆی هەڵەبجە. لەسەر پێشنیازی ئەم، یاریگای نێودەوڵەتیی هەڵەبجه کراوەتە موڵکی زانکۆ. چەندین سیمینار و سیمپۆزیۆم و وۆرکشۆپی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و خول و چالاکیی زانستی و فیستیڤاڵی وەرزشییان ئەنجامداوە. لە یاریی تۆپی بالەدا، یاریزانێکی دیار و بەتوانای هەڵەبجە و کوردستان بووە. لەم یانە وەرزشییانەدا یاریکردووە: یانەی وەرزشی پەیام، یانەی وەرزشی هەولێر، یانەی وەرزشی سیروانی نوێ، یانەی وەرزشی ئازادی، یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی دەربەندیخان، یانەی وەرزشی بروسک، لە یەکەمین هەڵبژاردەی تۆپی بالەی کوردستان یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (تۆفیق حەمەئەمین ڕەحیم کەریم)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە هەڵەبجە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە سلێمانی. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (کوردستان، هەڵۆ، نەورۆز، دیمەن، سپۆرت، هێمن، مەهاباد، خەبات، تیپی تۆپیپێی هەڵبژاردەی ئۆردوگای هەرسین). لە سلێمانی لە ئاشتی، کارێزە وشک، شاڵاو یاریکردووە. هەروەها لە یانەی وەرزشی ئاشتیی سلێمانی، مەشق و ڕاهێنانی کردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٤٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆیە لە سلێمانی. لە ئێستادا فەرمانبەری خانەنشینە. یاریزانێکی دیاری بێستوون بووە لە هەڵەبجە. لە تیپی ئامادەیی کشتوکاڵی لە ١٩٧٠ لە کاتی خزمەتی سەربازی تا ساڵی ١٩٧٦ یاریکردووە، پاشان وازی لە یاریکردن هێناوە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (جەبار حەمەئەمین حەمەسەعید حسێن)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی فیزیادا هەیە. لە ئێستادا مامۆستایە لە هەڵەبجە. لەم تیپە وەرزشییە میللیانە لە هەڵەبجەدا یاری تۆپیپێی ئەنجامداوە: ئاشتی، هێمن، شنروێ. لە کاتی ئاوارەیی لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ وڵاتی ئێران، لە ئۆردوگای شاری سنغووری کولیایی لە ئۆردوگا، یاری تۆپیپێ و تۆپی بالەی ئەنجامداوە.