کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

357 بابەت

محەممەد عەبدوڵا مستەفا

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (محەممەد عەبدوڵا مستەفا خەسرەو)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ئامادەیی پیشەسازیی هەڵەبجە تەواوکردووە. یەکێک بووە لە یاریزانە بەتواناکانی شاری هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان. لە یاری تۆپیپێ لە تیپە میللییە وەرزشییەکانی (سپۆرت، هێمن، شنروێ) لە هەڵەبجە و تیپی وەرزشی زانکۆ لە قەزای شارەزوور و تیپی وەرزشی کوردستانی هەڵەبجە و لە یانەی وەرزشی برایەتی و یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی کەمال سەلیم، یانەی وەرزشی هەولێر، یانەی وەرزشی برووسک، یانەی وەرزشی سلێمانی و هەڵبژاردەنی کوردستان و تیپی وەرزشی ڕزگاری کوڕانی مەخموور -هەولێر، یاریکردووە. لە ئێستادا وەک یاریزانی دێرین یاریدەکات.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد عومەر شەوکەت

یاریزانی (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵی ٢٠٠٨ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. خوێندکاری پۆلی نۆی بنەڕەتییە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە (ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ) دەستی بە یاریی کاراتی کردووە و خاوەنی پشتوێنی ڕەشی دان یەکە. لە چەندین پاڵەوانیەتیدا بەشداریکردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٩ لە پاڵەوانیەتیی کاراتی لە تاران، پلەی دووەم. ساڵی ٢٠٢٢ لە پاڵەوانیەتیی کوردستان لە خورماڵ، پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی کاراتیی باکوری عێراق لە شاری سلێمانی، پلەی یەکەم. هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی هەڵبژاردەی عێراق پلەی سێیەم. یەکەم لیگی کاراتیی خورماڵ، پلەی یەکەم. چوارەمین لیگی کاراتیی خورماڵ، پلەی سێیەم.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد عومەر عەبدوڵا

یاریزانى (ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵى ٢٠٠٦ لەدایکبووە. خوێندکارى قۆناغى دوانزەى ئامادەییە. پشتوێنی (ڕەشی دان دوو)ى بەدەستهێناوە. لە چەندین پاڵەوانیەتیدا بەشداریکردووە لەوانە: یەکەمین پاڵەوانیەتیی کوردستان بۆ منداڵان پلەی سێیەم‌، هەمان پاڵەوانێتی بۆ کۆمێنت لە کێشی ٣٠ کغم، پلەی دووەم. پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی (جامی ئێران زەمین) بۆ کۆمێنت پلەی یەکەم بۆ کێشی ٣٥ کغم بۆ کاتا پلەی دووەم ساڵی ٢٠١٩، پاڵەوانیەتیی یانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی منداڵان و تازە پێگەشتووان بە شێوازی تاک لە کۆمێت پلەی یەکەم و لە پاڵەوانیەتیی جامی پایتەخت لە شاری (تاران) پلەی دووەم لە ساڵى ٢٠١٩. پاڵەوانیەتیی کاراتیی خورماڵ ئاستی منداڵان پلەی یەکەمى ساڵی ٢٠٢٠، پاڵەوانیەتیی باکوری عێراق لە هەولێر پلەی یەکەم ساڵی ٢٠٢١، پاڵەوانیەتیی باکوری عێراق لە کەرکوک پلەی یەکەم ساڵی ٢٠٢١. پاڵەوانیەتیى نێودەوڵەتى لە وڵاتی تورکیا ساڵى٢٠٢٢، پاڵەوانیەتیی ئاسیا لە وڵاتی ئۆزپاکستان لە ٢٠٢٢. پاڵەوانیەتیی خۆرئاوای ئاسیا لە وڵاتی ئوردن ساڵى ٢٠٢٣.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد فارس ئەڵڵایار

ڕاهێنەری وەرزشییە. ساڵی ١٩٩٤ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە. بڕوانامەی نێودەوڵەتی ڕاهێنەریی کاراتی هەیە. خاوەنی بڕوانامەی پشتوێن ڕەشی دان دووە. لە چەندین پاڵەوانیەتیدا بەشداریکردووە و ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، لەوانە: ١٢ جار پلەی یەکەم و دووەمی عێراق و کوردستان، ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠٢١ پلەی دووەمی عێراق، ساڵی ٢٠١٦و ٢٠١٨ پلەی سێیەمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٣ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستى پارێزگای سلێمانی، ساڵی ٢٠١٨ پلەی دووەمی پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئێران بەدەستهێناوە. لە ئێستادا وەک ڕاهێنەر لە(ئەکادیمیای کاراتى خورماڵ)بەردەوامە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد فەتاح لیرە

یاریزان، مامۆستا، ڕاهێنەر، سەرپەشتیاری وەرزش. ناوی (محەممەد فەتاح عەبدولمحەممەد)ە. بە (محەممەد فەتاح لیرە) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، بەشی وەرزشی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی هەولێری تەواوکردووە، لە چەندین قوتابخانە خزمەتیکردووە، پاشان وەک سەرپەرشتیاری نیشتەجێی هەڵەبجە بۆ قوتابخانەکانی هەڵەبجە کاریکردووە. ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨١، یەکێک بووە لە یاریزانە دیار و بەتواناکانی شار. ساڵی ١٩٧٠ لە تیپی وەرزشی هیوای هەڵەبجە یاریکردووە، کە بەهێزترین تیپی ئەو کاتەی شار بووە، ساڵی ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٤ یاریی بۆ یانەی وەرزشی هێرشی هەولێر کردووە، لە ئێستادا خانەنشینە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد فەرەج سەعید

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (محەممەد فەرەج سەعید سلێمان)ـە. ساڵى ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى خانەى مامۆستایانى سلێمانی و کۆلێژى پەروەردەى ئیسلامییە لە کەرکوک‌. لە ئێستادا خانەنشینە. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەدا یاریکردووە:( دیمەن، تیپى هەڵبژاردەى خانەى مامۆستایانى سلێمانى "یارى گۆڕەپان و مەیدان و یارى تۆپى بالە") و لە بەشى بالەى مەڵبەندى لاوانى هەڵەبجە یاریکردووە. لە ناوەڕاستى ساڵانى نەوەدەکاندا ئەندامى دەستەى کارگێڕیى یانەى وەرزشی پەیام و سەرپەرشتیارى یاریى تۆپى سەرمێز و یاریى کیک بۆکسێنگ بووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد فەرەج محەممەد

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (محەممەد فەرەج محەممەد ڕەشید)ە. ساڵی ١٩٥٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی بە وەرزش و دیدەوانی کردووە. سەرەتای ژیانی منداڵی بە وەرزشی جوانیی لەش دەستپێدەکات لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری بەغداد لە پێشبڕکێی یاریی جوانیی لەش پلەی یەکەمی بە دەستهێناوە. لە هەڵەبجە مەشق و ڕاهێنانی بە گەنجان و لاوان کردووە. ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد کەریم مەعروف

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (محەممەد کەریم مەعروف عەلى)یە. ساڵى ١٩٦٤ لە گوندى تەپەگوڵاوى سەر بە شارۆچکەى سیروان -هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى پەیمانگاى تەکنیکییە لە کەرکوک. لە ئێستادا پیشەى (کاسب)ـە. ژیانى وەرزشی بە یاریى تۆپى بالە و تۆپیپێ لە گوندەکانی لامەرکەزى و شەکرالى سەر بە شارۆچکەى سیروان دەستپێکردووە. لە ئۆردوگاى برایەتى (باریکە) (تیپى وەرزشى مەبەست) و لە شارۆچکەى سیروان (تیپى وەرزشى هیوا)ی دامەزراندووە، کە ئەمەی دواییان درێژەپێدەرى تیپى یەکەمیان بووە. لە چەندین یاریى دۆستانە و خول و پاڵەوانێتیى شار و شارۆچکەکانى دەوروبەری یاریکردووە. ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٨ سەرۆکى یانەى وەرزشیى پەیام بووە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

محەممەد وادی ئەمین محەممەد

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی بەغداد و دواتریش کۆلێژی بازرگانی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە. لە ئێستادا مامۆستایە لە سلێمانی. لەم تیپە میللیی و یانە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (تیپی وەرزشی سپۆرت، تیپی وەرزشی خەبات، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، تیپی هەڵبژاردەی تۆپیپێی ئامادەیی هەڵەبجەی کوڕان، تیپی میللیی وەرزشی شنروێ). لە کاتی ئاوارەیی ساڵی ١٩٩١ لە ئێران لە ئۆردوگا سەریاس لە تیپی تۆپیپێی ئۆردوگای سەریاس یاریکردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

مستەفا ئەحمەد مەحموود

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (مستەفا ئەحمەد مەحموود شیرن)ـە. ساڵى ١٩٣٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلى یەکەمى ناوەندى خوێندووە. لە ئێستادا خانەنشینە. لە یەکەمین پۆلى یاریزانانى هەڵەبجەیە. لە تیپى وەرزشى ئازادیى هەڵەبجە، کە لە ساڵانى پەنجاکان دروستبووه،‌ یاریکردووە. وەک ئەکتەر لە شانۆشدا ڕۆڵى ئاسنگەرى بینیوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

موجاهید محەممەد ئەمین فەرەج

ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە، پاشان ماستەری لە بەشی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وەرزشی بەدەستهێناوە. لە ئێستادا مامۆستای وەرزشە لە ئامادەیی باڵامبۆی کوڕان لە هەڵەبجە. لەم تیپە میللییە ورزشییانەدا یاریکردووە: (تیپی ورزشی ئۆردوگای شاری سەقز، تیپی ورزشی مەولەوی، تیپی وەرزشی دڵسۆزی لە هەولێر). لەیانەی وەرزشی پەیام و یانەی وەرزشی ئاسۆ یاریکردووە، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی پەیام و یانەی وەرزشی هەڵەبجە بووە. لە ئێستادا وەک یاریزانێکی دێرین یاریدەکات.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

موحسین ئەسعەد کەبابچی

وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٦ لە یاریزانە دیارەکانی تیپی وەرزشی شنروێ بووە. بەشداری خولە وەرزشییەکانی کردووە و لە سەردەمی شاهۆ و جەعفەر و وریا و... هتد لەگەڵ تیپی وەرزشی شنروێدا یاریکردووە. ساڵی ١٩٨٥ و ١٩٨٦ پلەی یەکەمیان بە دەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. پیشەی کاسبە‌.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

موحسین حەمەئەمین محەممەد

وەرزشەوانی دێرینە. بە (موحسینى مەلا حەمەئەمین) ناسراوە. ساڵى ١٩٥٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى ئامادەیى کشتوکاڵى سلێمانییە. یاریزانى تیپى وەرزشیى هیوا بووە لە هەڵەبجە. لە چەند تیپێکى شارۆچکەکانى سەیدسادق و خورماڵ یاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٠ شەهیدبووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

موحسین حەمەغەریب حەمەعەلی

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (موحسین حەمەغەریب حەمەعەلی ڕەسوڵ)ـە‌. ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی وەرزشی خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە. لە ئێستادا مامۆستای وەرزشە. وەرزشەوانی یاری تۆپیپێیە. لەم تیپە وەرزشیانەدا یاریکردووە: ئاگرین، خەبات، مەولەوی، تیپی مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، شنروێ، یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی پەیام، هەڵبژاردەی تۆپیپێی هەڵەبجە، تیپی وەرزشی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان. لە سلێمانی یاری بۆ ئەم یانە و تیپە وەرزشییانە کردووە: یانەی وەرزشی نەورۆز، یانەی وەرزشی سلێمانی، ڕێبین، گەڕەکی کارگەی شەکرەکە، خانەی مامۆستایانی سلێمانی، هەڵبژاردەی پەروەردەی سلێمانی، تیی وەرزشی سەروو، تیپی وەرزشی کۆڵنەدەر. لە هەولێر لە تیپی وەرزشی شەهید ئاراسدا یاریکردووە. لە کاتی ئاوارەییدا لە ئێران بۆ ئەم تیپانە یاریکردووە: هەڵبژاردەی ئۆردوگای زاریعان، تیپی تۆپیپێی دێرینەکانی هەڵەبجە و لە ئێستادا دەستەی کارگێڕیی هەڵبژاردەی دێرینەکانی هەڵەبجەیە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

موحسین عەبدوڵا تاماس

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (دەلێن)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکانە لە هەڵەبجە. لە ئێستادا پیشەی کارمەندی بەرگریی شارستانییە لە هەڵەبجە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەوە بە یاریی تۆپیپێ دەستپێکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (ئاوێسەر لە هەڵەبجە، زڕینۆک لە سلێمانی، نەورۆز، کوردستانی هەڵەبجەی تازە - شارەزوور، کوردستان لە هەڵەبجە، شنروێ، شەهیدانی پەیام، دێرینەکانی هەڵەبجە، دێرینەکانی نەورۆز لە سیروان، دێرینەکانی پەیام). لە ئێستادا سەرۆکی یانەی وەرزشی پەیامە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

موختار مستەفا محەممەد

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە بەشی فیزیا هەیە. لە ئێستادا بەڕێوبەری ئامادەیی هەڵەبجەی ئێوارانە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: تیپی وەرزشی شنروێ، تیپی وەرزشی مەولەوی هەڵەبجە، تیپی هەڵبژاردەی زانکۆی ئەلموستەنسەرییە لە بەغداد، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، تیپی وەرزشی شەهیدانی پەیام، نزیکەی حەوت ساڵ ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی پەیام بووە. لە تیپی دێرینەکانی هەڵەبجە یاریکردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

مونا نادر حەسەن

ساڵی ٢٠٠٣ لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەییە. خاوەنی پشتوێنی (ڕەشی دان یەک)ـە. ساڵی ٢٠١٦ لە یانەی وەزشی هەڵەبجەوە دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراق دووجار پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. لەسەر ئاستی کوردستان پلەی یەکەم و دووەمی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٩ لە پاڵەوانیەتیی نیودەوڵەتی لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران مەدالیای ئاڵتون و زیوی بەدەستهێناوە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

میرە نیعمەت مەحموود عەبدوڕەحمان

وەرزشەوانی دێرینە. ناسراو بە حاجی سەی میرە نیعمە. ساڵی ١٩٥٠ لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەیی کشتوکاڵە. یاریزانی دێرینی یاریی جوانیی لەش (هەڵگری قورسایی) بووە لە هەڵەبجە. لە کاتی خزمەتی سەربازیی ساڵی ١٩٧٥ لە شاری موسەییب گرنگی بە یاری ئاسن داوە و لە پاڵەوانێتیی پارێزگای بابل پلەی سێهەم و لە پاڵەوانێتیی پارێزگای زیقاڕدا پلەی سێهەم و لە پاڵەوانێتیی ناوچەی باشور پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە. لە ئێستادا خانەنشینە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

ناجی عوسمان عومەر ڕەزا

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوکردووە. لە ئێستادا مامۆستای خانەنشینە. وەرزشەوانی تۆپیە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: چیمەن، یەکگرتوی هەڵەبجە لە سلێمانی، هەڵبژاردەی دواناوەندی شارەزوور، هەڵبژاردەی پەروەردەی سلێمانی، لاوانی هیوای هەڵەبجە، هیوای هەڵەبجە، هەڵبژادەی مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە. وەک ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار بۆ ماوەی سێ ساڵ خزمەتیکردووە، تیپی تۆپی باسکە و تیپی تۆپی دەستی دروستکردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

نازم محەممەد حسەین

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵى ١٩٤٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی سەرەتایى خوێندووە. لە ئێستادا خانەنشینە. لە کۆتایى ساڵى شەستەکاندا لە هەڵەبجە یاریکردووە. لەگەڵ (تیپى وەرزشى هیواى هەڵەبجە) یاریکردووە. ساڵى ١٩٧٠ چووەتە شارۆچکەی خورماڵ و لە (تیپى شۆڕش لە خورماڵ) یاریکردووە و سەرپەرشتى تیپەکەى کردووە. دواتر بووە بە پێشمەرگە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان
پێشتر 1
...
14 15 16
...
18 دواتر