گۆران حەمەئەمین ڕەئوف
ساڵی ١٩٧٣ لە هەڵەبجە لە دایکبووە، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. لە تیپی شانۆی ئەزمڕی سلێمانی دەستی بەکاری هونەری کردووە. دوای ڕاپەڕین گەراوەتەوە هەڵەبجەو لە دامەزرێنەرانی تیپی شانۆی زریان و سەرۆکی تیپەکە بووە. وەک ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر تا ساڵی ٢٠٠٠بەشداری زیادە لە ٢٥ بەرهەمی شانۆیی کردووە، لەوانە خەونە قەترانییەکان، بۆیاخ، قەل و ڕووتە، من مرۆڤم، ئەحەشێت، شەقاوە، لە قوتابخانەدا، عەول فیرارە..هتد. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانەو خێزاندارەو خاوەنی یەک منداڵەو خانەنشینە.
نزار نوری محەمەد
شانۆکار و دیزاینەرە،. ساڵی ١٩٦٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچوی پەیمانگای مامۆستایانی هەولێرە. ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی سلێمانییە. وەک: ئەکتەر و سیناریست و وەرگێڕ، کاروباری هونەری لە چەندین شانۆ و ئۆپەرێتدا بەشداربووە، لەوانە: سەوزە، مانگرتن، ولیەم تیل، کلیل، خەزانی مەرگ، باهۆزی مەرگ، کراسی پیاوێکی بەختەوەر، میوە خۆشەکە. دیزاینی ١٥٠ کتێب و گۆڤاری کردووە، کە زۆربەیان کاری نوسەرانی هەڵەبجەن. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. لە سلێمانی دەژی.
جەلال عوسمان عەلی
بە مامۆستا جەلال ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. دەرچووی بەشی شانۆ و دەرهێنانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانییە. ئەندامی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کوردە. بەشی ڕاگەیاندنی پۆلەتەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە چەندین بەرهەمدا بەشداربووە. لەوانە کۆچی هەتا هەتایی، مانگرتن، تارمایی، خەزانی مەرگ، هێرۆشیما، ولیەم تیل، کلیل، ئۆپەرێتی سەوزە، بانگەوازی ئازارەکان..هتد. لە دامەزراندنەوەی نواندنی هەڵەبجە دوای ڕاپەڕین ڕۆڵی هەبووە.
ژووان وریا براخاس
ساڵی ١٩٩٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی لە هەڵەبجە خوێندووە و بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەی تەواوکردووە. ئەندامی گروپی پانتایی شانۆی وڵا بووە و لە دەیان کاردا بەشداریکردووە، لەوانە: زستانی ٨٨، پرتەقاڵی خوێن، ئەم کورسییە جێناهێڵم، دوای بیست ساڵ، چیرۆکەکانی بازنەی تەباشیر، مامۆستا، تاریک و ڕوون، مردنێکی تر. بەشداری فیستیڤأڵەکانی شانۆی شەقامی مەریوان و چەمچەماڵ و فیستیڤاڵی شانۆ و بەرگری خوڕەمشەهری کردووە. خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بردووە. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە.