بەکر هەجیجی
ناوی (بەکر محەممەد حەمەئەمین)ـە و لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا خەڵکى گوندى (هەجیج)ـە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بۆیە بە(بەکر هەجیجی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای له ئاواییی ڕۆستەم بەگ و ناوەندی لە خورماڵ تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. له ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. ناوەڕۆکی نوسینی هۆنراوەکانی هەمەجۆرە. وەک ئەکتەریش ڕۆڵی جافرسانی بینیوه، کە گەورەترین سانی هەورامان بووە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵ و بۆنەکانی ناوچەکەی کردووە و هۆنراوەی خوێندووەتەوە.
تاهیری وەستا مەستەفای ئەلە
ناوی (تاهیر کوڕی وەستا مەستەفای عەلی)یە. باوکیشی یەکێکە لە شاعیرە میللیەکانی هەورامان. ساڵی ١٩٦٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە تەواوکردووە. بەهۆی سەربازییەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواوبکات. ساڵی ١٩٨٦ خێزانی پێکهێناوە. داستانەشیعرە تەنزئامیزەکانی باوکی کاریگەرییان لەسەر هەبووە. هەرچەند شیعرەکانی سەرەتایین، بەڵام خاوەنی دەمەتەقێ و شیعری گاڵتەیی و تەنزە.
تۆفیق هەورامانی
ناوی (تۆفیق قادر فەتاح)ـە. لە ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە. تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە تەوێڵە و سێی ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەو ساڵە بەدواوە ماڵی چووەتە هەڵەبجەی تازە. هەر بە لاوی حەزی بە شیعر و ئەدەب کردووە. گەلێک هۆنراوەی سادەی جوانی بۆ سروشت و نەریتە جوانەکانی هەورامان نوسیوە. چوار کوڕ و چوار کچی هەیە. شیعرەکانی کۆکراوەنەتەوە، بەڵام چاپنەکراون. ساڵی ٢٠٢٠ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
حاجی سەرحەد
ناوی (سەرحەد حەمەئەمین ئەحمەد)ە. خەڵکى گوندی (عەلیاوا)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی له (گردەنازێ) و ناوەندی لە(سەیدسادق) تەواوکردووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵی ١٩٨٦ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. لە زۆربەی یادی مەولود و بۆنە ئایینیەکاندا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٩ لە پێشبڕکێی شیعر و پەخشان پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و چەندین خەڵاتی پێدراوە. زیاتر لە ١١٥ هۆنراوەی نوسیوه، کە زۆربەیان تایبەتن بە: ئایینی و نیشتمانپەروەری و سروشت.
حسێن نەوێیی
ناوی (حسێن حەسەن نەسروڵڵابەگ)ـە. ساڵی ١٩٦٩ لەگوندی (نەوێ)ی بناری سورێنی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە نەوێ و ناوەندی لە ئۆردوگای (شانەدەری) و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەبەر بارودۆخی ئەو کاتەوە، نەیتوانیوە لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی بەغداد درێژە بە خوێندن بدات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. یەکەم هۆنراوەی له ساڵی ١٩٧٩ نوسیوه. بەشداری چەندین کۆڕ و سیمیناری کردووە و لە چەندین کۆڕو کۆبوونەوەدا شیعرەکانى خوێندوەتەوە.
ساراڵ نزام عەبدوڵا
ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە کیمیابارانەکەدا ئاوارەی ئێران بووە و لەگەڵ شاعیرانی پاوە (ئەنجومەنی ئیرشادی هەورامانات)یان پێکهێناوە. لە بۆنەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەدا ڕۆڵی هەبووە و هۆنراوەی پێشکەشکردووە. خاوەنی پەرتوکی شیعریی چاپکراوی (خەزانی هەڵەبجە)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی کاسبە.