کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

33 بابەت

کاروان حەسەن حسێن

ساڵی ١٩٨٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبدا لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. لە وەرگێڕانەکانی: (دادگا)ی کافکا، ٢٠٠٩، ئاشنایی بە دۆستۆڤسکی ٢٠١٠، ئاشنایی بە گابرێل گارسیا مارکیز ٢٠١١، ئاشنابوون بە ساموئیل بیکێت، ئاشنابوون بە جیمز جۆیس، ٢٠١٢، ئەمریکای کافکا ٢٠١٢، بودا و ئایینی ڤیدا ٢٠١٤. ئەندامی یەکێتیی نوسەران و سەرۆکی ڕێکخراوی ژیوایە بۆ فەرهەنگ و کلتور. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

ئیسماعیل هەورامی

ناوی (ئیسماعیل حەمەخان عەبدوڵا)یە. ساڵی ١٩٨٥ لە شارۆچکەی(خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە دزڵی و ئامادەیی لە سەوڵاوا و بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٨ لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییش دەزانێت. لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دەستیکردووە بە نوسین و وەرگێڕان. خاوەنی شەش کتێبی وەرگێڕأنە لەزمانی عەرەبی و فارسییەوە (تەختی پولاد، ئاین لەنێوان بەرداشی عەقڵ و نەقڵدا، سیاسەتی گوێڕایەڵی و گوتاری کۆیلایەتی ئارەزوومەندانە، لەدیکتاتۆریەوە بۆ دیموکراسی، دەروونناسی سیخوڕی، ڕاوکەری سیخوڕ، لەناوجیهاندا).

بەهجەت جەمیل

ناوی (بەهجەت جەمیل حامید)ە. لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی (گەچێنە)ی هەورامانە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. بەشی کوردی لە زانکۆی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. تا ئێستا دەیان بەرهەمی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەوانە (خۆشەویستی ڕاستەقینە، خوێندنەوەی بەسوود، دە بنەما بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان، ڕێڕەوی خێزان، هەلی زێڕین، منداڵێک دەخوێنێتەوە، بەرچاوڕوونیی، خۆدۆزینەوە، هەرزەکار، کێشەکانی منداڵان، عەقڵی کراوە، شەمەندەفەری پێشکەوتن..هتد).

بڕیار بەکر ئەولمحەممەد

وەرگێڕ و مۆسیقییە. ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی هەر لە هەڵەبجە تەواوکردووە. زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووه. ‌ئامێری (نەی) دەژەنێت. جگە لە کوردی، فارسی و ئینگلیزیش دەزانێت. هەشت بەرهەمی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕراوە. لەوانە (من مەلالەم، یاداشتەکانی سیخوڕێکی موساد، خاڵە بەهێزەکانی کەسایەتیت بدۆزەرەوە، کیمیا خاتوون). لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

بورھان قانع

نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی (نەوێ) لە بناری سورێن لە شارەزوور لەدایکبووە. کوڕی شاعیری بەناوبانگ (قانع)ـە. ساڵی ١٩٤٨ لە چاپخانەی (ژین) کاریکردووە. ساڵی ١٩٥٩ وەک بێژەر و وەرگێڕ لە ئێزگەی کوردیی بەغداد کاریکردووە. لە دەزگای ڕاگەیاند لە دەرەوە چەند بەهەمێکی بە نازناوی نهێنی (زمناکۆ، ئاگر، ئەردەڵان) چاپکراوە، لە شاریش نزیکەی بیست کتێبی بە چاپ گەیاندووه، لەوانە (میدیا، ڕاپەڕینی نیکاراگوا، سپارتاکۆس، شۆڕشی کۆلە ڕاپەڕیوەکان، فەرھەنگی نوێ. مردوو خۆرەکان، گەورەپیاوانی جیهان). ساڵی ١٩٨٥ لە ڕێگەی (ھەولێر - کۆیە) بە ڕووداوی ھاتوچۆو کۆچیدواییکردووە. لەپاش کۆچیدواییەکەشی ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیشتووە: (جەنگی ناوخۆیی گەروە پیاوانی جیهان، کودناسی، گێژداوی پۆڵندە، یادداشتەکانی گیڤارا) و چەندین بەرهەمی تریشی وەرگێڕاوه،‌ کە هێشتا چاپنەکراون.

پێشەوا ئەسعەد خواکرم

ساڵی ١٩٩٠ لە ئۆردوگای زۆرەملێی نەسر لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە دەگاشێخان و بیارە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێژی زمانی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. وەرگێڕی یاسایی مۆڵەتپێدراوە و سەدان بابەت و پەڕاوی یاسایی وەرگێڕاوە. تا ئێستا بیست کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، لەوانە: موسا فێری کردم، ئافرەت لە نێوان ئیسلام و ئیلحاد و مەسیحایەتیدا، زانستگەرایی، چۆن ئەم ئایینەمان پێگەیشتووە، خودا لە کوێیە؟، فێمێنیستی ئیسلامی، هونەری تەرکیز، فەلسەفەی خێزان، گەشتێک بەرەو ناسینی خودا، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە، مامۆستایە لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخی هەڵەبجە.

جوتیار قارەمان عەبدوڵا

ساڵی ١٩٩١ لە ئاوارەیی و لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بنەماڵەکەی خەڵکی گوندی (بیاوێڵە)ن. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێجی ئەندازیاریی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستی بە نوسین و وەرگێڕان کردووە. زیاتر لە ١٢ کتێبی وەرگێڕاوە. لەوانە: (ناوە جوانترینەکانی خودا، ١٠٠١ داهێنان لە کەلەپووری زانایانی موسڵمان، دڵئاژەڵ، جیهانی سۆفیا، پیاوێک بە ناو ئووڤێ). جگە لە زمانی دایکیی، ئینگلیزی و عەرەبی، ئیسپانی و فارسییش دەزانێت. هەروەها زار و شێوەزارەکانی کوردیی ناوەڕاست، هەورامی و کوردیی باکوری دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

حسێن هەڵەبجەیی

وەرگێڕ و نوسەرە. ناوی (حسێن مەحموود کوێخا مستەفا حاجی محەممەد سلێمان)ـە. بە(حسێن هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ساڵی ٢٠١٤ پەیمانگای خوێندنی ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. سەدان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و سەندیکای ڕۆشنبیریدا ئەندامە، زیاتر لە چل کتێبی نوسراو و وەرگێڕاوی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: کارەساتی هەڵەبجە و کەناڵەکانی ڕۆژئاوا، ئەمڕۆ لە مێژوودا. کتێبی (سیازدەماڵە بنیادنەر و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە)شی ئامادەیە بۆ چاپ.

ڕەئوف مەعروف محەممەد

بە (ڕەئوف مەعروف هەورامانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (نارنجڵە) سەربە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. بەشی پیشەسازی لە پەیمانگای موسڵ خوێندووە. خوێندنی ئیسلامی لە پەیمانگای هەڵەبجە تەواوکردووە. وەک فەرمانبەر ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و تا ئێستا شەش کتێبی وەرگێڕاوە. لەوانە (کەلیمە گولانەکێ، پەیامو بیمارا، ڕۆح و حەقیقەتی جیهاد لە ئیسلامدا، بەرگی دووەمی دواین شەهیدەکان).

ڕەزوان حەسەن وەستا مەحموود

ساڵی ١٩٩٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. هاوسەرگیری کردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی ڕامیاری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. جگە لەزمانی دایکی، ئینگلیزیش دەزانێت. ١٠ کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، لەوانە: (تۆڵەی جوگرافیا، مەسەلەی کورد، قەیرانی ئیسلام، ئیسلام و خۆرئاوا، ڕزگاربوون لە زنجیرەی وەهم، کاتێک کۆمپانیاکان حوکمی جیهان دەکەن، چینی نوێ). ئەندامی کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکان و دامەزراوەی ئایدیا بۆ فیکر و لێکۆڵینەوەیە. چەندین خەڵات و ڕێزێنانی پێبەخشراوە.

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد

نوسەر و وەرگێڕ و ڕاگەیاندکارە. پێشتر ناوی (غەریب) بووە. ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی (تاوێرە) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی کوردی و بەکالۆریۆس و ماستەری لە یاسا بەدەستهێناوە. خەڵاتی یەکەمی شیعر ١٩٩٢ و چیرۆکی ٢٠٠٢ بەهاوبەشی و سێیەمی پێشبڕکێی یەکێتی نوسەرانی کوردی ١٩٩٩ لە هەولێر وەرگرتووە. وەک پێشکەشکار و بێژەر کاری ڕاگەیاندنی کردووە. سکرتێری نوسینی ڕۆژنامەی (ڕاپەڕین) بووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکانی (ڕابەر) و (یەکبوون) بووە. بەرپرسی بەشی کوردیی گۆڤاری (الهدی) و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکانی (ستاندەر) و (خاڵ) بووە. لە بواری وەرگێڕاندا خاوەنی ٢٦ کتێبی چاپکراوە، لەوانه:‌ (شارۆ، ڕەگ و ڕیشە و ڕەهەندەکانی ململانێی ڕوسیا و چیچان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

سالار فەتاح قادر

وەرگێڕ، شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆرۆسی لە لە کۆمەڵناسیدا هەیە. ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ لە دەرهێنانی دەقی شانۆیی و فلیمی دیکۆمێنتاری و نواندندا کاریکردووە. دواتر ڕووی لە ڕاگەیاندن کردووە و وەک پەیامنێر و پێشکەشکار و کارگێڕی، تا ساڵی ٢٠١٠ لە چەند دامەزراوەکی ڕاگەیاندندا کاریکردووە. ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ بە وەکالەت بەڕێوەبەری گشتیی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە هەڵەبجە. لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا سێ کتێبی چاپکردووە، (خولەکێک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەم، خولەکێک بۆ خۆم، لە جوامێریەوە بۆ جوامێری).

سەریاس محەمەد فەتاح

وەرگێرە، ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. کتێی: تاریخ سلاتین هورامان. تاریخ سیاسی هزار سالە اورامان. قازی عبداللە شیدا مردوخی، لە فارسییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی ئاوی هەڵەبجە. نیشتەجێی هەڵەبجەیە.

سەعید بەشیر مستەفا

ساڵی ١٩٨٢ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. فەرمانبەرە لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجە و کاری وەرگێڕأن بۆ دەزگاکە دەکات. خاوەنی چەندین کتێبی وەرگێڕانە لە زمانەکانی فارسی و عەرەبییەوە، لەوانه:‌ (موقەدیمەی ئیبن خەلدون بەکوردی، موعتەزیلە، ئیبن ڕوشد، ئەقڵ و ئازادی، کورتەیەک لەمێژووی چەکی کیمیایی ھەڵەبجەوەک نمووونە، ڕەھەندە نێو دەوڵەتیەکانی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، ڕەخنەگرتن لە ئەقڵ لە فەلسەفەی غەزالیدا، ھاوشێوەکەی سەدام، من کوڕی سەدام بووم و شەش ساڵ لەناو ھۆزی ژنە وەحشییەکانی ئامازۆندا). لە ئێستادا فەرمانبەرە لە مۆنۆمێتی هەڵەبجە.

سەعید عەبدولڕەحیم حەمەڕەزا

وەرگێڕ، نوسەر، ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. کە لە قۆناغی سێی زانکۆ بووە، بەهۆی پەیوەندینەکردنی بە (الجیش الشعبی)یەوە، فەسڵکراوە. پاش ڕاپەڕین بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکان و ماستەری بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تا ئێستا لە مەڵبەندی کوردۆلۆژی وەک سەرۆکی توێژەرانی پێشکەوتوو دەستبەکارە. لە نمونەی کتێبە چاپکراوەکانی: (بەرەو ڕەییان، نیگایەک لە کۆچ، شەن و کەو، هەرگیز لە یادم ناچێتەوە، المواثيق الدولية وأثرها في هدم الأسرة). ئەندامی ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ڕۆژنامەوانانی نێودەوڵەتییە. سەدان وتار و شیعری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

سۆران لوقمان مستەفا

وەرگێڕە. ناوى (سۆران لوقمان مستەفا گوڵپى)یە. ساڵی ١٩٨٥ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە بایۆلۆجیدا بەدەستهێناوە. ماوەى ١٥ ساڵە لە قوتابخانەکانى سنورى خورماڵ مامۆستایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. خاوەنى شەش بەرهەمی وەرگێڕانە بۆ سەر زمانی کوردی‌: (تەندرووستى و ژیان، مرۆڤ و گەردوون، زانست و ئیعجاز، پوکانەوەى ئێسک، ١٠١ بابەتى زانستى، سەیر و سەمەرەکانى جیهان).

شاھۆ عومەر عارف

وەرگێڕە. ناوی (شاھۆ عەمەر عارف فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە. ئەندامی شانۆی دەزگای هونەری پەیام بووە. وەک مامۆستای زمانی عەرەبی دامەزراوە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت و چەندین کتێبی بەو زمانانە وەرگێڕاوە لەوانه:‌ (بەناوی تۆوە دەژین، نەتەوە لەناوچووەکان، دەوڵەتی عەبباسی، بونیادنانی شارستانیەتییەکی تەواوکار، موعتەزیلە... ). ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی سێەمی وەرگێڕان و ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی یەکێتی مامۆستایانی وەرگرتووە.

عەلی عەبدوڵا حەسەن

بە (عەلی حاجی عەبدوڵای پریسی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (پریس) لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژی ئیمام ئەعزەمی لە بەغداد تەواوکردووە. وەرگێڕی تەفسیری ابن الکثیر و مدارج "پێنج بەرگ"، السالکین "سێ بەرگ)ـە. خانەنشینە.

عەمران حەمەسەعید

ناوی (عەمران حەمەسەعید ڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٨ هاتونەتە هەڵەبجە، تا پۆلی شەشەمی ئامادەیی خوێندووە. چەندین کتیبی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، وەک: (شەیتان وخانم پرێم، جوانترین بەهرە، ڤێرۆنیکا بریار دەدات بمرێت، براوە تەنهایە، کیمیاگەر)ی پاولۆ کۆیلۆ، و چەند بەرهەمێکی تری جیهانی، وەک: (ئاشکراکردنی نهینیەکانی کیمیاگەر، پەیامبەرو دیوانە، مادام کامیلیا، سەرجەم بەرهەمەکانی ئیفلاتۆن، سینۆهە "سێ بەرگ"، سیاسەت، نەمری، نیاتوچکا، مرۆڤ و ئاینەکان... ).

عومەر ڕێشاوی

مامۆستای ئاینی و کەسایەتی و نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عومەر فەتاح یەعقوب)ـە، ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی ڕێشاو لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە هاتووەتە ژیانەوە، ساڵی ١٩٤٣ دەستی بە خوێندنی فەقیەیەتی کردووە، ساڵی ١٩٥٦لەسەر دەستی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٥٩ خولی وەزارەتی مەعاریف تەواودەکات و دەبێتە مامۆستای سەرەتایی، لە قوتابخانەکانی (سەرگەت)، (پریس)، (پەیمانگای ئیسلامی) لە هەڵەبجە، دەرسی وتووەتەوە‌. لە کۆتایی پەنجاکاندا پەیوەندی بە کۆمەڵی برایانی موسڵمانەوە کردووە، یەکێک بووە لە ڕابەرانی ئەو کۆمەڵەیە. ساڵی ١٩٩٤ یەکێکبووە لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی، پاشتر بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی، چەندین پلەی دیکەی وەرگرتووە. جگە لە نوسینی دەیان وتار، کۆمەڵێک بەرهەمیشی بە زمانی کوردی نوسیوە و وەرگێڕاوە، لەوانە: (تاوانە دەروونیەکان "وەرگێڕان"، بەرەو ڕێبازی ئیسلام "وەرگێڕان"، با منداڵانمان وا پێبگەن، خێزانی موسڵمان "وەرگێڕان"). شەوی ١٧ بۆ ١٨ی ١٠ی ٢٠٠١ لە شاری هەولێر کۆچیدواییکردووە و لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

1 2 دواتر