ئەردەڵان ڕەمەزان همیرخان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
شانۆکار و فلیمساز و ڕاگەیاندنکارە. ساڵی ١٩٨٢ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. بە ئەردەلان کاکەیی ناسراوە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە و کارمەندە لە پەیمانگای تەکنیکیی هەڵەبجە. وەک ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر و جێبەجێکاری هونەری و وێنەگرتن و دۆبلاژ، لە زیاتر لە ١٥ شانۆ و ١٤ فلیمدا بەشداربووە، لە شانۆکانی، گۆمی مەنگ، هەستانەوە لەناو تەمدا، قەوانە شکاوەکان، نیشتمانێک لە تەنیایی، بازنەکانی مەرگ، مەملەکەتی ئاشوب، تەڵاقەکانی بارام بەگ و فلیمەکانی، ئاواتی ون، فریو، تاوان، کما، بۆنی سێو، ببورە نیشتیمان..هتد. ئەندام و بەرپرسی هونەریی چەند ڕێکخراوێک بووە. بەشداری فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە، ناوەندی ڕوناکبیری و ڕۆشنبیری و باخی میر و شانۆی سەقز و کورتە فلیم و ساڵیادی ئەنفال و..هتد کردووە. کاری دیزاین و پۆستەر و دەنگی بۆ دەیان چالاکی کردووە، لەوانە دیدارەکانی شەوانی شار، گۆڤاری دیلانێ، فیستیڤأڵی باخی میر. پێنج ساڵ وێنەگری سەتەلایتی گەلی کوردستان و ساڵێکیش کەناڵی ئاسمانیی nrt بووە. زیاد لە ٢٥ ساڵە لە چالاکییە هونەرییە جۆربەجۆرەکاندا بەشدارە، کۆتا کاری وەک ئەکتەری سەرەکی بەشداریکردنیەتی لە فلیمی غەریبەدا. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.
سەرچاوەکان:
- دەلیل و پروشەری زۆرێک لە کارە شانۆییەکانی ناوبراو.
- دەلیلی هەندێک فیستیڤاڵەکانی، هەڵەبجە، باخی میر، پیشاندانی کورتەفلیمی هەڵەبجە، نۆزدەهەمین فیستیڤاڵی شانۆی سەقز..هتد.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار هومایون ساحێب کریم لە گەڵ ناوبراو ١٢ی ١ی ٢٠٢٥ هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم