ئەحمەوی سۆفی مەحموود
ناوی (ئەحمەد مەحموود حەمەئەمین)ە و بە (ئەحە لاداش) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٦ ماڵی باوکی هاتوونەتە هەڵەبجە. لە یەکەم ڕۆژی بۆردومانەکەدا بە ئۆتۆمبێلەکەی چەندین برینداری کارەساتەکەی ڕزگارکردووه و گەیاندونییەتە تیمی پزیشکی لە شنروێ. ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ لە گواستنەوەی تەرم و ئەسپەردەکردنیان بەشداربووە. ١٠ منداڵی بێدایکوباوک و چەندین برینداری لە گوڵان گلداوەتەوەتەوە و گەڕاوەتەوە شار، ئاردی بۆ بردوون و نانی بۆ دروستکردوون. لەئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.
حاجی باقی عەبدوڵا ڕەشید کۆکۆیی
ساڵی ١٩٥٤ لە چاوگی باوەکۆچەک لەدایکبووە. بەدەستی خۆی تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. لە ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی هەڵەبجە چووەتە ئێران و ڕۆژێک پاش کارەساتەکە گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و بۆ ماوەی ١١ ڕۆژدا ماوەتەوە. وەک شۆفێرێک تەرمەکانی کۆکردووەتەوە و گواستونیەتییەوە. یەکەمجار تەرمەکانی ڕێگەی ملەقەوی و عەنەبی کۆکردووەتەوە و گواستونیەتییەوە بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عەنەب و شەهیدان.
سەعدی حەسەن بارام
شایەتحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجەیه و بەدەستی خۆی تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. لە ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی هەڵەبجە چووەتە ئێران و هەفتەیەک پاش کارەساتەکە لەگەڵ تیمێکی (٥٠ بۆ ٦٠) کەسی و هەندێک ڕۆژنامەنوسی بیانیدا گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە.
شایەتحاڵەکانی دادگا
کۆی گشتیی ئەو کەسانەن، کە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا لە دژی تاوانبارانی سەرانی ڕژێمی بەعس لە کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، لەبەردەم دادوەر شایەتیان داو تاوانەکەیان ڕوونکردەوە. کەسەکان (سوەیبە سەعید قادر، ئاراس عابد ئەکرەم، کوێستان ئەکرەم فەرەج، فەخرەدین حاجی سەلیم، هوشیار عومەر عەبدوڵا، کامیل عەبدالقادر، ڕۆشنا عومەر حەمەساڵح، محەممەد فەرەج سەعید، عومەر عینایەت حەمەسەعید، لوقمان عبدالقادر محەممەد، سادق عوسمان عارف، حەمەنەزیف تۆفی محەممەد، نەرمین کەمال، مەلا عەبدول لەتیف بامۆکی، ستار حەیدر عبدالحکیم، گیرهارد فراین هیری نەمساوی، جان ئەرەستۆ لارسنس نەرویژی، یوسی ڤۆتێلای فنلەندی، جون رودی بەلجیکی وەکیلی ستیڤان لوون هێرتن. ڕەمەزان حەمید ئوزتورک).
عەبدولخالق حەسەن
یەکێکە لەشایەتحاڵ و شینگێڕی سەر شەهیدەکانی ڕۆژانی ١٦و١٧ی ٣ی ١٩٨٨هەڵەبجە. ساڵی ١٩٢٨ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ڕۆژێک پێش کیمیباران منأڵەکانی دەنێرێتەوە بۆ ناوچەی هەورامان و تەنیا لە هەڵەبجەدا دەمێنێتەوە. لەو کەسانەیە زۆرترین تەرمی شەهیدان و برینداران دەبینێت. چیرۆکی ڕزگارکردنی گەلێک لە هاوشاریانی لابووە. لەناو تەرمەکاندا شارۆی زیندوان دەکات و لەلایەن تیمەکانی ڕاگەیاندنەوە وێنەی گیراوە. بەسەر تەرمی نێو کۆڵانەکانی شار و حەوزی عەنەب و ڕێگەکانی جەلیلە و حەمەوغاندا دەگەڕێت. بەشێکی زۆر هاوڵاتی ڕزگاردەکات. چەندبارە بە کۆلان و ژێر زەمینەکاندا دەگەڕێت دەیانجار خۆی دەکاتەوە بەشاردا و ١٣ ڕۆژ لەهەڵەبجەدا دەمێنێتەوە. داوا لەسەر عەلی حەسەن مەجید تۆماردەکات و لە دادگا شایەتی لە دژی تاوانباران دەدات. ٢٩ی ١١ی ٢٠٢١ لە سلێمانی کۆچیواییکردووە.
عەلی مەلا عارف
یەکەم شایەتحاڵی دۆسیەی ئەنفالە لە دادگای بەغداد. ناوی (عەلی مەلا عارف کۆکۆیی)یە. ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە. ئامادەیی ئیسلامی خوێندووە. لەدوای کیمابارانی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بووە، کە گەڕأویشتەوە ڕەوانەی گرتوخانەی نوگرەسەلمان کراوە و پاش پێنج مانگ بە لێبووردن ئازادکراوە. ھاوسەرگیریی کردووە و خاوەندی دوو منداڵە. لە ئێستادا کاری دوکانداری دەکات و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە. لەگەڵ هاوڕێکانیدا، ساڵی ٢٠١١ کۆمەڵەی ئەنفالکراوانی ھەڵەبجەی پێکهێناوە. وەک تاکە شایەتحاڵی ئەنفالکراوەکانی پارێزگای ھەڵەبجە لەکاتی دۆسییەی ئەنفالدا له دادگا ئامادەبووە.