مامۆستا کاميل
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
قوربانیی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. ناوی (کاميل عەبدولقادر وەیس محەممەد خان)ـە و بە (مامۆستا کاميل) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (زەمەقیی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سيروان) لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی لە دواناوەندیی دیراساتی ئیسلامی هەڵەبجە خوێندووە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە سەختی بريندار دەبێت و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکەی شەهید بوون. ساڵی ١٩٨٩ درێژەی بە خوێندن داوە و لە دواناوەندیی دیراساتی ئیسلامی سلێمانی وەرگیراوەتەوە و لەو ساڵەدا لە تاقیکردنەوەی وەزاریدا سێیەمی هەموو عێراق بووە و درێژەی بە خوێندن داوە. پاش ڕاپەڕین کۆلیژی زمان/ بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. ساڵی ١٩٩٧ بووە بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە کۆمیتەی داکۆکی لەمافی کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە. دامەزرێنەری کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوییه، کە دواتر ناوەکەی بووە بە (کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە) و وتەبێژی فەرمیی کۆمەڵەکە بووە. وەک سکاڵاکار و شایەتحاڵ دژی سەرانی بەعس لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەشداربووە. ساڵی ٢٠١٣ لە دادگایەکی پاریس بە هاوەڵی کۆمەڵێک پارێزەری نێودەوڵەتی وەک نوێنەری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دژی دوو کۆمپانیای فەرەنسی، کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە سکاڵاى جوڵاندووە. ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی لەکارکەوتنی سییەکانيەوە بۆ چارەسەر ڕوو لەوڵاتی (ئەڵمانیا) دەکات، تا ئێستا لەوێ ماوەتەوە. چاوی چەپی لەدەستداوە و نەشتەرگەری چاندنی سییەکانی بۆ ئەنجامدراوە. دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە و سەدان چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و کتێبێکیشی بە زمانی کوردی و عەرەبی لەسەر کارەساتی هەڵەبجە نوسیوە بەناوی: (١٦/٣/١٩٨٨ ئەو ڕۆژەی هەموو شتێکیان لێ سەندمەوە) و (١٦/٣/١٩٨٨ الیوم الذي سلبوا مني کل شيء). لە ئێستاشدا خەریکی بەچاپگەیاندنی کتێبێکی ترە بە ناوی (گەڕان بەدوای هەناسەدا)، کە سەرگوزەشتەی سەفەری چارەسەر وەرگرتنيەتى لە ئەڵمانیا. لەچەند فیلمێکی دیکۆمێنتاریی سینەمایی تایبەت بە هەڵەبجە بەشداریکردووە، لەوانە:(بەلەنجە - الفتاة المدللة) (نفس تنگ)، (کامیل بەدوای هەناسەدا دەگەڕێت). هەروەها بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەندین چالاکیی مەدەنى کردووە و بووە بە هێمای قوربانیدانی کارەساتەکە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ(کاميل عەبدولقادر وەیس)، ١٩٧٣، لە ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: د. هێمن کەمال حەمەئەمين