کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

25 بابەت

خالید سان

سانە. یەکێکە لە سانەکانی هەورامان. کوڕی بارام سانی دووەمی هەورامییە. نەبەز و ئاییناس و مرۆڤدۆست بووە. پاش کوژرانی باوکی لە ساڵی ١١٦٨ک بووەتە حوکمڕانی هەورامانی گەورە. زستان لە هانەگەرمڵە ژیاوە. لەسەردەمی حوکمڕانیدا حەیدەربەگی بەڵخی ژنبرای موسا بەگ نوێنەری دەوڵەت بووە لە نەوسوود. لای سلێمان پاشا دەمی لە خالدسان داوە، کە خەریکی قومار و کاری ناشەرعییە. ئەم کەسە لەگەڵ سڵیمان پاشای بابان ڕێککەوتووە بە میوانی خالدسان بانگدەکەنە شارەزوور و لە خورماڵ بە بیانوی ڕاووشکارەوە، غافڵگیری دەکەن و دەیگرن و دەیخەنە زیندانەوە. پاش سێ شەو پیاوانی حەیدەر بەگ دەریدەکەن و دەیهێننە نزیک ملەگای چنار لای بیارە و لە ساڵی ١١٧٠ک دەیکوژن. پاش کوژرانی خالد سان فەرمانی حوکمڕانی هەورامان لەلایەن پاشای بابانەوە بۆ حەیدەربەگ دەرکراوە. ناوبراو تاکە کەس بووە لەمێژووی سانەکانی هەوراماندا لە بنەماڵەی فەرمانڕەوایی بەهمەن نەبووبێت. بۆیە دوای شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی محەممەد بەگی برای خالدسان لە حەرەمسەراکەی خۆیدا دەیکوژێت.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

ڕەزاسانی هەورامی

سانە. کوڕی (حسێن سانی بارام سانی عەباسقولی سان)ـە. زانا و تێگەیشتوو بووە. پاش کوشت و کوشتاری دەوروبەری ساڵی ١١٦٩-١١٧٠ کۆچی لەلایەن سلێمان پاشای بابانەوە کراوە بە فەرمانڕەوای هەورامان. میرانی ئەردەڵانیش فەرمانی سانیەتیان بۆدەرکردووە. حەزری لە هێمنی و ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە بووە. فەرمانی داوە هەرکەسێک بە هەر هۆکارێک هەورامانی جێهێشتووە بێتەوە. دوودڵی و دوژمنایەتی هەڵگرتووە و خوێنەکانی ڕابردووی خۆشکرد و دۆستایەتی لە هەوراماندا چەسپاند. گەلێک خانوو و مزگەوت و پردی دروستکردووە. شوێنی بۆ هەتیوان کردووەتەوە و ساڵانە ١٠٥٠ مەن گەنمی بۆ حاجیان خەرجکردووە. بوژانەوەی باخداری و کشتوکاڵی پەرەپێداوە. گەلێک قوتابخانەی دینی ئاوەدانکردوەتەوە. بوژانەوە و ڕزق و ڕۆزی هەورامان لە سەردەمیدا زۆربووە و خەڵکی دەرەوەی هەورامان لە گرانیدا ڕوویان لەوێ کردووە. پریشکی ململانێکانی ڕۆم و عەجەم و بابان و ئەردەڵانی بەرکەوتووە و زۆربەی جار دەربازی بووە. کۆتایی ژیانی دەبرێتە لای حەمەپاشای بەبە و لە قەڵاچوالان تووشی نەخۆشی دەبێت و ساڵی ١١٩٧ک لەوێ کۆچیدواییدەکات و بە خاکیدەسپێرن. هەندێک سەرچاوە دەنوسن لەسەر وەسیەتی خۆی دەبرێتە چەمی کەیمنە و لە نزیک محەممەدی غەیبی و لە ناوەڕاستی هانەگەرمڵە و کەیمنەدا بەخاکدەسپێردرێت.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

ڕۆستەم سان

سانە. کوڕی (حەمەسەعیدسانی عوسمان سان)ـە. لەسانە ناودارەکانی هەورامانە. لەساڵی ١٨٧٥ دەبێتە فەرانڕەوای هەورامانی لهۆن. دوای کوژرانی مستەفا سان، ژنەکەی مارەدەکاتەوە، کە ئەوکات کوڕێکی منداڵی هەبووە. ئەم کوڕە گەورە دەکات و دەیکاتە تفەنگچی. لەشکرێکی سوارە و پیادەی ڕێک دادەمەزرێنێت و کاروباری لهۆن ڕێکدەخاتەوە. ناوی هەموو ئەو کەسانەی تۆمارکردووە لەکوشتنی باوکیدا بەشداربوون. بە پلانێکی ورد و لەسەرخۆ، هەموویان دەگرێت و دەیانخاتە زیندانەوە. دیدەنی شێخ عومەر زیائەدینی کردووە. بۆ یەکێتیی هەورامانی لهۆن چەند ژنێکی لە هاوار و تەوێڵە و بیارە هێناوە. لە ساڵی ١٨٩٢ لە ڕۆژی زەماوەندکردنی لەگەڵ کیژێکی هاواریدا لەگوندی هاوار لەلایەن حسێنەزەردی کوڕی مستەفاسانی دووەمەوە، کە ڕۆسەم سان دایکی مارە کردووەتەوە، دەدرێتە بەر فیشەک و دەکوژرێت.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

عەلی مەردان سانی هەورامی

سانە. کوڕی حسێن سانی بارام سانی هەورامییە. لە ساڵی١٧٨٢ بە فەرمانی خەسرەوخانی ئەردەڵان بووە بە فەرمانڕەوای هەورامان. پێنج ساڵ لەگەڵ حەمەتایرسانی برایدا پێکەوە حوکمڕانیان کردووە. سەرانە و جەریمە و باجی زۆرکەم کردووەتەوە. عوسمانییەکان هەورامان دابەشدەکەن. بەشی لهۆن بۆ حەمەتایرسان و تەخت و شوێنەکانی تر بۆ عەلی مەردان سان. ساڵی ١٢٠٧ک حەمەتایر سانی برای لەسەفەری لوڕستاندا کۆچیدواییدەکات. لە دەوری محمەدخانی قاجاردا حوکمداری هەورامان دەدرێتەوە بە عەلی مەدان سان تا ساڵی١٧٩٢ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی دەرباری قاجار و والیەتی کوردستانەوە لەسەرکار لابراوە. دەوروبەری ساڵی١٢٢٢ک سانەیەتی بۆ دەگەڕێتەوە بەڵام نەخۆش بووە. ساڵی ١٧٩٤ لە نەوسود کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

عيسا بەگى بابان

بەگزادە و فەرمانڕەوای بابانەکانە لە هەڵەبجە. ناوی (عيسا بەگ کوڕى ئەحمەد پاشاى کوڕى سلێمان پاشاى کوڕى مەحموود پاشاى کوڕى خاليد پاشاى بابان)ـه. لە بابانەکانى هەڵەبجەيە. محەممەد ساڵح بەگ، برای بووە. لە سەرەتاى سەدەى نۆزدەدا ١٨٠١ بۆ ١٨٠٢ فەرمانڕەواى بابانەکان بووە لە هەڵەبجە. بونيادنەرى مزگەوتى گەورە و مەدرەسەى مزگەوتی شارەکە بووە و ئاش و باخێکى لەسەر مزگەوتەکە وەقف کردووە و بە بۆریى لولەييش ئاوى بۆ ڕاکێشاوە. خاوەنی (باخى مير)ی شارەکە بووە، کە دواتر کەوتووەتە دەستى ماڵى عوسمان پاشاى جاف.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا
پێشتر 1 2