بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
فەرمانڕەوای بابانەکان بووە لە هەڵەبجە. کوڕى خاليد پاشاى بابان بووە، بەپێى نامەيەکى مەولانا خالیدى نەقشبەندى، کە مێژووەکەى بۆ نێوان ساڵانى ١٨١١ بۆ ١٨٢٠ دەگەڕێتەوە، فەرمانڕەواى هەڵەبجە بووه، کە ئەوکات هەڵەبجە شارێکى بچووک بووە و بەشێک بووە لە قەڵەمڕەوى ميرنشينى بابان.
فەرمانڕەوای هەردوو دیوی هەورامانی خۆرهەڵات و باشورن. لە ناوچەکەدا سان، وەک سەرۆکی حکومەتێکی دەرەبەگی، دەسەڵاتی هەبووه. زۆربوونی نەوەی سانەکان دابەشبوونی بچوکتری لێکەوتووەتەوە و پشک و بەشیان لە هەورامان وەرگرتووە. یەک لەدوای یەک فەرمانڕەوای ناوچەیی خۆیانیان کردووه.
فەرمانڕەوای هەورامان بووە. کوڕی میر جیاشی کوڕی میر جەلالەدینی هەورامییەوە. کەسێکی دەروێش مەشرەب و دەستبڵاو بووە. دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی هەوراماندا و قوتابخانە، کارونسەرا و خانوی بۆ هەژاران دروستکردووە. بەرەنگاری لەشکرکێشی بالول بەگی ئەردەڵان بووەتەوە و بەرگری لە هەورامان کردووە. ساڵی ١٤٩٢ کۆچیدواییکردووە. سەرچاوەکان ٤٠ ساڵ جیاوازی دەکەن لە کاتی فەرمانڕەوایکردنەکەیدا.
خۆشنوس و هونەردۆستە. ناوی (عەباس کوڕی بارام میرزابەگی هەورامان)ـە. بە فەرمانی شا عەباسی سەفەوی نازناوی (سان)ی پێدراوە و کراوە بە فەرمانڕەوای هەورامان. لەسەر مەزهەبی شیعە بووە. لەگەڵ عوسمانییەکاندا جەنگاوە و هیچ باج و خەراجێکی پێ نەداون و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. لە لوڕستانەوە تا بەشێکی شارەزوور لەژێر فەرمانیدا بووە. چەند پرد و بینایەکی دروستکردووە. زستانان لە عەباسئاوا و هاوین لە هەواری کراوییەدۆڵ ژیاوە. ساڵی ١٦٦٤ ز کۆچیدواییکردووە و لە پاش خۆی بارام سانی کوڕی بووە بە سان.
عوسمان کوڕی عەلی مەردان سانی کوڕی حسێن سانە. لە دەمی ململانێکانی سانیەتی ئەسکەندەرساندا لە لایەن ئەمانوڵاخانەوە فەرمانی سانی بۆدەرکراوە. دوای کوژرانی ئەسکەندەرسان لە ساڵی ١٨١٩ فەرمانڕەوای هەورامانی لهۆنی گرتەدەست. لەشکرێکی بۆ پاراستنی مەڵبەندەکەی پێکهێناوە. دەستی بە ئاوەدانکردنەوە کرد و هەوڵی باشکردنەوەی نێوان تێکچووەکانی داوە. ئاشتەوایی دروستکردووە و حەزی بە خوێنڕشتن نەبووە. لەبەر ئەوە والیی ئەردەڵان ویستوویەتی لەناویبەرێت. بۆ ئەو مەبەستە خوسرەوبەگی کوڕی مەنوچەر هاندەدات و لە ساڵی ١٨٢٣ دەیکوژێت. لەماوەی بیست و حەوت ساڵی حوکمڕانی ئەمانوڵاخانی ئەردەڵانیدا، حەوت کەس لە سانە هەرە لێهاتوەکانی هەورامان، دەستیان چووەت خوێنی یەکتر و یەک لەدوای یەک کوژراون.
فەرمانڕەواى گوڵعەنبەر (خورماڵ)ـە. بەپێى نامەيەکى مەولانا خالیدى نەقشبەندى، کە مێژووەکەى بۆ ساڵانى ١٨١١ بۆ ١٨٢٠ دەگەڕێتەوە، فەرمانڕەواى گوڵعەنبەر (خورماڵ)بووه، کە لەو کاتانەدا گوڵعەنبەر شارێکى بچووک بووە و بەشێک بووە لە قەڵەمڕەویى ميرنشينى بابان. زۆرتر لەبارەیەوە نەزانراوە.
دەسەڵاتدار، وەرگێڕ، شاعیر و حاکمی (تەوێڵە) بووە. ناوی (قادر بەگی کوڕی جافرسانی محەممەد سەعید خانی لهۆن)ـە. ساڵی ١٨٨٨ یان ١٨٩٣ لە (نۆدشە) لە هەورامانی دیوی ئێران لەدایکبووە. کوڕی چوارەمى خێزانی دووەمى جافرسانە. برای کەریم سانی غەفاربەگی شانی هەورامان و عیزەت بەگی، کۆتا سانی هەورامانی لهۆنە. لای زانایانی ناوچەکە دەستی بە خوێندن کردووە، لەبەرئەوەی عەرەبی بەباشی زانیووە، هەوڵیداوە قورئان بۆ سەر شێوەی هەورامی وەربگێڕێت. سێ جار ژیانی هاوسەر پێکهێناوە. دوای کێشمەکێش و لەشکرکێشیی عوسمانیيەکان و بەرگریی جافرسان لە (نەوسود) و لاوازیی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و بۆشایی ئیداری و پشوێوی و کوشتنی نۆ کەس لە پیاوەکانی عەبدوڵا ئاغا، لە پاییزی ١٩١٥دا، شێخ حسامەدین و پیاوماقوڵانی تەوێڵە نوێنەر دەنێرنە لای جافرسان لە نەوسوود ئەویش قادربەگ دەنێرێتە تەوێڵە. لە کارەکانی قادربەگ: هێمنی و ئاساییش، کردنەوەی قوتابخانە، گەورەکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە، دابەشکردنی ئاوی چەمی ئاوێسەر و زاوەر بە نەخشە و سەنەدی دەفتەری تۆمارکراو، دروستکردنی بینا و کۆڵان و کۆشک و تەلار و حەمام و دانانى چەند یاسایەکی کۆمەڵایەتی و... هد. لەبەر چەند ناکۆکییەک ساڵی ١٩٣٧ دەگیرێت و فەرمانی سێدارەی بۆ دەردەچێت، پاشان بڕیارەکە بۆ هەتاهەتایی و دواتریش بۆ بیست ساڵ زیندانی دەگۆڕێت. ساڵی ١٩٤٧ ئازاد بووە و گەڕاوەتەوە تەوێڵە و پاشان دەچێتەوە بۆ نەوسود و ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە.
فەرمانڕەوای هەورامانە. کوڕی بارام سانی کوڕی عەباس قولی سانی هەورامییە. ساڵی ١٦٩٢ کۆچی لە لایەن شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە بە فەرمانڕەوای هەورامان دانراوە. کچی والی کوردستان و پاش ئەویش کچی عەلی قولی خانی کێشکچی شای خواستووە. لە ئەنجامی ناڕازیی براکانیدا، عوسمانییەکان کەڵکیان لەو ناکۆکییە وەرگرتووە. بۆیە سڵێمان پاشای بابان هاندەدرێت لەشکرکێشی بکاتە سەر مەریوان و سەقز و هەورامان و داگیردەکات. پاشان شا سلێمانی سەفەوی هێرشدەکاتەوە سەر هەورامان و لەشکری بابان دوور دەخاتەوە. هەراو ناکۆکییەکانی سەردەمی ئەم سانە پڕ کوشتوبڕ دەبن. خۆیشی دوای شەش ساڵ لە سانییەتی ساڵی١٦٩٨ کۆچی لە شەڕێکدا لە مەریوان دەکوژرێت و بۆ چەندڕۆژیک سەری لەسەر تەپۆڵکەیەک هەڵدەواسن. قازیی عەبدوڵا شەیدا بە درێژی لە شەڕ و ناکۆکیەکان دواوە.
فەرماندار و حاکم و سالاری جەنگە. ناوی (مستەفابەگ کوڕی جافرسانی هەورامان)ـە. نازناوی (سالار) بووە. ساڵی ١٨٩٤ يان ١٨٩٥ لەدایکبووە. لەسەردەمی سانییەتی جافرسان و دەسەڵاتیدا، حاکمی بەڵخە، دەگاشێخان و خەرپانی بووە. ساڵی ١٩١٩ شێخ مەحموود هاتووەتە لای و ئەمیش پشتیوانی شۆڕشەکەی لێ کردووە. لەئەنجامی ئەو پشتیوانییەدا، ئینگلیزەکان گوندی بەڵخەيان بۆردومانکردووە و چەند کەسێکیان شەهیدکردووە. ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ بەخاکسپێرراوە.
ناوی (نەسروڵڵا حەسەن هادی)یە و بە (نەسوڵڵا بەگی بانیشار) ناسراوه. ساڵی ١٨٥٩ له هەورامانی تەخت لەدایکبووە. بنەماڵەکەیان یەکێک بوون لە بنەماڵە فەرمانڕەواکانی هەورامانی خۆرهەڵات. نەسروڵڵا بەگ و دوو برای (ئاغابەگ و فەرەیدوون بەگ) لەگەڵ چەند چەکدرێکی هەورامیدا لەپاش کوشتنی باوکیان ڕوویان لە باشوری کوردستان و ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی کردووە و لە گوندی بانیشار و لە نزیک شارۆچکەی خورماڵ نیشتەجێبوون. پاش چەند ساڵێک بووەتە بەگی گوندی بانیشار و فەرمانڕەوای ناوچەکه و بناری سورێنی کردووە. حەوت جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٥ منداڵ بووە. لە ساڵانی بیستەکان گوندی نەوێی لە مەحموود پاشای جاف کڕیوە. ساڵی ١٩٣٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی میریسوور بەخاکسپیراوە.
شۆڕشگێڕێکی کورد و ناوچەی هەورامانە. ناوی (مەحموود کوڕی عەزیزخانی کوڕی بارام بەگ)ـە. دایکی پیرۆزەی کچی حەسەن سانی گەورەی هەورامان بووە. ساڵی ١٨٧٠ لە ئاواییی دزڵیی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. دوای باوکی بووە بە سەردار و جێنشینی (هەورامانی شەمیان). شەش جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ٢١ منداڵە. ئەندامی حیزبی هیوا بووە. هاوکارێکی باشی شۆڕشی شێخ مەحموود بووە و شێخ هاتوچۆی کردووە. دوژمنێکی سەرسەختی ئینگلیزەکان بووە. ١٩ی ٤ی ١٩١٩ لە بناری گۆیژە سوپای لیڤی شکاندووە و پێچی مەحموود لەو شاخە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. ساڵانی ١٩٢١ بۆ ١٩٣١ زیانی زۆر لە ئینگلیز دەدات و چەند جارێک لەشکری ئینگلیز دەشکێنێت و ئینگلیزەکان ناچار بە دانوستان دەکات. لە ئازادکردنی سلێمانیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. دژی قاجاری و پەهلەوی جەنگاوە. ناوی لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیدا هاتووە. چەندین جار دەستگیرکراوە و ڕەوانەی گرتوخانەکانی (هندستان، قەسری قاجار، ڕومادی، سلێمانی، کەرکوک، بەغدا) کراوە. ساڵی ١٩٤٦ بەناوی گفتوگۆوە فێڵی لێدەکرێت و بە فەرمانی ڕەزاشای پەهلەوی دەرمانخوارد کراوە و لە ئەشکەوتێک گیانیسپاردووە. تەرمەکەی لە گوندی (هانەی قوڵ) لە بناری خورماڵ بەخاکسپێرراوە. پەیکەرێکی لە شارۆچکەی خورماڵ بۆ دروستکراوە.
بەگزادەیە. ناوی (جافرسان کوڕی حەمەسەعید سان کوڕی عوسمان سان)ـە، دایکی ناوی (فەیروزە خانمی کچی شێخ عەلی عەبابەیلێ)یە. پاش شەش مانگ بەسەر کوژرانی باوکیدا، ساڵی ١٨٨٥ لە تەکیەی (دەوڵەت ئاوایی ڕوانسەر) لەدایکبووه. جافرسان یەکێکە لە سانە بەناوبانگەکانی هەورامان. لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٩١٣ لە ناوچەیەکی بەرفراوانی خۆرهەڵاتی هەڵەبجە تا سنوری پاڵنگان و جافەکانی جوانڕۆ دەسەڵاتی هەبووە. بەرامبەر لەشکری عوسمانییەکان ساڵی ١٩١٤-١٩١٥ بەرگری لە نەوسوود کردووە. وەک دەڵێن شەڕی دوو دەوڵەتی کردووە. لەبەرئەوەی نەچووەتە ژێر ڕکێفی دەوڵەت و ڕازی نەبووە بە چەک دانان، ڕەزا شا ساڵی ١٩٣١ هێرشێکی کردووەتە سەر ناوچەکانی هەورامانی (لهۆن و تەخت) نزیک بە ساڵێک بەرەنگاری کردووه، کە بەزستانی ڕەش ناسراوە. دواتر بە ناچاری ڕوویکردووەتە هەورامانی بەشی عێراق و مافی پەنابەرێتی پێدراوه و لە شاری ڕومادی نیشتەجێبووە. لە بەرگری و پاراستنی هەڵەبجەدا یارمەتی پێشکەش بە عادیلەحان کردووە. لە چەندین سەرچاوەی مێژوویی و بەڵگەنامەکانی عوسمانی و سەفەویدا ناوی هاتووە. بەشداری و سەرکردایەتی چەندین شەڕی کردووە. لەوانە، نۆبرأن، باخی شا، تەپی تلەوەر، غەزای ڕووس، زستانی ڕەش. ساڵی ١٩٤١، کە سوپای ڕوسیا و بەریتانیا چوونە ناو خاکی ئێرانەوە، جافرسانیش گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە. بایەخی بە فەرهەنگ و ئاوەدانی داوە، شەشە جار هاوسەرگیری کردووە و ٣٦ منداڵی هەبووە. لەسەر وەسیەتی خۆی کەریم بەگی کوڕی کراوە بە سانی هەورامان. ساڵی ١٩٤٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (عەبابەیلێ) بەخاکسپێرراوە.
سانە. کوڕی (محەممەد سانی یەکەم)ـە. ساڵی ١٨٤٨ بووە بە حوکمڕانی تەخت و ڕەزاو. لە کەسێتییە دیارەکانی سەردەمی قاجارە، کە لە مێژووی پیاوانی ئێراندا ناوی هاتبێت. هەمیشە ٢٠٠٠ تفەنگچی ئامادەی هەبووە. یەکێتیی و پێکەوژیانی لەگەڵ حاکمانی هەورامانی لهۆندا دروستکردووە و هەورامان یەکیگرتووەتەوە. لەگەڵ مەحمود پاشای جافدا، کە ئەوکات لە هەڵەبجە حاکم بووە، یەکێتیی پێکهێناوە. نافەرمانی حاکمانی سنەی کردووە. دوای ئەوەی ناسرەدین شا دوای تەمەنی حەوت سەدەی والی نشینی ئەردەڵان، کۆتایی بە والیانی ئەردەڵان دەهێنێت و میرنشینی ئەردەڵان هەڵدەوشێنێتەوە و فەرهاد میرزای مامی دەکاتە حاکمی سنە. ئەویش بە لەشکرێکی زۆرەوە بۆ ڕأمکردنی ناوچەکە دێت. مەرامی شەڕفرۆشتنی فەرهاد میرزا بە هەورامان دەگاتە شێخی بەهادین. هەوڵەکانی شێخ بۆ ڕوونەدانی شەڕ سەرناگرێت و شەڕ بەرپا دەبێت. لەشکری فەرهاد میرزا دەشکێت و خۆیشی بەگران ڕزگاری دەبێت. ئەو ڕوداوە و هەڵهاتنی لە کتێبی مونشەئاتدا باسکردووە. فەرهاد میرزا بۆ کوشتنی گەڕاوە، بۆیە لە سەفەرێکی ساڵی ١٨٦٧ بۆ ناوچەی مەریوان، هەسەن سان و براکانی بانگدەکات بە نیازی خەڵات و پاداشت. پلانی کوشتنیان لە مزگەوتی بێڵەک (بێڵو) دادەڕێژێت. زەینولعابدینی فەراشباشی و ١٠ لە پیاوانی بۆ جێبەجێکردن ڕادەسپێرێت. لە چاخانەی گوندەکە هەسەن سان دەکوژرێت و بارام بەگ و مستەفابەگی برای بەدیلدەگیرێن. دوای سێ ڕۆژ کەسوکاری دەیبەنەوە و لە گۆڕستانی ئەسحابان لە دزڵی بەخاکیدەسپێرن. بە (هەسەن سان)یش ناودەبرێت.
سانە. کوڕی عوسمان سانی عەلیمەردان سانی حسێن سانە. بەیارمەتی حەسەن سان دوای لابردنی ئەحمەدسانی دووەم لە ساڵی ١٨٤٨، کراوە بەحاکمی هەورامانی لهۆن. مەڵبەندی حوکمڕانییەکەی نەوسوود بووە. لە گەڵ هەسەن ساندا یەکێتییەکی پتەویان لە هەوراماندا پێکهێناوە. لە ١٩ساڵی حوکمدارییاندا، زنجیرەیەک ڕاپەڕین دژی قاجار و بێگانەکانی تر لە هەوراماندا ڕوویانداوە. غوڵامشاخانی والی لەشکرێکی گەورەی کردووەتەسەر و پلانی سوتماککردنی نەوسود و کوشتوبڕی خەڵکەکەی بووە. بۆیە سان ناوچەکە چۆڵدەکات و دێتە مأڵی خەزوری (شێخ عەلی عەبابەیلێ) لە عەبابەیلێ. دەسەڵاتی قاجار و عوسمانییەکان بۆ گەڕانەوەیان ڕێکدەکەون. ساڵی ١٨٦٥ دووبارە دەسەڵاتی قاجار و حاکمانی ئەردەڵان پەلاماری هەورامان دەدەنەوە. دووبارە سان نەوسوود چۆڵدەکات و دێتەوە هەڵەبجە. شێخ عەبدولڕەحمانی ئەبولوەفا و حەمەپاشای جاف هەوڵی باشکردنی نێوانی ئەمانوڵاخان و سانیان داوە. بەرامبەر بە ٣٠٠٠ تمەن سەرانە لەگەڵ تفەنگچیەکانیدا دەگەڕێنەوە. لە ساڵی ١٨٦٩ بۆ سێیەمجار لەشکری قاجار لە سەردەمی فەرهاد میرزادا بۆ داگیرکردنی هەورامان هێرش دەکەن. سان ٥٠٠ تفەنگچی بە فەرماندەیی ئەورەحمان بەگی کوڕی، لە کەناری سیروان جێگیردەکات. زیانێکی زۆر بە لەشکری قاجار دەگەیەنن و فەرماندەی فەوجی زەفەریان دەکوژن. لە بەرزۆری ژمارەی لەشکر، هەورامییەکان پاشەکشەدەکەن و لە ڕێگای شارەزوورەوە دێنە سلێمانی. بەهەوڵی فەیروزە خانی خێزانی حەمەسەعیدسان و ڕێککەوتنی لەگەڵ فەرهاد میرزادا، سان دەگەڕێتەوە ئێران. فەرهاد میرزا و عەلی ئەکبەرخان پیلانی کوشتی دادەنێن. سەرچاوەکان لە گێڕانەوەی چۆنیەتی کوشتنیان جیاوازن. لەناو گۆڕەپانی تەلاری حکومەت لە قەڵای جوانڕۆ لە ساڵی ١٨٧٢ سان و میرزا بەکر تیرباران دەکرێن. ئەورەحمان بەگ و ڕۆسەم بەگی کوڕی دەنێرنە زیندان. لە زیندان ئەورەحمان بەگ بە پشتێنەکەی دەخنکێنن و ڕۆستەم بەگ لەبەر کەمیی تەمەن ئازاددەکەن.
سانە. کوڕی (ڕۆستەم سانی حەمەسەعید سانی عوسمان سان)ـە. پاش کوژرانی باوکی لەگەڵ مەلا عەزیزی قازی دەچنە سنە و لەلایەن ئەمیر نیزام خانی گەڕوسی حاکمی سنە و کرماشانەوە لەساڵی ١٨٩٢ فەرمانی سانیەتی هەورامانی لهۆنی بۆ دەردەچێت و محەممەد بەگی مامەی دەبێتە جێگری. پاش سێ مانگ بە فیتی چەند کەسێک محەممەد بەگی مامی دەکوژێت و دەچێتە نێو بەگزادەکانی تەخت و ڕەزاو. ئەوانیش لەشکری بۆ ڕێکدەخەن و دێتەوە نەوسوود. پاش سێ سأڵ لە حوکمڕانی لە ساڵی ١٨٩٥ بەدەستی (مەحمود بەگی کوڕی عوسمان بەگ و جافر سانی مامی) لە تۆڵەی خوێنی محەممەد بەگدا دەیکوژنەوە. هاوکات جافرسان بە ئامادەیی شێخ عومەری بیارە دەبێتەسان.
سانە. دوای مردنی تایەرسان و لە سەرکار لادرانی عەلی مەردان سان، ساڵی ١٢٠٩ک بە فەرمانی ئاغە محەممەدخانی قاجار بووەتە فەرمانڕەوای هەموو هەورامان. لەم کاتەدا مەنوچەربەگی کوڕی عەلی مەردان سان ویستویەتی بیکوژێت، باوکی ڕێگربووە. بەڵام ناکۆکی و پیلانی یەکتر لەناوبردن لە نێوان ئەم سانە و کوڕانی عەلی مەردان ساندا هەبووە. بە مردنی محەممەدخانی قاجار و سەرقاڵبوونی ماڵباتی قاجار بە دەست کاربەدەستانی حەسەن عەلی خانەوە، بوونە هاندەرێک بۆ مەنوچەربەگ، کە داوای حوکمڕانیی لهۆن بکاتەوە. مردنی عەلی مەردان سان لەمپەری بەر کوشتنی حەمەیوسف سانی نەهێشت و لە ٢٧ی ڕەمەزانی ساڵی ١٢٢٣ک لەلایەن مەنوچەربەگ و براکانییەوە لەشکری بۆ جوڵاوە و لە شەوی جەژندا کوژراوە.
سانە. کوڕی (عەلی مەردان سانی حسێن سان)ـە. پاش کوژرانی عوسمان سانی مامی بە فەرمانی ئەمانوڵاخانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٢٣٩ک بووە بە فەرمانڕەوای هەورامان. دوای ساڵێک قادربەگی ئامۆزا و ژنبرای بەڵێنی فەرمانڕەوایی لهۆنی پێدراوە و هانەگەرمڵە دەکاتە پایتەختی و لە گرنگیی نەوسود کەمدەکاتەوە. لەبەر ئەوە لە ساڵی ١٢٤٠ک بەرامبەر یەک دەوستن و لە ملەی نەڵکمین لە پشتی ئاوێسەر جەنگ دەستپێدەکەن. لە ناکاو گوللەیەک بەر قادر دەکەوێت و دەکوژرێت و حەیدەسان دەکرێتەوە بە فەرمانڕەوای لهۆن. لە مردنی ئەمانوڵڵاخان و هاتنی خوسرەوخانی ناکامی ئەردەڵاندا، لەگەڵ محەممەدسانی ئەسکەندەرساندا لە والی یاخی دەبن و شۆڕشێک هەڵدەگیرسێنن. ئەویش لەشکرێک بە فەرماندەیی میرزا هیدایەت بۆ سەرکوتکردنیان دەنێرێت، بەڵام ئەم لەشکرە دەشکێت و لەشکری سان دوایان دەکەوێت. لە ناوچەی شاخاوی دوور دەکەونەوە و دێنە دەشتایی. لەشکری محەممەد بەگی قادربەگی جاف دەکەونە ناویان و پەرشوبڵاویان دەکەن. لەو لاشەوە لەشکری والی خۆی ڕێکدەخاتەوە. محەممەد سان هەڵدێت و حەیدەرسان خۆی دەخاتە سیروانەوە. دەریدەهێننەوە و لە ساڵی ١٢٤٢ک لە داریدەدەن.
یەکیکە لە سانەکانی هەورامان. کوڕی بارام سانی هەورامییە. لە هانەگەرمڵەدا ژیاوە. دۆستایەتی لە گەڵ عوسمانییەکاندا خۆش بووە. فەرمانی سانیەتی هەورامانی لهۆنی لەساڵی ١٧٤٧ لەلایەن عوسمانیەکانەوە بۆ دەرکراوە. بۆ بەرگرتن لە دەستوەردانی عوسمانیەکان لە هەوراماندا، سوبحانوێردی خانی ئەردەڵانیش دەیکاتە حوکمڕانی لهۆن. خوسرەو بەگی فەرمانڕەوای ڕەزاو دەکوژێت لە ترسی تۆڵەکردنەوەی بارام سان بۆ نەوسود هەڵدێت و دەچێتە لای سوبحانوێردی خان و ئەویش لەشکرێکی دەداتێ. خالدبەگی برای خوسرەو بەگ بەفەرمانی بارام سان، مۆمن خان و مستەفا بەگی برای حسێن سان دەکوژێت و لەبەرئەوە بارام سانیش دێتە سلێمانی و لە سەلیم پاشای بابان داوای کۆمەک دەکات و ئەویش لەشکێکی دەداتێ. ساڵی ١٧٤٧ کوژراوە.
سانە. یەکێکە لە سانەکانی هەورامان. ژنی حەیدەرسانی کوڕی عەلیمەردان سان و خوشکی قادرسانە. لە هەندێک سەرچاوەدا بە مەنیجەسان ناویشی هاتووە. دوای کوشتنی مێردەکەی بە دەستی خەسرەوخانی ناکام لە ساڵی ١٢٤٢ک هاتنیان بۆ شارەزوور، دەبێتە سانی هەورامانی لهۆن. ماوەی ساڵێک حوکم دەکات و پاش ئاشتی و گەڕانەوەی هەورامییەکان لە شارەزوورەوە، قادر بەگی عومەربەگ فەرمانی سانییەتی بۆدەرەچت و منیرەخان وازیهێناوە.
سانە. هاوسەریی ئەسکەندر سانە. پاش کوژرانی مێردەکەی لە ساڵی ١٨١٠ لەبەرئەوەی هەر چوار کوڕەکەی سان تەمەنی بوونە سانیان نەبووە، دەبێتە سانی هەورامان و محەممەدبەگی برای ئەسکەندەرسانیش دەبێت (نائب الحکومە)ی. پاش ساڵیک لە سانیەتی، محەممەد بەگی شوبرای دەچێتە لای والی و بەهۆی میرزا عبدالکریمی ڕاوێژکاری والییەوە فەرمانی سانییەتی بۆ خۆی دەهێنێتەوە و هۆریزادسانیش دەست لە سانییەتی هەڵدەگرێت و شوو بە محەممەدبەگ دەکات. بەڵام وەک ڕاوێژکار دەمڕاستی محەممەدبەگ دەمێنیتەوە.