گۆڕستانەکانی گوندی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


١- بابلەگورز یان بابا گورزین: کەوتووەتە نزیک کانیی (کەڕەجاڵ) لەسەرووی گوندی زەڵم. شوێنەکەی دیاریکراوە و سوخنی هەیە. بەناوی مەزاری باباگورزینەوە ناونراوە. لە بیروباوەڕی خەڵکی ناوچەکەدا هاتووە، کە خەڵک بۆ پاراستنی شتومەکەکانیان پەنایان بۆ بردووە، یان کە چوونەتە هەوار و شاخ، شتەکانیان لەوێ داناوە، بەو باوەڕەی کە چاودێریدەکات و دەپارێزرێت و نابرێت.

٢- پلە لەتەرە یان سەید جەواز: کەوتووەتە بەردەم ماڵەکانی گوندی زەڵم. گۆڕستانێکی دێرینە. بە ناوی مەزاری سەید جەوازەوە ناونراوە، کە نزیک گۆڕستانی تەپۆڵەیە.

٣- تەپۆڵە: گۆڕستان و شوێنەوارە. کەوتووەتە لاشانی کۆشکی کوڕ و بەرانبەریشی کۆشکی کچە، دەستە ڕاستی دۆڵی وشکەناوە و چەپی دۆڵی زەڵمە. شوێنەوارێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٢ وەک گۆڕستان، یەکەم مردووی لێ بەخاکسپێرراوە و نزیکەی ٢٠٠ گۆڕی لێیە. لە هەندێک سەرچاوەدا بە دێی زەنزەنە ناوی هاتووە. زەڵمییەکان بۆ شوێنی یارییە میللییەکان و کۆبوونەوەکان لە وەرزەکانی تردا لە تەپۆڵە کۆبوونەتەوە و هاوینانیش بۆ هەمان مەبەست و کات_بەسەربردن لێی کۆبوونەتەوە.

٤- دارو قیبلێ (داری قیبلە): بەرانبەر ماڵەکانی ئاوایی زەڵم، لەبەرزاییەکدایە. شوێنەوارێکی دێرینە. لە ئێستادا مردووی لێ بەخاکناسپیررێت. پێشتر دارێکی گەورەی لێ بووە و بەهۆی ئەوەی مزگەوتی گوندەکە ڕووی کردووەتە ئەم دارە، بە داری قیبلە ناسراوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد یاسین محەممەد ئەمین)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەلی حاجی زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٣٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
  3. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ئیبراهیم حاجی زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٢، بڕوانامە: دکتۆرا، پیشە: مامۆستای زانکۆ، لە ٧ی ٢ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

7

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاشەکانی گوندی

١- چوار ئاساوا: چوار ئاشی ئاوی جیان و پێکەوە ناودەبرێن، لە باخی نەسە لە چەمی زەڵم دانراون. جۆگە و بنەوانیان گەورە بووە. بریتیبوون لە ئاشی: حەمە دەلاک، کە لافاوی ساڵی ١٩٥٤ فەوتاندوویەتی و چاکنەکراوەتەوە، دوو ئاشیان هی بابا نەسە بوون، دوای ساڵی ١٩٥٤ دروستیکردوون، یەکێکیان دواتر بە چوار یەک تاپۆ کراوە لەسەر حامیدبەگ، ئاشی چوارەم لەوبەری ئەم سیانەوە بووە بەناوی حەمەدەروێشی ڕۆسەمی مەلا حەسەنی قادرئاغا. بەردەوام سیانیان کاریانکردووە، لەسەرووی ئاشەکانی حاجی ئەحمەد و ئەحمەد و حەمەجانەوەن، نزیک قەڵای زەڵم، کەوتوونەتە شوێنێکەوە پێیدەڵێن پەچە. لە باوەڕی خەڵکیدا پێشتر گوندی زەڵم لەو شوێنەدا بووە و بەهەر هۆکارێک بووە، وێرانبووە و دواتر هاتووەتە شوێنی ئێستای. ٢-حاجی ئەحمەد: ئاشی ئاوە. ئەحمەدی کوڕی ئەلە خاوەنی بووە. بەرانبەر ئاشی حەمەجان، دوای بەشکردنی باخەکانی فەقێ مەحموود، لەلایەن ئەمین چاوش و ئەلەوە، هەتا ساڵی ١٩٧٠ کاریپێکردووە. ٣-حاجی حەمەجان: ئاشی ئاوە. حاجی حەمەجانی کوڕی ئەمین چاوشی فەقێ مەحموود خاوەنی بووە، کە لە بنەماڵە کۆنەکانی خورماڵن و هاتوونەتە گوندەکە و باخەکەیان کەوتووەتە سەروتری باخ و ئاشی حەمەی سەلیم و کوێخا سادقەوە و ئەم ئاشە کۆنەی تێدابووە، ئاوەدانیانکردووەتەوە و دەستکاریانکردووە و خستویانەتە گەڕ، پێشتر شەریفی برای سەروکاریکردووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا بووە بە موڵکی حەمەجان. هەتا ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە و دوای ڕاگواستنی گوندەکان لەکارکەوتووە و دواتریش چاکنەکراوەتەوە. ٤-حەمەکە: محەممەد کوڕی ڕەحیمی خواکەرەم، کە مەریوانین، هاتوونەتە گوندی زەڵم، حەمەکەی باوکی حەبیب ئاشەکەی دایناوە. بەردی هاڕینەکانیان لە کانەکان و لەگەڵ لالۆ نەسەدا دروستکردووە و پێکەوە لەگەڵ قێخا ڕەحیمی زەڵم و بە یارمەتی ٦٠ پیاو دەستهاڕەکانیان هێناوە و دوای لافاوی ساڵی ١٩٥٤ دانراوە و هەتا ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە. ٥-حەمەکوێر: کەوتووەتە سەروی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرەتای چەمی زەڵم. حەمەکوێر برای ئەحمەد و حەمەساڵەی کوڕی مستەفان لە خێڵی لاوە. بنەماڵەکەیان لە ساڵی قڕان و چاوەقوڵەدا لەناوچوون، ڕزگاربووانیش کوێربوون. حەمە بە نابینایی سەرپەرشتیکردووە. لە بنچینەدا حەمەساڵەی برای خاوەنی بووە. ٦-حەمەی سەلیم : محەممەدی سەلیمی مەلاحەسەنی بنەماڵەی قادرئاغای خورماڵ خاوەنی بووه،‌ کە هاتووەنەتە گوندی (زەڵم). باخێکی گەورەیان هەبووە لە بنی پەڵگەوە ئەمبەر و ئەوبەری چەمی زەڵم هەتا دەگاتە بیناکان. کەوتووەتە بنی پەڵگ. لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و لە پشتی مەزاری بیلال و سەرەتای چەمی زەڵمدا، ساڵی ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٣ بەرد و کەرەستەکانیان هێناوە و ئاشەکەیان داناوە. دواتر سادقی کوڕی لە براکانی سەندووەتەوە و دەستکاری شوێن و جۆری کەرەستە و دەستهاڕەکانی دەکات و دەبێتە ئاشی قێخا سادقی حەمەی سەلیم، ئاوەکەی لە جۆگەیەکی بەردەم قەڵاوە بۆ هەڵگیراوە. هەتا ساڵی ١٩٩٨ ماوە و ئیشیکردووە. لەئێستادا شوێنەواری ماوە. ٧- سۆفی: ئاشی ئاوە. لەناو باخەکانی شێخدا بووە. دوای هاتنی شێخ ئەحمەد و دواتر شێخ حسامەدین، تایفەی سۆفییان کردووە بە سەرپەرشتیکەری باخ و ئەم ئاشە. بە پاڵپشتیی شێخ حسامەدین دروستکراوە و کەسێکی ناودار بەناوی سۆفی حەمەمینەوە دایناوە.