سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

بەڵخە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە)، سەرچاوەکەی لە چیای(تەوەنێ) لەبەرزایی (١٩٩٤م) لەئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات. ئاوی دۆڵەکانی (لاسەو زیتێ، هانە وەهارە، خوێڕسگە، ولێ) و کانیاوی(تەوەنێ) ی تێدەڕژێت و بەرەو خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و بەنێو گوندی بەڵخەی سەرو و خواروو تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە دۆڵی(سۆڵێ) و لێرەدا ئاوی دۆڵەکانی(باواندەرە و سینەسەحاب و هەڕەسیاوی) تێدەڕژێت و پاشان چەمی مێشلەی تێدەڕژێت و بەرەو باشور ڕێدەکات و دەڕژێتە ناو چەمی تەوێڵەوە. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت. لەسەر چەمی بەڵخە جگە لە گوندەکە، چەند باخێکی زۆر دروستکراوە، کە پشت بەئاوی چەمەکە دەبەستن و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدا بونیادنراوە.

بەڵخی

کەوتووەتە سەرەتای گوندی (هاوارەکۆن). چەمێکی ئاودار و چڕە. لە نێوان چەمی (ئاشی و زەوار)ە. چەند کونێکی لێیە پێیاندەوترێت کونە جنۆکەکان. هەروەها کەورگ یان ئەشکەوتی تێدایە. چەمەکە هەمووی لەباخی گوێز و هەنار پێکدێت. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە (بەڵخ) یان قەوزە گرتویەتی و ئەوناوەی لێنراوە. بەشی سەرەوەی پێیدەوترێت چەمی (هەنارە سور)، کە درێژکراوەی هەمان چەم وڕێڕەوە.

بگارێ

کۆمەڵە باخێکن لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتوون. بە چەمی (بگارێ) بەناوبانگە. بە ئاڕاستەی باشور تەسک دەبێتەوە تادەگاتە چەمی (دەروەن) یان (دەربەن) لەوێ کۆتاییپێدێت. چەمێکی ئاودارە. باخەکانی ئەو ناوچەیە پشت بە ئاوەکەی دەبەستن. (بگارێ) ڕێگەی کاروانچیی کۆن بووە. ڕێگای (کاروانگەی) پێدا تێپەڕدەبێت. خودی وشەکە بەواتای (بوار) یان شوێنی پەڕینەوەی گونجاو دێت. بۆیە ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە.

بڵێڵان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەلەسۆ). نزیکەی (٢٠٠٠م) درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە چەمی بانی کەڵەک و پاشان ئاوەکەیان دەڕژێتە چەمی گەورەی قەڵا لە گوندی پشتە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی باراناوی زستانە، کە لە بناری چیای خۆشکەوە تێی دەڕژێت. ژمارەیەک کانیاوی تێدایە، کە لە وەرزی هاویندا بۆ مەرەزە و ئاژەڵداری سودیلێوەردەگیرێت. هەروەها ئاشێکی بەردینی تێدا بووە، کە لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا بۆ هاڕینی دانەوێڵە سودیلێبینراوە.

بنجەودڕەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بنجەودڕەی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. کەوتووەتە نێوان چیای کڵاوەی ئاشور لە باکور و لوتکەی ئاسنەوەرد و ملەی چنار لە خۆرهەڵات و تەپی خاتوو ئامینە لە باشور و گوندی زەردەهاڵ لە خۆرئاواوە. چەند دۆڵێکی تێدایە وەکو دۆڵی دەرەو گاوگەی و چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی شێخ) و ئاوی هەموو ئەمانە لەگەڵ ئاوی چیای ئاسنەوەرد و تەپی خاتوو ئامینە و ناوچەی تاڤان کۆدەبێتەوە و ئەم چەمە دروستدەکەن. سێ لقە جۆگەی دیکەی لە باکوری خۆرهەڵاتەوە و یەک لقە جۆگەی تر لە باشورەوە تێدەڕژێت و بەردەوامدەبێت و لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و باشوری گوندی (گوڵپ) لەگەڵ چەمەکانی (دەرەوکێ و نارنجڵە و باخە تازە) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە باکوری گوندی (خارگێڵان)دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی شارەزوور و دەشتی سەبان، لە بەرزیی (١٠٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٩٠م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. کۆمەڵێک باخ و زەوی کشتوکاڵی پشت بەم چەمە دەبەستن.

بۆگەنکێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەنێوان چیای بانەبەرز و چیای بۆگەنکێدایە. زیاتر لە کیلۆمەترێک دەبێت. بە ئاڕاستەی چەمی کشرێ درێژدەبێتەوە. کانییەکی تێدایە بەناوی بۆگەنکێ و کۆمەڵێک باخی تێدایە.

بیارە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). سەرچاوەکەی دەکەوێتە هەورامانی دیوی ئێران و ئاوی چیاکان و کانیاوەکانی هانەگەرمڵە و کێمنە و بێرواس یەکدەگرن و چەمەکە دروستدەبێت. پاشان بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەنتەری شاری بیارە دێتە نێو سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەبەرزی (١١٧٠م). ئاوی چەند کانییەکی تێدەڕژێت، وەکو کانی (سەربەڵخ، مەیدان، عیوەز، حەمەوەیس، بێڵخا، ماجێ و باخی سان) و پڕۆژەی ئاوی بیارە و خانەقای بیارە و چەند باخێکی بیارەی لەسەرە و چەندین جۆگەی لێوەرگیراوە بۆ بەشە جیاکانی شاری بیارە، پاشان بەرەو خۆرئاوا ڕێدەکات و چەند چەمێکی دیکەی تێدەڕژێت وەکو دەگاشێخان و وەزەنێ و پشت جۆگا و جۆگەی مویان و جیرا و موسا قەڵبە و بەرەو گوندەکانی زەردەهاڵ و خارگێڵان و دەڕوات و چەمی خەرپانی تێدەڕژێت و بەرەو دەشتی شارەزوور. درێژییەکەی نزیکەی (١١کم) دەبێت. بە درێژایی سەرانسەر ناوچەیەکی گەشتوگوزارییە و چەندین باخ و کەپر و فرۆشگا و خانو و خواردەمەنی و خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدایە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لەناوچە جیاوازەکانەوە سەردانیدەکەن.

بیران

به ‌دووریی (٦٠٠م) کەوتووەتە خوارووی گوندی (دوانزە ئیمام)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەوێوە دەڕوات بۆ گردی دێی حسێن و لەوێوە دەڕژێتە چەمی زەڵم. کۆمەڵێک بیر و چاڵی قووڵی سروشتی تێدایە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بە قوڕ و لیتەی باران و لافاو پڕبونەتەوە. بەڵام لە کۆندا ئاوی هەبووە و سەرچاوەی ئاوی چەمەکە بوون. ئاژەڵ و وڵاخ تێی کەوتووە. قووڵیی چەمەکە نزیکەی چوار مەتر دەبێت و لە ئێستادا ئاوەکەی زۆر کەمە.

بیسان

کەوتووەتە گوندی عەنەب لە باکوری هەڵەبجە. لە پشت مزگەوتی گوندی عەنەبەوە دەستپێدەکات و بەرەو خۆرهەڵاتی گوندەکە بە درێژایی سێ کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە تاکو دەگاتە نزیک گوندی (سەرکەن). بەپێی پاشماوەکانی، کە تێیدایە، پێدەچێت پیشتر ئاوەدانی یان گوند بووبێت. لە قەدپاڵەکانیدا، چەندین تەختایی هەن و کراونەتە یاریگای (فوتساڵ) و مۆنۆمێنتی (شەهیدانی گوندی عەنەب). لە نێو چەمیش چەندین باخ و زەویی کشتوکاڵی بەپیتی تێدایە. شاخی شنروێ دەڕوانێت بەسەریدا و ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و سەرچاوەی ئاوی ژێرزەویی دەوڵەمەندی هەیە. (کەلی بیسان)، کە ڕێگای گوندی (هاوار)ی پێدا تێپەڕدەبێت، یەکێکە لە بەرزاییە دیارەکان، کە دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی گوندی (دەرەشیش) لە بەشی خۆرهەڵاتیەوە.

بیەکە

کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە دامێنی (شاخی شنروێ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەڕێگا قیرکراوەکەی گوندەکەوە دەستپێدەکات و دەڕواتەوە (زەلەکێ). بەهۆی ئەوەی داری بی تێدابووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بۆ کۆکردنەوەی ئاوی ئەو چەمە، چەند کارێزێکی تێدا لێدراوە و ئاوەکان پێکەوە بەستراونەتەوە. بەڵام ئێستا وشکیکردووە.

بێژاوا

کەوتووەتە گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و لەچەمى ئيمەت(هيمەت)، کە لە کۆنە گوندى هيمەتەوە دێت و بە ناوەڕاستى گوندى بێژاوادا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە چەمى چاڵگە و پاشان پاشان دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت.

بێلەنگە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (بێلەنگه)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە ملەى (کەردزياگ)ـەوە دەستپێدەکات، تا دەڕژێتە سەر چەمى تلەقووچ. نزيکەى سێ کيلۆمەتر درێژ دەبێتەوه. ئاوى کانيیەکانى (تووخۆرى، ناودێ، سەيد مراد)ی دەڕژێتە سەر.

پاڵەوان

کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (تەپی سەفای سەروو) سەر بە ناحیەی (خورماڵ).‌ ئاوى کانى پاڵەوانى و ئاوى باراناوى پێدا تێپەڕدەبێت و درێژدەبێتەوە بۆ گوندى شەکرالی. قووڵییەکەى نزیکەى پێنج مەتر دەبێت و لە هەندێک شوێنیش تەنها یەک مەترە. داربی و بناوەچ و دار هەناری تێدایە.

پەچەو سێ قادری

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە و ئاوی چەمەکانی (گڵوەو هەرەسی و تاقودڕەیەکا و چاڵاوا و گڵوەو مەڕێ و گڵوەو خەڕەنگەزی و شەوگەو دۆڵاوێ و گیواوبڕ و پەچەوتاشی و بنەوگڵوەی و گڵوەو وەزەرەی و وەنەناو و گڵوەو ملەوکەوچێ و بەرزانە دۆڵە) لە بەشی باکوری خۆرهەڵاتیدا کۆدەبنەوە و یەکدەگرن و دروستیدەکەن. کەوتووەتە نێوان (گڵوەو مەڕێ و جۆگەی خەڕەنگەزێ لە باکور و دۆڵی چاڵاوا و مرۆ دۆڵە لە خۆرهەڵات و سەر سیپە و ئەشکەوتەکانی دۆڵی دەرەیمەڕ لە باشور و ئەشکەوتی گەردەنا لە خۆرئاواوە). ئەو بەفر و بارانە زۆرەی لە چیاکانی دەوروبەری دەبارێت دروستیدەکەن، دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە، لە بەرزیی (١٥٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٢٢م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.

پريس

کەوتووەتە‌ بەشى خۆرئاوا و باشورى شارى هەڵەبجەوە، لەبەرزترين خاڵى لە ئاستى بەرزیى (١١٥٨م) لەڕووى دەرياوە لە چيايى باڵامبۆ درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستە‌ى باکورى خۆرئاواى گوندى پريسى سەروو، يەکەم سەرچاوەى ئاوى بە ناوى کانى سەربەڵخ و پاشان کانى کەورک سەرچاوە دەگرێت و پاشان دێتە ناو پريسى سەروو. کانی دەراش و کانی جانە و کانی چەرمەی تێدەڕژێت، پاشان بە ئاڕاستە‌ی گوندی پریسی خواروو درێژ دەبێـتەوە و بە ئاڕاستە‌ى بێژاوا ڕێدەکات و بەرەو گوندی گورگەچیا دەڕوات و لە نزمترين خاڵى(٤٧٤م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە لە خوارووى گوندى قۆرتاس دەرژێتە دەرياچەى دەربەندیخان، درێژیى ئەم چەمە لە چيايى باڵامبۆ تا دەگاتە ئاو ڕێژگەکەى (١٠کم) دەبێت‌.

پلە

کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (میری سور)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). به ‌دووریی سێ کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە. درێژییەکەی نزیکەی چوار کیلۆمەترە. لە زستان و بەهاراندا ئاوى هەیە.

پلەکانا

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە بەشی کۆتایی چەمی بەناوبانگی (کەمانگەرا). کۆمەڵێک پلیکانەی سروشتیین لەبەری ڕێگاکەوە بۆ چوونەخوارەوە پلەپلە کراوە و هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوه. لە ئێستادا پلیکانەکان نەماون و بوونەتە ڕێگای ئۆتۆمبێل. بە چەمی (چەوتان)یش ناودەبرێت، کە کانی و ئەستێڵی لەسەر دروستکراوە.

پير مکايڵ

کەوتووەتە‌ باکور و باکورى خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) نزيکەى ٢٥٠مەتر دوورە لە گوندەکە و لەسەر جادەى سەرەکیى گوندەکە لە زەویى (سەردار فائق ساڵح) دەستپێدەکات، تا دەگاتە دەرياچەى دەربەنديخان و سێ کيلۆمەتر درێژە. ژمارەيەک کانى زۆر لەسەر ئەم چەمەن و ئەم چەمە موڵکى گوندەکەيە.

تەپەگوڵاوی

کەوتووەتە گوندی (تەپەگوڵاوی)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و لە سەرچاوەی ئاوی کانی مارفەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی چەمی زەڵم درێژدەبێتەوە. چەمێکی قووڵ بووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کێڵان و ڕاماڵینەوە بەشێک لە قووڵییەکەی لەدەستداوە.

تەقتەقان

لە خۆرئاواى گوندى (قارەمانی)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)ـەوە دەستپێدەکات، لە سەرەتادا هەردوو کانى خوارنگ و کانى ئەسحابەکەى تێ دەڕژێت و بەئاڕاستەى باکورى خۆرئاواى گوندەکە ڕێدەکات، تا دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان، درێژییەکەی مامناوەندە و نزيکەى يەک کيلۆمەتر دەبێت. بەهۆى ئەوەى بەردى زۆر بووە و تەقتەقان و بەرد بووە ناونراوە چەمى تەقتەقان.

پێشتر 1
...
40 41 42
...
51 دواتر