بنجەودڕەی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لاپەڕەی 364

چەم

کەوتووەتە سنوری گوندی (بنجەودڕەی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. کەوتووەتە نێوان چیای کڵاوەی ئاشور لە باکور و لوتکەی ئاسنەوەرد و ملەی چنار لە خۆرهەڵات و تەپی خاتوو ئامینە لە باشور و گوندی زەردەهاڵ لە خۆرئاواوە. چەند دۆڵێکی تێدایە وەکو دۆڵی دەرەو گاوگەی و چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی شێخ) و ئاوی هەموو ئەمانە لەگەڵ ئاوی چیای ئاسنەوەرد و تەپی خاتوو ئامینە و ناوچەی تاڤان کۆدەبێتەوە و ئەم چەمە دروستدەکەن. سێ لقە جۆگەی دیکەی لە باکوری خۆرهەڵاتەوە و یەک لقە جۆگەی تر لە باشورەوە تێدەڕژێت و بەردەوامدەبێت و لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و باشوری گوندی (گوڵپ) لەگەڵ چەمەکانی (دەرەوکێ و نارنجڵە و باخە تازە) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە باکوری گوندی (خارگێڵان)دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی شارەزوور و دەشتی سەبان، لە بەرزیی (١٠٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٩٠م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. کۆمەڵێک باخ و زەوی کشتوکاڵی پشت بەم چەمە دەبەستن.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (حەمەئەمین بیارەیی)، لەدایکبوو: ١٩٤٩، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.