بیارە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 365

چەم

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). سەرچاوەکەی دەکەوێتە هەورامانی دیوی ئێران و ئاوی چیاکان و کانیاوەکانی هانەگەرمڵە و کێمنە و بێرواس یەکدەگرن و چەمەکە دروستدەبێت. پاشان بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەنتەری شاری بیارە دێتە نێو سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەبەرزی (١١٧٠م). ئاوی چەند کانییەکی تێدەڕژێت، وەکو کانی (سەربەڵخ، مەیدان، عیوەز، حەمەوەیس، بێڵخا، ماجێ و باخی سان) و پڕۆژەی ئاوی بیارە و خانەقای بیارە و چەند باخێکی بیارەی لەسەرە و چەندین جۆگەی لێوەرگیراوە بۆ بەشە جیاکانی شاری بیارە، پاشان بەرەو خۆرئاوا ڕێدەکات و چەند چەمێکی دیکەی تێدەڕژێت وەکو دەگاشێخان و وەزەنێ و پشت جۆگا و جۆگەی مویان و جیرا و موسا قەڵبە و بەرەو گوندەکانی زەردەهاڵ و خارگێڵان و دەڕوات و چەمی خەرپانی تێدەڕژێت و بەرەو دەشتی شارەزوور. درێژییەکەی نزیکەی (١١کم) دەبێت. بە درێژایی سەرانسەر ناوچەیەکی گەشتوگوزارییە و چەندین باخ و کەپر و فرۆشگا و خانو و خواردەمەنی و خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدایە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لەناوچە جیاوازەکانەوە سەردانیدەکەن.

سەرچاوەکان:

  1. قضاء هەڵەبجە دراسة فی الجغرافیة الأقلیمیة، عطا محمد علاءالدین، مطبعة تیشک، السلیمانیة، الطبعة الاولی، ٢٠٠٨، ص٩٥.
  2. تقییم جغرافی لاستخدمات الموارد المائیة فی حوض نهر زلم، محمد حمەصالح فارس الشهرزوری، رسالة ماجستیر، جامعة صلاح الدین، کلیة الاداب، ٢٠١٧، غیرمنشورة، ص١٥٥.
  3. داهاتی ئاوی چەم و کانیاوەکانی وەرگیراون لە: ڕێباز حمەغریب هەورامانی، جوگرافیایی هەورامان و دەرامەتە ئاوییەکانی لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیایی پراکتیکی، چاپی یەکەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١٧، ل١٠٥و١٠٦.

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.