سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

هەوارگەی خلێ

کەوتووەتە گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە نێوان کەلی (هەیشور) و باخی (هەڵوژێ) هەڵکەوتووە. وشک و بێئاوە، بەڵام بە بەراورد بە چواردەوری، ناوچەیەکی کوێستانییە. بەرزییەکەی (١٣١٢م)ە. دارستان و گژوگیای سروشتی زۆرە. قەدپاڵەکەی داربەڕوو، گۆیژ و قەزوانی تێدایە. بۆ بنێشتکردن بەکارهاتووە. چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی داربڕینەوە ژمارەیان کەم بووەتەوە. چەمێکی فێنکە وەک هەوارگە بەکاردێت و بەناوی کەسێکەوە ناونراوە، کە ناوەکەی کورتکراوەی (خدر)ە.

هەورامی

کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (میریسور)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). به ‌دووریی پێنج کیلۆمەتر، درێژدەبێتەوە بۆ تەنیشت گوندەکە. زیاتر لە بەهاراندا ئاوى هەیە.

وەزەنێ

سەرچاوەی دروستبوونی بریتییە لە ئاوی دۆڵی(بەڵخ) و كانیاوەكانی(نەسرین و سەربەڵخ) و ئاوی چیاكانی دەوروبەری وەزەنێ. لە بەرزیی (1540م) بەرەو باكوری خۆرئاوا ڕێدەكات و لە نزیك هانەنەوتی دەڕژێتە ناو چەمی بیارەوە، درێژییەكەی نزیكه‌ی چوار كیلۆمه‌تر دەبێت.

وشکەناو

کەوتووەتە چیای یاڵانپێ (ملە قۆنەرە) و بانی (سورە سێ) لە گوندی (زەڵم)، ئاڕاستەی لێژبوونەوەکەی بەرەو باشوری خۆرئاوایە. لە خۆرئاوای گوندی زەڵم لە بەرزیی (٧٣١م) لەگەڵ ڕوباری هەمیشەیی (زەڵم) یەکدەگرێت. تەنها لەکاتی لافاو و باراندا ئاوی پێدا تێپەڕدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

یاخی

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ‌ییەکەی یەک کیلۆمەتر‌ دەبێت و لە نزیک گوند خێڵی حەمەوە درێژ دەبێتەوە بۆ باشوری خۆرهەڵاتی شەشکی سەروو. ئاوی چەند کانییەکی سنورەکە و باراناو دەچێتە ناوییەوە و بۆ کشتوکاڵکردن و ئاودانی ئاژەڵ سودیلێدەبینرێت.

یەوە جەڕێ

کەوتووەتە نێوان هەردوو گوندی (خەرپانی و دەرەقەیسەر)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). دێتەوە سەر چەمی (کەمانگەرا). (یەوی) واتە (جۆ) و بە گشتی (جاڕە جۆ) بووە. ڕێگای خۆڵی بۆ کراوە و دەڕواتەوە دەرەقەیسەر. چەند باخێکی تووی تێدایە. بەسەر چەمی (کەمانگەرا) لە دیوی خۆرئاوا و لە دیوی خۆرهەڵاتیش بەسەر گوندەکانی دیکەی هەوراماندا دەڕوانێت. چەمێکی وەرزییە و کۆمەڵێک باخی تێدایە. قەدپاڵەکەی لەوەڕگایەکی سروشتیی دەوڵەمەندە. ڕێگای خاکی بۆ کراوە و دەڕواتەوە گوندی دەرەقەیسەر.

بەردە وژە وشکەرە

کەوتووەتە سنوری گوندی نەوێ. لەبەردەم کانیی خەیری زینە هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی لە (٦ بۆ ٧م) دەبێت. ئاوەکەی هەمیشەییە. دەڕژێتە نێو چەمی نەوێ. بەهۆی هاژەی ئاوەکەی و بەربونەوەی بەسەر تاوێرە بەردەکاندا، ئەو ناوەی لێنراوە.

تافەتێژە

کەوتووەتە بناری چیای (خۆشک) لە ڕۆژئاوای گوندی (گڵێجاڵ). تاڤگەیەکی وەرزییە بە باراناوی زستان درووستبووە. بەسەر تاشەبەردێکی گەورەدا، کە نزیکە ١٠م بەرزە، بە تیژی دێتە خوارە و تاڤگەکەی لێدروستبووە. بەهۆی تیژیی هاتنەخوارەوەی ئاوەکەیەوە، ناوی تافەتێژەی بەسەردا دابڕاوە. دەڕژێتە چەمی زردەگەڵەوە، کە دەکەوێتە باشوری گوندی گڵێجاڵەوە و هەمویان دەڕژێنە چەمی گەورەی گوندی پشتەوە لە خۆرهەڵاتی گوندی گڵێجاڵ.

عەلی باسام

تاڤگەیەکی دەستکردە. لە چەمی هاوارەکۆنە. عەلی باسام دروستیکردووە. لە باخی کەیەڵی زایەرە لە چەمی باوانی بن. ئەم تاڤگەیە بە بەهاران و هاوینان ئاوی بۆ بەردەدرێتەوە. گەشتیارێکی زۆر و شاخڕەوانی ناوچەکە سەردانیدەکەن.

قەفەسوڵتانەکە

کەوتووەتە ناو چەمی ناوهاڵ لە ڕۆژهەڵاتی گوندی (قەڵپ) و ڕۆژئاوای گوندی بانی بۆڵان. تاڤگەیەکی وەرزییە و تەنیا لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا ئاوی تێدایە و نزیکەی ٦م بەرزە. دەڕژێتە ناو چەمی ناوهاڵەوە لە گوندی قەڵپ. بەهۆی وەرزییبوونی ئاوەکەیەوە، سودی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری نییە.

کانی هەواس

کەوتووەتە بناری چیای خۆشک لە ڕۆژئاوای گوندی (گڵێجاڵ). بەرزیی تاڤگەکە نزیکەی ٢٠مەترە و ئاوەکەی لە قوللەیەکی زۆر بەرزی شاخەوە دێتەخوارەوە. سەرچاوەی ئاوەکەی باراناوی زستان و بەهارە، لە وەرزەکانی تردا وشکدەبێت. ئاوی تاڤگەکە دەڕژێتە چەمی زەردەگڵەوە لە خورئاوای گوندی گڵێجاڵ. ڕێگەی ئۆتۆمبێلی نییەو خەڵکی بە پێ دەچن بۆ سەیرکردنی.

هاژاوەکە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (لامەرکەزی). لە ئەنجامی یەکگرتنی ئاوی کانی مارف و کانیمارانەوە یەکیگرتووە. لە بەرزاییەک ئاوەکەی وەک تاڤگە هاتووەتە خوارەوە و هاژەی هەبووە. بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

چاڵەبەفر

چاڵەبەفرەکانی سنوری شارەدێی تەوێڵە شوێنێکی گونجاوی نسرم و کەمخۆر کەوتووە، دوای دەستکاریکردن و ئامادەکردن و قوڵکردنی لە مەوسمی بەفرباریندا پێشچوونەوەی پڕکراوە لە بەفر و پەستێنراوە و بەشی سەرەوەی خوێی پێوەکراوە و بە کا و گەڵای بەڕوو داپۆشراوە. لەوەرزی هاویندا بە کۆڵ و باری وڵاخ بەفرەکەی دەرهێنراوە و بۆ ساردکردنی ئاو و شەربەت و دۆ و خواردنەوەکانی تر بەکارهێنراوە. لە نمونەی ئەو چاڵانە: یارەی مەحموود لە پشتی وەراوەر، کەریم خادم لە قەڵا بۆزان، عەبدوڵای هەیبەکر لە پشتی دەرەتفێ، ئاییزەی حەبیب لە دەرەتاریک، حاجی فەرەج لە شانەزەرای چەمی ئاوێسەر، عەلی کەریم لە وەراوەر، ئەسکەندەری سانە لە هانەکڵە، حەمە مەجە لە چلانە.

چاڵە بەفری شێخ ئەولکەریم

کەوتووەتە نێوان گوندی تاوێرە و بەڵخەی هەورامان لە بەرزاییەکانی بەنەن. بەناوی خاوەنەکەیەوە (شێخ عەبدولکەریمی کوڕی شێخ حسێنی شێخ قادری گەورە)وە ناونراوە. بەفری زستانی تێدا هەڵگیراوە و لەکاتی پێویست و گەرمای هاویندا خەڵکی گوندی تاوێرە بەکاریانهێناوە.

چاڵە بەفرەکانی عەبابەیلێ و چیای شنروێ

لە شاخی شنروێ و دۆڵەکانی (ئەشکەوڵ، دۆڵە ڕەش، کەوچ) چەندین چاڵە بەفری تێدایە. ئەم چاڵە بەفرانە سەرچاوەی دابینکردنی بەفری شاری (هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور) بوون لە هاویندا. هەروەها بژێویی ژیانی کۆمەڵێک خەڵکی گوندەکەی لەسەربووە وەک چاڵە بەفرەکانی (چەمی چاڵە بچوکەکان و چەمی چاڵە گەورەکان و چاڵەکانی هەلامەجاڕ لە دۆڵی ئەشکەوڵ)، هەروەها چەندین چاڵە بەفری دیکەش لە (بەفری میری)هەبوون. بە شێوازی تایبەت بەفرەکان هەڵگیراون. (بەفری میری) لەکۆندا بۆ دامودەزگاکانی حکومەت بەکارهاتووە. لە هەندێک کاتدا بەفری ئەم چاڵانە تا سنوری (دەربەندیخان)یش ڕۆشتوون.

چاڵەبەفری مامۆمین

بەناوی ئەمین محەممەد ئەلیاس ڕێشاوی ناونراوە، لە ساڵی ١٩٦٨ کۆچیدواییکردووە، نزیکەی سەد ساڵ ژیاوە، لە چیای شنروێ و کەلی هەڵوژێ، زیاتر لە چاڵە بەفرێکی کردووە و ئەو شوێنە ئێستە بەناویەوە ناونراوە، لە هاویندا بە گوێدرێژ بەفرەکەی هێناوەتە هەڵەبجە و کراوەتە دۆندرمە، جيا لەوە خەڵکى ڕێشاو باس لەوە دەکەن، کە ئەمین ئەلیاس پیاوێکی باڵابەرزی زۆر بەهێز بووە، تەنانەت لە چیاکانی حەمرینی نزیک دووزخورماتوو، چەندین بەردی گەورەی خستوەتە سەریەک و وەک دیاریکردنی سنوری کوردستان دایناوە، تا ئێستەش بەردەکان وەک خۆیان ماونەتەوە، ئەو بەردانە بەجۆرێک گەورەبوون، کە خەڵکى ئاسايى تواناى جوڵەپێکردن و خستنە سەريەکيان نەبووە.

چاڵەبەفرەکانی هانەهەڵوچە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەهەڵوچە). بنەماڵەی (حاجی خالد) خاوەندارێتییان کردووە و لە نزیکی مێوەدەیمەکانی خۆیان لە دیوی کەمەرسپێی بەڕووی بەڵخەدا بووە. لەکاتی بەفرباریندا پێش توانەوە و نەمانی بەفر چاڵەکەیان ئامادەکردووە و بەفریان تێدا پەستاوتووە، لە وەرزی گەرمدا هێناویانەتەوە بۆ چاخانەکەی سەریاڵی بەڵخە و لێیانبردووە بۆ تەوێڵە و فرۆشتوویانە.

پێشتر 1
...
50 51