سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

50 بابەت

ئەحمەوى حاجى

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (حەسەن ‌ئاوا) لە چەمى حەسەن ئاوا، لە ڕابردوودا وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانيشتوانى گوند بەکارهاتووە. لەناو موڵکی (ئەحمەوى حاجى) ناوێکە و بەناوی ئەوە ناونراوە.

ئەسحابەکە

کانيیەکى هەميشەييه. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و ڕوو بەگوندى نێرگسەجاڕە و موڵکى گشتیيە. نزيکەى (٦٠٠م) لە سەنتەرى گوندەکەوە دوورە و لەتەنيشت گۆڕستانى گوندەکەدايە، جێگەى ئاوەدانيیەکى‌ کۆنە، بەگوێرەى وتەى دانيشتووانى گوندەکە، لە کۆندا پياوچاکێک (سەحابەيەک) لەسەر ئەو کانیيە شەهيدبووە، بۆيە ئەو ناوەی لێنراوە.

بانى بى

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و نزيکەى يەک کيلۆمەتر لەگوندەکەوە دوورە. موڵکى گشتیيه.‌ بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاودێرى و ئاودانى ئاژەڵ بەکاردێت، لەسەر بانێکى تەخت هەڵکەوتووە، کە بانەکە دارى (بى) زۆرى تێدا ڕوواوە و کانيیەکەيش لە نێوەندى دار بيیەکاندا هەڵکەوتووە، بۆيە ئەو ناوەی لێنراوە.

بەرگرد

کەوتووەتە ‌خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەگەڵ دەشتى حەمەوخان(گوندى عەنەب)دا هاوسنورە، کە ئاوەکەى هەميشەيى بووە و نزيکەى ٢٠٠ دۆنم زەوى بەراودەکات. موڵکى گشتييە و نزيکەى دوو کيلۆمەتر دوورە لە سەنتەرى گوندەکەوە، بەهۆى ئەوەى کەوتووەتە بەر گردێک ئەو ناوەى لێنراوە.

بەرى دێ

کەوتووەتە‌ گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) لە نێوان هەردوو گوندى (دوانزەئيمامى سەروو، دوانزەئيمامى خواروو)دا، کانيیەکى هەميشەييە و موڵکى گشتيیە، لەسەر ئەم کانيە پڕۆژەيەکى ئاوخواردنەوە بۆ گوندى دوانزەئيمامى خواروو دروستکراوە.

بەرى کانى

کەوتووەتە‌ باکورى گوندى (بەکراوا) و لە دامێنى گردى مێژووى بەکراوادايه ‌و بە بۆریى ئاسن لە ساڵى ١٩٧٤ەوە ئاوەکەی ڕاکێشراوە بۆ مزگەوتى گوندەکە و بۆ دەستنوێژ و خواردنەوەى دانيشتوانى گوند بەکارهاتووە‌.

بناوەچەکە

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) لەسەر چەمى پيرمکايڵه و کانيیەکى هەميشەييە، نزيکەى دوو کيلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە و زياتر لە ١٠٠ دۆنم زەوى کردووەتە بەراو. بەهۆى بوونى داربناوەچێکى گەورەوە لەسەرکانيیەکە، خەڵکى گوند ئەو ناوەیان لێناوە.

بێژاوا: ناودێ

کەوتووەتە ناوەندى گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). ئاوەکەى هەميشەييە، موڵکى گشتیى دانيشتوانى گوندەکەيە. بۆ خواردنەوە و ئاودانى سەوزە و بەروبوونى هاوينە (دێبەر) بەکاردەهێنرێت. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە سەنتەرى گوندەکەوە ئەو ناوەی لێنراوە.

پاڵدار

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و موڵکى گشتیيە و نزيکەى (١٥٠٠م) لە گوندەکە دوورە، لە لاپاڵێکى ڕووبەخۆردايە، کە پاڵیداوە بە قەدپاڵێکى ڕەقانەوە و دارێکى له ‌تەنيشتدابووە، بەو هۆيەوە بەکانيیەکە وتراوە کانى پاڵدار، واتە ئەو کانيەى، کە لەپاڵ دارەکەدايە.

پەلەڕەقەره

کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و نزيکەى دوو کيلۆمەتر لە ناوەندى گوندەکەوە دوورە و شوێنێکى ڕەقان و بەردەڵان بووە، بۆيە ناونراوە پەلە ڕەقەرە.

پير مکايڵ

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) ٣٠٠مەتر لە گوندەکەوە دوورە و موڵکى گشتيە و بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاردێت و کەوتووەتە‌ نێوان دوانزەئيمامى سەروو گوندى کاگردەڵ، ئاوەکەى نزيکەی ٣٠٠ دۆنم زەوى بەراوکردووە.

تەڵەدارەکە

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باشور گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە تەنيشتى گوندەکەدايە. موڵکى گشتیيه. خەڵکى گوندەکە بۆ خواردنەوە و ئاودێريى کشتوکأڵەکانيان سودێکى زۆرى لێدەبينن. بەهۆى بوونى تاکە دارێکى گەورە لە سەر کانيیەکه،‌ ناونراوە کانى تەڵەدارەکە.

تەمرە

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لەنێوان گوندەکە و دەرياچەى دەربەنديخاندا هەڵکەوتووە و ئاوێکى هەميشەيى هەيە و بۆ باخدارى بەکارهاتووە‌. بەهۆى ئەوەى لە ڕابردوودا ڕێگەى کاروانچيیانى عەرەب بووە بەر لە دروستکردنى دەرياچەى دەربەنديخان، زۆرجار لەسەر ئەم کانيە لايانداوە و بە ئاوێکى شيرين و سازگاريان زانيوە و بەو هۆيەوە پێيانوتووە کانى تەمرە (واتە وەک خورما شيرينە).

ترشان

کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لەتەنيشت دەرياچەى دەربەنديخانەوەيە و سێ کيلۆمەتر لە سەنتەرى گوندەکەوە دوورە و لە ڕابردوودا زەويیەکان بەردەمى خۆى کردووەتە بەراو، بەڵام لە ئێستادا دەرياچەى دەربەنديخان زەويەکانى داپۆشيوە، لەبەر هەبوونى دارى ترش (سماق)، لەچواردەورى کانيیەکە ناونراوە ترشان.

چاوگى چنارە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندى (چنارەى سورێن) لە سنـورى شارۆچکەی (خورمأڵ). لەلاپاڵێکدا دێتە دەرەوە و بەردەمى کەمێک تەختانییە و قـومێکى لەبەردەم کراوە بۆ ئاودانى ئاژەڵ و خەڵکێکى زۆر بۆ سەیران و گژوگیـای بـەهاری دەچنە ئەو ناوچە و لەسەری دەحەوێنەوە، ئاوى کانییەکە بۆ خـواردنـەوەى ڕێبوار و ئاژەڵ سودیلێوەردەگیرێت، لـە کـۆندا باخـى لـەبەردەم بووە بـەڵام ئێسـتا بـاخـەکـە نـەماوە.

چاوگى سازان

کەوتووەتە گوندى (سازان). بەهۆی ئەوەی گەورەترین سەرچاوەی ئاوی گوندەکەیه،‌ بە (چاوگی گەورە)ش ناسراوە. لەگەڵ ئاوی (سەروەزەن)دا، ژمارەیەکی زۆر باخ ئاودێریدەکەن. لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە ئاوی کانییەکانی ناوچەکە دەڕژێنە ناو ڕوبارى سیروانەوه.

چنار

کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندى (چنار)، کە (٢٣کم) له ‌باشور و باشورى خۆرهەڵاتى شارى هەڵەبجەوە دوورە. ‌ناوەکەى لە دارچنارێکى بەتەمەنی سەر کانییەکەوە هاتووە. بەشێکی دەڕوان بۆ مزگەوت و بەشێکیشی دەڕژێتە چەمی چنار.

چوار بەرد

کەوتووەتە‌ باکورى خۆرئاواى گوندى بەشارەتى خواروو و لەناو گوندەکەدايە، بۆ ئاودێریى کشتوکاڵ و خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و موڵکى گشتيە و کانيەکى هەميشەييە، دەڕژێتە چەمى چوار بەرد، کە هەر ئاوى کانيیەکە چەمەکەشى دروستکردووە.

حەمەی حەمەومین

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گێڵەک)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) له ‌دەشتی کانی شێخاندایه. کانییەکە له ‌سنوری زەویی کەسایەتیی گوندی گێڵەک وە بەناوی(حەمەی حەمەوئەمین) هەربۆیەش بەناوى ئەوەوە ناونراوە، لەڕابردوودا بۆ ئاودانى مەرەزە بەکارهاتووە. ئێستاش هەردوو گوندی (گێڵەک) و (گردی قازی) بۆ کشتوکاڵکردن سودیلێدەبینن.

حەوزەکه ‌ ١

کانيیەکی‌ هەميشەييه و ‌کەوتووەتە‌ گوندى (کانى توو) لە سەنتەرى گوندەکە هەڵکەوتووە، لەڕابردوودا بۆ مەبەستى دەستنوێژگرتن بەکارهاتووە و گەرماو و بەردەنوێژى لەسەر بووە، بەوە ناسراوە لە زستاندا ئاوێکى گەرمى هەيه، هەربۆيە لەکۆندا بۆ خۆشتنيش بەکارهاتووە‌‌، بەڵام ئێستە تەنها بۆ ئاژەڵدارى بەکاردێت.

1 2 3 دواتر