سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

تەڵانە گەورێ

کەوتووەتە سنوری گوندەکانی (پاڵانیا و جاور و دۆڵبیان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. لە یەکگرتنی ژمارەیەک چەم پێکهاتووە و لە کۆتاییدا دەڕژێنە نێو ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت. لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودانی باخەکانی خوارووی گوندی پاڵانیا و جاور و دۆڵبیان بەکاردێت، کە بەشێوازی تایبەت و بە (نۆباو) ناودەبرێت، بەسەر خاوەن باخەکاندا بە پێی گەورە و بچوکیی ڕووبەری باخەکانیان، دابەشکراوە.

تەنگەکە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی شارۆچکەی (بەمۆ). چەمێکی قووڵ و تەنگەبەرە و سەرچاوەی سەرەکیی ئاوەکەی، باراناوە؛ بەڵام ساڵانی وشکەساڵی نەبێت، هەرگیز وشکنابێت، ١ کم درێژە. ژمارەیەک کانیاوی تێدایە، کە لە وەرزەکانی هاوین و بەهاردا بۆ مەرزە و تەڕەکاڵ و ئاژەڵداری سودیلێدەبینرێت. دەڕژێتە چەمی گلەوە، کە ئەویش هەر لە خۆرهەڵاتی گوندی گڵێجاڵە و پاشان هەمویان دەڕژێنە چەمی گەورەی پشتەوە.

تەنگی گەڕاو

کەوتووەت سنوری گوندی (گمە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ). چەمێکی ئاودار و تەنگەبەرە. بە درێژیی هەشت کیلۆمەتر لە‌ باشوری خۆرئاوای گوندی (گمە)ەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا. بەهۆی لەباریی شوێنەکەوە بۆ هەڵبەستنی پۆند (بەنداوی بچوک) گونجاوە.

تەنگی مۆردان

کەوتووەتە سنوری گوندی (چنار)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە خوار کانی فەقێ لە دەوەرە. مۆردێکی زۆری تێدایە و دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا. ئاوی دەوەرە بەم چەمەدا دەڕژێتە سەر ڕوباری سیروان.

تەوێڵە

لە سەرچاوەوە دوو لقە؛ لقی یەکەمیان لە چەمی زاوەر (دەرەو زاوەری)، کە گوندێکە و کەوتووەتە شاخی داڵانی هەورامانی لهۆنەوە، چەمی دووەمیان، کە چەمی (ئاوێسەرە) یان (دەرەو ئاوێسەری)، کە کانیاو و هاوینەهەوارێکی سروشتیی جوانە، سەرچاوە دەگرێت. هەردوو لقەکە چەند کانیاوی بنی شاخەکانیان تێدەڕژێت و لە ناو بازاڕی تەوێڵە یەکدەگرن و ئاوەڕۆی تەوێڵەیان دەچێتە سەر و چەمی خواروو دروستدەکەن. ئەویش چەندین کانی تێدەڕژێت و چەمی تەوێڵەی لێپێکدێت، بەرەو ئەوپەڕی خۆرئاوا دەکشێت، هەم جۆگەی لێ هەڵدەگیرێت، هەم کانی و ئاوی تێدەڕژێت. باخەکانی (خوارووی تەوێڵە، سۆسەکان، پالانیا، جاور، هاوار، هەوارەکۆن، گریانە) پشتیپێدەبەستن و دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە.

تريفه

کەوتووەتە بەشى خۆرئاواى شارى هەڵەبجە و بەشى باکورى زنجيره ‌چيايى باڵامبۆ لە سنوری ناحیەی (سیروان). بە ئاڕاستە‌ى باکورو باکورى خۆرئاوا لێژدەبێتەوە، بەرزترين خاڵى نزيکەى (١١٦٣م)‌ لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. چەمى پريس کەوتووەتە‌ بەشى دەستە ڕاستى و چەمى گوڵان و چاوگ لەبەشى دەستەچەپى. پێکهاتەى جيۆلۆجیى ئەم چەمە بە زۆرى لە باڵامبۆ و کۆميتان پێکهاتووە لەبەشى سەرەوەى ئاوزێڵەکە، کە لە ڕووى هايدرۆلۆجييەوە چينە ئاوگرێکى باشن و چەند کانياوى باش لەدەوروبەرى گوندى تريفە بەدەرکەوتوون. نزيکەى ٢٨ دۆنم زەوى کراون‌ بە باخى هەنار و هەنجير و... هتد. درێژييەکەى لەبەرزترين خاڵى لە چيای باڵامبۆوه،‌ تا دەگات بە چەمى پريسى خواروو لە باکورى گوندى گورگەچيا، نزيکەى (١٢کم) دەبێت.

تفە سیاو

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). بە شێکە لە چەمی (کەمانگەرا) لە نێوان چەمی (یەوە جەڕێ و سێکوچکانا)دایە. ئاوی (قەڵبەزەی سەروەزەن)ی دێتەوە سەر. باخەکانی (ئەحمەدی لالۆ فەتاح و حاجی حەمە) ئاودەدات. بە واتای (تووە ڕەش) دێت.

تلەسوران

کەوتووەتە گوندی (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بەردەکانی سورن. تیشکی خۆر کاریلێکردوون و وردبوون. چەمێکی گەورە و فراوانە. تاکو چەرمی (هەرمێژێڵان) درێژ دەبێتەوە و بە ئاڕاستەی دۆڵی (بەفری میری)دا دەڕوات. چەمەکە وشک و بێ ئاوە. بەڵام قەدپاڵەکانی بۆ بنێشتکردن و لەوەرگا بەکارهاتووە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەترە.

تلە قەوی

کەوتووەتە سەر ڕوباری سیروان و لە باشوری گوندی (کۆساوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). تل: بەواتای بەرد دێت، بەهۆی بوونی چەند بەردێکی گەورە ئەو ناوەی لێنراوە. خەڵکی گوندەکە لە کۆندا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لەگەڵ گوندی ژاڵەی ئێران بەکاریانهێناوە. بۆ ئەو مەبەستەش سود لە گوریس وەرگیراوە.

توران

کەوتووەتە گوندی (جەلیلە) لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە تا نزیک ڕێگەی (هەڵەبجە - عەنەب) درێژدەبێتەوە. شوێنەواری دێرینی لێ دۆزراوەتەوە. شوێنی کۆنی گوندی جەلیلە بووە لە پێش ئیسلامدا. لە شوێنێک، کە ئێستە پێیدەوترێت (هارە گلان). سەرچاوەی دوو کانی تێدا دۆزراوەتەوە، کە کراونەتە کارێز. بەپێی وردبونەوەی خەڵکەکەی لە (کانی ژنان)ەوە ئاویان بۆ ڕاکێشاوە. تەنیشتەکانی دەشتی (بەردەگەوران و مەرەزە جاڕ)ە. بە زستانان کراونەتە گەنم و جۆ. بە هاوینان کراونەتە سەوزە بەتایبەت (توور). لە ئێستادا ئەم زەویانە بەر سنوری شارەوانی هەڵەبجە و فراوان بوونی شار کەوتوون. ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٢٠ دۆنم دەبێت.

تووەقوت: تۆقوت

بە درێژایی زیاتر لە کیلۆمەترێک ‌لە باکوری (گوندی پریسی سەروو) و باشوری گوندی (پریسی خواروو)وەوەیە. نزیکەی (٨٠%) سەرچاوە ئاوییەکانی گوندی پریسی سەرووی تێدەڕژێت و سەرچاوەی ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخ و بێستانەکانە، کە بەپێی وتەی جوتیارانی بەتەمەنی هەردوو گوندی پریسی سەروو و پریسی خواروو، ئاماژە بەوەدەکەن، کە ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی بووە و توتن و کونجی و برنج و عەلی بابا و تەماتە و هەموو جۆرە سەوزە و تەڕەکاڵێکی هاوینە لە بەشە نزمەکانی دۆڵەکەدا (زەوییە بەراوەکان)دا کراوە و بەشە بەرز و دێمییەکانیشی کراوە بە دانەوێڵە، هەورەها چەندین باخی هەنار و هەنجیر و ترێ و میوەی لەخۆگرتووە، بەهۆی چڕیی درەختی لیوار چەم و ڕوبارەکانەوە (تو و بی و توڕک و زەل و قامیش و پونگە)وە، چەندین جۆر باڵندە و ئاژەڵی کێوی لەم دۆڵەدا دەژین، بەتایبەت (کەروێشک و پۆڕ و کەو و کوندەپەپو و ڕێوی و چالەک)، بەهۆی زۆریی سەرچاوە ئاوییەکانییەوە، لە ئێستادا حکومەت پۆند و بەنداوێکی گڵینی لەسەر دروستکردووە. بەرزیی بەنداوەکە (١٦م) و درێژیی (١٦٠م) و بڕی (١٠٧٢٣٦م٣) ئاو گلدەداتەوە و ڕووبەری ٥٥ دۆنم زەوی گوندی (پریسی خواروو) دەکات بە بەراو.

چاڵگەى ئاشوور

کەوتووەتە‌ باشورى گوندى (ئيمامى زامن)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە و کەوتووەتە‌ نێوان گوندەکە و دەرياچەى دەربەنديخان و لە گوندى بێژاواوە درێژدەبێتەوە تا لەبەشى خواروويدا دەگاتەوە سەر دەرياچەکە. درێژییەکەی نزیکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.

چەمى ئاوايى ١

کەوتووەتە بەردەم گوندى (نێرگسەجاڕ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بە بەرى خۆرئاواى گوندەکەدا دەڕوات و کانیيەکانى ناوباخ و گەرمکە و کانى مەلاى تێدەڕژێت و درێژدەبێتەوە تا دەڕژێتە ناو دەرياچەى دەربەنديخان. درێژييەکەى نزيکەى دوو کيلۆمەتر دەبێت و دارودەوەنى تێدا ڕوواوە و دانيشتوانى گوندەکە وەک لەوەڕگا بەکاریدەهێنن.

چەمی ئاوایی ٢

کەوتووەتە باکوری گوندی (بۆین)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە کەنگە چەرمگ دەستپێدەکات بۆ پەچە خەوخۆش و ڕێگە لاوەلا و تا سەنتەری گوندی (بۆین) درێژدەبێتەوە. پاشان لە گوندەکەوە بۆ کانی تکاوان شۆڕدەبێتەوە پاشان بۆ زاخێ و لوڵیان و دەگاتە سەر ڕوباری سیروان. ئاوەدانیی گوندەکەی تێدایە. بیری ئیرتیوازی گوندەکەش لەناویدا وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە هەڵکەوتووە. ڕێگەی سەرکەوتن بەرەو ئەشکەوتی شوێنەواری زینۆی پێداتێپەڕدەبێت.

پێشتر 1
...
41 42 43
...
51 دواتر