سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

226 بابەت

کونەماسی

کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى سنورى گوندی (تەپەکوڕە)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ). درێژێکەی زياتر لە ٥ کیلۆمەتر دەبێت. زۆر قوڵ نییە و لە باکورى خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاواى گوندەکە درێژ دەبێتەوە، جوتیاران بۆ ئاودانى کشتوکاڵەکانیان سودیان لە ئاوەکەى وەرگرتووە.

ئاشی

کەوتووەتە گوندی هاوار و بەیەکێک لە سەرەکیترین ڕێرەوە ئاوییەکانی گوندەکە دادەنرێت. پاش ئەوەی لە سنوری گوندەکانی هەورامانەوە دێتە هاوار. چەمێکی دورودرێژی پڕ لە باخی گوێز تێدەپەڕێنێت تاکو بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات دەڕوات و بەگوندەکانی هاوارەکۆن و گریانەدا تێپەڕدەبێت. دواتر بەئاڕاستەی خۆرهەڵات دەڕوات و ئاوەکەی دەڕژێتە ڕوباری (سیروان)ەوە. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە دوو (ئاشی ئاوی) تێدا دامەزاراوە. ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نێو گوندەکەدا. بەشێوەیەک کە گەنم و دەغڵودانی گوندەکانی دیکەش هەر بەهۆی ئاوی چەمی ئاشیەوە کراوە بە ئارد. هۆکاری ناوەکەشی هەر بۆ بوونی ئەم دوو ئاشە دەگەڕێتەوە.

ئاوەلێڵە

کەوتووەتە سنورى گوندەکانى (قارەمانى، ميراولى، نێرگسەجاڕ). درێژییەکەی نزیکەی چوار کيلۆمەتر دەبێت. ئاڕاستە‌ى ڕێکردنى ڕووەو باکورى خۆرئاوايە و لە گوندى ميراوليەوە سەرچاوە دەگرێت و بە‌ خۆرئاواى گوندى قارەمانيدا تێدەپەڕێت و پاشان دەچێتە ناو خاکى گوندى نێرگسەجاڕ و پاشان لە نزيک دەشتى (زيارەتان) لەگەڵ چەمى کەنەکەوە يەکدەگرن و پاشان دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان، بەهۆى گەورەيى چەمەکەوە و ئاوى زۆرى تێدا کۆبووەتەوە و لەگەڵ خۆى کرداى ڕاماڵينى خاک تيايدا چالاک بووە، ئاوەکەى لێڵ بووە و بە چەمى ئاوەلێڵە ناسراوە.

ئاوەمارە

کەوتووەتە سەر ڕوباری سیروان لە سنوری گوندی (کۆساوا)ی ناوچەی سازان. پاش ئەوەی ڕوباری سیروان گوندی بۆین تێدەپەڕێنێت دێتە ناوەوە. بەرانبەر شاخی گۆرزین و دەشتەی سازانە. لە هەندێک شوێنی قوڵە و تەسکە. لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئامێرەکانی پێوانەکردنی ئاستی ئاوی ڕوبارەکەیان داناوە. لە تەسکترین شوێنیدا پردی ئاوەمارە دروستکراوە. هەروەها بەشێکیشی فراوانە و ئاوەکەی مەنگە و پردێکی دیکەی تێدا بووە بەناوی پردی نەیجەی. ئەگەر بێت و پۆندێک یان ویرێکی لەسەر دروستبکرێت. دەبێتە ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری. سەڕەرای ئەوەی، کە بڕیارە پردی مەرزی سازانی لەسەر دروستبکرێت.

ئاوبڵاو

کەوتووەتە سنوری گوندی (گورگەچیا). درێژییەکەی نزیکەی دە کیلۆمەترە. درێژکراوەی چەمی پریسە و ئاوی تریفە و چاوگی دێتەوە سەر و لە سنوری گوندی پریس بە کەنەقوڵەش ناودەبرێت. هۆکاری ناونانی بە ئاوبڵاو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاتێک ئاوەکە دێتە سنوری دەشتی شارەزوور بەهۆی تۆبۆگرافیای تەختی ناوچەکە هەرجارە و بە شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە. ساڵی ١٩٧٦ ئاوی دەلێنی خراوەتە سەر و ئاوی باوەکۆچەکیش بۆ ئەوەی بڵاونەبێتەوە بە زەوییەکانی گوندی بەکراوە بە شۆفڵ کراوەتەسەر. تا ئێستەش ئاوەکەی دێتەوە سەر. لە دامێنی گردی قۆرتاسدا دەچێتەوە سەر دەریاچەی دەربەندیخان. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە لە کۆندا چەندین ئاشی لەسەر دروستکراوە، کە یەکیان لەتەنیشت گوندی گورگەچیایە. هەر لە تەنیشت گردی گورگەچیادا ئاشێکی دیکەشی تێدا دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی زۆر کۆنە.

ئاوێسەر

کەوتووەتە سەر هێڵی کەنتۆری(٢٠٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات. سەرچاوەکەی بریتییە لە ئاوی دۆڵەکانی(شنگەدۆڵ و دەرەقوڵ لە باکوری ئاوێسەر و دەرەتاریک و دۆڵە قوڵ) و ئاوی چیاکانی(هەوارە بەرزە و کەمەرەبەلە و هەرزگا و جەمباز و هەوارو حەبسێ)، پاشان ئاوی چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو(هانە دەشتیلێ، هانە هەڵوچە، هانە دێوا، چەمەو چناری، هانەکڵە، کانی وەستا حەمەڕەحیم، کانی حاجی ئایزە، کانی لێژڵە، کانی دەرەتاریک، کانی سێمارەوار، هانەسوسو، کانی ژنان، کانی مزگەوت، پلورە). درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر و نیو دەبێت تاوەکو دەگاتە سەنتەری شارۆچکەی تەوێڵە و لەگەڵ چەمی زاوەر یەک دەگرن و چەمی تەوێڵە دروستدەبێت و بەرەو باشوری خۆرئاوا ڕێڕەو دەکات، چەندین لقی دیکە و ئاوی چەندین کانی تێدەڕژێت.

ئەسحابان

کەوتووەتە نێوان ملەی کانی گوێز و گوندی (کانی گوێز). لەنێوان چیای کورتەیەرە و کانی هاڵی هەڵکەوتووە. بە ئاڕاستەی سازان و کەسرەتە و هەڵەبجە دێتەوە. درێژییەکەی زۆرە و زیاتر لە ٣ کم دەبێت. کۆمەڵێک داری بەتەمەنی لێیە و لەبنی دارەکاندا گۆڕستان بوونی هەیە. نزیکەی ٤٠ - ٦٠ گۆڕی کۆنن. پێیاندەوترێت ئەسحابان. چەمەکەش هەر بەو ناوە ناسراوە.

ئەشکەوڵ

ناوەکەی بەهۆی بوونی کۆمەڵێک ئەشکەوت و دۆڵەوە هاتووە. دەکەوێتە خۆرئاوای گوندی (هاوار). لە بەرانبەر چەمی (شاخوەشێن)ەوە دەستپێدەکات لە بەرزیی (١١١٦م) بە دۆڵێکی دورو درێژ و سەختدا دەڕوات، تا دەگاتە (کەلی چایخانەکە) لە نزیک لوتکەی (عەزیز ئەتروشی) لە سنوری شاخی شنروێ و لە بەرزیی (١٦٣٣م) لە ئاستی دەریاوە هەڵکەوتووە. لە بەشی خۆرهەڵاتیەوە بە شاخی (بەرد و بێبەرد) دەستپێدەکات و لێژدەبێتەوە بەئاڕاستەی گوندی (هاوار)، تا دەگاتە ئەشکەوتی (دزەڕێ) دواتر دەگاتە ئەشکەوتی (لۆی شاواز) پاشان (ئەشکەوتی ڕەمەزان) ئینجا بۆ ئەشکەوتی (کەورگە دووکون) درێژدەبێتەوە و لە چەمی (شاخۆشێن) لەسنوری گوندی هاوار کۆتایی پێ دێت. و ڕێگای سەرەکیی گوندی هاوار هەردوو چەمی شاخۆشێن و چەمی ئەشکەوڵدا تێپەڕدەبێت و لەیەکتریان جیادەکاتەوە. لە بەشی نسارەکەی یان (خۆرئاوای) لە لوتکەی (عەزیز ئەتروشی)ەوە دەستپێدەکات پاشان بەرەو چەمی (هێلامەجاڕ) و بەرزایی (کەلگەقوڵ) لەوێوە درێژدەبێتەوە بەرەو (سیپەی باوا فتاح) پاشان ناوچەی (حەشە چاڵ) و دواتر بۆ (هەنگە کوێر) و لەوێوە بەرەو (ئەشکەوتی ناوچاڵی) دەڕوات پاشان بۆ کەورگی (گا گەلەکە) لێژدەبێتەوە و لەناوچەی (هەوارەبەرزە) کۆتاییپێدێت. درێژیی لە کەلی چایخانەکەوە تاکو ڕێگای سەرەکیی گوندی (هاوار – هاوارەکۆن - دەرتفێ) لە بەرانبەر شاخۆشین نزیکەی (پێنج کیلۆمەتر)ە. ناوبانگی زۆری هەیە. مەلیک مەحموود لەگەڵ سوپای ئینگلیز لەم چەمەدا توشی پێکدادان و ڕووبەڕووبونەوە بوون، کاتێک، کە سوپای ئینگلیز لە گوندی هاوار گەڕاوەتەوە بەرە و عەبابەیلێ، لە چەمێکدا، کە پێیدەوترێت (بەردی دەبەندە) سوپای ئینگلیزیان تێکشکاندووە.

ئەسحابە سحاب

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە یەکگرتنی ئاوی ژمارەیەک دۆڵ پێکهاتووە. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەترە. لە وەرزی هاویندا بەکاردێت بۆ ئاودانی باخەکانی خوارووی گوندی بەڵخە و وەزەنێ و مێشلە.

ئيمەت

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرهەڵاتى گوندى (کانی توو)، لەنێوان گوندەکە و هەردوو گوندى پريسى خواروو سەروو هەڵکەوتووە، لە چەم و ئاوێک و چەند زەويەکى کشتوکاڵى پێکهاتووە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەترە.

ئێڵانگێچ

کەوتووەتە سنوری گوندی (کاگردەڵ). چەمێکی قوڵ بووە. ئاوێکی باشی پێدا ڕۆشتووە. بەڵام جوتیارانی ناوچەکە زەویەکانیان با ئاڕاستەی چەمەکە تەخت کردووە. ئاوەکەیان بۆ کشتوکاڵ گلداوەتەوە. درێژییەکەی زیاتر لە یەک کیلۆمەتر و نیوە.

باخە تازە ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان تەپی تلەوەر و کانی حاجی حسێن لە باکور و چەمی هانە کەمەڵە و دۆڵی لارەدەر لە خۆرهەڵات و دۆڵی نارنجڵە و گوندی دەرەوکێ و گوندی زەردەهاڵ لە باشور و دۆڵی نساری شەمێ و بانی سێتەپان و دۆڵی دەرەسولان لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی تفەو تەپی و کانی شێخ جافر و کانی هەساری سەرین و هانە وردیکڵە) دەڕژێتە ناو چەمی کارێز و پاشان لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و گەچێنە و باخەکۆن و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە دەشتی شارەزوردا تێدەپەڕێت لە بەرزیی (٨٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٨٥١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت، کۆمەڵێک باخ پشت بەم چەمە دەبەستن بۆ ئاودێریکردن، کە خاوەنداریەتی بۆ پێنج بنەماڵەی گوندی گوڵپ دەگەڕێتەوە.

باخە تازە ٢

کەوتووەتە قەد پاڵی چیای (قوڵەتە) لە گوندی نارنجڵە. سەرچاوەی ئاوەکەی بریتیە لە چەند کانییەک لەوانە (هانە ئیبراهیم و شێخ لەتیف، تفەوتەپی و هانە کەمەڵە، باخە تازە و کارێز). درێژی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. لقێکی سەرەکیی چەمی خارگێڵانە و لە ئەنجامی یەکگرتنی هەردوو لقی (دەرەکێ و بنجۆی دەڕە) چەمەکە پێکدەهێنن.

باخە سەرینە

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە بەشی سەرەوەی (چەمی سەرچەم). ئاوی ژێرزەوی زۆرە. بۆ ئاودانی باخەکان بیر لێدراوە. ئەستێڵێکی (هەسارە و باخە سەرینەی) لەسەرە‌. قەدپاڵەکانی لەوەڕگایەکی سروشتی دەوڵەمەندن. بەرزاییەکانی بەسەر شارەزوور و گوندەکانی (تاوێرە و سەرکەن)دا دەڕوانێت و کاتی خۆی کراونەتە ڕەبیەی سەربازی و تا ئێستاش شوێنەواریان ماوە.

باخەکۆن

کەوتووەتە سنوری گوندی (باخەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)ە. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای سافا و دۆڵی ئاوێزە لە باکور و (دۆڵی تایلەی خەرمانگای و گوندی گەچێنە لە خۆرهەڵات و چیای گەچێنە و چیای نەیجەکۆڵە لە باشور و تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و دۆڵی شەوگای لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و لەگەڵ ئاوی دۆڵ و لاپاڵ و چیاکانی دەوروبەری دروستدەکەن، لە بەری باکوری خۆرهەڵاتەوە دوو لقە جۆگەی دیکەی تێکەڵدەبێت، کە یەکێکیان لە دۆڵی ئاوێزە و دووەمیان لە دامێنی چیای ملەی قراڵ سەرچاوە دەگرێت و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و کۆدەبێتەوە و بە نێو دا ڕێڕەو دەکات. لە بەشی خۆرئاوای مەرقەدی شێخ حیسامەدین حەوز و باخێکی جوانی لە بەردی هەورامان و بە دەستی وەستای دەستڕەنگینی هەورامان لێ دروستکراوە و پاشان لە شێوەی تاڤگەیەکی بچوک دەڕژێتە خوارەوە و باخەکانی گوندی باخەکۆن ئاودێریدەکات و دواتر بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو چەمی تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و پاشان گوڵپ و لە (بانی بەرمەڕان) لەگەڵ چەمی سەرگەت دەگرن. لە بەرزیی (١٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٠٢٨م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژی کیلۆمەترێک دەبێت.

باخ و سەفەری

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی خەرپانی لە نێوان چەمی (دەرە لەڕا) و چەمی (پلەکانا). چەند کانییەکی وردی بچوکن. دەڵێن لە کۆندا هاوینەهەوارێک بووە. بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناو گوند و دەرەوەی گوندەکە (سەفەریان) بۆ کردووە ئەو ناوەی لێنراوە. درێژدەبێتەوە تا دەگاتە (هەسارەی چەوتانی - ئەستێڵی چەوتان). لە بەرزایی (قەڵاتێ)وە ڕێگای خاکی بۆ براوەتەوە. گژوگیای سروشتی زۆری لێیە و شوێنێکی لەبارە بۆ ئاژەڵداری. لە بەهاراندا گەشت و سەیرانی لێ دەکرێت.

بانەبۆر

چەمێکى سروشتيیه. لە خۆرهەڵاتی کۆمەڵگەى زەمەقی و دەروازەی شاری هەڵەبجەوە‌ دەستپێدەکات و کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى (بەکراوا) و بە دەشتەکانى بانەبۆردا دێتەخواروو زيانى گەورەى داوە لەو زەوييانە، ئەویش بەهۆى کەندڕ و ڕاماڵينى خاکى ئەو دەشتەوە.

بانی فەقیێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ). لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە سنور دەبڕێت و دێتە خاکی هەرێمی کوردستان و سنوری گوندی پشتە. ئاوی هەندێک کانی تێ دەڕژێت، له ‌سنور تا دەگاتە نزیک گوندی پشتە دێژییەکەی ١٠ کیلۆمەتر دەبێت و لە نزیک گوندی پشتە دەڕژێتە چەمی قەڵاوە، ئاوەکەی لە کۆنەوە بۆ ئاشەئاوییەکان و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ سودیلێوەرگیراوە.

باواندەرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ەوە. به چەند باخێکدا دەڕوات. بە ئاڕاستەی (بەڵخە) چەمێکی تری لێ جیادەبێتەوە پێیدەوتریت (دەرەی هارە گل). دوو کانی تێدایە بەناوەکانی (حەمەی ئەمین بەگ و کانی بەکری ئەحمەد). بە ئاڕاستەی (سەی سەلام) درێژدەبێتەوە.

بەرازکوژ

کەوتووەتە سنوری گوندی (مۆردین)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لەنێوان مەرقەدی شێخ خامۆش و کەورگی عەلی ئاغە. بەرەو دامێنی چیای قولەڕەش درێژدەبێتەوە. چەند کانییەکی بچوکی بەهارە و هەمیشەیی لێیە. ئاژەڵێ کێوی زۆرە بەتایبەت بەراز و ناوچەیەکی سەختە. ناوەکـەی بەهـۆی کـوشتنی بەرازەوە هاتووە.

1 2
...
12 دواتر