شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

شوڕتەکان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن. لەسەردەمی مودیرە سوور، کە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بووە، ئەو ناوەی لێنراوە.

عەوڵایان: عەوداڵان

لە ناوی عەودالانەوە هاتووە، یارانێک بۆ خواپەرستی و دوورکەوتنەوە بۆ عیبادەت ڕێیان تێیکەوتووە، لە سەرووی ئەشکەوتی (مەڕۆ جنا)وەیە لە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا).

عەلی ئاغە

کەوتووەتە گوندی ڕێشاو لە نزیک سەنتەری گوندەکەیە لە دامێنی چیای قولە ڕەش لە شاخی شنروێ. کۆمەڵێک گۆڕ لەبەردەمیدا هەیە. خەڵکی ناوچەکە بە عەلیاغە ناوی دەهێنن. ڕووبەرێکی فراوانی هەیە. بە ئاسانی ڕێگای هاتوچۆی دەچێتەوە سەر.

عەلی ماجە

کەوتووەتە شاخی وەرانوەر و بەسەر بیارەدا دەڕوانێت. لە ناوەوە زۆر گەورە نییە. بە ئەشکەوتی (مەڕە و ماجێ)ش دەناسرێت. بەڵام ناوبانگی هەیە و لە شۆڕشی ئەیلولدا بەهۆی بەرزیی شوێنەکەوە ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە.

قادرسان

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور) لەدامێنی دۆڵی هەییاندایە و ڕووی لە خۆرهەڵاتە. بە زۆری ڕاوچی بۆ حەوانەوە سوودیلێدەبینێت. بەناوی قادرسانی نەوەی بەگەکانی هەورامان ناونراوە.

قاڵوگولە

کەوتووەتە چیای قولەڕەش لە باکوری گوندی (ڕێشاو)، ئەشکەوتێکی گەورەیە، دەروازەکەی خڕە و لە نێو ئاوایی گوندەکەوە زۆر بە جوانی وەک پەنجەرەیەک دیارە، بەهۆی هەڵکەوتەی لە مایەکی بەرزدا، توانای چونە ناو ئەشکەوتەکە زۆر زەحمەتە، هێلانەی چەندین باڵندەی کێوی تێدایە.

قەڵا سمۆران

سێ ئەشکەوتن لەتەنیشت یەکتر هەڵکەوتوون. دەکەونە سنوری باشوری گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. بەسەر گوندەکەدا دەڕوانێت. لە نێوان شاخی زەردەیەرە و کانیەکەی مێوڵی هەڵکەوتووە. سمۆرەی زۆری تێدابووە. بۆیە بەو ناوە ناونراون.

قەڵاگە

کەوتووەتە باکوری گوندی (میری سوور). لەشوێنێکی بەرز و سەختی ناوچە شاخاوییەکاندا هەڵکەوتووە. لەناو ئەشکەوتەکەدا قەڵای لەمێژینەی میری سوور، یان قەڵای سوڵتانی ساق بوونی هەیە.

قنەرەینی

کەوتووەتە گوندی (نەیجەڵە). لە نزیک ڕوباری سیروان. لە بەشی کۆتایی شاخی بەردەڕەشان هەڵکەوتووە و بۆ ئاژەڵداری بەکارهاتووە. لە بەشی سەرەوەی ئەم ئەشکەوتەدا، زەویەکی تەختی تێدایە بەناوی زەوی قنەرەینی. کراوەتە گەنم و دانەوێڵە. زیاتر لە سێ دۆنم دەبێت.

قوڵنەچین

کەوتووەتە شاخی مەڕمانگان لە گوندی (بۆین). لە ژێر ئەشکەوتی چەمچەتاش و لوتکەی تلی کوڕ دەڕوانێت بەسەریدا، پیاوەکانی جافرسان کاتێک لەم گوندە ماونەتەوە بە قوڵنگه شاخەکەیان چین چین کردووە و لەشێوەی پلیکانە چنیویانە و تاکو گەیشتوونەتە ناو ئەشکەوتەکە، ئیدی ئەو ناوەی بەسەردا نراوە. لە ئێستادا شوێنەواری هەندێک لە پلیکانەکان شێوێنراون و بە ئەستەم دەگەیتە ناو کەورگەکە.

کانی چەیگ

کەوتوەتە سنوری گوندی (تاوێرە) لە دۆڵی ڕەش. بە ناوی ئەو کانییەوە ناونراوه،‌ کە لە ئەشکەوتەکەدایە. کانییەکی تێدایە. چەیگ واتە سارد. نزیکەی پێنج بە شەش مەتر دەبێت. لەکاتی تەنگانەدا هەڵهاتووانی سەربازی و مەفرەزەکانی پێشمەگە و ڕێبواران لە ناویدا ماونەتەوە.

کانی هەواس

کەوتووە بناری چیای خوشک لە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). لە زاری تاشەبەردێکی زەبەلاح و بەرزدایە. نزیکەی دوو مەتر بەرز و دوو مەتر پان و چوار مەتر درێژە. بەزۆری ڕاوچییەکان بۆ شەو مانەوە بەکاریدەهێنن.

کاوەدەرێ

ئەشکەوتێکی گەورەی دەمکراوەیە، کەوتووتە پشت گوندی (ئەحمەدئاوا). دەڕوانێت بەسەر شارەزوور و شیوی زەڵمدا، ئاژەڵدارەکان بەهاران ئاژەڵیان تێکردووە.

کەرەماڵی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هاوار) لە چیای شنروێ. لە کۆندا ڕاوچیەکان ئەشکەوتەکەیان بۆ ڕاوکردنی پەلەوەر و ئاژەڵی کێوی بەکارهێناوە.

کەلگەی هەنجیرەزەرد

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی سیروان و گوندی نوەر و لەباکوری چیای نوەر هەڵکەوتووە. (‌١٠١٩م) له ‌ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

کەواتر مەڕ

چەند ئەشکەوتێکن لە باشوری خۆرئاوای گوندی (مۆردین) لە کەناری ڕوباری سیروان هەڵکەوتوون، ڕێبوار و ئاژەڵدار و ڕاوچی سوودیلێوەردەگرن. سەروو ئەشکەوتەکان زەویەکی سارایی و تەختاییە، لە کۆندا بە گا کێڵراوە و کراوەتە دانەوێڵە.

کەورگە دەفە

لە شاخی سەر زینۆ لە باکوری بۆین هەڵکەوتووە. شوێنەکەی سەختە و لە سەردەمە کۆنەکاندا شوێنی دروستکردنی کەلوپەلـی سـەربازی وەک تیـرو داس و ڕم و هتـد بووە.

کەورمانگا

کەوتووەتە بناری چیای خوشک لە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). بەرزیی نزیکەی دوو مەتر و پانیی (١٠م) و درێژییەکەی (١٥م) دەبێت. لە وەرزی زستاندا ئاژەڵدارەکان بۆ پاراستنی ئاژەڵەکانییان لە تاوەباران و بەفر و سەرما پەنایان بۆ بردووە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

کوڕ و کچ

دوو ئەشکەوتی ڕوو بەرانبەر یەکترین. پێنج کیلۆمەتر لە شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە دوورن‌. لەبەرزیى (٩١٩م) لە ئاستى ڕووى دەریاوەن‌. (٧.١کم) لە قەڵاى زەڵم و ئەشکەوتى خان ئەحمەدخانەوە دوورن‌. لە خورهەڵاتەوە بە گوندى زەڵم و لە باکورەوە گوندى یاڵانپێ و لە خۆرئاواوە هانەى قوڵ، دەورەدراوه. هەردوو ئەشکەوتەکە‌ دەکەونە ناو دۆڵی وشکەناو. ئەشکەوتی کچ لەلای ڕاستی دۆڵەکە و ئەشکەوتی کوڕ لە لای چەپ بەرانبەر بە ئەشکەوتی کچە‌. ئەشکەوتی کچ لە قەدپاڵی چیاکەوەیە و لە شوێنێکی بەرز و سەخت لە بەرزایی (١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دۆڵی وشکەناو بە کرداری هەڵکۆڵین دروستکراوه. لەناو ئەم ئەشکەوتەدا حەوزێک دروستکراوه،‌ کە خەڵکی ناوچەکە بە (کۆشک) ناویدەبەن.

کولێن دەشت

کەوتووەتە کۆتایی زنجیرەچیاکانی (کەوتێ) لە خۆرهەڵاتی‌ گریانە هەڵکەوتووە. لە بەردەمیدا ئاوی سیروان و چەمی گریانە دەڕوات. (کولێن) بە واتای (کولانە) دێت. ئەمەیش بەهۆی بوونی چەند کونێکی گەورە لە قەدپاڵەکانیەوە. لە (١٩٧٠)دا بەهۆی ئاژەڵدارییەوە خەڵکی تێدا ژیاوە. هەروەها لە سەردەمی (شۆڕشی نوێ)دا، شوێنی حەوانەی پێشمەرگە بووە.

پێشتر 1
...
50 51 52
...
61 دواتر