شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

284 بابەت

خارگێڵان

کەوتووەتە سنوری گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشتەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠،٠٨کم٢) و درێژیی (١،٠٣کم) و پانییەکەی (٢٢٠م)‌. دەچێتەوە سەر دۆڵی خڕی بیارە و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات و بە گوندەکانی گۆمەلار و تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خواروو و لامەرکەزی و شەکرالیدا تێپەردەبێت و ئاوی چەندین کانیاو و چەمی تری تێکەڵدەبێت، دواتر دەڕژێتە چەمی زەڵمەوە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

خەرپانی

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی لە شارۆچکەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان پێدەشت و گرد و گردۆڵکەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠،٢٣کم٢) و درێژیی (١،٢٣کم) و پانییەکەی (٣٤٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی خارگێڵان و زەردەهاڵ و خڕی بیارە و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکات و بە گوندەکانی گۆمەلار و تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خواروو و لامەرکەزی و شەکرالی تێپەردەبێت و ئاوی چەندین کانیاو و چەمی تری تێکەڵدەبێت دواتر دەڕژێتە چەمی زەڵمەوە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

خەڕەنگەزێ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ى سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، دۆڵی گیواوبڕ و دۆڵی وەنەناو دەکەونە باکوریەوە، دۆڵی دەرەیمەڕ و پەچەو سێ قادری دەکەونە بەشی خۆرئاوای. دۆڵی دۆڵاوە و دۆڵی چاڵاوا دەکەونە بەشی خۆرهەڵاتیەوە، هەروەها دۆڵی گڵوەومەڕێ و پەچەو سێ قادری دەکەونە باشوریەوە. تێکڕای (١٨٤٣م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٠٤کم٢)یە، درێژیی (١,٢٦کم) پانییەکەی (٢٣٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی گڵوەومەڕێ و دۆڵی پەچە و سێ قادری و دۆڵی دەرەیمەڕ و دۆڵی سەرگەت و دارچەقالە و دەچێتەوە سەر دۆڵی بانی بەرمەڕان بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕدەبێت و تێکەڵی ئاوی زەڵم دەبێت، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەکو دارستانی سروشتی بەڕوو تایلە و نەرە و گۆیژ و هەرمێ کێویلە و گژوگیای وەک بەڕەزا و تاڵیشک و گۆزروانە و بنە سوورە و گیلاغە و پسڵ و ڕوسقە و کنگر و تۆڵەکە، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

خەوگە

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٩١کم٢) و درێژیی (٢,٣١کم) و پانییەکەی (٨١٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی وشکەناویی سەروو وشکەناویی خواروو، پاشان دەڕژێتە دۆڵی زەڵمەوە لە خۆرئاوای گوندی زەڵم و باشوری ناوچەی وشکەناو. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

خوێڕسگە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٦٢٨م) و بەرزترین خاڵی (١٨٦٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزی دەگاتە (١٧٤٨م). ڕووبەرەکەی (٠,١١ کم٢) و درێژیی (١,٢٩کم) پانییەکەی (٢٥٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی بەڵخە و دۆڵی دێگە و دۆڵی سۆڵێ و دۆڵی جاور، لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر و دۆڵی تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیا لە خۆرئاوای پاڵانیا یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە چەمی گریانە و پاشان ڕوباری سیروانەوە. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

خۆرنەوازان

کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ) و سنوری جیاکەرەوەی نێوان چیای هەورامان و چیای سورێنەوە. لە بەرزیی ١٨٨٦م دەستپێدەکات و درێژیی دەگاتە(٤,٨کم). ئاڕاستە‌ی درێژبوونەوەی باکوری خۆرهەڵات بۆ باشوری خۆرئاوایە، لە نزیک گوندی بانیشار کۆتایی بە دۆڵەکە دێت.

داربەلوجە

لەنزیک مزگەوتی چاوگی باوەکۆچەکەوە دەستپێدەکات و لە ملەی داربەلوجە کۆتاییپێدێت و زەوییەکانی دەکرێنە دەغڵودان و کانی تەورگی تێدایە و بەهۆی بارینی تەورگەوە ئاوەکەی دەتەقێت. ڕێگەی کانی هەنجیر و کانی تایەری لێدەبێتەوە. لەناو دۆڵەکەدا چەندین پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر و وڵاخداری دروستکراون. بەرزاییەکانی دۆڵەکە بە قنگر و گیای سروشتی دەوڵەمەندن و خەڵکێکی زۆر بەهاران سـەردانیدەکەن.

دارچەقالە

کەوتووەتە ناوەڕاست و باکوری هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (سەرگەت) ە لە شارۆچکەی (بیارە)، کۆتایی سنوری زەوییەکانی گوندی سەرگەتە و لە سنوری زەوییەکانی گوندی گوڵپ جیای دەکاتەوە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان دۆڵی زەڵم و وشکەناو لە باکور و دۆڵی کۆڵیت و دەرەفێڵان و دۆڵی شەوگای لە باشور و تفەقەتارا و هەنارە کۆڵە و ئاوێزە و باخەکۆن لە خۆرهەڵات و بان وانە و سێداران و دۆڵی دەرەسولان لە خۆرئاواو دروستبووە. نزمترین خاڵی (٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٣٩کم٢)، درێژیی (٢,٠٤کم) و پانییەکەی (٧٦٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی بانی بەرمەڕان و خەندەق و خورماڵ و ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی هەربەدۆڵ و دۆڵی سەرگەت و دەرەیمەڕ و هانەیدن و دۆڵی شەڵواندڕ و هانە توتمان و ملەی قڕاڵ و دەوروبەری لێرەدا کۆدەبێتەوە، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە وەکو بنە سوورە و گیلاغە.

دارمازگێ

کەوتووەتە قەدپاڵی چیای (شنروێ) لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). لەوەرگایەکی سروشتییە و ئەشکەوتێکی لێیە. سنورەکەی لە (کانییە بەهارێ)وە درێژدەبێتەوە تا یاڵی (دۆڵە ڕەش) و لەوێوە تاکو بەرزاییەکانی (جۆجاڕ و باخچەی عەلی چەتوون). بەهۆی بوونی دارمازووە وە ئەو ناوەی لێنراوە.

دەرەتاریک

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). لە باکوری خۆرئاواوە بەرەو باشوری خۆرهەڵات لە نێوان چیا بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٦٠٠م)ە و بەرزترین خاڵی‌ (١٨٤٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٧٢٣م). ڕووبەرەکەی (٠,٢کم٢) و درێژیی (١,٦٦کم) و پانییەکەی (٣٢٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی ئاوێسەر و لە خوارووی تەوێڵە یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە چەمی گریانە و پاشان ڕوباری سیروانەوە. سێ کانیاوی سروشتی تێدایە و شوێنەوارێکی دێرینیشی تێدایە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

دەرەتفێ

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکە و چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١١١٨م) و بەرزترین خاڵی (١٥٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٣٥١م). ڕووبەرەکەی (٠,١١کم٢) و درێژیی (٢,٠٩کم) و پانییەکەی (٢٦٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی هاوارەکۆن و دۆڵی گریانە و پاشان دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

دەرەخوگان

دۆڵێکە کەوتووەتە نێوان گوندی سازان و لمە بەڕووی سیرواندا دەڕوانێت. کەوتووەتە بەردەم گۆڕستانی سەیەسوور. بەواتای ڕێگەی خوگ و بەرازەکان دێت. کۆمەڵێک ئەشکەوتی تێدایە و شوێنەوارین. چەند قامیشەڵانێکی تێدایە جاران بۆ سەر خانو و حەساری حەوشە و سەربان بەکارهاتووە.

دەرەدزان

کەوتووەتە خواروی گوندی یاڵانپێی سەر بەشارۆچکەی خورماڵ، (دەرەدزان)، (دژان - دزان) یان (دژانە - دزانە). ئەمەش یەکێکە لەو ناوە کۆنانەی، کە بۆ شارۆچکەی (خورماڵ) بەکارهاتووە. دزدان (ئەمین نەقشبەندی) دەڵیت: (دزدانە واتە دژدانە)، ئەگەر (دژ) بریتیبێت لە (قەڵا)، ئەوا (دژدان) واتە شوێن قەڵا. بەپێی ئەو وردبونەوەیە دەکرێت بوترێت هۆی ناولێنانی شاری خورماڵ (بەدژدان) بۆ بونی ئەو قەڵایانە دەگەڕێتەوە، کە لەشارەکە و دەوروبەریدا هەن، یەکێک لە ئەگەرەکانی ناو لێنانی (خورماڵ) بوونی ئەوشوێنەیە، کە بە(دەرەدزان) ناودەهێنرێت لە گوندی یاڵانپێدا، کە لەباکوری شارۆچکەی خورماڵەوە بەدووری پێنج کیلۆمەتر هەڵکەوتووە.

دەرەدێوە

بە دووری کیلۆمەترێک کەوتووەتە ڕۆژهەڵای گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر به ‌شارچکەی (خورماڵ). درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە. درەختی سروشتی داربەڕوو کەکه ‌و بەلاڵوک و قەزوان و مێڵووی تێدایە. ناوەکەی بە هەورامی به ‌واتای (چەمی دێو) دێت گوایە دێوی لێیە.

دەرەقوڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل) لە‌ بناری چیای سورێن. لەوێوە بە ئاڕاستەی دەشتی شارەزوور دێتە خوارەوە. قوڵیەکەی زۆر زۆرە و تەنها شاخەبەرزەکانی لێوە دیارە. هەندێک باخە هەنجیری تێدایە.

دەرەسولان

کەوتووەتە باکور و باکوری خۆرئاوای هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (ئاوای ڕۆستەم بەگ)ـە لە ناحیەی (خورماڵ). دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان بانی بەرمەڕان و بانی سێتەپان و بانەوانە لە باشور و بانی سێ داران و بابازەردەڵە لە باکور دروستبووە و کەوتووەتە دامێنی چیای ملەی قڕاڵ و خۆرئاوای گوندی گوڵپ و خۆرهەڵاتی گوندی ئاوای ڕۆستەم بەگ و باشوری گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان و زەڵم، لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی خەنەق. نزمترین خاڵی(٦٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەچێتەوە سەر دۆڵی خەندەق و خورماڵ و ئاوی باراناو و تواوەی بەفرەکەی دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری دۆڵی سەرچاوەی ئاوی زەڵم و گەنجان و یەکدەگرن و بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕ دەبن و دەچنەوە پردی کۆنی زەڵم و دەڕژێتە نێو ڕوباری سیروان. ئەشکەوت و کەلەبەری زۆرە، کە بوونەتە پەناگە بۆ خۆ حەشاردانی ئاژەڵ و باڵندەکانی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە. بەشی خوارەوەی بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ کاری ئاژەڵداری.

دەرەسۆسکان

کەوتووەتە سنوری گوندی (ناوباخان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە گوندی (هانەی قوڵ)ـەوە دەستپێدەکات و دێتە خوارەوە و لە گوندی ناوباخان کۆتاییپێدێت. ناوەکەی لەوەوە هاتووه،‌ کە (سوێسکە)ی زۆری لێبووە.

دەرەشۆڵای

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی(١١٧٧م) و بەرزترین خاڵی‌ (١٢٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٢١٣م). ڕووبەرەکەی (٠,٠٣کم٢) و درێژیی (٠,٥٣کم) و پانییەکەی (١٥٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی سەروەزەن و دۆڵی بیارە و چەندین دۆڵی دیکەی تێکەڵدەبێت و پاشان دەچێتەوە سەر دۆڵی دەرەقەیسەر و دۆڵی هانە نەوتێ و دواتر لەگەڵ دۆڵی زەردەهاڵ یەکدەگرن و بە خڕی بیارە ناسراوە و بە گوندی خارگێڵاندا تێپەڕدەبێت. ئاوی چەند دۆڵێکی دیکەی دێتە سەر وەک دۆڵی خارگێڵان و دۆڵی خەرپانی و چەمی ڕاوی و بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەو دەکەن. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

دەرەشیش

لە کەلی (هەیشوور)ی گوندی هاوارەوە بەرەو تاوێرە و گوندی دەرەشیش شۆڕ دەبێتەوە. ئاوی دۆڵەکانی (قەڵاڕێزێن و مچەناو و دۆڵ سورێن و دۆڵە ڕەش و ئەشکەوڵ)ی دێتەوە سەر. بە(سەرکەن)دا تێپەڕدەبێت شۆڕدەبێتەوە بەرەو هەردوو دەرەشیشیی سەروو و خواروو، تا دێتەوە نزیک (بازگەی دەرەشیش) و بەئاڕاستەی گردی (درۆزنە) دەڕوات. کارگەی چەوولمی لەسەرە.

دەرەفێڵان

کەوتووەتە باکور و ناوەڕاستی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (گوڵپ)ـە دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان دۆڵی کۆڵیت و دۆڵی دارچەقالە لە باکور و دۆڵی تفە قەتاراو هەنارە کۆڵە و ئاوێزە و باخەکۆن لە خۆرهەڵات و دۆڵی شەوگای لە باشور و بان وانە لە خۆرئاواو دروستبووە و کەوتووەتە دامێنی چیای ملەی قڕاڵ و باکوری گوندی گوڵپ. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە دۆڵی دارچەقالە و بان وانە. لە بەشی خۆرهەڵاتەوە تەسکە و تاوەکو بەرەو خۆرئاوا بڕوات فراوانتر دەبێت. نزمترین خاڵی، (٨٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی ملەی قڕاڵ و دەوروبەری لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی سەرچاوەی ئاوی زەڵم و گەنجان دەبن و یەکدەگرن و بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕ دەبن و دەچنەوە پردی کۆنی زەڵم و دەڕژێتە نێو ڕوباری سیروان، کانیاوێکی سروشتی تێدایە و ڕووتەنییە لە دار و درەخت و لە ئێستادا کانێکی گەورەی بەرد تێیدا کاردەکات و بەرد بۆ ناوچەکانی دەوروبەری بەرهەمدەهێنێت، ڕێڕەوی سروشتی ئاوی دۆڵەکەی گۆڕیوە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
15 دواتر