شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

75 بابەت

حەسەنی مەحموو

گردێکی شوێنەوارییە. کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی بەشارەتی سەروو. بەرزییەکەی زۆر نیيە. لەسەر زاری دانیشتوانی ناوچەکە پێیدەوترێت گردەماتە. بەواتای ئەوەی لە تەنیشت گوندەکەوە هەڵکەوتووە و نزمە. تا ئێستە کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە. دەکێڵرێت و دەکرێتە کشتوکاڵ. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە زەویی ئەو کەسەوە، بۆیە بەو ناوەوە ناوبراوە.

حەمەسەعى حەسەن: سەعاى حەسەن

گردێکى شوێنەواريى توورەکەڕێژى ماتە (واتە بەشى سەرەوەى گردەکە نيمچە تەخته)‌. کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەتەنيشتى گوندەکەدايە و لەسەر ڕووبەرى دوو دۆنم زەوى هەڵکەوتووە و بەرزيیەکەى (١٥م) دەبێت، گەلێک جار شتى عەنتيکە و شوێنەواريى تێدا دۆزراوەتەوە وەک (سکە و بەردەنوس و ملوانکە و موروو و پارچە کوپەڵە...). بەردەنوسێکى تێدا دۆزراوەتەوە هێندەى کێلى گۆڕێک بووە، بەدوو زمان لەسەرى نوسراوە و بەپێى گێڕانەوەکان، پێدەچێت خەتى بزمارى و ئارامى بووبێت. بەهۆى ئەوەى گردەکە کەوتووەتە سنورى زەویى حەمەسەعيد حەسەنەوە، ناونراوە گردى سەعاى حەسەن.

حەمەی حەمەومین

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠ دۆنم و بەرزییەکەی (١٥م) دەبێت. لە سەردەمە جیاجیاکاندا جێگەى کەسانى دیار و پاشا و فەرمانڕەوا بووە. لە ئیستادا کێڵگەی پەلەوەری لەسەر دروستکراوە.

حسەین

کەوتووەتە‌ سنوری گوندی (گردی حسەین). بەرزیی گردەکە(٤٧٩م)ەو بناغەی گوندەکەبووە. پێش دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان، گردەکە بەرزیەکی شێوەپانی هەبووە و ئێستە وەک ناوچەيەکى شوێنەوارييە و کەلەپوری و تۆمارکراوە، بەهۆی دۆزینەوەی هەندێ ئێسک و پەیکەری مرۆڤ و خشڵ و زیو تیایدا، هەروەها هەندێک لە ئاژەڵدارەکان لەوەرزی وشکیدا، ئاژەڵەکانیان دەبەنە ئەم گردە و بۆ ماوەی سێ مانگێک تیایدا دەمێننەوە، چونکە ڕووبەرێکی فراوانی بێ کشتوکاڵ بەچواردەوری گردەکەدا هەیە و ئاوێکی باشیش لەتەنیشتی گردەکەدا هەیە، کە گونجاوە بۆ ئاژەڵداری، ئەمە جگە لە زەوییە فراوانە بەپیتەکە، کە کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵات و خۆرئاوایەوە.

خەزێنه

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (٣٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە و نزيکەى هەشت مەتر بەرزە. بەهۆى بينينەوەى هەندێک لەته ‌کوپەڵە و پارچەى مێژووییەوە، پێدەچێت گردەکە گردێکى شوێنەوارى بێت، هەر لەبەر ئەوەشه،‌ کە بە گردى خەزێنە ناسراوە.

داری نەزەر

کەوتووەتە نێوان گوندی سازان و گوندی لمە. لە کۆندا خەڵکی ناوچەی سازان لە نەورۆزدا ئاگریان تێداکردووەتەوە، چونکە لە هەموو دێهاتەکانی دیکەوە ئاگرەکە دیاربووە.

دوانزە ئیمامی سەروو

کەوتووەتە‌ سنوری گوندى (دوانزەئيمامى سەروو). تاکە شوێنی ناسراوی گوندەکەیە و گردێکی بچوکە و لە ئێستادا وەک تەپۆڵکەیەک زیاتر نیە. چەمی بەکراوا و سەرچاوەی ئاوی کوڵەڕەش بەتەنیشتیدا تێپەڕدەبێت. یەکەم جار ماڵی حاجی ساڵحی ئیمام بەسەر ئەو گردەوە بووە، هەتا داگرتنی لادێکان و گواستنەوەیان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان، خەریکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوون. ئێستەش لە ئەو گردە بچوکە، یەکێک لە کوڕەکانی حاجی ساڵح کردویەتی بەخانو و ئاوەدانیکردوەتەوە. بەرزیەکەی کەمە و(٣٣م) لەئاستی زەوییەکانی دەرووبەری بەرزترە.

ڕیشێن

کەوتووەتە دەشتی شارەزوور لە باکوری خۆرهەڵاتی ناحیە‌ی (خورماڵ) لە گوندی ڕیشێن، سەرچاوەی ئاوی ڕیشێن کەوتووەتە خۆرهەڵاتیەوە. (‌٦٥٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕێگای گوندی ڕیشێن کەوتووەتە نزیک ئەم گردەوە. سەر ڕووەکەی گونجاوە بۆ گەشەکردنی گژوگیا.

زەمەقیى خواروو

گردێکى توورەکەڕێژی ماته. کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (زەمەقیى خواروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەتەنيشتى گوندەکەدايە، تاکە شوێنى گوندەکەيه،‌ کە وەک شوێنەوار تۆمارکراوە. نزيکەى (١٠م) بەرزە و لەسەر ڕووبەرى (٥٠٠م) چوارگۆشە هەڵکەوتووە. لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا، کاتێک بڕياربوو لەتەنيشت ئەم گردە قوتابخانەيەک بۆ گوندەکه ‌دروستبکرێت، لەکاتى هەڵکەندنى بناغەى قوتابخانەکەدا، چەند پارچە ئاڵتوون و پارچە کوپەڵە دۆزرانەوە، بۆيە حکومەتى ئەوکات بڕياريدا شوێنى پڕۆژەکە بگۆڕێت و گواسترايەوە شوێنێکى ترى گوندەکە، ئەمەیش بەهۆى دۆزينەوەى لەتە کوپەڵە و هەندێک شوێنەوارى دێرين لەناويشياندا دۆزينەوەى سکەى سەردەمى ئەمەوييەکان و زامواکان.

سەرقەڵای پریس

کەوتووەتە ‌ناوەندی گوندی (پریسی سەروو)، لە بەرزیی (٩١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریا. بە تاکە گردی دەستکرد دادەنرێت لە گوندەکەدا. هەرچەندە مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام بەداخەوه،‌ تا ئێستا مێژوونوسەکان ڕێگەیان نەبردووەتە سەری، بۆیە هیچ مێژوویەکی نوسراوی لەسەر دیارنییە. بەهۆی فراوانیی ڕوبەری سەر گردەکه،‌ کە زیاتر لە (٦٠٠٠م٢)یە، لەکۆندا زیاتر لە ١٠ ماڵی تێدا نیشتەجێبووە.

سەی عەلی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا)ەو. بە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. بەرزییەکەی نزیکەی شەش مەترە. لە کۆندا گوندێک لە نزیکیدا هەبووە پێیوتراوە گوندی بی منە. وەک لە نەخشەیەکی دەوڵەتی عوسمانیدا لە نزیکەی ٤٥٠ ساڵ پێش ئێستا ئاماژەی پێکراوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی دۆنمێکە. لە کۆندا ئاوی چەمی ئاوبڵاو بە تەنیشتیدا ڕۆشتووە. پاشتر ئاڕاستەی ئاوەکەی گۆڕاوە بۆ نزیکەی (١٠٠م) ئەولاتر. ساڵی ١٩٨٨ لە شەڕی ئێران و عێراقدا، ساترێکی سەربازی بە تەنیشتیدا لێدراوە. جگە لە شێواندنی بەشێکی گردەکە، لە دەرەنجامدا گۆزەیەک بەقەبارەی دوو بەرمیل، دەرکەوتووە. چەند پارچە زومڕوت و گڵێنەی نەخشداری بەدەوردا بوو. کەوتووەتە زەویی پیاوێکەوە بە ناوی سەی عەلی، کە لە نەوەی مەولەوییە و کەسایەتییەکی گوندەکەیە.

سۆڵەسیان

کۆمەڵێک گردن و کەوتوونەتە نێوان تریفە و باوەکۆچەک و چاوگ. ژمارەیەک دۆڵ بەنێویاندا دەڕوات. لەنێودۆڵەکاندا باخ و باخاتێکی زۆر هەیە. دۆڵەکان لەنزیک پردی ڕێگای نەورۆڵیی هەڵەبجە یەکدەگرن و ئاوی سەرچاوگ بە چەمی سۆڵەسیاندا دێت و دەگاتەوە بە چەمی کەنی زەرد لەبەردەم گۆڕستانی حەمەی فەرەج.

سێتەپانى بچوک

گردێکی سروشتیی لاکێشەیی گەورەیە. کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی (٥٠٠٠م) دەبێت. (٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە نێوان گوندەکانی (گوڵەخانە، شیرەمەڕ، گردەگڕێ، عامورە، گوڵەخانە، گێڵەک)دایە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه، ‌کە شێوەی وەک سێ گردی بەیەکەوەیی دەردەکەوێت. لەوەڕگایەکی بەپیتە.

سێتەپانى گەورە

کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ). لە نێوان گوندەکانی (گوڵەخانە، شیرەمەڕ، گردەگڕێ، بانیشار، عامورە، میری سوور و ڕیشێن)ـدایە‌. ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠٠م) و نزیکەی (٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه، ‌کە لە شێوە سروشتییەکەی وەک سێ گردی بەیەکەوەیی دەردەکەوێت. لەوەڕگایەکی بەپیتە.

عالانی

چوار گردی سروشتین‌. کەوتوونەتە نێوان دەرەگۆلان و کانی ئاسکان. بەرزییەکی مامناوەندیان هەیە. لەپشت ئەم گردانەوە زنجیرە چیای پیرەمەگرون بە ئاڕاستەی سورێن دەستپێدەکات.

قایەر

گردێکی سروشتییە. کەوتووەتە ناو دەشتی ڕەنگاڵەوە. گردێکی نزمە. بەڵام ڕووبەرێکی فراوانی هەیە، نزیکەی شەش دۆنم دەبێت. لە نزیک ڕێگای سەرەکیی گوندی کاگردەڵە. خەڵک پێیوابووە شوێنەواری تێدابووە. لە ئێستادا دەکرێتە کشتوکاڵ. لە چەمی ڕەنگاڵەوە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت.

قەرەچەکان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا). بە دووری (٢٥٠م) لە باشوری خۆرئاوای گردی قۆرتاسەوە هەڵکەوتووە. لە کۆندا لەنێو زەویی فڵامەرز قەرەچیدا بووە و بەو ناوە ناونراوە. بەهۆی ئەوەی کەوتۆتە نێو زەویە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەوە و بەردەوام دەکێڵرێت، مەترسیی لەناوچوونی بەتەواوی لەسەرە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا بەر ساتر کەوتووە و شێواوە.

قەریە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا). گردێکی دێرینە. چەندەها گڵێنەی نەخشدار و خشتی گەورەی تێدایە. بازنێکی مەفرەقی تێدا دۆزراوەتەوە. بەنزیکەی (١٠٠م) لە خۆرهەڵاتی گردی قۆرتاسەوە هەڵکەوتووە. لەبەرئەوەی وەک قەبرستانی گوندی کۆنی قۆرتاس بەکارهاتووە، بۆیە پێیوتراوە: گردی گوندەکە. وەک وەقفی گوندەکە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و کەس بۆی نەبووە بۆ مەبەستی تاکەکەسی بەکاریبهێنێت.

قەڵاتێ ١

کەوتووەتە باکوری گوندی (خەرپانی) لەسەر ڕێگەی (خەرپانی - کەمانگەرا). دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی دەوروبەریدا و ئاڕاستەی لێژبوونەوەی لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوایە و تا دەگاتە نزیک چەمی (ڕاوی) یان (دەرە وڕاوی). لە ئێستادا گۆڕستانی نوێی گوندەکەی لێیە. بەهۆی تەختی و فراوانیی گردەکەوه،‌ لە بەهاراندا بووەتە شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران. پێش ئەوەی بکرێت بە گۆڕستان، هەندێک بۆنەی کۆمەڵایەتی لێ ئەنجامدراوە. ژمارەیەک خانو بەشێوازی سەردەمیانە لەسەر گردەکە دروستکراون.

قەڵاتێ ٢

کەوتووەتە سنوری گوندی (عەنەب) لە پشتی دارستانی تەپەتوراشە و نزیک چەمی بیسان. گردێکی بەرزە، بەسەر سەنتەری گوندەکەدا دەڕوانێت. بەشێکی زۆری دارستانی سروشتییە. بە داری بەڕوو دەوڵەمەندە.

پێشتر 1 2 3 4 دواتر