شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

75 بابەت

باسکی میری

کەوتووەتە نزیک گوندی (پریسی سەروو) و (٥٠٠م) لە خۆرهەڵاتیەوە دوورە. (٨٥٥م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەیاوە و لە ئێستا خانویەکی لەسەر دروستکراوە، زەوییەکانی لەوەڕگایە.

بان بەیاخ

کەوتووەتە قوڵایی دەریاچەی دەربەندیخانەوە. بە دووری (١.٥کم) لە باشوری خۆرئاوای گردی قۆرتاسە. هەرچەندە خراوەتە بەرنامەی حکومەتی عێراقیەوە، تا پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام بەهۆی شۆڕشەکانی ساڵانی ١٩٦٣، تیمەکان نەیانتوانیوە کنە و پشکنینی بۆ بکەن. ناوەکەی تورکیە و بۆ عوسمانیەکان دەگەڕێتەوە. لە ١٩٢٠ەکاندا، تا پێش دروستبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، ئاوەدانبووە. گردێکی گەورەیە و ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنمە. لە نزیک چەمی دووئاو هەڵکەوتووە. شوێنێکی گرنگ بووە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. چەند هۆز و نەتەوەی جیاوازی وەک عەرەب و قەرەج و تاوگۆزی و گەڵاڵی و هارونیەکانی تێدا ژیاون، کە زۆرجار بەمەبەستی گامێش بەخێوکردن هاتونەتە نێو ئەو دوو ئاوە. لە پاش دروستبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، کەوتۆتە قوڵایی دەریاچەکە و گوندەکە چۆڵی کردووە.

بەوش

کەوتووەتە دەشتی شارەزوور لە باکوری خۆرئاوای ناحیەی خورماڵ لە گوندی کانی ئاسکان. بەرزیەکەی لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەگاته (‌٦٦٠م)، ڕێگای گوندی کانی ئاسکان- قاینەجە بە نزیک ئەم گردەدا تێپەڕدەبێت. ڕووەکەی زیاتر پێکهاتەیەکی بەردینە و ئەستووریی خاک کەمە و گژوگیای کورتی لەسەر گەشەدەکات. بەردەکانی تاڕادەیەک قەبارە گەورەن و بۆ لەوەڕگا سوودیلێدەبینرێت و بۆ کشتوکاڵ بەکارنایەت.

بوومەسڵی

گردێکی ڕووتەنی نوک تیژە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیەی (بەمۆ). (٧٨٧م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. پێکهاتەی خاکەکەی لە جۆری لم و قەمتەرە، کە خەڵکی ناوچەکە پێیدەڵێن (کەوەلە)، بۆیە کەمترین گژوگیا و دارستانی لێ شین دەبێت.

پاڵکەوەلە

سێ گردی بەتەنیشت یەکەوەن. کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیە‌ی (بەمۆ). بەرزترین خاڵیان دەگاتە (٨١٠م) لە ئاستی دەریاوە. زنجیرەیەکیان دروستکردووە و دەشتی گڵێجاڵیان کردووە بە دوو بەشەوە. لەوەڕگایەکی چڕ و بەپیتە بۆ ئاژەڵ.

پەلی کانییە بەهارە

کەوتووەتە دامێنی شاخی مەگڕ و لە بنارەکانی ناوچەی سازان. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا. لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٩١ سەربازگەی عێراقی بووە. ناوچەکە دێمە و دارستانی سروشتیە. ڕێگەیەکی تێدایە ئەڕواتەوە سەر هەناران و لەوێوە سێ ڕیانی سازان نەیجەڵە و چناری لێ دەبێتەوە.

پژگرد

کەوتووەتە پشتی گوندی (نەیجەڵە). بەرزە و دەڕوانێت بەسەریدا. وشک و بێ ئاوە. بەڵام بیرێکی ئیرتیوازی تێدا لێدراوە و وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بەکاردێت. گۆڕستانێکی کۆنی هەیە و بەناوی گۆڕستانی پژگرد ناودەبرێت و لەنزیک گۆڕستانەکە قامیش و زەلی زۆری تێدایە. ناوەکەی بەواتای ئەو گردە دێت، کە کەوتووەتە پشتی گوندەکە.

پیروز ئەوغان

دەکەوێتە سنوری گوندی بەشی پیرک. بەرزییەکەی لەنێوان ٦١٠ تاکو ٦٧٠ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. بەسەر گوندەکە و دەریاچەی دەربەندیخاندا دەڕوانێت. چەند ڕەزەدێمی تێدایە. لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەناوی گردی پیروز اوغان لەسەر پارچە زەوی ژمارە ٦ لە نەخشەی کادسترۆدا تۆمارکراوە و سنورەکەی جیاکراوەتەوە.

تارمشێر

زنجیرە گردێکی درێژە. کەتوونەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ). لەبەرئەوەی خاکەکەی شینە و لە جۆری قەمتەر و کەوەلەیە، درەختی زۆر لێ ناڕوێت.

تەپەڕەشکە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (زەمەقیى خواروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و‌ هاوسنورە لەگەڵ گوندى (قشڵاخەڕووتە)دا. نزيکەى (١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕووبەرى نزيکەی (٧٠٠م) هەڵکەوتووە. بەهۆى بوونى لەتەکوپەڵه،‌ پێدەچێت گردێکى شوێنەوارى بێت. بەهۆى ئەوەى گردەکە لە ‌ڕەشەگڵێک پێکهاتووه،‌ ناونراوە تەپە ڕەشکه واتە گردێکى ڕەشباو‌.

تەپەزێڕینە

گردێکی تورەکەڕێژی دەستکرده.‌ کەوتووەتە‌ بەشی باشوری گوندی (تەپەڕێزینە)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). گوندەکە بەبۆنەی ئەم گردەوە ناونراوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی دۆنمێک دەبێت و لەئێستادا‌ چوار ماڵی گوندەکەی بەسەرەوەیه. بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەترە. مێژووى دروستبوونى گردەکە دیارنییە. بەڵام ئەوە زانراوە، کە شوێنى نیشتەجێبوونى لێبووە و شوێنەواری دیوار و شورای لێ دەرکەوتووە.

تەپی تلەوەر

کەوتووەتە باشوری گوندی (گوڵپ). (٩٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. چەند دارێکی بە تەمەنی بەڕووی تێدایە و ڕێگای باخەکۆن بە بەردەمیدا دەڕوات. دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. گردێکی کۆنی شوێنەوارییە و گۆڕستانێکی کۆنی لێیە. لە گوندەکانی هەورامان و شارەزوورەوە کەسانی ناوداریان هێناوە لەسەر ئەو گردە نێژراون. وەک سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکانی گوندەکانی دێکۆن و وەلەدبەگییەکانی ئاوای ڕۆستەم بەگ.

تەرزەکوت

کەوتووەتە باکوری گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیە‌ی (بەمۆ) و باشوری گوندی (سەعداوا). (٩٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

تەمورەژنان

کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی سیروان لە گوندی کەوتەی کۆن و دەڕوانێت بەسەر دەریاچەی دەربەندیخاندا. بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریا دەگاته ٨١٣م، شێوەیەکی درێژکۆلەیی وەرگرتووه.‌ لەسەر ڕووەکەی درەخت بەشێوەی تاک و تەرا بڵاو بووەتەوە لەگەڵ بوونی ڕووبەرێکی زۆر لە گژوگیا.

توڵمە

کەوتووەتە نزیک گوندی (کاگردەڵ) بە ئاڕاستەی دەریاچەی دەربەندیخان. دەستکردە و بە کۆڵ خاکی بۆ هاتووە. کاتێک ئاوی دەریاچەکە زیاددەبێت، دادەپۆشرێت. بەرزییەکەی زیاتر لە (٢٥م) دەبێت. ناوچەیەکی شوێنەواری بووە. لەکاتی ساڵانی گرانیدا خەڵکێکی زۆر شوێنەواریان دۆزیوەتەوە.

چراخ

بە دووری دوو کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. ئاوەدانیی لەم گردە و بوونی ماڵ و نیشتەجێبوون لەسەری و بەپێی ئەو شوێنەوار و گۆڕانەى، کە لێی دۆزراونەتەوە، بۆ سەردەمی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. لەناوەڕاستی سەدەی پێشوودا هەندێک دەوار و ماڵی کۆچەری تێدا نیشتەجێبوون. نزیکەی (٥٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەهۆی سەوزەگیا و بوونی چەم و کانی و دارودرەخت بە چواردەوری گردەکەوە، دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە بەتایبەت لە بەهاراندا.

چیاخوگان

زنجیرە گردێکە. کەوتوونەتە باشوری گوندی (گڵێجاڵ). (١٠٠٠م) بەرزە. گوندی (گڵێجاڵ) لە گوندی (بەلەسۆ) جیادەکەنەوە.

چیا سەوز

بە دووری(١٢٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو)، لەتەنیشت زەوییەکانی (توڕک) بەدیوی خۆرئاوایدا. لە بنەڕەتدا گردێکی فراوان و بەرزە، بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریاوە (٨١٢م)ـە و ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٤ دۆنمە. وەک لەوەڕگا بەکاردێت و بەشێکیشی بۆ کشتوکاڵی دانەوێڵە دەکێڵرێت.

حاجى حەمەساڵح

گردێکى شوێنەواريى توورەکەڕێژى ماته. کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). و نزيکەى (١٠٠م) دوورە لە گوندەکەوە و ڕوبەرەکەى (٧٠٠م) چوارگۆشەيە و بەرزيەکەى نزيکەى (١٠م) دەبێت. لەڕابردوودا بەهۆى هەڵکەندن لە گۆشەيەکى گردەکهوە،‌ ديوارێکى لە بەرد و قسڵ دروستکراو دەرکەوتووە و جيا لەوەش دۆزينەوەى ئەو پارچە زمرووت و سکە و کوپەڵانە بەدەورى ئەم گردەدا، گەواهيدەرى ئەو ڕاستيەن، کە لەکۆنەوە تا ئێستە بنکەى شارستانيیەت بووە. ‌بەهۆى ئەوەى گردەکە کەوتووەتە سنورى زەویى حاجى حەمە ساڵح بەناوى ئەوەوە ناودەبرێت.

حاجی عەزیز

گردێکی دەستکردە و بە کۆڵ دروستکراوە. کەوتووەتە خوار گردی توڵمەوە. لە نزیک گوندی کاگردەڵە. زیاتر لە (١٠م) بەرزە. بەردەمەکەی تەختایی و دەشتێکی بەپیتە. یەکێکە لە شوێنەوارەکانی ناوچەکە. زەویەکەی لەلایەن حکومەتەوە کاتێک دابەشکراوە بەر ئەو پیاوە کەوتوە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

1 2
...
4 دواتر