شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

37 بابەت

سوورە

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە بەرانبەر بانی تەقتەقان و زانکۆ هەڵەبجە. خاکەکەی سوورە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بەهۆی بوونی تاشە بەردی زۆرەوە، بۆ کشتوکاڵ دەستنادات و تەنها ئاژەڵی تێدا مۆڵدراوە.

سوورەبان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دەرەشیشی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی ١٠ دۆنم دەبێت، بەشێکی زۆری زەوییەکانی ئەم بانە بەمەبەستی کشتوکاڵی دەکێڵرێن و بەشێکی وەکو لەوەڕگا بەکاردەهێنرێت.

سوورەوان

کەوتووەتە سنوری گوندی (جەلیلە) لە نزیک خەرمانەقوڵ. کراوەتە کشتوکاڵ. بە ئاوی کانییەکانی گوند بەراو بووە. لە ئێستادا بووەتە بەشێک لە سنوری شارەوانیی هەڵەبجە. لە تەنیشتیدا زەویەک هەیە، کە بەشێوەی تەڵانە و پێیدەوترێت (تەڵانان) و بە ئاوی کانیی سەرحەوز بەراوکراوە و کراوەتە توتن و لۆکە و بەروبومی هاوینە. هەردووکیان دوو شوێنی بەناوبانگی گوندەکەن.

سووسێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٠,٦٤کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەڕووی ڕامیارییەوە لە کۆندا گرنگیی زۆری هەبووە، ئەمەیش لەبەر شوێنەکەیەتی، کە ڕوانیوویەتی بەسەر ناوچەیەکی فراوان و هەمیشە شوێنێکی ستراتیجی بووە بۆ بەرگریکردن. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و گژوگیای سروشتیی جۆراوجۆر و بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ چەندین کەس. لەڕووی گەشتیارییەوە گرنگیی خۆی هەیە و سەیرانکەران بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانیدەکەن.

سێتەپان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای بانی بەرمەڕان و خۆرئاوای گوندی (گوڵپ). ڕووبەرەکەی (١,٥٦کم٢) و(٧٠٠ بۆ ٩٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ لایەنی بەرگریی سیاسی لە ناوچەکەدا.

کەسرەتە

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). لە بەرزایی (٥٠٠م) لەسەرووی چیای کەسرەتە. دەڕوانێت بەسەر چەم و دەشتی سازان و شاخی کورتەیەرە. زەوییەکانی بە گاجووت کێڵراوە. لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندیشە. خاوەنداریەتیی بۆ حاجی تۆفیقی سازانی ئەگەڕێتەوە.

کونەتاریکە

به ‌دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە‌ باکوری خۆرئاوای گوندی (میری سوور)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٠ دۆنم دەبێت. وەک لەوەرگای سروشتی بەکاردێت. نزیکەی (١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە بەهاراندا خەڵکی بۆ گیا بەهارییەکان و سەیران سەردانیدەکەن.

کونەسەرد

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). ڕووبەرەکەی(٠.٠٦کم٢) و(٩٠٠-١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ لایەنی بەرگری لە ناوچەکەدا، هەروەها وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سوودی لێوەرگیراوە، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە.

کۆرەگەچان

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (ڕێشاو)، دەڕوانێت بەسەر چەمی گەچ و گوندی (ڕێشاو) و دەشتەی سازاندا، نزیکە لە سەنتەری گوندەکەوە، بانێکی تەختە و وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە. لە ئێستادا خەڵکی گوندەکە وەک سەیرانگایەک بەکاریدەهێنن و بەهاران تێیدا دادەنیشن.

گەورێ

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی یاڵانپێ. لە نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی(یاڵانپێ وبانیشار)دا، وەک سنور وایە. ڕووبەرەکەی(٧٥کم٢) و(٧٠٠ بۆ ١٢٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندی یاڵانپێ و بانیشار و عامورە. وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکـی سـروشتـی و گژوگیـای بەهـارە، ئەم بانە دادەنرێت بە سنوری جیاکەرەوەی ناوچەی هـەورامـان لـەگـەڵ بنـاری زنجیـرە چیـای سـورێـن و شـارەزوور.

گڵەجان

بە دووریی ١٠‌ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕو‌وبەرەکەی ٥٠ دۆنم دەبێت. لە لاپاڵى شاخى سورێندایە. بانەکە بانێکى فراوانە و بۆ لەوەرگای سروشتی بەکاردێت و هەروەها لە بەهاران بەمەبەستى کۆکردنەوەى گیای بەهارى خەڵکى سەردانیدەکەن.

گمەی مەیدان

کەوتووەتە باکوری خۆرهاڵاتی گوندی نارنجڵەوە. لە نێوان زەوییەکانی گوندەکانی(گەچێنە و هەمزەیی و نارنجڵە)دا وەک سنور وایە. ڕووبەرەکەی(٠, ٠٨کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی ناوچەکە و وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە.

لەنگەلەرز

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن). لە نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی (هانەیدن) و (دەرەیمەڕ)دایە. ڕووبەرەکەی ٥٤کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندی هانەیدن و سەرگەت و دەرەیمەڕ. وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە، هەروەها بەهارە سەیرانگایەکی دڵگیرە و خەڵکێکی زۆر سەردانیدەکەن، لەم دواییانەدا کانی بەردینی لێدراوە و بەردەکانی بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی بیناو خانو وتەڵانی باخەکان، ئەمەش بووەتەهۆی شێواندنی دیمەنە سروشتییەکەیی و وێرانیکردووە.

هەچان

کەوتووەتە‌ گوندى غوڵاميەوە، لەسەردەمانى پێشوو شوێنى ياريکردن و ڕمبازى و ئەسپسوارى گەنج و کوڕو کاڵى ئاوايى بووە، زەويەکى تا ڕادەيەک تەختە و گونجاوە بۆ ياريکردن و سەرگەرمیى منداڵان و کوڕوکاڵى گوند.

هەمزە

ئەکەوێتە بەشی باشوری گوندی بەشی پیرک. لە نەخشەی کادسترۆدا ڕووبەرەکەی دیاریکراوە. ئەم بانە ڕووتەنە و تاکو تەنها درەختی تێدایە، زیاتر وەک لەوەڕگایە لەوەرزی بەهاردا بەکاردێت. دەڕوانێت بەسەر گوندەکە و دەریاچەی دەربەندیخاندا.

هێڵەگەمە

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە) و (باخەکۆن). ڕووبەرەکەی (٠,٠٧کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە هەوارگەی دانیشتوانی گەچێنە و باخەکۆن بووە وبۆ ئاژەڵداریش سودیانلێوەرگرتووە.

یاڵەکە

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنەی زێڕوون)ی سەر بە قەزای (خورماڵ). حکومەتی بەعس سەربازگەیەکی گەورەی لێدروستکردبوو، فڕۆکەی سەربازی لێنیشتووەتەوە. ڕووبەرەکەی لە دۆنمێک زیاترە.

پێشتر 1 2