هەیشوور

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لاپەڕەی 225

چيا

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هاوار) و (هاوارەکۆن) و باشوری گوندی (تاوێرە). بەرزییەکەی لە ئاست ڕووی دەریاوە (١٣٦٨م)ە. ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و وەک (چاڵە بەفر)، کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن (هێلانە بەفر) سودیانلێدەبینن. ڕێگەی گوندەکانی (هاوار، هاوارەکۆن و دەرەتفێ)ی پێدا تێپەڕدەبێت. بارەگا و بازگەی (پاسەوانی سنور)ی لێیە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی (تاوێرە، هاوار، چەم و دۆڵەکانی بەردەمی). لە دوای چیای کەنۆڵەڕەشان دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای لاسان لە سنوری گوندی هاوار. چەندین چەمی ئاوی بە لاپاڵیدا تێپەڕدەبن، لەوانە وەکو چەمی (دووان) و چەندین کانیاوی تێدایە، وەکو کانیاوی هەڵوژە. سروشتێکی جوانی هەیە، چونکە دەڕوانێتە سەر دۆڵی تاوێرە و هاوار و هاوارەکۆن و بەرزی چیاکە لە ئاستی ڕووی دەریا و بوونی ئاوهەوایەکی مامناوەند و فێنک لە وەرزی هاویندا و بارینی بەفرێکی زۆر لە وەرزی زستاندا، وایکردووە لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی و گژوگیای بەهارە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار (د. ڕێباز لوقمان مستەفا) بۆ شوێنەکە، لە ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٣‌.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. ڕێباز لوقمان مستەفا) لەگەڵ مامۆستا (مەهدی تاوێرەیی)، لەدایکبوو: ١٩٥٢، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەکانی(Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
  4. بەرنامەی Using (OSM) in (GIS Pro) .
  5. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ (شێرکۆ عەلی باسام)، لەدایکبوو: ١٩٧٩، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ١٢ی ٢ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا,کارزان عەدنان حەمەسەعید

7

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کڵاوەبەرزە

سنوری جیاکەرەوەی شارەدێی (تەوێڵە) و گوندەکانی (سۆسەکان، پاڵانیا، جاور، دۆڵبیان، بەڵخە)یە. بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات بۆ خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، لە دوای چیای خەڵەفی و هەوارەبەرزەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای بەرخۆرەسەختە و هەرمێلە لە سنوری گوندی هاوار. درێژی چیاکە (٣,٢٨کم) دەبێت. لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و بـاڵندە کێوییەکان.

گەچێنە

کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی گەچێنە، لە دوای چیای سەر کۆرەگا دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای کەمەرە سوور. درێژییەکەی حەوت کیلۆمەتر دەبێت. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە، لەوانە: (لوتکەی مزگی وەرگا و لوتکەی زەمینو عەولەی و لوتکەی قەڵای ناوەڕاست و لوتکەی سارای حەمە هەجیجی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو (دۆڵی گورگەدەر و دۆڵی گەچێنە و باخچە)، هەروەها چەندین ئەشکەوت و کـەلەبەردی تێدایە، کـە بوونەتە لانکـەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکـان.

گەچێنە و هەمزەیە

کەوتووەتە نێوان چیای قۆڵی بلچ و نەیجەکۆڵە، لە دوای چیای قۆڵی بلچ دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای نەیجەکۆڵە. درێژییەکەی لە دوو کیلۆمەتر زیاترە. چەندین لوتکە چیای لەخۆگرتووە لەوانە وەکو (لوتکەی تەوەنە و ترازیا و لوتکەی سەرگەچێنە و لوتکەی پیاڕا و کەمەرە سور و لوتکەی زەردی هەمزەیی). چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە، لەوانە وەکو: (دۆڵی هەمزەیی و دەرەو کۆرا و چەمی دەرەو کێڵا و دۆڵی گەچێنە و سەر گەچێنە و دۆڵی تایلەی دەرە تاریک و تایلەی خەرمانگ). بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و گژوگیای بەهارە دەوڵەمەندە.

مایەسیاوە

کەوتووەتە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و گوندەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا و ناوباخان. بەسەر چەندین شوێنی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: سنوری گوندی زەڵم و ناوچەی گەشتیاری تاڤگەی زەڵم و ئەحمەدئاوا و بنی پەڵگ. درێژییەکە (٠,٩٤کم) دەبێت. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستان سروشتی.

هەربەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (هانەیدن، سەرگەت، دەرەیمەڕ)، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی سەرگەت و شەڵواندڕ. بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاوی کانیاوەکانی، وەک کانیاوی شەڵواندڕ و کانیاوەکانی دۆڵەکانی تاقاو زەردی، چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی بە تایبەتی لە بەشەکانی خوارەوەی دارستانێکی سروشتی بەڕوو و گۆیژ و گژوگیای بەهارە، چیاکە دەوڵەمەندە بـە بوونـی ڕەزە دێم.

سەرکۆرەگا

کەوتووەتە نێوان چیای گەچێنە و سافا، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای چیچە خەنینە. چەندین دۆڵی لەخۆگرتووە لەوانە: وەکو (دەرەو ولا). دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستانی سروشتی. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.